امروز: 3شەممە 23 نیسان 2024 برابر با 23 نیسان 2024

"نازم دەباغ" لە وتووێژی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی ئیلنا: پلانی چاکسازی عێراق پێویستی بە ھەڵسەنگاندنی زیاتر بوو

نازم  دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ "ئیلنا" رایگەیاند: بەرگری کۆبانێ جۆریک لە ترسی لای داعش دروست کرد و لە ئێستاشدا بەرگری کوردەکان لە عێراق و تەنانەت لە کۆبانێ گەیشتووەتە لوتکە.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی "ئیلنا" بە لێکدانەوەی جوگرافیای سیاسی و ھەرێمایەتی کوردەکان لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین رایگەیاند: راستە کە کوردستان وڵات نەبووە بەڵام جوگرافیایەکی یەکگرتوو بووە کە بارودۆخی زەمەنیی، مێژوویی، رووداوەکان و شەڕەکانی نێوان ئیمپراتۆری ئێران و ئیمپراتۆری عوسمانی، بوونە ھۆی ئەوە کە خاک و بەشێک لەم نیشتمانە لێک جیابکرێنەوە، ئەم بابەتە بووە ھۆی ئەوە تاوەکو نیشتمانی کوردستان ببێتە دوو بەش، واتا بەشێک لە ئیمپراتۆری عوسمانی و بەشێکی دیکەشی لە ئیمپراتۆری ئێران یان ھەمان ئیمپراتۆری عەباسی‌دا بگرسێتەوە. دوای شەڕی یەکەمی جیھانیی، دیسان دابەشکردنێکی دیکە ھاتە ئاراوە کە بەشێکی خرایە سەر سوریا و لە تورکیا دابڕا و بەشێکی دیکەشی خرایە سەر عێراق کە لە راستیدا ئەم بەشانە لە ئێران و تورکیا جیاکرانەوە. کەواتە ئەم شتانە کە باسمان کرد راستییەکی جوگرافیای کوردییە و بە جۆرێک کوردەکان لەم جوگرافیایەدا گیرساونەتەوە.

 

ئەو لە درێژەدا وتی: بە درێژایی مێژووی عێراقی نوێ، کوردەکان خەباتیان کردووە و بە ھۆی ئەو زوڵم و چەوسانەوەی بەسەریاندا ھاتووە، نەیانتوانیوە لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی حکومەتی ناوەندی عیراقدا ئامادە بن، بە جۆرێک کە دوای رووخانی سەدام و شەڕی کەنداوی فارس، ناوچەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان ھاتە ئاراوە، بە پێی بیروبڕوای خۆمان و ھەروەھا بە پێی بارودۆخی کاتی و بابەتی، لەو کاتەوە تا ئێستا و بە رای من بۆ داھاتووش، ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێت و کوردەکان دیسان لەگەڵ عێراقی نوێدا یەکیان گرتەوەو لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا قبووڵمان کرد کە ھەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵیزم بین. بەداخەوە شتێک بەناوی داعش لە عێراقدا ھاتە ئاراوە و راستی کوردەکان و پێشمەرگە زیاتر خۆی نیشاندا. بە شێوەیەک کە ئەوان بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان دەکەن و دژی تیرۆر چالاکن و دەبێت ئەم راستییە قبووڵ بکەین کە ئێستا تەنھا ھێزی بەھێز لە عێراق و ناوچەکە کە دژی داعش شەڕ دەکات، کوردەکانن. راستە کە یارمەتی و ھاوکاری بڕێک لە وڵاتان و بە تایبەت دۆستانی نزیکمان وەکو ئێران بە پێشمەرگە گەیشتووە بەڵام ئەگەر ھێزی چالاکی پێشمەرگە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان نەبوایا ئەم سەرکەوتنانە بەدەست نەدەھات. لەوانەیە دەیان چەک و تەکنەلۆژیای دیکە بە ھێزە سەربازییەکانی عێراق درابێت، بەڵام ئاکامی شەڕی ئەوان لەگەڵ داعش چی بووە؟

دەباغ بە ئاماژە بە وتەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا وتی: بابەتێکی دیکە یان روونتر رەھەندی دووەمی ئەم بابەتە ئەوەیە کە لە سێ‌یا یەکی خاکی عێراق لە دەستی داعش‌دایە، کە خەڵکی ئەو ناوچانە کورد و شیعە نین بەڵکوو سوننەن. لێرە ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە وەکو زۆرینەی رەھا، لە عێراقدا ھەم ناوچەی کوردی، ھەم ناوچەی سوننەو ھەم ناوچەی شیعەکان بە روونی دیاریکراوە، دەبێت بلێێن لەم ناوچانەدا، ھەموو خەڵکێک لە کورد، سوننە و ئەوانی دیکە بوونیان ھەیە و وەکو زۆرینەی رەھا لەم ناوچانەدا ھەم کوردی شیعە ھەیە، ھەم عەرەبی سوننە و ھەم عەرەبی شیعە. بەڵام لە ناوچەی سوننەکان، ھێز لە دەستی داعشدایە و لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا ھێز لە دەستی شیعەکاندایە و ئێستا ئەگەر ورد ببینەوە دەبینین کە عێراق بووە بە سێ بەشەوە و ئەوەی کە بەرپرسی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا باس لە دابەشبوون دەکات، لە راستیدا ھەڵسەنگاندنێکی سەربازی کردووە و ھەموو فیکری ئەو بە پێی ھەڵسەنگاندنی  سەربازییە نە سیاسی. واتا لە رووی سەربازییەوە ھەڵی دەسەنگێنن کە یارمەتییەکانی ئەوان بە حکومەت و سوپای عێراق تا چ رادەیەکی توانیویەتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش رزگار بکات؟ بەڵام بە رادەیەکی زۆر کەمتر لەم ئیمکانیاتە، یارمەتییەکانی سوپای ئەمریکا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دراوە بە پێشمەرگە و پشتیوانی ئەوانیان کردوە و ئەوانیش توانیویانە رێژەیەکی زیاتر لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە بوونی داعش رزگار بکەن.

 

ئەو رایگەیاند: دوای ئەوە، دەبێت ئاماژە بدەین بە ئەزموونی کوردەکان لە سوریا، بە شێوەیەک کە بەرگری کوردەکان لە کۆبانێ بووە ھێمایەک بۆ بەرگری و خەبات تا ئەو رادەیە کە ژن و پیاو پێکەوە توانییان ناوچەکانی خۆیان بپارێزن و دوای ئەوەش توانییان چەندین ناوچەی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار بکەن. کە واتە ئەگەر لەم رووەوە ھەڵیسەنگێنن بۆتان دەردەکەوێت کە کوردەکان وەکو ھێمایەکی بەھێزی راستەقینە، ھەم بۆ خۆیان و ھەم بۆ دژایەتیکردنی داعش دەرکەوتن و دەبێت ئاماژە بەم بابەتە بدەێن کە بۆچی ئەمە لە ناوچەکانی سوننە و شیعە رووی نەدا؟ بە شێوەیەک کە لە عێراقدا، حەشدی شەعبییەکان دروست بوون و ئاکامی ئەرێنییان بە تایبەت لە ناوچەکانی تکرتیت و سامەڕا بە دەست ھێنا بەڵام دوای ئەوە، بێدەنگی بەسەریاندا سەپا کە ئەڵبەت ھۆکاری خۆی ھەیە.

 

نوێنەڕی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران لەسەر راڤەکردنی وتەکانی بەرپرسانی ئەمریکایی سەبارەت بە بابەتی دابەشکردنی عێراق رایگەیاند: بە شێوەی گشتیی و بەو پێیە کە ناوچەکانی سوننە، شیعی و کوردی لە عێراقدا بوونی ھەیە، دەبێت بڵێم حکومەتی بەغدا دەیەوێت یەکگرتووییەک لە عێراقدا بێنێتە ئاراوە و وادیارە وتەکانی بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بەم ھۆیەوە بووە کە ئەگەر ئەم ناوچانە ببنە فیدراڵ ھەر بەشە بەرپرسایەتی خۆی لە بەرامبەر داعشدا بگرێتە ئەستۆ بۆ نمونە ئەگەر ناوچەی سوننە بخرێتە ژێر دەسەڵاتی سوننەکان ئەوکات دیارە کە کێ بەرپرسە. بەڵام ئێستا ھەر رووداوێک لە عێراقدا رووبدات بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی فەرماندەی گشتیی ھێزی وشکانی و سوپای عێراق و ھەروەھا لە ئەستۆی سیاسەتی حکومەتی عێراقدایە و لە بەرەکانی شەڕدا، ھەر شکستێک رووبدات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، راستییەکەی ئەوەیە کە نەتەوەکان لە شەڕی داعشدا رۆڵ و بەرپرسیارەتییان ھەیە بەڵام بەڕێوەی نابەن و رۆڵی گرنگی خۆیان جێبەجێ ناکەن. بەڕای من بیرۆکەکانی "ریمۆند ئۆدێرنۆ" بەرپرسی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا دەتوانین لە روانگەی سەربازییەوە ھەڵسەنگێنین، چونکە ئەو دیپلۆمات یان کەسایەتییەکی سیاسی نییە و تەنھا جلوبەرگی سەربازی لەبەردایە و رای خۆی باس دەکات و رای بنچینەیی و کۆتایی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە رادەگەینرێت کە لە لایەن وتەبێژیانە باس دەکرێت، بۆیە نابێت ھەڵسەنگاندن بۆ بیرۆکەیەک بکەین کە لە بنەماوە ھەڵەیە.

 

ئەو بە ئاماژە بە ھەڵبژاردنی داھاتووی تورکیا و ئەو چەلنجەی لە نێوان ئەردۆغان و حزبە کوردییەکان ھاتووەتە ئاراوە رایگەیاند: بەرای من ئێستا پ.کا.کا وەکو رێکخراوەیەکی کوردی لە تورکیا، خوی بە ھێما و نوێنەری کوردەکانی تورکیا راگەیاندووە کە لە چوارچێوەی کورد و کوردستان‌دا خۆی ناساندووە، لە تورکیا رێکخراوێکی تورکی بەناوی حزبی دمۆکراتیکی گەلان بوونی ھەیە کە زۆربەیان کوردن و بڕێک کەس لەو بڕوایەدان کە پ.کا.کا باڵی سەربازی و حزبی دمۆکراتیک باڵی سیاسییەتی.

 

دەباغ لە لێکدانەوەو ھەڵسەنگاندنی رووداوی تەقینەوەی شاری سوروچ و کوژرانی ژمارەیەک لە کوردەکان لەم رووداوەدا وتی: بەداخەوە رووداوی سوروچ پیلانێکی بەرنامەداڕێژراو بوو تاوەکو بتوانن ئاگرێکی پێ خۆش بکەن، چونکە ئەگەر دوو پۆلیس لە ناوچەیەکی تورکیادا دەکوژرێن یان تەقینەوەیەک روودەدات، بەرپرسانی راستەقینە دەبێت بیر لە دامڕکاندنی ئەم پیلانانە بکەنەوە نە ئەوەی کە پەرەی پێبدەن و بە ڕای من تورکیا لەم رووداوانەی دواییدا شکستی ھێنا. واتا دوای ئەوە کە لە بابەتی کوردەکاندا لە تورکیا شکستی ھێنا، کێشەیەکی دیکە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە کە ئەویش بابەتی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووە. بۆیە لەم بارودۆخەدا دەبوا قەیرانێک دروست بێت تاوەکو تورکیا بتوانێت شکستەکانی خۆی پێ پەردەپۆش بکات. لایەنێکی دیکەی ئەم بابەتە، ترسی بەرپرسانی تورکیا لە کودەتای سوپای ئەم وڵاتەیە، بە جۆرێک کە لە رابردوودا مێژوویەک لە کودەتامان ھەیە لەو وڵاتەدا. لەم نێوانەدا حزبی داد و گەشەپێدان نەیتوانی حکومەت پێک بێنێت و سەرکەوتن مسۆگەر بکات و لە ئاکامدا کایەیەکی دیکە دەست پێدەکات تاوەکو بتوانێت لە داھاتوودا سوودی لێ ببینێت. واتا لە رووداوەکانی ئەم دواییە لە بەرژەوەندی خۆیدا لە ھەڵبژاردن سوود ببینێت یان ئەوەی کە ئەم بارودۆخە قەیران‌ئاوییە درێژە پێبدات تاوەکو بەم بیانووەوە لە ھەڵبژاردنەکاندا قسەیەکی بۆ کردن ببێت. بۆیە حزبەکەی ئەردۆغان وابیردەکاتەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دانوستان لەگەڵ M.H.P و H.D.P و C.H.P ئەم بابەتە بە تایبەت بە گوێی M.H.Pدا بگەیەنێت کە لەگەڵ کوردەکان دانوستانی کردووەو گەیشتووەتە ئاشتی و ئەمەش بە پێچەوانەی سیاسەتی ئەردۆغان دەزانن. بە واتایەکی دیکە قسەی سەرەکی حزبی دمۆکراتیکی گەلان ئەوەیە کە دەبێت لەگەڵ کوردەکان دانوستان بکرێت و دوو حزبی کۆماریخوازی گەلان و بزوتنەوەی نەتەوەیی ھەردوو لەسەر ئەو رایەن کە داد و گەشەپێدان یارمەتی داعش دەدات. لێرەدا ئەردۆغان و حزبەکەی دەیانەوێت تاوەکو ئەو دەنگانەی لەم حزبانەوە بۆ ئەوان ھاتووە بە تەنھایی وەریگرنەوە تاوەکو بتوانن حکومەتێکی یەک حزبی دروست بکەن و بە پێی وتەکانی ئەم دواییەی ئەحمەد داوود ئۆغلو دەبێت بڵێین تورکەکان دەیانەوێت ئێمپراتۆری عوسمانی زیندوو بکەنەوەو تا کاتێک حکومەت یەک حزبی نەبێت ناتوانن ئەم ئاواتەیان بگەیەننە ئەنجام.

 

ئەو سەبارەت بە پێگەی داھاتووی کوردەکان لە سیستمی سیاسی تورکیادا رایگەیاند: دەبێت لە چوارچێوەیەکی گشتیی لە ناوچەکەدا سەیری بابەتی کوردەکان بکەین. واتا بابەتی کوردەکان لە سوریا، عێراق و تورکیا؛ ھەموویان دەبێت لە یەک چوارچێوەدا سەیر بکرێت و دەبێت بزانین کە کوردەکان لە ناوچەکەدا ئامادەییان ھەیە و لە ھەر ناوچەیەکدا کە ئامادەبوونیان زیاتر بێت ئارامی و ھێمنیش زیاترە. لە سیاسەتی کوردیدا تەنھا ئەم بابەتە لە ئارادایە کە لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێت چالاک بکرێتەوە تاوەکو خواستی خەڵک بگات بە حکومەتە ناوەندییەکان. واتا لە عێراقدا ئێمە ھیچکات نەمانوتووە کە دەمانەوێت بە تەواوی سەربەخۆ بین و تا کاتێک کێشەی کوردەکان لە سوریا و تورکیا چارەسەر بێت بە دڵنیاییەوە لە عێراقیش بەسوود دەبێت. کەواتە دەبێت بڵێین کە کوردەکان لە بەسەرکارھاتنی حکومەتی ئێستای عێراقدا رۆڵێکی گرنگیان بووە. بەم ھۆیەشەوە دەتوانین بڵێین لەوانەیە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی تورکیادا کوردەکان بتوانن دەنگێکی زۆر وەربگرن. چونکە ئەو کوردانی کە لە حزبی داد و گەشەپێدان‌دا بوون وایان بیردەکردەوە کە گوایا بڕیارە لە حکومەتی داھاتووی تورکیادا کوردەکانیش ئامادە بن و بۆیە بینیمان ژمارەیەکی حزبی کوردی لە بەرژەوەندی حزبەکەی ئەردۆغاندا چالاک بوون و ھۆکارەکەشیان ئەوە بوو کە لەگەڵ حکومەتێکی ناوەندی بەھێزدا رووبەروون کە لەگەڵ کوردەکان دەگاتە ئاشتی و بە دڵنیاییەوە دەتوانێت کوردەکانیش لەخۆ بگرێت. بۆیە بەڕای من ئەو دەنگانەی کە لە ھەڵبژاردنی داھاتوود ائەو دەنگانەی کە لە لایەن کوردەکانەوە چووبوو بۆ ئاک‌پارتی دێتەوە بەلای حزبە کوردییەکاندا و لە ئێستادا ئەگەر لە شەڕ دوور کەوینەوەو بەرەوە ئاشتی ھەنگاو بنێین لە بەرژەوەندی ھەموو نەتەوەکان و حزبەکاندایە.

 

نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کۆبانێ رایگەیاند: ئەو شەڕە دەروونییەی داعش دژی خەڵکی کورد و بە تایبەت دانیشتووانی کۆبانێ جێبەجێی کرد لە ئێستادا گەڕاوەتەوە بۆ سەر خۆی. داعش لە کاتێکدا ھێرشی کردە سەر کۆبانێ کە لە لوتکەی ھێزداری خۆیدا بوو و بەرگری کۆبانێ جۆریک لە ترسی لای داعش دروست کرد و لە ئێستاشدا بەرگری کوردەکان لە عێراق و تەنانەت لە کۆبانێ گەیشتووەتە لوتکە، بەڵام لە رابردوودا بەم شێوەیە نەبوو و ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە رابردوودا ھاوکاری نێودەوڵەتیمان پێنەدەگەیشت بەلام لە ئێستادا ھاوکاری و پەیوەندی نێودەوڵەتیمان ھەیە و بەم ھۆکارەش تەنانەت لە ناوخۆی عێراق تارادەیەک لە ناوچەکانی کوردەکان ئەو ترسەی داعش دروستی کردبوو نەماوەو تەنانەت پێچەوانەی ئەمە لە ئارادایە.

 

ئەو وێڕای بە ئەرێنی زانینی پلانی چاکسازی عێراق کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە ھاتووەتە ئاراوە رایگەیاند: ھەر پلانێک کە وەکو پلانی دژایەتیکردنی گەندەڵی باس دەکرێت دەبێت ئەرێنی ھەڵسەنگێندرێت. بەڕای من عەبادی زیرەکانە ھاتە پێسەوەو پلانەکەی راگەیاند. بەڵام بەداخەوە ئەگەر ئەم پلانە پێشتر لەگەڵ گروپەکانی بەشدار لە حکومەتەکەیدا باس بکردبا ھێزێکی زیاتری دەبوو. ئێستا ئێمە لە عێراق ناڕازیبوونێک دەبینین کە تەنھا لای کوردەکان و سوننەکان ننیە و تەناتەت شیعەکانیش دەگرێتەوە و رووداوەکان پرسیار دروست دەکەن کە لە بەڕیوەچوونی ئەم پلانەدا بە کێ راوێژ کراوە و لە کێ یارمەتی گیراوە و بە گشتیی ئامانجی ئەم پلانە چییە و ئایا ئەمە کودەتایە یان پلانێکی چاکسازییە؟ بەڕای من لە رۆژانی داھاتوودا لەوانەیە کێشەی گەورە لە عێراق بێتە ئاراوە و بە جۆرێک پێکدادانێکی سیاسی ببینین.

 

دەباغ ھەروەھا رایگەیاند: پلانی چاکسازی و ناوەڕۆکەکەی، پلانێکی باشە بەڵام لەبیرمان نەچیت کە ئەم پلانە بە راگەیاندنی میدیایی یان تەییدکردنی چەند کەس جێبەجێ ناکرێت و دەبێت کەرەسەی بە باشی جێبەجێ‌کردنی ئامادە بێت. لەم رووەوە دەبێت بڵێم کە پێگەی کوردەکان لەم پلانەدا دەبێت دیاری بکرێت و دەبێت بزانین ئێمە لە کوێی ئەم چاکسازییەداین و دەبێت لەکوێ بین؟ بۆیە دەبێت ئەم بابەتە باس بکەین کە لە ھەموو جیھاندا و بە تایبەت لە وڵاتی خۆماندا کاتێک پلانی چاکسازی باس دەکرێت لە ھەموو وڵات کاریگەری دادەنێت و ئەگەر نائارامی بێتە ئاراوە ھەموو وڵات دەگرێتەوە.

 

ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی کە دەبوا ئەم پلانە پێش راگەیاندنی فەرمی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقە زیاتر ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرایەت وتی: بەم ھۆیە دەبێت بڵێم کە پلانی چاکسازی بە گشتیی پلانێکی باشە بەڵام وادیارە کە عەبادی ھەڵەیەکی کردووە. واتا پێش راگەیاندنی پلانەکەی، دەبوا لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسیەکانی وڵات راوێژ و قسەی بکردبا و دوای ئەوە رایگەیاندبا. ھەموو لایەک دەڵێن چاکسازی و بەرەنگاربوونەی گەندەڵی باشە بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا باس دەکرا ئەوەیە کە کوردەکانی عێراق ھاوبەشی حکومەتی ئەم وڵاتەن و بۆ دروسبوونی ئامادەبوون و دەبێت بزانین کاتێک دەڵێن وەزیرەکان دەبێت کەم بکرێنەوە سێ وەزیری کوردی تێدایە و تەنانەت لە نێوان جێگرەکاندا کە بڕیارە کەم بکرێنەوە ژمارەیەک کورد وسوننەی تێدایە بۆیە دەبێت سەرنج بدرێتە ئەم بابەتە کە بزانین رۆڵی حزبەکانی بەشداربوو کە حکومەت بەکوێ دەگات؟

 

دەباغ لە کۆتاییدا رایگەیاند: بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە  شوناسی سیاسەتمەدار دەبێت روون بێت و سیاستەمەدار بەو کەسە دەڵێن کە لە شکست و سەرکەوتندا خاوەن ئەزموونی سیاسییە و نابێت لە کەسێک کە لە کونجی ماڵەکەی دانیشتووە راوێژی سیاسی وەربگیردرێت. راوێژکاری سیاسی دەبێت خاوەن ئەزمون و ئەکادیمی بێت تاوەکو بتوانێت بڕیاری دروست دەربکات و لە کۆتاییشدا رایبگەیەنێت. بۆیە ناتوانین لە سەرەتادا بڕیارێک بدەین و جێبەجێی بکەین و دوای ئەوە بێین داوای بیروڕا لە کەسانێکی دیکە بکەین و بەرای من دەبێت سوود لە کەسانێک وەربگیردرێت کە جگە لە ئاگاداری لە بارودۆخی ناوخۆیی ئاگایان لە بارودۆخی جیھانیش بێت.

 

 

Read کد خبر: 356

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی