امروز: 5شەممە 18 نیسان 2024 برابر با 19 نیسان 2024

"نازم دەباغ" لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیعتماد: شەر لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە

مەیسەم سولەیمانی/ تەنھا یەک پرێسک بەس بوو بۆ ئەوەی ئاشتییەک کە ساڵیانێک بوو ھەوڵی بۆ دەدرا، لەناوبچێت. رۆژی رابردوو پ.کا.کا رایگەیاند ئاشتی نێوان ئەم گروپە و حکومەتی تورکیا کۆتایی ھاتووە و سەر لەنوێ لەگەڵ ئەنقەرە دەچێتە شەڕەوە. تورکیا ناوچەیەکی زۆری ژێردەسەڵاتی پ.کا.کای لەناوخاکی عێراق بوردومان کردووە و بە فەرمی و بە کردەوە چووەتە ناو بەرەی دژە داعشەوە بە رابەری ئەمریکا. بەڵام تورکیا ھێشتا سنوورێکی دیاری بۆ شەڕی دژە تیرۆر رانەگایندووە. بە پێی وتەکان داوود ئۆغلو سەرۆک وەزیری تورکیا، وادیارە ئەنقەرە لە ئێستادا تیرۆریستەکانی داعش و کوردەکانی وڵاتەکەی بە یەک دەزانێت. لەم رووەوە لەگەڵ جەنابی "نازم عومەر دەباغ"، نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران وتووێژێکمان کرد و ئاکامەکانی کۆتاییھاتنی ئەم ئاشتییەمان خستە بەرباس.

 

 

پ.کا.کا رایگەیاندووە کە کۆتایی بە ئاگربڕی لەگەڵ تورکیا دەھێنێت، ئەمە چە کاریگەرییەک لەسەر ھەردوولا دادەنێت؟

بە گشتیی پابەندنەبوون بە ئاگربڕ بابەتێکی نەرێنییە و لەچاونەگرتنی لە لایەن ھەرکام لە لایەنەکانەوە، بە دڵنیاییەوە دەبێتە ھۆی شەڕ لە نێوانیاندا. تورکیا ئێستا ھێرشی ئاسمانی بۆسەر مۆڵگەکانی پ.کا.کا دەست پێکردووە و ئەمەش دەتوانێت بیانوویەک بێت بۆ پابەندنەبوون بە رێککەوتنی ئاشتیی. بەڵام دەبێت بڵێین شەڕ ئاکامێکی باش لێناکەوێتەوەو دەبێت ھەردوولا بۆ چارەسەکردنی کێشەکانیان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە شەڕ خۆیان بپارێزن، چونکە بێ‌سوودە.

 

تورکیا رایگەیاندووە دەبێتە بەشێک لە ئێتلافی دژەداعش، ئەمە چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟

بە ڕای من تورکیا ناچار بوو لەگەڵ داعش شەڕ بکات، چونکە نیشانەکان دەریدەخەن کە تەقینەوەکەی ناوچە کوردییەکەی تورکیا لە لایەن داعشەوە کراوە، بە دڵنیاییەوە داعش دوای کۆتاییھاتنی کارەکانی لە سوریا و عێراق بەرەوە تورکیا دەڕوات، مەترسی داعش تەنھا بۆ سوریا و عێراق نییە، بەڵکوو بۆ ھەموو ناوچەکەو جیھانە، بەڵام لەوانەیە تورکیا داعش وەکو کەرەسەیەک بەکاربێنێت بۆ سەرکووتکردنی کوردەکانی سوریا و تورکیا.

 

واتا تورکیا جیاوازی ناکات لە نێوان داعش و پ.کا.کا؟

بۆ تورکیا تۆفیر ناکات. بەو ھۆکارەی کە ھەروەھا کە داعش بە تیرۆریستی دەناسێت پ.کا.کاش بە تیرۆریست دەناسێت و بە بیانووی دژایەتیکردنی تیرۆر پ.کا.کا دەکاتە ئامانج. بەڵام دەبێت وردتر تیرۆریسم پێناسە بکرێت تاوەکو سنووری نێوان کوردەکان و داعش روونتر بێتەوە.

 

ئەگەر شەڕ لە نێوان پ.کا.کا و حکومەتی تورکیا ھەڵگیرسێت ئاکامەکەی بە کوێ دەگات؟

ئەمە پێشتریش روویداوە و ئاکامەکانیشمان بینیوە. بەڵام ئێستاکە ھەر شتێک بێت دەبێت پێکەوە یەکگرتوو بین تاوەکو تیرۆریستەکان لەناوبەرین.

 

کۆتایی ئاشتی نێوان ئەم دوولایەنە ئایا کۆتایی ھێمنییە لە ناوچەکەدا؟

بەڕای من ئەم رووداوە کێشەی زۆر و گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت و ئەو ھێمنی و سەقامگیرییەی یەک ساڵی رابردوو لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لەناو دەچێت.

 

ئایا کۆتایی‌ھاتنی ئاشتی دەرفەت بۆ داعش ناخولقێنێت تاوەکو بتوانێت لە ناو خاکی سوریا زیاتر بەرەو پێش بڕوات؟

ئەم رووداوە بە دڵنیاییەوە دەرفەتە بۆ داعش. شەڕی نێوان حکومەتی تورکیا و پ.کا.کا بەرەوپێشچوونی داعش بۆ ناوچە کوردییەکانی ناو خاکی سوریا ئاسانتر دەکات و کوردەکان لەم ناوچانەدا لاواز دەکات.

 

ئەگەر شەڕی نێوان پ.کا.کا و حکومەتی تورکیا بێتە ئاراوە، ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەمیشە بەدوای ئاشتی، سەقامگیری، ھێمنی و ئاسایش و وتووێژ و دانوستان بۆ گەیشتن بە ئاشتی بووە و ئەم ھەرێمی ھیچکات ناچێتە ناو شەڕێکی وەھاوە. بەڵام ئەگەر ئەم شەڕ‌ە رووبدات، یەکێک لەو ناوچانەی بە دڵنیاییەوە زیان دەبینێت ھەرێمی کوردستانی عێراقە.

 

ڕۆژنامەی ئیعتماد، یەکشەمە ٤ گوڵانی ١٣٩٤ ھەتاوی، ساڵی سێزدەیەم، ژمارە ٣٣٠٠، بەشی

"وتووێژی ڕۆژ"، لاپەڕەی ٦.

Read کد خبر: 337

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی