امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

   هەواڵەکان

   هەواڵەکان (501)

هەواڵەکان

هەینی, 10 حوزەیران 2016

همدڵی، مه‌یسه‌م سالخورده: بارودۆخی عێراق، وه‌کو وڵاتیک که دوای رووخانی سه‌دام و حزبی به‌عس، سه‌رده‌مێکی پڕ له ئاڵۆزی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌ی سیاسی هێزێکی نوێ به‌ناوی داعش، تووشی ئاڵۆزی زیاتر بووه. له کاتێکدا که حکومه‌ته‌که‌ی "نوری مالکی" سه‌رقاڵی دانانی بنه‌ما سیاسییه‌کانی وڵات بوو و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ش ببووه شوێنی کێشه قه‌ومی و سیاسییه زۆرو زه‌وه‌نده‌کان، به‌ره‌وپێشچوونی له‌ناکاوی داعش، عێراقی کرده یه‌کێک له پڕقه‌یران‌ترین شوێنه‌کانی جیهان. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه و له کاتێکدا که حکومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق و حکومه‌تی "حه‌یده‌ر عه‌بادی" تووشی کێشه‌و ئاڵۆزییه، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له باکووری ئه‌م وڵاته، هێمنی و ئاسایشی زیاتری هه‌یه. ئه‌مه‌ش وایکرد پێشمرگه‌کانی کورد زیاتر و باشتر دژی داعش بوه‌ستنه‌وه و به‌رگری بکه‌ن. له‌م نێوانه‌دا رۆڵی ئێران که ٦٠٠ کیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه، له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش‌دا به‌رچاو و گرنگ بووه و هه‌یه.

جگه له هاوکاری له شه‌ڕی دژی داعش، ئێران و هه‌رێم په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ربڵاویان هه‌یه. له کاتێکدا که له ناوه‌نده‌کانی راگه‌یاندن باس له سه‌فه‌ری "مه‌سعوود بارزانی" و وه‌فدی سیاسی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئێران ده‌کرێت، وتووێژێکمان کرد له‌گه‌ڵ "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له ئێران.

 

وادیاره دوای سه‌رهه‌ڵدانی له‌ناکاوی داعش له مانگی ٤ی ٢٠١٣ و دوای پاشه‌کشه‌ی سوپای عێراق له‌و ناوچانه‌ی داعش هێرشی کردبووه سه‌ر، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌هێزتر بوو. له‌م ناوچانه‌دا سه‌رکه‌وتنه باشه‌کانی پێشمه‌رگه، سه‌رکه‌وتنی سیاسی هه‌رێمیشی به‌دوای خۆیدا هێنا. رای ئێوه چییه؟

داعش بارودۆخێکی نوێی له عێراقدا هێنایه ئاراوه. هێرشی داعش بۆ شاره‌کانی فه‌لوجه، ئه‌نبار، موسڵ، که‌رکووک و ناوچه‌کانی دیکه، کشانه‌وه‌و پاشه‌کشه‌ی سوپای عێراقی لێکه‌وته‌وه، به‌ڵام هێزه‌کانی پێشمه‌رگه به خوشحاڵییه‌وه توانییان به که‌مترین چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی ده‌ست بگرن به‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌داو هێزه‌کانی داعش دووربخه‌نه‌وه.

ئه‌و ناوچانه‌ی پێشمه‌رگه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت له رووی مێژوویی و بنه‌ماوه، به‌شێکن له خاکی هه‌رێم. ئه‌و ناوچانه‌ بوون که چه‌ندین ساڵ پێشتر حزبی به‌عس له هه‌رێم جیای کردبوونه‌وه. له بارودۆخی نوێدا ئه‌م ناوچانه به "ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌ر" ناسراون. هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌کان توانییان ناوچه‌ی زیاتریش بگرنه‌وه. ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه بارودۆخێکی نوێی هێنایه ئاراوه‌و سه‌ره‌تایه‌کیش بوو بۆ کشانه‌وه‌ی داعش له ناوچه داگیرکراوه‌کان.

 

له هه‌واڵه‌کاندا هاتبوو که پێشمه‌رگه‌کان له ناوچه‌ی نه‌ینه‌واش ئاماده‌بوونێکی به‌رچاویان هه‌یه و به ئازادکردنی ٩ دێهاتی داگیرکراو، سه‌ره‌تایه‌ک دروست بووه بۆ ئازادکردنی نه‌ینه‌وا.

سه‌باره‌ت به نه‌ینه‌وا، موسڵ و ئه‌و ناوچانه‌ی داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه، تاڕاده‌یه‌ک هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان و هێزه‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ندی هاوکارن بۆ ئازادکردنه‌وه‌ی موسڵ، له‌م په‌یوه‌ندییه‌شدا پێشمه‌رگه‌کان توانییان چه‌ندین دێهات ئازادبکه‌ن و پاشه‌کشه‌یان به داعش کردووه و چاوه‌ڕوانی ئازادکردنی نه‌ینه‌واین.

 

یه‌کێک له راوێژکاره‌کانی ئاغای بارزانی باسی دۆزینه‌وه‌ی نامه‌یه‌کی سێکرێتیان کردووه که تیایدا ئه‌لبه‌غدادی باس له کشانه‌وه‌ی داعش بۆ لیبیا ده‌کات، سه‌باره‌ت به راستی و دروستی ئه‌م نامه راتان چییه؟

من له راگه‌یاندنه‌کاندا بیستم و راسته‌وخۆ ئاگاداری نیم. به‌ڵام تا ئه‌و شوێنه‌ی بزانم  یه‌کێک له راوێژکاره‌کان ئه‌مه‌ی وتووه و سه‌رچاوه‌که‌ی ناسراوه. ئێستا ده‌بێت بزانین ده‌قی نامه‌که چییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ئێستا راستییه‌ک له عێراقدا ده‌بینین  ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که داعش رۆژ له‌دوای رۆش تووشی شکست له ناوچه‌ جیاوازه‌کان ده‌بێت و له زۆربه‌ی ناوچه‌کاندا له پاشه‌کشه‌دایه.

 

سه‌باره‌ت به هه‌رێم باسی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و به‌ڕێوه‌چوونی رێفراندۆم که له لایه‌ن ئاغای بارزانییه‌وه له ٢٠١٤ باسکرا، باسی بنه‌ڕه‌تییه‌. وادیاره ئه‌مه له‌و بابه‌تانه‌یه که خواستی دراوسێکان وه‌کو ئێران و تورکیا نییه. له کاتێکدا که ئیسراییل به شێوه‌یه‌ک پشتیوانی لێکرد. ئه‌م خواسته له چ قۆناغێکدایه؟

وادیاره کورده‌کان له‌م باره‌وه، جۆرێک دوودڵییان هه‌‌یه. باسی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له ئارادا نییه، چونکه ئێستاش ئێمه هه‌مانه. باسی سه‌ربه‌خۆیی و رێفراندۆم بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسه. به گشتیی ناکرێت ئه‌م مافه له خه‌ڵک زه‌وت بکرێت، هیچ کوردێک نییه که ئه‌مه‌ی نه‌وێت و ئاواتی ئه‌وه‌ی نه‌بێت که چاره‌نوسی کورده‌کان له‌ده‌ست خۆیاندا بێت. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژووی کوردستان، ده‌بینین که کوردستان هیچکات دابه‌ش نه‌بوو به‌ڵكوو یه‌ک جوگرافیا بووه و ورده ورده دابه‌ش کراوه و حکومه‌ته‌کانی عوسمانی و عه‌باسی و سه‌فه‌وی، ته‌نانه‌ت دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیی، بوونه هۆی دابه‌شبوونی کوردستان به‌سه‌ر دوو به‌شی کوردستانی عێراق و سوریا. ئه‌م بابه‌ته، لێکۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و باسی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه. به‌ڵام راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌ی که ئێستا که ئێمه ئه‌م باسه ده‌که‌ین به‌و مانا نییه که هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه بین. به‌ڵام باسی ئه‌وه‌یه که رێفراندۆمێک بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانینن خه‌ڵکی کورد چییان ده‌وێت. که به‌نده به چه‌ند هۆکارێکه‌وه و ده‌بێت بارودۆخه‌که‌ی ئاماده بکرێت، که تا ئێستا ئاماده نه‌کراوه‌ که بتوانین رێفراندۆم به‌ڕێوه‌ به‌رین و بزانین کورده‌کان چییان ده‌وێت.

 

ئه‌م بارودۆخه که باسی ده‌که‌ن چییه؟

ئێمه ناتوانین له ناوچه‌یه‌کدا سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین که دراوسێکانمان په‌سه‌ندی نه‌که‌ن و دوژمنی بکه‌ن له‌گه‌ڵی. دراوسێکانی ئێمه، ئێران، تورکیا، سوریا و ته‌نانه‌ت حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق. بمانه‌وێت هه‌ر کارێک بکه‌ین ده‌بێت به دانوستان و وتووێژ و رێککه‌وتن بێت، تاوه‌کو بتوانین دراوسێی باش بین بۆ یه‌ک.

 

به گشتیی وادیاره حکومه‌تی هه‌رێم به تایبه‌ت له ئاستی سه‌رکردایه‌تی‌دا به باشی توانیویه‌تی کێشه‌ ناوخۆییه‌کان و بڕێک کێشه‌ی ناوه‌کی خۆی چاره‌سه‌ر بکات. حزبه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکرات سه‌ره‌ڕای جیاوازی سیاسی، توانیویانه له سه‌رکردایه‌تی‌کردنی هه‌رێمدا، رۆڵی خۆیان بگێڕن.

به‌ڵێ وایه. به‌ڕاستی سه‌رکردایه‌تی کورد سه‌ره‌رای هه‌موو کێشه‌و گرفته‌کان توانی له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت که بارودۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێم به باشی نیشانی ده‌دات.

 

کورده‌کان له ناوچه‌کانی دراوسێی هه‌رێمیش هه‌ن؛ له سوریا و ئێرانه‌وه بگره تاوه‌کو تورکیا. له بارودۆخێکدا که هه‌رێم ئه‌م مافه بۆ کورده‌کانی عێراق به ره‌وا ده‌بینێت که له بارودۆخێکی فیدراڵ‌دا چاره‌نوسی خۆیان دیاری بکه‌ن، هه‌ڵوێستی هه‌رێم سه‌باره‌ت به کوردی ناوچه‌کانی دیکه چییه؟

ئێمه له چوارچێوه‌ی عێراقدا قسه‌کانی خۆمان ده‌که‌ین و خواسته‌کانمان باس ده‌که‌ین. ئێمه هیچکات نه‌مانوتووه "کوردستانی گه‌وره"، به‌ڵكوو ده‌ڵێین "کوردستانی عێراق". بابه‌تی کورده‌کانی دیکه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆیان و خۆیان بڕيارده‌رن.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی که وه‌کو کێشه له نێوان هه‌رێم و پ.کا.کا له‌سه‌ر شنگال و کۆبانی هاته ئاراوه و بابه‌تی له‌م جۆره، ئایا نابێته هۆی لاوازبوونی کورده‌کان به گشتیی و به‌هێزتربوونی داعش؟

به‌ڵێ، به گشتیی ئه‌م کێشانه ئاسه‌واری نه‌رێنی ده‌بێت و له کاتێکدا که دوژمنێکی هاوبه‌ش به‌ناوی داعش بوونی هه‌یه، ده‌بێته هۆی لاوازبوونی به‌رگری. به‌ڵام به گشتیی پێموایه ئه‌م بابه‌تانه لاوه‌کین و به درێژایی کات، به‌رده‌وام نابن و چاره‌سه‌ر ده‌بن.

 

تورکیا له هه‌مان سه‌ره‌تای دروستبوونی داعش‌ه‌وه، هه‌ڵوێستی جیاواز و ته‌نانه‌ت دژبه‌یه‌کی گرت. له کاتێکدا که سه‌ره‌تا باسی رووبه‌روونه‌وه‌ی داعشی ده‌کرد، به‌ڵام دواتر هاوکاری تورکیامان بۆ داعش‌مان بینی. هه‌ڵوێستی هه‌رێم له‌سه‌ر تورکیا و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردۆغان چییه؟

هه‌روا که پێشتر باسم کرد سه‌باره‌ت به داهاتووی سیاسه‌ته‌کانی تورکیا له ناوچه‌و سه‌باره‌ت به داعش، دڵخۆش نیم. له لایه‌کی دیکه‌وه شه‌ڕی چه‌کداری له‌گه‌ڵ کورده‌کانی خۆی له کاتێکدا له سنووره‌کانماندا داعش بوونی هه‌یه، هیچ شتێک جگه له شه‌ڕ و شه‌ڕی به‌دوای خۆیدا نه‌هێناوه. پێموایه به دانوستان کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بێت. بابه‌تێکی دیکه سیاسه‌تی تورکیایه سه‌باره‌ت به داعش. راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که دائش بێ پشتیوانی‌کردنی بڕێک له هێزه‌کان نه‌یده‌توانی ئاوه‌ها به‌ره‌وپێش بچێت و له ماوه‌یه‌کی کورتدا به‌شێکی زۆر له عێراق داگیربکات. داعش خۆ له ئاسمانه‌وه نه‌هاتووه و له ناوچه‌یه‌که‌وه هاته ناوه‌وه و هه‌روه‌ها پشتیوانی ده‌کرێت، و به پێی ئه‌و شته‌ی له راگه‌یاندنه‌کاندا باس ده‌کرێت، له پشتیوانیکردنی داعش‌دا ناوی وڵاتانێک وه‌کو عه‌ره‌بستان، قه‌ته‌ر، ئیمارات و تورکیا ده‌بیندرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه و به بڕوای من، داعش ئاکامی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ڵه‌ی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی له ناوچه‌که به تایبه‌ت سه‌رده‌می ئاغای مالکی بووه. له راستیدا ئه‌و بارودۆخه‌ی داعشی پێکهێنا، ئه‌گه‌ڕ چاک نه‌کرێت و له‌ناو نه‌چێت، داعش‌یش له‌ناو ناچێت. له‌وانه‌یه لاواز بێت، به‌ڵام له‌ناو ناچێت.

 

هه‌ڵوێستی هه‌رێم سه‌باره‌ت به رووداوه‌کانی به‌غدا و مانگرتنی موقته‌دا سه‌در و رووداوه‌کانی ناوچه‌ی سه‌وز چییه؟

هه‌ڵوێستی هه‌رێم هه‌میشه پاراستنی هێمنی و ئارامی به‌غدا و عێراق بووه، بابه‌ته‌که هه‌مان به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ڵه‌یه که باسم کرد. له راستیدا حکومه‌تی عێراق ده‌بێت به یه‌ک چاو سه‌یری هه‌موو نه‌ته‌وه‌و لایه‌ن و گروپه‌کانی عێراق بکات. بابه‌تێکی دیکه گرنگی چاکسازییه، که پێویستیی ئێستای حکومه‌تی عێراقه تاوه‌کو له‌م رێگایه‌وه بارودۆخی ژیان و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی عێراق باشتر بێت. بابه‌ته‌کانی به‌غدا په‌یوه‌ندی به حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه هه‌یه و ئێمه وه‌کو هه‌رێم به‌رده‌وام خوازیاری ئارامی و هێمنی و چاکسازی حکومه‌تی عێراق بووین. له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌رێم به‌رده‌وام به‌دوای خواسته‌کانی خۆیه‌وه بووه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا. ده‌ستووری عێراق، مافی کوردی به فه‌رمی په‌سه‌ند کردووه و ناوه‌ندی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیشی دیاری کردووه.

 

یه‌کێک له بابه‌ته باسکراوه‌کان، باسی فرۆشی نه‌وتی هه‌رێمه که دوای پاشه‌کشه‌ی داعش له ناوچه‌ی که‌رکووک، هه‌رێم ئه‌م مافه‌ی بۆ خۆی به ره‌وا بینی که راسته‌وخۆ نه‌وت بفرۆشێت، رای ئێوه چییه؟

به‌ڵێ، یه‌کێک له بابه‌ته‌کانمان یاسای نه‌وته. یاسای نه‌وت پرۆژه‌که‌ی ئاماده کراوه و بڕیار بوو له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بکرێت به‌ڵام تا ئێستا حکومه‌تی عێراق مۆڵه‌تی نه‌داوه په‌سه‌ند بکرێت. کاتێک ئه‌وه یاسایه په‌سه‌ند بکرێت، بابه‌‌تی ئابووری و بابه‌تی نه‌وت، چاره‌سه‌ر ده‌بێت. هه‌نگاوه‌کانی هه‌رێم به پێی ئه‌و یاسایه ئه‌نجام ده‌درێت. له دوو ساڵ پێش ئێستاوه که حکومه‌تی ناوه‌ندی بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی، ئێمه ناچارین بۆ دابینکردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی، بیر له هه‌نارده‌کردنی نه‌وت له رێگای ئێران و تورکیاوه بکه‌ینه‌وه، تاوه‌کو بودجه‌ی هه‌رێم دابین بکرێت.

 

واتا نزیکه‌ی دوو ساڵه که ئه‌و ١٧%ه‌ی له بودجه‌ی عێراقدا بۆ هه‌رێم دانراوه، بڕاوه؟

به‌ڵی، نه ته‌نها ئه‌و ١٧%ه، به‌ڵکوو مافی پێشمه‌رگه‌کان که ده‌بینین چۆن له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش‌دا فیداکاری ده‌که‌ن و تا ئێستا زیاتر له ١٥٠٠ شه‌هیدیان داوه، بڕاوه. به شێوه‌یه‌ک که بڕێک له هاوپه‌یمانه‌کان، پێداویستییه‌کانی ئێمه دابین ده‌که‌ن، به‌ڵام هیچ یارمه‌تییه‌ک له لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه به هه‌رێم ناگات.

 

ئاغای بارزانی له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "زمان"ی تورکیا له ٢٠١٣ باسی رۆڵی سه‌ردار سلێمانی کرد له شه‌ڕی داعش و ئێوه‌ش له به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنیدا به پیاوی یه‌که‌می رۆژهه‌ڵاتی ناوین ناوتان هێنا. رۆڵی گرنگی ئێران و سوپای قودس به تایبه‌ت له قۆناغی ئابڵۆقه‌ی هه‌ولێر له لایه‌ن داعش‌ه‌وه چۆن ده‌بینن؟

به‌ڵێ، چه‌ند رۆژ پێش ئێستاش ئاغای نه‌چیرڤان بارزانی باسی رۆڵی ئه‌رێنی کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌رپرسانی ئێرانی کرد له‌و قۆناغه‌دا. هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ده‌یناتوانی پشتیوانی له ناوچه‌که بکه‌ن، به‌ڵام یارمه‌تییه‌کان و هاوکارییه‌کانی ئێران له کاتێکدا که هه‌رێم له قۆناغێکی هه‌ستیاردا بوو، توانی وره‌ی پێشمه‌رگه به‌رزبکاته‌وه‌ تاوه‌کو بتوانن پشتیوانی له هه‌رێم و ئه‌و ناوچانه بکه‌ن که له لایه‌ن داعشه‌وه هێرشی کرابووه سه‌ر. دوای ئه‌و قۆناغه‌ش، ئێران و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان یارمه‌تی زۆریان به پێشمه‌رگه گه‌یاند. هه‌رێم به‌رده‌وام گرنگی رۆڵی ئه‌رێنی و به‌شداری سودمه‌ندانه‌ی ئێران و به تایبه‌ت سه‌ردار سلێمانی له دژایه‌تیکردنی داعش، باسکردووه، هه‌م بۆهه‌رێم و هه‌م بۆ عێراق به گشتیی. رۆڵی ئه‌رێنیی ئێران له دژایه‌تی داعش، به‌رچاو و گرنگه. 

 

ڕۆژنامەی همدڵی، لاپه‌ڕه‌ی سیاسه‌ت، ساڵی دووهه‌م، ژماره‌ ٣٣٦، دووشه‌مه‌ ١٧ خوردادی ١٣٩٥ی هه‌تاوی، لاپه‌ڕه‌کانی ١ و ٣.

 

 

چوار شەممە, 01 حوزەیران 2016

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران هەواڵی دانانی بنكەی سەربازی ئێران لە شاری سلێمانی وه‌درۆخسته‌وه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژنامەی "شەرق ئەلئەوسەت" بڵاویكردەوە که‌  سوپای پاسدارانی ئێران بنكەیەكی گەورەی ڕۆكێت لە شاری سلێمانی دەكاتەوە و چەك و پێویستییەكانی لە ڕێگەی چاڵێكەوە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەگوێزرێتەوە، ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ڕه‌تکرایه‌وه.

له‌مباره‌وه‌ ماڵپه‌ڕی میلله‌ت له‌ زاری "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران نووسی: "ئێران هەوڵی كردنەوەی بنكەی سەربازی بدات لە هەرێمی كوردستان چونکو هاوسنورن و پێویست به‌ شتی وا نییه‌."

له‌ هه‌واڵه‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسته‌دا پاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ش کراوه‌ که‌ ‌"شوێنی بنكەكە دەكەوێتە نزیك چیای سورێن و لە نزیك شارۆچكەی سەیدسادق و ڕۆژی ۷ ئەم مانگە كراوەتەوە و بەردەوام هیلیكۆپتەری ئێرانی بەسەریدا دەسوڕێتەوە."

لە ماوەی پێشوودا چەندجارێك بەرپرسانی باڵای هەرێم و ئێران باسیان لە هەماهەنگی سەربازی نێوان هەردوولا كردووە، بەتایبەتی دوای شەڕی داعش و مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان.

یەک شەممە, 22 ئایار 2016

 رووداو- هەولێر: ئێران بۆ راكێشانی بۆڕی نەوتی كوردستان بۆ وڵاتەكەی مەرجی هەیە، ئەویش گەڕانەوەی كوردستانە بۆ بەغدا. دیپلۆماتكارێكی ئەو وڵاتە دەڵێت: "بەبێ عێراق بڕیار نادەین". جێگری سەرۆكی لێژنەی نەوت و غازیش لە پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت: "راكێشانی بۆڕییەكە و رێككەوتنەكەی سلێمانی سەرەتای دابەشبوونی هەرێمی كوردستانە".

نزیكەی دوو ساڵە هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگفتوگۆی بەردەوامدان بۆ راكێشانی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ ئێران، بەڵام تاوەكو ئێستا رێككەوتنەكە نەخراوەتە سەر كاغەز و واژۆی لەسەر نەكراوە.

"عەلی پەناهی" جێگری سەركونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی باسی پڕۆژەی راكێشانی بۆڕی نەوتی كوردستان دەكات بۆ ئێران و نایشارێتەوە كە وڵاتەكەی مەرجێكی قورسی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و بەبێ ئەو مەرجە نایەتە پێش "راكێشانی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران هێشتا لە گفتوگۆدایە". بەڵام وەك خۆی دەڵێ: "مەرجی ئێران بۆ ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە حكومەتی عێراق لەسەر ئەم هەنگاوە رەزامەندی بدات".

سەبارەت بە هەڵوێستی عێراق لە پڕۆژەكە كە ئاخۆ رازییە یان نا، پەناهی گوتی: "تاوەكو ئێستا عێراق رازی نەبووە و پڕۆژەكەی قبووڵ نەكردووە".

تاكە رێگەی فرۆشتنی نەوتی كوردستان هێڵی بۆڕی كوردستانە بۆ توركیا كە توانای گواستنەوەی 700 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا. بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان مانگی رابردوو 15 ملیۆن و 267 هەزار و 542 بەرمیل نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییەوە رەوانەی بەندەری جیهانی توركیا كراوە.

كاتێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بەشێوەی سەربەخۆ و بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوتەكەی بفرۆشێت، حكوومەتی عێراق دژایەتی زۆری ئەو هەنگاوەی كرد و هەموو هەوڵێكی دا بۆ ئەوەی توركیا رێگە بەو كارە نەدات، بەڵام توركیا نەهاتە ژێر باری داواكانی بەغدا و گرێبەستێكی 50 ساڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆ كرد.

ئێستا تەنیا سەرچاوە بۆ دابینكردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوتی كوردستانە لە رێگەی توركیاوە.

"ئارێز عەبدوڵڵا" سەرۆكی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت: "راكێشانی بۆڕی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە چەند زیاتر بێ باشتر دەبێ، نابێت كوردستان بۆ فرۆشتنی نەوتەكەی تەنیا پشت بە توركیا ببەستێ‌".

"ئارێز عەبدوڵڵا" كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە پێیوایە "لەكاتی دروستبوونی گرفتێك لەگەڵ توركیا، چ ئەمنی بێ یاخود سیاسی، ئەگەر كوردستان دەروازەیەكی دیكەی هەبێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خۆی، ئەوا پەكی ناكەوێ".

سەرۆكی لێژنەتی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە "عێراق ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە جگە لە توركیا لە رێگەی ئوردن و ئێرانەوە نەوتی خۆی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكات".

"نازم دەباغ" نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران باسی زانیاری لەبارەی دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و تاران دەدات و بڕی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانیش بۆ ئێران ئاشكرا دەكات ئەگەر بۆڕییەكە

راكێشرا.

"نازم دەباغ" نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی گوت: "تێگەیشتننامەیەك لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان واژۆ كراوە، ئێستا ئێران چاوەڕێی وەڵامی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ واژۆكردنی رێككەوتننامەكە".

تێگەیشتننامەكەی نێوان هەولێر و تاران لە 5ی نیسانی 2016 ئیمزا كراوە كە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە تەها زەنگەنە، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئێرانەوە ئەندازیارێك بەنێوی مەنوچەهری ئامادەی ببوون.

"نازم دەباغ" دەڵێت: "تێگەیشتننامەكە باسی ئەوە دەكات كە سەرەتا 20 بۆ 30 هەزار بەرمیل رۆژانە بگاتە ئێران و دواتر كە پڕۆژەی راكێشانی بۆڕی تەواو بوو، بۆ 250 هەزار بەرمیل زیاد ببێ". بەڵام لەسەر ناڕەزایی عێراق، نازم دەباغ دەڵێ "كێشە نابێ، قوفڵەكە بە دەست ئێران و عێراقەوە دەبێ".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران مەرجی عێراق بۆ راكێشانی بۆڕی نەوتی كوردستان بۆ ئێران ئاشكرا دەكات: "عێراق گرفتی نابێ لە راكێشانی بۆڕی نەوتی كوردستان بۆ ئێران، ئەگەر نەوتی كەركووكیش لە رێگەی ئەو بۆڕییەوە هەناردە بكرێ‌".

لە ساڵی 1976ەوە حكوومەتی عێراق لە رێی بۆڕی نەوتی كەركووك - جیهان، نەوتی كەركووك دەفرۆشێ كە بە درێژترین هێڵی گواستنەوەی نەوت لە عێراق دادەنرێ و درێژییەكەی 970 كیلۆمەترە و توانای هەیە لە 500 هەزار تاوەكو ملیۆنێك و 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بگوازێتەوە.

یەكێك لە مەترسییەكانی هەرێمی كوردستان لە رێككەوتنی ئێران بۆ راكێشانی بۆری نەوتەكە داهاتی فرۆشی نەوتەكەیە، ئایا ئێران داهاتەكەی رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات یان دەیداتەوە بەغدا؟

جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدات لەسەرگرتنی پڕۆژەكە و پێیوایە "ئەوە كۆتایی یەكپارچەیی باشووری كوردستانە".

"دڵشاد شەعبان" بە (رووداو)ی گوت: "راكێشانی بۆری نەوت بۆ ئێران و رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە و ئەوە ئاسەواری خراپی دەبێ بۆ خەڵكی كوردستان، بگرە سەرەتای دوو ئیدارەیی و دابەشبوونی باشووری كوردستانە".

رێككەوتنی سلێمانی لە نێوان گۆڕان و یەكێتی كە لەلایەن جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان و سەركردایەتی یەكێتییەوە پەسەند كراوە، باسی چۆنیەتی حوكمڕانی كردنی كوردستان دەكات، هاوكات باسی پرسی نەوتیشی تێدا كراوە.

"دڵشاد شەعبان" گومانی هەیە ئێران تەواوی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات "ئێران خۆی كێشەی فرۆشتنی نەوتی خۆی هەیە لە بازاڕەكان، چۆن نەوتی كوردستان دەفرۆشێ، بەڵام لە ئەگەری فرۆشتنی نەوتی كوردستان هیچ گەرەنتییەك نییە داهاتی نەوتەكە نەدرێ بە عێراق و نەگاتە دەست كوردستان".

دەربارەی رەزامەندیی عێراق بۆ راكێشانی بۆڕییەكە ئەگەر بە بەستنەوەی نەوتی كەركووكەوە بێ، جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سروشتییەكان پێشنیازێكی دیكە دەخاتەڕوو: "گواستنەوەی نەوتی كەركووك مەترسییە گەورەكەیە و دەیانەوێ كەركووك لە كوردستان داببڕن، بۆیە پێشنیاز دەكەم لەجیاتی بۆڕی نەوت بۆ ئێران رابكێشرێ، با بۆ رۆژئاوای كوردستان بێ، هەم لە دەستێكی ئەمیندا دەبێ و هەم كوردی رۆژئاوای كوردستان سوودی لێوەردەگرێ‌".

سێ شەممە, 10 ئایار 2016

 نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران له‌گه‌ڵ دکتۆر "هەڤاڵ ئەبوبەکر" سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی له‌ هەرێمی کوردستان کۆبۆوە.

 رۆژی دووشەمە رێکەوتی (٩/٥/٢٠١٦) لە چوارچێوەی سەردانەکی بۆ پارێزگای کوردستان له‌ وڵاتی ئێران، دکتۆر "هەڤاڵ ئەبوبەکر" سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی له‌ هەرێمی کوردستان، سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و "ھیوا ڕەسووڵ ڕەشید" و "فەخرەدین عه‌زیز ساڵح" ئه‌ندامانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران به‌ گەرمی پێشوازییان لێکرا.

 

دوای بانگهێشتێکی فەرمی لە لایەن پارێزگای  کوردستان له‌ وڵاتی ئێران، دکتۆر "هەڤاڵ ئەبوبەکر" سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی له‌ هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سنەی کرد و لە درێژەی سەردانەکەیدا سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانی کرد لە پێناو ئاگادارکرنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری کردن و بەدواداچوون لە تێگەیشتنی نامەکان کە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری ئێرانی لەسەری رێککەوتوون.

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، ئامادەیی نوێنەرایه‌تی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی نیشاندا بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ زووتر راپەراندنی کارەکانیان.

 

 

دوو شەممە, 02 ئایار 2016

مەنسوور جیھانی ـ بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی "مێھدی قوربانپوور" سەبارەت بە کارەساتی ھەڵەبجە لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر نمایشکرا.

 

بە ئامادەبوونی "نازم عومەر دەباغ" نوێنەریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تاران، فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" Zemnaco لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی "مێھدی قوربانپوور" و لە بەرھەمھێنانی "محەمەد شەکیبانیا" سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی سەدام، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە چەندین سانسی جیاوازدا، لە بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان.

دوای نمایشی ئەم فیلمە کوردییە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆشکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە لایەن سینەماکاریی ناوداریی ئێرانی "ڕەزا میرکەریمی" و سەرۆکی ئەم فیستیڤاڵە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا و پاشان چاویی بە چەندین ئەکتەری ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران لەوانە: "ڕەزا کیانیان"، "فاتمە موعتەمیدئاریا"، "عەلیڕەزا شەجاع نووری" کەوت.

ھەروەھا پەیامنێر و بەرھەمھێنەریی بەرنامەی سینەمایی "ڕخنەی ٤" لە کەناڵی ٤ی تەلەفیزیۆنی ئێران لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە ڕەوشی سینەمای کوردستان و بەرھەمھێنانی فیلمی کوردیی وتووێژێکی تێرووتەسەلی ئەنجامدا.

فیلمی "زمناکۆ" لە یەکەمین سانسدا سەرەتا لە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژیی ٢١ی ئەپرێل لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو و پاشان لە دووەمین سانسدا لە کاتژمێر ٩ی شەوی ٢٣ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەما، ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی سینەما و ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە پێشوازیی لێکرا.

فیلمی کوردیی "زمناکۆ" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراجۆر، لەوانە: فەڕەنسا، چین، ئەرمەنیستان، ئێران، بڕازیل، ئیماڕات، فەلەستین، قەتەر، لوبنان، سووریا، ھۆڵەندا، ئەڵمانیا، کۆماری چێک، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمەریکا و پاڕاگۆئە لە ڕکابەریدا دەبێت.

چیرۆکی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە سەبارەت بە ژیانی کوڕە کوردیی ھەڵەبجەیی زمناکۆیە کە لە ڕۆژی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا لە دایکی جوێی دەبێتەوە و پاش ٢٢ ساڵ تێپەڕکردنیی ژیان لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ زێدیی باب و باپیرانی لە شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان.

 

فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "زمناکۆ محەمەد ئەحمەد" و ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە سینەماکانی سپێدە و فەلەستینی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمی دیکۆمێنتی بەدەستبێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەدا لە حەڤدەیەمین خولی جەژنی ماڵی سینەمای ئێران بەشداریی کرد و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێرانیش بەدەستبێنێت.

"زمناکۆ" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و ڕێزی لێگیرا.

ئەم فیلمە کوردییە مانگی ڕابردوو لەسەر داوای "محەمەد عەبدوالوەھاب" پارێزگاریی ھەڵەبجە و لە ساڵڕۆژی کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بەدەستی ڕژێمی بەعس و بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی فەھەنگی و ھونەری، ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە و ھەروەھا خەڵکی شاری ھەڵەبجە، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەھیدانی ھەڵەبجە لە مێنۆمێنتی شەھیدانی ئەم شارە نمایشکرا.

سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان، بەشی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی، بەشی "جامی جیھان نەما" واتە فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان، بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان، بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای فەڕەنسا"، پێشانگای ئێوەکانی فیلمی سینەمایی "مانگا" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری ئێران "داریووش مێھرجویی" و فیلمی سینەمایی "بای سەبا" لە دەرھێنانی سینەماکاری کرچکردووی فەڕەنسی "ئاڵبێر لامۆڕیس" و ھەروەھا بەشی "ڤەرکشۆپەکانی قوتابخانەی سینەمایی دارۆلفۆنوون" بە بەشداریی چەندین دەرھێنەر، ئەکتەر و وێنەگریی ناوداریی سینەمای ئێران و وڵاتانی بیانی، لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران بەڕێوەچوو.

شەممە, 30 نیسان 2016

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران له‌گه‌ڵدکتۆر "وەلی مه‌حموود حه‌مه‌د" سەرۆکی زانکۆی کۆیەکۆبۆوە. 

رۆژی پێنجشەمە رێکەوتی (٢١/٤/٢٠١٦) شاندی زانکۆی کۆیە لە هەرێمی کوردستانبە سەرۆکایەتی دکتۆر "وەلی مه‌حموود حه‌مه‌د" سەرۆکی زانکۆی کۆیە کە لە لایەن زانکۆی ته‌کنیکی ئیسفه‌هانه‌وە بانگهێشتی وڵاتی ئێران کرابوون، سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانبه‌ گەرمی پێشوازییان لێکرا.

 

لە دانیشتنەکەدا شاندی زانکۆ کۆیە وێرای سوپاس و پێزانینیان بۆ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسیان لە سەردانەکەیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.

 

لەلای خۆیەوە "نازم دەباغ"ئامادەیی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانیدووپات کردەوە بۆ هاوکاریی کردن و بە دواداچوونی کارەکانی زانکۆی کۆیە لە کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

پەڕەى 60 لەکۆى 84 پەڕەدا

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی