امروز: 1شەممە 19 ئایار 2024 برابر با 19 ئایار 2024

   وتووێژەکان

   وتووێژەکان (197)

دوو شەممە, 02 ت دووەم 2015

بەستنی هاوکاری زانکۆی زانستی بێهزیستی و توانابەخشی لەگەڵ ناوەندە زانستی و فێرکارییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕەخسا.

 بە راپۆرتی ئاژانسی میهر،دوکتور "حەمیدرەزا خوڕەم خورشید" سەرۆکی زانکۆی زانستی بێهزیستی و توانابەخشی لەگەڵ دوکتور "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراقی لە ئێران دیداری کرد.

 سەرۆکی زانکۆی زانستی بێهزیستی و توانابەخشی لەم دیدارەدا،لە توانایی زانستی ئەم زانکۆیەی وەک زانکۆی پسپۆڕی،تایبەت و چالاک لە بوارەکانی تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی،توانابەخشی و تەندروستی دەروونی و راهێنانی هێزی مرۆڤی قسەی کرد.

 ئەو هەروەها بە ئاماژە بە بوونی یەک هەزار و ۷۰۰ خوێندکاری سەرقاڵی خوێندن لەم زانکۆیەن کە ۶۰ لەسەدی ئەوان لە قۆناغەکانی دوکتۆرا دەخوێنن وتی:بەستێنی هاوکاری زانکۆی بێهزستی لەگەڵ ناوەندە زانستییەکانی هەرێمی کوردستان کراوەیە.

  لەم دیدارەدا دوکتۆر "محەمەد عەلی موحسێنی بەندپەی" جێگری کاروباری نیونەتەوەیی زانکۆی زانستی بێهزیستی و توانابەخشی،بە ئاماژە بە بارودۆخی تایبەت ناوچەکە و بوونی شەڕ و پێکادانەکان،جەختی کردەسەر ڕۆڵی بەشەکانی توانابەخشی لە ڕاهێنانی هێزی مرۆڤی بە کارامە زانی بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستیە تەندروستییەکان وڵاتانی دراوسێ لە بواری توانابەخشی بۆ کەم ئەندامان و بریندارانی شەڕ

 لای خۆشیەوە "نازم دەباغ" کە لەگەڵ نوینەری فێرکاری و فەرهەنگی هەرێم بەشداریی لەم دیدارەدا کردووە، وێڕای باس کردنی پێویستییە فێرکارییەکانی هەرێمی کوردستان،خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە هاوکاری نێوان زانکۆی زانستی بێهزیستی و توانابەخشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

 بریاردرا دەقێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان دوولایەن بە دیاری کردنی برگەکانی هاوکاری لە بواری زانستی و فەرهەنگی و فێرکاری وازژۆ بکرێت.

بە وتەی جێگری کاروباری نێونەتەوەیی زانکۆی زانستی بێهزیستی و توانا بەخشی، ڕاهێنانی هێزی مرۆڤی پسپۆڕ، بەڕێوەبردنی کۆنگرەی زانستی هاوبەش، جێبەجێ کردنی پرۆژەی هاوبەشی تویژینەوەیی لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی و سەردان کردنی ناوەندەکانی پزیشکی و توانابەخشی دوو لایەن بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری لە هەرێم لەو بڕگانەیە کە بڕیارە هاوکاری بۆ بکرێت.

سێ شەممە, 27 ت یەکەم 2015

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران،بە ئاماژە بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە وتی: ڕۆڵی ئێران لە پرس و کێشە ناوخۆییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاوێژکاری و بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بووە.

 

بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر،"نازم عومەر دەباغ" لە میانەی بەسەرکردنەوەی نووسینگەی سەرەکی ئاژانسی مێهر،وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە پرسە ناوخۆییەکانی هەرێم، پەیوەندی و رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێم،ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا و هەروەها پرسی داعشی دایەوە.

 

"نازم دەباغ" لەم دیمانەیەدا کە دەقەکەی دواتر بڵاودەبێتەوە ئاماژەی دایە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنی داهاتوو لە وڵاتی تورکیا و وتی: کوردەکانی تورکیا لە داهاتووی سیاسی ئەم وڵاتەدا ڕۆڵی گرینگیان دەبێت.

 

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران،سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گۆرانکارییە ناوخۆییەکانی هەرێم زیادی کرد: دوای دروست بوونی ناکۆکی لە نێوان گرووپە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆامری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی ڕاوێژکاری بووە.

 

ئەو ویڕای رەتکردنەوەی پاگەندە بڵاوکراوەکان هاوپەیوەند بە دەستێوەردانی ئێران لە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و هەروەها مانەوە یان بەجێهێشتنی ئەو پۆستە لە لایەن "مەسعوود بارزانی" وتی: چەندین وەفدی ئێران لە ماوەی حەوتەکانی رابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دیداریان کردووە و بەردەوام جەختی کاربەدەستانی ئیران لە سەر پاراستنی یەکڕیزی و هاودڵی بووە.

سێ شەممە, 01 ئەیلول 2015

نازم  دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ "ئیلنا" رایگەیاند: بەرگری کۆبانێ جۆریک لە ترسی لای داعش دروست کرد و لە ئێستاشدا بەرگری کوردەکان لە عێراق و تەنانەت لە کۆبانێ گەیشتووەتە لوتکە.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی "ئیلنا" بە لێکدانەوەی جوگرافیای سیاسی و ھەرێمایەتی کوردەکان لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین رایگەیاند: راستە کە کوردستان وڵات نەبووە بەڵام جوگرافیایەکی یەکگرتوو بووە کە بارودۆخی زەمەنیی، مێژوویی، رووداوەکان و شەڕەکانی نێوان ئیمپراتۆری ئێران و ئیمپراتۆری عوسمانی، بوونە ھۆی ئەوە کە خاک و بەشێک لەم نیشتمانە لێک جیابکرێنەوە، ئەم بابەتە بووە ھۆی ئەوە تاوەکو نیشتمانی کوردستان ببێتە دوو بەش، واتا بەشێک لە ئیمپراتۆری عوسمانی و بەشێکی دیکەشی لە ئیمپراتۆری ئێران یان ھەمان ئیمپراتۆری عەباسی‌دا بگرسێتەوە. دوای شەڕی یەکەمی جیھانیی، دیسان دابەشکردنێکی دیکە ھاتە ئاراوە کە بەشێکی خرایە سەر سوریا و لە تورکیا دابڕا و بەشێکی دیکەشی خرایە سەر عێراق کە لە راستیدا ئەم بەشانە لە ئێران و تورکیا جیاکرانەوە. کەواتە ئەم شتانە کە باسمان کرد راستییەکی جوگرافیای کوردییە و بە جۆرێک کوردەکان لەم جوگرافیایەدا گیرساونەتەوە.

 

ئەو لە درێژەدا وتی: بە درێژایی مێژووی عێراقی نوێ، کوردەکان خەباتیان کردووە و بە ھۆی ئەو زوڵم و چەوسانەوەی بەسەریاندا ھاتووە، نەیانتوانیوە لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی حکومەتی ناوەندی عیراقدا ئامادە بن، بە جۆرێک کە دوای رووخانی سەدام و شەڕی کەنداوی فارس، ناوچەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان ھاتە ئاراوە، بە پێی بیروبڕوای خۆمان و ھەروەھا بە پێی بارودۆخی کاتی و بابەتی، لەو کاتەوە تا ئێستا و بە رای من بۆ داھاتووش، ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێت و کوردەکان دیسان لەگەڵ عێراقی نوێدا یەکیان گرتەوەو لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا قبووڵمان کرد کە ھەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵیزم بین. بەداخەوە شتێک بەناوی داعش لە عێراقدا ھاتە ئاراوە و راستی کوردەکان و پێشمەرگە زیاتر خۆی نیشاندا. بە شێوەیەک کە ئەوان بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان دەکەن و دژی تیرۆر چالاکن و دەبێت ئەم راستییە قبووڵ بکەین کە ئێستا تەنھا ھێزی بەھێز لە عێراق و ناوچەکە کە دژی داعش شەڕ دەکات، کوردەکانن. راستە کە یارمەتی و ھاوکاری بڕێک لە وڵاتان و بە تایبەت دۆستانی نزیکمان وەکو ئێران بە پێشمەرگە گەیشتووە بەڵام ئەگەر ھێزی چالاکی پێشمەرگە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان نەبوایا ئەم سەرکەوتنانە بەدەست نەدەھات. لەوانەیە دەیان چەک و تەکنەلۆژیای دیکە بە ھێزە سەربازییەکانی عێراق درابێت، بەڵام ئاکامی شەڕی ئەوان لەگەڵ داعش چی بووە؟

دەباغ بە ئاماژە بە وتەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا وتی: بابەتێکی دیکە یان روونتر رەھەندی دووەمی ئەم بابەتە ئەوەیە کە لە سێ‌یا یەکی خاکی عێراق لە دەستی داعش‌دایە، کە خەڵکی ئەو ناوچانە کورد و شیعە نین بەڵکوو سوننەن. لێرە ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە وەکو زۆرینەی رەھا، لە عێراقدا ھەم ناوچەی کوردی، ھەم ناوچەی سوننەو ھەم ناوچەی شیعەکان بە روونی دیاریکراوە، دەبێت بلێێن لەم ناوچانەدا، ھەموو خەڵکێک لە کورد، سوننە و ئەوانی دیکە بوونیان ھەیە و وەکو زۆرینەی رەھا لەم ناوچانەدا ھەم کوردی شیعە ھەیە، ھەم عەرەبی سوننە و ھەم عەرەبی شیعە. بەڵام لە ناوچەی سوننەکان، ھێز لە دەستی داعشدایە و لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا ھێز لە دەستی شیعەکاندایە و ئێستا ئەگەر ورد ببینەوە دەبینین کە عێراق بووە بە سێ بەشەوە و ئەوەی کە بەرپرسی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا باس لە دابەشبوون دەکات، لە راستیدا ھەڵسەنگاندنێکی سەربازی کردووە و ھەموو فیکری ئەو بە پێی ھەڵسەنگاندنی  سەربازییە نە سیاسی. واتا لە رووی سەربازییەوە ھەڵی دەسەنگێنن کە یارمەتییەکانی ئەوان بە حکومەت و سوپای عێراق تا چ رادەیەکی توانیویەتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش رزگار بکات؟ بەڵام بە رادەیەکی زۆر کەمتر لەم ئیمکانیاتە، یارمەتییەکانی سوپای ئەمریکا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دراوە بە پێشمەرگە و پشتیوانی ئەوانیان کردوە و ئەوانیش توانیویانە رێژەیەکی زیاتر لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە بوونی داعش رزگار بکەن.

 

ئەو رایگەیاند: دوای ئەوە، دەبێت ئاماژە بدەین بە ئەزموونی کوردەکان لە سوریا، بە شێوەیەک کە بەرگری کوردەکان لە کۆبانێ بووە ھێمایەک بۆ بەرگری و خەبات تا ئەو رادەیە کە ژن و پیاو پێکەوە توانییان ناوچەکانی خۆیان بپارێزن و دوای ئەوەش توانییان چەندین ناوچەی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار بکەن. کە واتە ئەگەر لەم رووەوە ھەڵیسەنگێنن بۆتان دەردەکەوێت کە کوردەکان وەکو ھێمایەکی بەھێزی راستەقینە، ھەم بۆ خۆیان و ھەم بۆ دژایەتیکردنی داعش دەرکەوتن و دەبێت ئاماژە بەم بابەتە بدەێن کە بۆچی ئەمە لە ناوچەکانی سوننە و شیعە رووی نەدا؟ بە شێوەیەک کە لە عێراقدا، حەشدی شەعبییەکان دروست بوون و ئاکامی ئەرێنییان بە تایبەت لە ناوچەکانی تکرتیت و سامەڕا بە دەست ھێنا بەڵام دوای ئەوە، بێدەنگی بەسەریاندا سەپا کە ئەڵبەت ھۆکاری خۆی ھەیە.

 

نوێنەڕی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران لەسەر راڤەکردنی وتەکانی بەرپرسانی ئەمریکایی سەبارەت بە بابەتی دابەشکردنی عێراق رایگەیاند: بە شێوەی گشتیی و بەو پێیە کە ناوچەکانی سوننە، شیعی و کوردی لە عێراقدا بوونی ھەیە، دەبێت بڵێم حکومەتی بەغدا دەیەوێت یەکگرتووییەک لە عێراقدا بێنێتە ئاراوە و وادیارە وتەکانی بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بەم ھۆیەوە بووە کە ئەگەر ئەم ناوچانە ببنە فیدراڵ ھەر بەشە بەرپرسایەتی خۆی لە بەرامبەر داعشدا بگرێتە ئەستۆ بۆ نمونە ئەگەر ناوچەی سوننە بخرێتە ژێر دەسەڵاتی سوننەکان ئەوکات دیارە کە کێ بەرپرسە. بەڵام ئێستا ھەر رووداوێک لە عێراقدا رووبدات بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی فەرماندەی گشتیی ھێزی وشکانی و سوپای عێراق و ھەروەھا لە ئەستۆی سیاسەتی حکومەتی عێراقدایە و لە بەرەکانی شەڕدا، ھەر شکستێک رووبدات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، راستییەکەی ئەوەیە کە نەتەوەکان لە شەڕی داعشدا رۆڵ و بەرپرسیارەتییان ھەیە بەڵام بەڕێوەی نابەن و رۆڵی گرنگی خۆیان جێبەجێ ناکەن. بەڕای من بیرۆکەکانی "ریمۆند ئۆدێرنۆ" بەرپرسی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا دەتوانین لە روانگەی سەربازییەوە ھەڵسەنگێنین، چونکە ئەو دیپلۆمات یان کەسایەتییەکی سیاسی نییە و تەنھا جلوبەرگی سەربازی لەبەردایە و رای خۆی باس دەکات و رای بنچینەیی و کۆتایی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە رادەگەینرێت کە لە لایەن وتەبێژیانە باس دەکرێت، بۆیە نابێت ھەڵسەنگاندن بۆ بیرۆکەیەک بکەین کە لە بنەماوە ھەڵەیە.

 

ئەو بە ئاماژە بە ھەڵبژاردنی داھاتووی تورکیا و ئەو چەلنجەی لە نێوان ئەردۆغان و حزبە کوردییەکان ھاتووەتە ئاراوە رایگەیاند: بەرای من ئێستا پ.کا.کا وەکو رێکخراوەیەکی کوردی لە تورکیا، خوی بە ھێما و نوێنەری کوردەکانی تورکیا راگەیاندووە کە لە چوارچێوەی کورد و کوردستان‌دا خۆی ناساندووە، لە تورکیا رێکخراوێکی تورکی بەناوی حزبی دمۆکراتیکی گەلان بوونی ھەیە کە زۆربەیان کوردن و بڕێک کەس لەو بڕوایەدان کە پ.کا.کا باڵی سەربازی و حزبی دمۆکراتیک باڵی سیاسییەتی.

 

دەباغ لە لێکدانەوەو ھەڵسەنگاندنی رووداوی تەقینەوەی شاری سوروچ و کوژرانی ژمارەیەک لە کوردەکان لەم رووداوەدا وتی: بەداخەوە رووداوی سوروچ پیلانێکی بەرنامەداڕێژراو بوو تاوەکو بتوانن ئاگرێکی پێ خۆش بکەن، چونکە ئەگەر دوو پۆلیس لە ناوچەیەکی تورکیادا دەکوژرێن یان تەقینەوەیەک روودەدات، بەرپرسانی راستەقینە دەبێت بیر لە دامڕکاندنی ئەم پیلانانە بکەنەوە نە ئەوەی کە پەرەی پێبدەن و بە ڕای من تورکیا لەم رووداوانەی دواییدا شکستی ھێنا. واتا دوای ئەوە کە لە بابەتی کوردەکاندا لە تورکیا شکستی ھێنا، کێشەیەکی دیکە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە کە ئەویش بابەتی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووە. بۆیە لەم بارودۆخەدا دەبوا قەیرانێک دروست بێت تاوەکو تورکیا بتوانێت شکستەکانی خۆی پێ پەردەپۆش بکات. لایەنێکی دیکەی ئەم بابەتە، ترسی بەرپرسانی تورکیا لە کودەتای سوپای ئەم وڵاتەیە، بە جۆرێک کە لە رابردوودا مێژوویەک لە کودەتامان ھەیە لەو وڵاتەدا. لەم نێوانەدا حزبی داد و گەشەپێدان نەیتوانی حکومەت پێک بێنێت و سەرکەوتن مسۆگەر بکات و لە ئاکامدا کایەیەکی دیکە دەست پێدەکات تاوەکو بتوانێت لە داھاتوودا سوودی لێ ببینێت. واتا لە رووداوەکانی ئەم دواییە لە بەرژەوەندی خۆیدا لە ھەڵبژاردن سوود ببینێت یان ئەوەی کە ئەم بارودۆخە قەیران‌ئاوییە درێژە پێبدات تاوەکو بەم بیانووەوە لە ھەڵبژاردنەکاندا قسەیەکی بۆ کردن ببێت. بۆیە حزبەکەی ئەردۆغان وابیردەکاتەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دانوستان لەگەڵ M.H.P و H.D.P و C.H.P ئەم بابەتە بە تایبەت بە گوێی M.H.Pدا بگەیەنێت کە لەگەڵ کوردەکان دانوستانی کردووەو گەیشتووەتە ئاشتی و ئەمەش بە پێچەوانەی سیاسەتی ئەردۆغان دەزانن. بە واتایەکی دیکە قسەی سەرەکی حزبی دمۆکراتیکی گەلان ئەوەیە کە دەبێت لەگەڵ کوردەکان دانوستان بکرێت و دوو حزبی کۆماریخوازی گەلان و بزوتنەوەی نەتەوەیی ھەردوو لەسەر ئەو رایەن کە داد و گەشەپێدان یارمەتی داعش دەدات. لێرەدا ئەردۆغان و حزبەکەی دەیانەوێت تاوەکو ئەو دەنگانەی لەم حزبانەوە بۆ ئەوان ھاتووە بە تەنھایی وەریگرنەوە تاوەکو بتوانن حکومەتێکی یەک حزبی دروست بکەن و بە پێی وتەکانی ئەم دواییەی ئەحمەد داوود ئۆغلو دەبێت بڵێین تورکەکان دەیانەوێت ئێمپراتۆری عوسمانی زیندوو بکەنەوەو تا کاتێک حکومەت یەک حزبی نەبێت ناتوانن ئەم ئاواتەیان بگەیەننە ئەنجام.

 

ئەو سەبارەت بە پێگەی داھاتووی کوردەکان لە سیستمی سیاسی تورکیادا رایگەیاند: دەبێت لە چوارچێوەیەکی گشتیی لە ناوچەکەدا سەیری بابەتی کوردەکان بکەین. واتا بابەتی کوردەکان لە سوریا، عێراق و تورکیا؛ ھەموویان دەبێت لە یەک چوارچێوەدا سەیر بکرێت و دەبێت بزانین کە کوردەکان لە ناوچەکەدا ئامادەییان ھەیە و لە ھەر ناوچەیەکدا کە ئامادەبوونیان زیاتر بێت ئارامی و ھێمنیش زیاترە. لە سیاسەتی کوردیدا تەنھا ئەم بابەتە لە ئارادایە کە لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێت چالاک بکرێتەوە تاوەکو خواستی خەڵک بگات بە حکومەتە ناوەندییەکان. واتا لە عێراقدا ئێمە ھیچکات نەمانوتووە کە دەمانەوێت بە تەواوی سەربەخۆ بین و تا کاتێک کێشەی کوردەکان لە سوریا و تورکیا چارەسەر بێت بە دڵنیاییەوە لە عێراقیش بەسوود دەبێت. کەواتە دەبێت بڵێین کە کوردەکان لە بەسەرکارھاتنی حکومەتی ئێستای عێراقدا رۆڵێکی گرنگیان بووە. بەم ھۆیەشەوە دەتوانین بڵێین لەوانەیە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی تورکیادا کوردەکان بتوانن دەنگێکی زۆر وەربگرن. چونکە ئەو کوردانی کە لە حزبی داد و گەشەپێدان‌دا بوون وایان بیردەکردەوە کە گوایا بڕیارە لە حکومەتی داھاتووی تورکیادا کوردەکانیش ئامادە بن و بۆیە بینیمان ژمارەیەکی حزبی کوردی لە بەرژەوەندی حزبەکەی ئەردۆغاندا چالاک بوون و ھۆکارەکەشیان ئەوە بوو کە لەگەڵ حکومەتێکی ناوەندی بەھێزدا رووبەروون کە لەگەڵ کوردەکان دەگاتە ئاشتی و بە دڵنیاییەوە دەتوانێت کوردەکانیش لەخۆ بگرێت. بۆیە بەڕای من ئەو دەنگانەی کە لە ھەڵبژاردنی داھاتوود ائەو دەنگانەی کە لە لایەن کوردەکانەوە چووبوو بۆ ئاک‌پارتی دێتەوە بەلای حزبە کوردییەکاندا و لە ئێستادا ئەگەر لە شەڕ دوور کەوینەوەو بەرەوە ئاشتی ھەنگاو بنێین لە بەرژەوەندی ھەموو نەتەوەکان و حزبەکاندایە.

 

نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کۆبانێ رایگەیاند: ئەو شەڕە دەروونییەی داعش دژی خەڵکی کورد و بە تایبەت دانیشتووانی کۆبانێ جێبەجێی کرد لە ئێستادا گەڕاوەتەوە بۆ سەر خۆی. داعش لە کاتێکدا ھێرشی کردە سەر کۆبانێ کە لە لوتکەی ھێزداری خۆیدا بوو و بەرگری کۆبانێ جۆریک لە ترسی لای داعش دروست کرد و لە ئێستاشدا بەرگری کوردەکان لە عێراق و تەنانەت لە کۆبانێ گەیشتووەتە لوتکە، بەڵام لە رابردوودا بەم شێوەیە نەبوو و ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە رابردوودا ھاوکاری نێودەوڵەتیمان پێنەدەگەیشت بەلام لە ئێستادا ھاوکاری و پەیوەندی نێودەوڵەتیمان ھەیە و بەم ھۆکارەش تەنانەت لە ناوخۆی عێراق تارادەیەک لە ناوچەکانی کوردەکان ئەو ترسەی داعش دروستی کردبوو نەماوەو تەنانەت پێچەوانەی ئەمە لە ئارادایە.

 

ئەو وێڕای بە ئەرێنی زانینی پلانی چاکسازی عێراق کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە ھاتووەتە ئاراوە رایگەیاند: ھەر پلانێک کە وەکو پلانی دژایەتیکردنی گەندەڵی باس دەکرێت دەبێت ئەرێنی ھەڵسەنگێندرێت. بەڕای من عەبادی زیرەکانە ھاتە پێسەوەو پلانەکەی راگەیاند. بەڵام بەداخەوە ئەگەر ئەم پلانە پێشتر لەگەڵ گروپەکانی بەشدار لە حکومەتەکەیدا باس بکردبا ھێزێکی زیاتری دەبوو. ئێستا ئێمە لە عێراق ناڕازیبوونێک دەبینین کە تەنھا لای کوردەکان و سوننەکان ننیە و تەناتەت شیعەکانیش دەگرێتەوە و رووداوەکان پرسیار دروست دەکەن کە لە بەڕیوەچوونی ئەم پلانەدا بە کێ راوێژ کراوە و لە کێ یارمەتی گیراوە و بە گشتیی ئامانجی ئەم پلانە چییە و ئایا ئەمە کودەتایە یان پلانێکی چاکسازییە؟ بەڕای من لە رۆژانی داھاتوودا لەوانەیە کێشەی گەورە لە عێراق بێتە ئاراوە و بە جۆرێک پێکدادانێکی سیاسی ببینین.

 

دەباغ ھەروەھا رایگەیاند: پلانی چاکسازی و ناوەڕۆکەکەی، پلانێکی باشە بەڵام لەبیرمان نەچیت کە ئەم پلانە بە راگەیاندنی میدیایی یان تەییدکردنی چەند کەس جێبەجێ ناکرێت و دەبێت کەرەسەی بە باشی جێبەجێ‌کردنی ئامادە بێت. لەم رووەوە دەبێت بڵێم کە پێگەی کوردەکان لەم پلانەدا دەبێت دیاری بکرێت و دەبێت بزانین ئێمە لە کوێی ئەم چاکسازییەداین و دەبێت لەکوێ بین؟ بۆیە دەبێت ئەم بابەتە باس بکەین کە لە ھەموو جیھاندا و بە تایبەت لە وڵاتی خۆماندا کاتێک پلانی چاکسازی باس دەکرێت لە ھەموو وڵات کاریگەری دادەنێت و ئەگەر نائارامی بێتە ئاراوە ھەموو وڵات دەگرێتەوە.

 

ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی کە دەبوا ئەم پلانە پێش راگەیاندنی فەرمی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقە زیاتر ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرایەت وتی: بەم ھۆیە دەبێت بڵێم کە پلانی چاکسازی بە گشتیی پلانێکی باشە بەڵام وادیارە کە عەبادی ھەڵەیەکی کردووە. واتا پێش راگەیاندنی پلانەکەی، دەبوا لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسیەکانی وڵات راوێژ و قسەی بکردبا و دوای ئەوە رایگەیاندبا. ھەموو لایەک دەڵێن چاکسازی و بەرەنگاربوونەی گەندەڵی باشە بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا باس دەکرا ئەوەیە کە کوردەکانی عێراق ھاوبەشی حکومەتی ئەم وڵاتەن و بۆ دروسبوونی ئامادەبوون و دەبێت بزانین کاتێک دەڵێن وەزیرەکان دەبێت کەم بکرێنەوە سێ وەزیری کوردی تێدایە و تەنانەت لە نێوان جێگرەکاندا کە بڕیارە کەم بکرێنەوە ژمارەیەک کورد وسوننەی تێدایە بۆیە دەبێت سەرنج بدرێتە ئەم بابەتە کە بزانین رۆڵی حزبەکانی بەشداربوو کە حکومەت بەکوێ دەگات؟

 

دەباغ لە کۆتاییدا رایگەیاند: بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە  شوناسی سیاسەتمەدار دەبێت روون بێت و سیاستەمەدار بەو کەسە دەڵێن کە لە شکست و سەرکەوتندا خاوەن ئەزموونی سیاسییە و نابێت لە کەسێک کە لە کونجی ماڵەکەی دانیشتووە راوێژی سیاسی وەربگیردرێت. راوێژکاری سیاسی دەبێت خاوەن ئەزمون و ئەکادیمی بێت تاوەکو بتوانێت بڕیاری دروست دەربکات و لە کۆتاییشدا رایبگەیەنێت. بۆیە ناتوانین لە سەرەتادا بڕیارێک بدەین و جێبەجێی بکەین و دوای ئەوە بێین داوای بیروڕا لە کەسانێکی دیکە بکەین و بەرای من دەبێت سوود لە کەسانێک وەربگیردرێت کە جگە لە ئاگاداری لە بارودۆخی ناوخۆیی ئاگایان لە بارودۆخی جیھانیش بێت.

 

 

هەینی, 21 ئاب 2015

 

به‌شی نێوده‌وڵه‌تی، راپۆرت و شیکاری: هه‌رێمی کوردستانی عێراق که زیاتر له ٦ ملیۆن دانیشتووی هه‌یه به هێمن‌ترین ناوچه‌ی عێراق دێته ئه‌ژمار که ئه‌م هێمنییه سیاسی و ئابوورییه‌ی ئاکامی  ٢٥ ساڵ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌تی، ٢٥ ساڵێک که هاوشان بووه به هه‌وراز و نشێوی زۆره‌وه بۆ خودی کورده‌کان و هه‌روه‌ها حکومه‌تی ناوه‌ندی عیراق ‌و ئێستا کورده‌کانی گه‌یاندووه‌ته شوێنێک که نه ته‌نها بوونه‌ته‌ فاکته‌رێکی کاریگه‌ر له عێراقدا، به‌ڵکوو وڵاتانی ناوچه‌یی و جیهانیش گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که بێ هاوکاری ئه‌م به‌شه‌ی عێراق هه‌ر بڕیارێک بۆ ئه‌م وڵاته شکست ده‌هێنێت.

کورده‌کانی عێراق له سه‌رده‌مێکی دێرین و له هه‌مان رۆژانی سه‌ره‌تای دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی په‌یوه‌ندییه‌کی نزیکیان له‌گه‌ڵ ئێران بووه‌و به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه که ئه‌م په‌یوه‌ندییه باشه رابگرن، ئه‌م ناوچه فیدراڵییه که چوار پارێزگای باکووری عێراق به ته‌واوی و به‌شێک له چوار پاریزگای دیکه له‌خۆ ده‌گرێت، بۆ ئێرانیش به‌رده‌وام گرنگ بووه‌و نوێنه‌رایه‌تی له بڕێ شوێنی ئێران له‌وانه تاران و کرماشان هه‌یه.
هه‌رێمی کوردستان به پێی بارودۆخی جوگرافی و سیاسی خۆی و دووربوونی له کێشه‌ جیاوازه‌کانی عێراق له ساڵانی رابردوودا، گه‌شه‌ی کردووه‌و ئاماده‌ بوو ببێته جه‌مسه‌رێکی ئابووری له عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌که‌شدا، به‌ڵام ماوه‌یه‌که که گیرۆده‌ی چه‌ندین کێشه‌یه‌ که ده‌توانین له سێ به‌شی سیاسه‌تی ناوخۆیی، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندیی و شه‌ڕی داعش دابه‌شی بکه‌ین، ئه‌م کێشانه‌ تا راده‌یه‌کی زۆر توانیویانه ره‌وتی گه‌شه‌ی ئابووری هه‌رێم به‌ره به‌ره خاوبکه‌نه‌وه. نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران له وتووێژ له‌گه‌ڵ په‌یامنێری نێوده‌وڵه‌تی ئاژانسی هه‌واڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) باس له‌م کێشانه‌ ده‌کات و بۆ ده‌ستپێک باس له بابه‌تی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات که ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه) خولی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعوود بارزانی کۆتایی دێت.

 

سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، که‌یسێکی چاره‌نوس‌ساز بۆ کورده‌کان


سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به پێی رێککه‌وتنی نێوان حزبه‌کان و له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان له ساڵی ٢٠٠٥ درا به مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، که ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له بارودۆخێکدا بوو که ته‌نها رکابه‌ری ئه‌و واتا جه‌لال تاڵه‌بانی بووبوو به سه‌رۆک کۆماری عێراق. بارزانی له ساڵی ٢٠٠٩شدا توانی به به‌ده‌ستهێنانی ٦٩% ده‌نگی په‌رله‌مان بۆ دووه‌مین جار له‌م پۆسته‌دا بمێنێته‌وه. به کۆتاییهاتنی خولی دووه‌می چوارساڵه‌ی بارزانی له ٢٠١٣دا به پێی ده‌ستووری هه‌رێم ده‌بوا کورسی ده‌سه‌ڵات به‌جێ بێڵێت به‌ڵام به پێی بارودۆخی ئه‌وکات، بۆ دوو ساڵی دیکه‌ی بۆ درێژکرایه‌وه. رۆژی چوارشه‌ممه خولی دووساڵه‌ی ئه‌و کۆتایی دێت، حزبه‌که‌ی ئه‌و که زۆرترین ژماره‌ی کورسی په‌رله‌مانی هه‌یه به‌و مه‌نتیقه‌ی که هه‌رێم هێشتا له بارودۆخی قه‌یران و شه‌ڕدایه، داواکاره خولی سه‌رۆکایه‌تیییه‌که‌ی تاوه‌کو به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی گشتیی درێژ بکرێته‌وه.

نازم ده‌باغ له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئێستاکه باسی درێژکردنه‌وه‌ یان درێژنه‌کردنه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بارزانی له ئارادا نییه، بابه‌ته‌که بابه‌تی پێداچوونه‌وه‌و نوسینه‌وه‌ی یاسای چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌کانییه‌تی. کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و درێژکردنه‌وه‌ی، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ له ناوخۆی هه‌رێمدا و به‌رپرسی حزبه‌کان به‌دوای رێگاچاره‌یه‌که‌وه‌ن به پێی سازان بۆ ئه‌م کێشه‌یه، چونکه ئه‌م بابه‌ته له رێگای یاسا و په‌رله‌مانه‌وه چاره‌سه‌ر ناکرێت. هه‌موو لایه‌ک هیوادارن که دوایین په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێم که خوازیاری به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌موو حزبه‌کان بووه بۆ چاره‌سه‌کردنی ئه‌م کێشه‌یه پێش ٢٠/٨، (واده‌ی کۆتاییهاتنی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بازرانی)، بگاته ئه‌نجام.

ئه‌و ئه‌م دیعایه‌یه که " کورده‌کان که‌سایه‌تییه‌کی دیکه‌یان له ئاست و توانای بارزانیدا نیه که جێگای ئه‌و بگرێته‌وه" ره‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: ئێمه له هه‌رێمی کوردستاندا بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کێشه‌ی سیاسه‌توانی به‌توانامان نییه، جه‌نابی بارزانی جێگه‌و پێگه‌یه‌کی به‌رزی هه‌یه، چ سه‌رۆک بێت و چ نه‌بێت جێگای رێزه‌و ئێمه نمونه‌ی ئه‌مه‌مان سه‌باره‌ت به جه‌نابی تاڵه‌بانی‌ش بووه که ئێستا سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشی و ئه‌وه‌ی که پله‌یه‌کی فه‌رمییان نییه به‌ڵام هێشتا زۆربه‌ی به‌رپرسانی ناوخۆیی و بیانی سه‌ردانی ده‌که‌ن.

بابه‌ته‌که بابه‌تی مانه‌وه‌ یان نه‌مانه‌وه‌ی بارزانی نییه، قسه‌ له‌سه‌ر رێگاو پێداچوونه‌وه‌ی چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌کانییه‌تی، ئێستاکه قسه له‌سه‌ر ئه‌مه‌یه که سیستمه‌که سه‌رۆکایه‌تی بێت یان په‌رله‌مانی، ئه‌م بابه‌ته ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت. حزبی دیموکرات (پارتی) سووره له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی بارزانی. راسته ئه‌و که‌سێکی به‌هێزه بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ڵام یاسا ئه‌م مۆڵه‌ته‌ی پێ نادات. نمونه‌ی ئه‌مه له ئێرانیشدا روویدا کاتێک که ئاغای هاشمی ره‌فسه‌نجانی دوو خولی سه‌رۆک کۆماری خۆی کۆتایی پێهێنا، زۆر که‌س ده‌یانویست که درێژی بکه‌نه‌وه‌ به‌ڵام رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی فه‌رمانی ده‌رکرد که ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ر بێت و ناکرێت بۆ که‌سێک ده‌ستوور بگۆڕدرێت و هه‌موو لایه‌کیش قبووڵیان کرد.

بڕیک که‌س ده‌ڵێن بارزانی به‌دوای ئه‌وه‌ویه که دوای کۆتاییهاتنی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی، ببێته سه‌رۆک کۆماری عێراق و ئه‌م کورسییه که ئێستا به ده‌ست حزبی رکابه‌ری واتا یه‌کێتی نیشتمانییه‌وه‌یه، بگرێته ده‌ست و سه‌رۆکی هه‌رێم له به‌رامبه‌ردا بداته ئه‌وان. نازم ده‌باغ له‌م باره‌یه‌وه به په‌یامنێری ئیسنای وت: ئه‌گه‌ر بارزانی رۆژێک بیه‌وێت ببێته سه‌رۆک کۆماری عێراق پێم وانییه هیچ حزبێکی کوردی دژی ئه‌م بڕیاره بن، به‌ڵام ئه‌مه تا ئێستا باس نه‌کراوه. من له روانگه‌ی خۆمه‌وه ده‌ڵێمئیمکانی نییه له من بپرسن ئایا رازیت بارزانی ببێته سه‌رۆک کۆماری عێراق و من بڵێم نا.


هه‌نگاوه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق، کوده‌تا یان چاکسازی

 

هاوکات له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی شه‌پۆلی رێپێوانی عێراقییه‌کان بۆ دژایه‌تیکردنی گه‌نده‌ڵێ و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری بنه‌ڕه‌‌تی له پارێزگا جیاوزه‌کاندا به تایبه‌ت به‌غدا، حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌و وڵاته رۆژی یه‌ک‌شه‌ممه ده‌ستی دایه ئاڵوگۆڕێکی بێوێنه له سیستمی سیاسی عێراقداو بنه‌مای رێککه‌وتن و سازانی له‌م وڵاته‌دا که به دانوستانی لایه‌نه سیاسییه‌کان له ساڵانی دوای رووخانی سه‌دامدا هاتبووه ئاراوه، تێکدا، ئه‌م هه‌نگاوه چاکسازی‌خوازانه‌ی عه‌بادی له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا له لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه سیاسی و ئایینییه‌کانی عێراقه‌وه پێشوازی لێکرا، به‌ڵام ده‌باغ پێی وایه که عه‌بادی له درێژه‌دا و بۆ جێبه‌‌جێ‌کردنی پلانه‌کانی رووبه‌رووی کێشه‌ی گه‌وره ده‌بێته‌وه.

ئه‌و ده‌ڵێت: عه‌بادی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتووه که ئه‌ڵبه‌ت چۆنیه‌تی جێبه‌جێ‌کردنی گرنگه، ئه‌م هه‌نگاوه جێگای ده‌ستخۆشییه به‌ڵام کێشه‌که لێره‌دایه که گۆڕینی بنه‌مای سیاسی عێراق بێ رێککه‌وتنی هه‌موو لایه‌نه‌کان و به شێوه‌ی یه‌کلایه‌نه جێبه‌جێ ناکرێت. پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که ئایا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی عه‌بادی ئایا ده‌گاته چاکسازییه‌کی به‌سوود بۆ عێراق یان ده‌بێته‌ هه‌نگاوێکی حزبی و له چوارچێوه‌ی رکابه‌ریی سیاسیدا ده‌مێنێته‌وه. هه‌ست ده‌که‌م عه‌بادی له جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌م پلانه‌دا رووبه‌رووی کێشه‌ی زۆر ده‌بێته‌وه.
بنه‌مای سیاسی عێراق بنه‌مایه‌که له‌سه‌ر رێککه‌وتنی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌ سه‌ره‌کییه‌کان واتا کورد، عه‌ره‌بی شیعه و عه‌ره‌بی سوننه‌ که هه‌ر جۆره گۆڕانێک ده‌بێت به رێککه‌وتن بکرێت. ئه‌مه‌ش وایکردووه بڕێک که‌س هه‌نگاوه‌کانی عبادی به کوده‌تا وه‌سف بکه‌ن و ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین بزانین به‌رنامه‌که‌ی به چاکسازی ده‌گات یان کوده‌تا. عه‌بادی کاتێک وه‌زیر یان وه‌زاره‌تێک لاده‌بات ده‌بێت رێژه‌ی هه‌ڵبژاردن که به پێی ژماره‌ی نوێنه‌رانه له په‌رله‌مان له‌به‌رچاو بگرێت، واتا له شوێنێکی دیکه‌دا ئیمتیازێکی دیکه به‌و لایه‌نه بدات، ئه‌مه‌یه که ئێمه ده‌ڵێین پرۆژه‌ی چاکسازی ده‌بێت به هاوکاری هه‌موو لایه‌نه‌کان بکرێت. ئه‌گه‌ر به تاکه‌که‌سی بێت و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌سه‌ری کۆک نه‌بن ئاکامێک باشتر له کوده‌تای لێناکه‌وێته‌وه له بارودۆخی سیاسی عێراقدا، ئێمه هیوادارین که ئه‌م پلانه به شێوه‌یه‌کی دروست جێبه‌جێ بکرێت تاوه‌کو بکه‌وێته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانیی عێراقه‌وه.

هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر پ.کا.کا و رۆڵی هه‌رێم له هێورکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا

 

هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ کێشه‌یه‌کی دیکه‌شدا رووبه‌رووه و ئه‌وه‌ش ده‌ستپێکردنی شه‌پۆلێکی نوێی هێرشه‌کانی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر به‌شی سه‌ربازیی حزبی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پ.کا.کا)یه. ئه‌م هێرشانه که زیاتر له ناوچه‌ شاخاوییه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم‌دا ئه‌نجام ده‌درێت تا ئێستا ده‌یان هاووڵاتی مه‌ده‌نی هه‌رێمی شه‌‌هید کردووه و حکومه‌تی هه‌ولێری خستووه‌ته بارودۆخێکی دژواره‌وه. هه‌رێمی کوردستان له لایه‌که‌وه ناتوانێت هێزه‌کانی پ.کا.کا له خاکی خۆی ده‌ربکات و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ناتوانێت هه‌روا دابنیشێت و کوشتنی هاووڵاتیانی خۆی له لایه‌ن سوپای تورکیاوه ببینێت.

"نازم ده‌باغ" ده‌ڵێت که هه‌وڵه ئاشکراو په‌یوه‌ندییه‌کی نائاشکرای زۆر له لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌رێمه‌وه له ئارادایه تاوه‌کو ئه‌م شه‌پۆله نوێیه‌ی توندوتیژی نێوان ئه‌نقه‌ره و پ.کا.کا کۆتایی پێ بێت و هیواداره ئه‌م هه‌وڵانه به زووی بگاته ئه‌نجام. نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ مێژووی ئه‌م هێرشانه‌و هه‌نگاوه‌کانی به‌رپرسانی کورد بۆ چاره‌سه‌رکردنی له رابردوودا و ده‌ڵێت: تورکیا تا ئێستا زیاتر له ٢٥ جار هێرشی کردووه‌ته سه‌ر پ.کا.کا. هه‌وڵه‌کانی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان تورکیا و کورده‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می تۆرگۆت ئۆزاڵ هه‌‌شته‌مین سه‌رۆک کۆماری تورکیا (١٩٨٩- ١٩٩٣) که به ناوبژیوانی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی ده‌ستی پێکرد و له‌وکاته‌دا گه‌شه‌ی باشی به خۆیه‌وه بینی. ئه‌م هه‌وڵانه له سه‌رده‌می ئه‌ردۆغان‌دا زیاتر گرنگی پێدرا، باشیش چووه پێشه‌وه به‌ڵام نه‌بوونی خواستی راستبێژانه له لایه‌ن هه‌ردوولاوه له پشته‌وه وایکرد که بیانوویه‌کی بچووک هه‌موو ره‌وته‌که تێکبدات، ته‌قینه‌وه‌ی سوروچ روویدا و دوای ئه‌وه پ.کا.کا به‌رپرسایه‌تی کوشتنی دوو سه‌ربازی تورکی گرته ئه‌ستۆ و هه‌موو شتێک به هۆی ئه‌م دوو رووداوه‌وه تێکچوو.

ئه‌نقه‌ره نابێت به بیانووی ئه‌م بابه‌ته‌وه ١٥٠ دێهاتی هه‌رێمی کوردستان و ناوه‌نده‌کانی پ.کا.کا بوردومان بکات. هه‌رێم سه‌ره‌ڕای زیانه‌کانی داوای له هه‌ردوولا کردووه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر میزی گفتوگۆ، ئێمه پێمان وایه باشترین رێگا دانوستانه‌و تورکیا و کورده‌کان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ. هه‌رێم هه‌روا دانه‌نیشتووه‌و هه‌وڵه پشت په‌رده‌کانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ردوولا خستۆته گه‌ڕ و ده‌بێت دانوستانه‌کان ده‌ست پێبکاته‌وه‌، ئه‌گینا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره رووده‌دات.

 

سووتيتره گرنگه‌کانی وتووێژی ئاژانسی هه‌واڵی ئیسنا له‌گه‌ڵ "نازم ده‌باغ"

 

ئه‌گه‌ر بارزانی رۆژێک بیه‌وه‌یت ببێته سه‌رۆک کۆماری عێراق پێم وانییه هیچ یه‌ک له حزبه کوردییه‌کان دژی ئه‌م بڕیاره بن، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته تا ئێستا باس نه‌کراوه.

 

گۆران له بنه‌مای سیاسی عێراقدا بێ رێککه‌وتنی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌کان ناکرێت، ئه‌گه‌ر

چاکسازییه‌کانی عبادی به شیوه‌ی تاکه‌که‌سی بێت، ئه‌نجامێک زۆر خراپتر له کوده‌تای لێده‌که‌وێته‌وه له بارودۆخی سیاسی عێراقدا.

 

نه‌بوونی خواستی راستبێژانه بووه هۆی ئه‌وه که تورکیا و پ.کا.کا به بیانوویه‌کی بچووک هه‌موو پرۆسه‌ی ئاشتی تێکبده‌ن، نابێت رێککه‌وتن و بابه‌ته گه‌وره‌کان ببنه قوربانیی بابه‌ته چکۆله‌و ئاسانه‌کان.

 

وتووێژ له په‌یامنێری ئیسنا: ئاره‌ش محه‌مه‌دیان

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

پێنج شەممە, 06 ئاب 2015

ئیلنا: ئاستی هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کانی ئێران و حکومه‌تی هه‌رێم، گرفته‌کانی نێوانیان و کاریگه‌ری قه‌یرانی داعش له‌سه‌ر هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کان، بابه‌تی وتووێژی په‌یامنێری ئاژانسی "ئیلنا" بوو له‌گه‌ڵ "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران.

پێنج شەممە, 30 تەمموز 2015

مەیسەم سولەیمانی/ تەنھا یەک پرێسک بەس بوو بۆ ئەوەی ئاشتییەک کە ساڵیانێک بوو ھەوڵی بۆ دەدرا، لەناوبچێت. رۆژی رابردوو پ.کا.کا رایگەیاند ئاشتی نێوان ئەم گروپە و حکومەتی تورکیا کۆتایی ھاتووە و سەر لەنوێ لەگەڵ ئەنقەرە دەچێتە شەڕەوە. تورکیا ناوچەیەکی زۆری ژێردەسەڵاتی پ.کا.کای لەناوخاکی عێراق بوردومان کردووە و بە فەرمی و بە کردەوە چووەتە ناو بەرەی دژە داعشەوە بە رابەری ئەمریکا. بەڵام تورکیا ھێشتا سنوورێکی دیاری بۆ شەڕی دژە تیرۆر رانەگایندووە. بە پێی وتەکان داوود ئۆغلو سەرۆک وەزیری تورکیا، وادیارە ئەنقەرە لە ئێستادا تیرۆریستەکانی داعش و کوردەکانی وڵاتەکەی بە یەک دەزانێت. لەم رووەوە لەگەڵ جەنابی "نازم عومەر دەباغ"، نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران وتووێژێکمان کرد و ئاکامەکانی کۆتاییھاتنی ئەم ئاشتییەمان خستە بەرباس.

 

 

پ.کا.کا رایگەیاندووە کە کۆتایی بە ئاگربڕی لەگەڵ تورکیا دەھێنێت، ئەمە چە کاریگەرییەک لەسەر ھەردوولا دادەنێت؟

بە گشتیی پابەندنەبوون بە ئاگربڕ بابەتێکی نەرێنییە و لەچاونەگرتنی لە لایەن ھەرکام لە لایەنەکانەوە، بە دڵنیاییەوە دەبێتە ھۆی شەڕ لە نێوانیاندا. تورکیا ئێستا ھێرشی ئاسمانی بۆسەر مۆڵگەکانی پ.کا.کا دەست پێکردووە و ئەمەش دەتوانێت بیانوویەک بێت بۆ پابەندنەبوون بە رێککەوتنی ئاشتیی. بەڵام دەبێت بڵێین شەڕ ئاکامێکی باش لێناکەوێتەوەو دەبێت ھەردوولا بۆ چارەسەکردنی کێشەکانیان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە شەڕ خۆیان بپارێزن، چونکە بێ‌سوودە.

 

تورکیا رایگەیاندووە دەبێتە بەشێک لە ئێتلافی دژەداعش، ئەمە چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟

بە ڕای من تورکیا ناچار بوو لەگەڵ داعش شەڕ بکات، چونکە نیشانەکان دەریدەخەن کە تەقینەوەکەی ناوچە کوردییەکەی تورکیا لە لایەن داعشەوە کراوە، بە دڵنیاییەوە داعش دوای کۆتاییھاتنی کارەکانی لە سوریا و عێراق بەرەوە تورکیا دەڕوات، مەترسی داعش تەنھا بۆ سوریا و عێراق نییە، بەڵکوو بۆ ھەموو ناوچەکەو جیھانە، بەڵام لەوانەیە تورکیا داعش وەکو کەرەسەیەک بەکاربێنێت بۆ سەرکووتکردنی کوردەکانی سوریا و تورکیا.

 

واتا تورکیا جیاوازی ناکات لە نێوان داعش و پ.کا.کا؟

بۆ تورکیا تۆفیر ناکات. بەو ھۆکارەی کە ھەروەھا کە داعش بە تیرۆریستی دەناسێت پ.کا.کاش بە تیرۆریست دەناسێت و بە بیانووی دژایەتیکردنی تیرۆر پ.کا.کا دەکاتە ئامانج. بەڵام دەبێت وردتر تیرۆریسم پێناسە بکرێت تاوەکو سنووری نێوان کوردەکان و داعش روونتر بێتەوە.

 

ئەگەر شەڕ لە نێوان پ.کا.کا و حکومەتی تورکیا ھەڵگیرسێت ئاکامەکەی بە کوێ دەگات؟

ئەمە پێشتریش روویداوە و ئاکامەکانیشمان بینیوە. بەڵام ئێستاکە ھەر شتێک بێت دەبێت پێکەوە یەکگرتوو بین تاوەکو تیرۆریستەکان لەناوبەرین.

 

کۆتایی ئاشتی نێوان ئەم دوولایەنە ئایا کۆتایی ھێمنییە لە ناوچەکەدا؟

بەڕای من ئەم رووداوە کێشەی زۆر و گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت و ئەو ھێمنی و سەقامگیرییەی یەک ساڵی رابردوو لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لەناو دەچێت.

 

ئایا کۆتایی‌ھاتنی ئاشتی دەرفەت بۆ داعش ناخولقێنێت تاوەکو بتوانێت لە ناو خاکی سوریا زیاتر بەرەو پێش بڕوات؟

ئەم رووداوە بە دڵنیاییەوە دەرفەتە بۆ داعش. شەڕی نێوان حکومەتی تورکیا و پ.کا.کا بەرەوپێشچوونی داعش بۆ ناوچە کوردییەکانی ناو خاکی سوریا ئاسانتر دەکات و کوردەکان لەم ناوچانەدا لاواز دەکات.

 

ئەگەر شەڕی نێوان پ.کا.کا و حکومەتی تورکیا بێتە ئاراوە، ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەمیشە بەدوای ئاشتی، سەقامگیری، ھێمنی و ئاسایش و وتووێژ و دانوستان بۆ گەیشتن بە ئاشتی بووە و ئەم ھەرێمی ھیچکات ناچێتە ناو شەڕێکی وەھاوە. بەڵام ئەگەر ئەم شەڕ‌ە رووبدات، یەکێک لەو ناوچانەی بە دڵنیاییەوە زیان دەبینێت ھەرێمی کوردستانی عێراقە.

 

ڕۆژنامەی ئیعتماد، یەکشەمە ٤ گوڵانی ١٣٩٤ ھەتاوی، ساڵی سێزدەیەم، ژمارە ٣٣٠٠، بەشی

"وتووێژی ڕۆژ"، لاپەڕەی ٦.

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی