امروز: 5شەممە 19 ئەیلول 2024 برابر با 19 ئەیلول 2024

   وتووێژەکان

   وتووێژەکان (197)

یەک شەممە, 27 ک دووەم 2019

دیمانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە ئێران

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، نازم دەباغ: "ئێران ھەمیشە لە ھەوڵدایە تا پەیوەنديیەکی باشی ھەبێت بە عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە"

سلێمانی ـ AA

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، نازم دەباغ لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بۆ ھەرێمی کوردستان و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ھەردوولا، ململانێ و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و کاردانەوەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان، گوشاری ئەمریکا لەسەر ھەرێم بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و نیگەرانییەکانی تاران دەکات.

نازم دەباغ سەرەتا لە بارەی ئامانجی دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بۆ ھەرێمی کوردستان و دیدار و کۆبونەوەکانی، ھەروەھا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا قسەی کرد و گوتی: "وەزیری دەرەوەی ئێران جاری یەکەمی نییە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، جگە لەو بەرپرسانی تریش سەردانیان کردووە، بەڵام ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران مانایەکی تر دەبەخشێت کە ئەویش لە لایەک بۆ یەکەمجارە دوای راپرسی سەردانی ھەرێم دەکات. لە لایەکی تریشەوە دوابەدوای سەردانی وەزیری دەرەوە و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دێت بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە پەیامی ئەوە بە خۆیەوە دەگرێت کە ئێران ھەمیشە لە ھەوڵدایە تا پەیوەندیەکی باشی ھەبێت بە عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە".

نازم دەباغ ھەروەھا گوتی: "دەکرێت ئەم سەردانە ببەستینەوە بە پەیوەندییەکانی پێشووی حکوومەتی ھەرێم و بەردەوامبوون و بەھێزکردنی ئەو پەیوەندییانە کە لە بەشێکی بنەڕەتیدا باری گەشەپێدانی چالاکی بازرگانی و ئابوورییە کە بە دڵنیایییەوە ئەگەر زیاتریش نەبێت کەم نابێت لە ئایندەوە، ھەرچەندە جارێک زووە باس لە بەرەو پێشەوەچوون بکەین".

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە ئێران لە بارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا گوتی: "ئێران پێشبینی دەکات قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ھەرێم بگاتە سەرووی هەشت ملیار دۆلار لە کاتێکدا تا ئێستا لە سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار تێپەڕنەبووە لە ساڵێکدا".

لەگەڵ چڕبوونەوەی ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکە و زیاتربوونی گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، پێویستە ھەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە بکات لەم نێوەندەدا و بەرژەوەندییەکانی خۆی چۆن بپارێزێت؟

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، نازم دەباغ لە وەڵامدا دەڵێت "دەبێت ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق و بڕیارەکانی عێراق دەربارەی پابەندبوون بەو ململانێیانەی ئەمریکا و ئێران ھەیانە، ئەوان ھەر وەک چۆن لە پرۆسەی راپرسی لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان پشتیان لە کورد کرد، ھەرێمی کوردستانیش دەبێت رەچاوی ئەم جوگرافیا و مێژووە ھاوبەشە بکات کە لە ناوچەکە لەگەڵ دراوسێیەکانیدا ھەی بووە و ھەیەتی".

نوێنەرەکەی حکوومەتی ھەرێم لە بارەی ئامانجی ھەوڵەکانی ئێران بۆ کردنەوەی ژمارەیەکی زیاتری دەروازە سنوورییەکانی خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گوتی: "کردنەوەی زیاتری دەروازە سنوورییەکان بە شێوەی فەرمی کارێکی تازە نییە و ھەر ساڵ لە رابردووشدا ھاتۆتە پێش، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری ھەرێم و عێراق بووە، چونکە ئەو مەرزانە چالاکی پیلەوەری ھەر لێکراوە، ئەمرۆ جارێکی تر داوا دەکرێت بکرێتە فەرمی و چاوەڕێی بەغدا دەکەن".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئەوان وەک نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە تاران ئاگاداریان لە ھیچ گوشار و داواکارییەکی ئەمریکا ھەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران، نازم دەباغ گوتی: "ئێمە ئاگادار نین، چونکە کار بەندە بە ئێرانە، بەڵام بەپێی تێگەیشتنی رووداوەکان سەردانەکان دڵنیایی دەدات کە ئەمریکا لە پێناو بەدەستھێنانی سەرکەوتن دەبێت فشار بخاتە سەر ھەرێم و عێراق و ئەورووپا و وڵاتانی تر".

سەبارەت بە ئێران و نیگەرانی لەبارەی ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازانی خۆی و بنکە سەربازییەکانی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و کاردانەوەکانی بەرامبەر حکوومەتی ھەرێم، نوێنەری ھەرێم لەو بارەیەشەوە گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئێران نیگەرانە لەسەر ئەو ھەواڵ و دەنگوباسانەی کە سوپای ئەمریکا روو بکاتە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی کە ئێمە پێی ئاگادارین ھیچ بنکەیەکی فەرمی بەناوی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق نەکراوەتەوە، جگە لەو بنکانەی کە بۆ شەڕی داعش ھەبوون و بنکەکانیشی شوێنی تایبەت نەبووە بەڵکو پایەگا و بنکەی سوپای عێراق بووە، چەند شوێنێکی پێشمەرگەش ھەبووە کە بۆ شەڕی دژی داعش ھاتوون".

ئەو گوتی: "ھەرێمی کوردستان ھەرچییەک بکات پێویستە لە چوارچێوەی رێککەوتنی بڕیاری حکوومەتی ناوەندی عێراق بێت".

 

چوار شەممە, 23 ک دووەم 2019

حزبى هەرێمى کوردستان نییە لەگەڵدا ئێران پەیوەندیی نەبێت

سازدانى – شیروان محەمەد ئەمین

نازم دەباغ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە تاران ئاماژە بە ئامانجى سەردانى ئەم دواییەى وەزیرى دەرەوەى ئێران دەکات بۆ هەرێم، کە پێی وایە پەیامی ئەوەی پێ بووە‌ جارێکی تر دڵنیایی بە کورد بدات، لە چوارچێوەی دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق و دەشڵێت: «ئێران نیگەرانە لەوەی کە سوپای ئەمەریکا لە سوریا بکشێتەوە و لە هەرێمی کوردستان بنکەی سەربازی دابنێت.»

نازم دەباغ لە چاوپێکەوتنێکى «ئاژانس»دا ئاشکرای دەکات، کە سەردانی هەردوو وەزیری دەرەوە و دارایی ئەمەریکا بۆ هەرێم، یەکێک لە پەیامەکانیان بۆ هاوکاریکردنە لەسەر ئەو ئابڵووقە ئابوورییەی کە لەسەر ئێران هەیە و دەشڵێت: «حزبى هەرێمى کوردستان نییە لەگەڵ ئێراندا پەیوەندیی نەبێت، شەش حزبیش نوێنەرایەتیی لە تاراندا هەیە».

ئاژانس: سەرەتا لە دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکەین، ئەوە چی ئاماژەیەک بوو؟

نازم دەباغ: سەردانی کەسایەتییەکی وەک دکتۆر مەحمەد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دوابەدوای سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هات، لە پاش کەمکردنەوەی چالاکیی تیرۆریستی و لەناوبردنی داعش، پەیامی ئەوەی پێیە‌ جارێکی تر دڵنیایی بە کورد بدات، لە چوارچێوەی دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراقدا، ئێران لە هەوڵدایە پەیوەندییەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببات، بۆیە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێم و کۆبوونەوەیان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی هەماهەنگیی زیاترە لە نێوان تاران و هەرێمدا.

ئاژانس: بۆچی سەردانەکە لە پاش سەردانی وەزیری دەرەوەى ئەمەریکا بوو؟

نازم دەباغ: بە دڵنیاییەوە هەردوولا لەسەر ئەو شەڕە ئابووری و سیاسییەی کە لە نێوانیاندا هەیە، لە ململانێدان و کار بۆ پەیداکردنی لایەنگرانیان دەکەن، بەڵام حکومەتی هەرێمیش لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، دەبێت لەگەڵ بڕیارەکانی بەغدا بێت، لە هەمان کاتدا لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بێت، بە جۆرێک نەبێت بە بەشێک لە ململانێی هیچ لایەنێک، نابێت ئەوەش لە بیر بکەین کە جوگرافیایەکی هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیە و گۆڕانی بەسەردا نایەت، ناکرێت لەبەر خاتری خاتران بیگوازینەوە، بۆیە لە هەموو قۆناغەکاندا ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران گرنگە.

ئاژانس: ئایا ئێران چاوی لەسەر ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەروازەیەک بێت بۆی تاوەکوو لە ڕێگەیەوە قورسایی ئابڵووقەکانی سەر وڵاتەکەی کەم بکاتەوە؟

نازم دەباغ: بێگومان چاوی لە هەموو ئەو مەرزانەیە کە لە دەوروبەری خۆیەتی، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو مەرزانەی کە لەگەڵ ئێراندا هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکەن هەرێمی کوردستانیش هاوکارییەکانی ئێران لەبەر چاو بگرێت، بەتایبەت لە ڕۆژە سەختەکاندا.

ئاژانس: بەڵام هەفتەی پێشوو بەڕێوەبەری گشتیی هاوردە و ناردنکارانی ئێران وتی 17 ماددەی خۆراکی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەمان قەدەغە دەکەین، ئەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانى نیۆان هەرێم و ئێران سارد ناکاتەوە؟

نازم دەباغ: نەخێر دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە هەر وڵاتێک چی پێویستە بۆ هاونیشتیمانییانی خۆی دابین بکات، هەر وەک چۆن هەرێمی کوردستانیش ئەگەر پێویستییەکی هاووڵاتییانی هەبێت ڕێگە نادات بڕواتە دەرەوە، کە نامەوێت ناو بهێنم بەڵام چەندین کاڵا هەیە لە هەرێمەوە قەدەغەیە بڕوات بۆ دەرەوە، بۆیە ئێران لەم قۆناغەدا کە قەیرانی ئابووریی لەسەرە بە پێی سیاسەتی ئابووری خۆی ناردنەدەرەوەی کاڵاکان دیاری دەکات.

ئاژانس: لە ئێرانەوە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە مەرزە نافەرمییەکان هاتوچۆی تێدا ڕابگیرێت، لەمبارەوە بڕیارێکی نوێ هەیە؟

نازم دەباغ: لە پێشتردا تەنها لە لایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ڕەزامەندی لەسەر پێنج مەرزی نافەرمی دراوە، لە لایەن ئێرانەوە زۆر دەمێکە قسە لەسەر بەفەرمیکردنی ئەو مەرزانە دەکرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی چالاکیی بازرگانیی تێدا ئەنجام بدرێت، کە هەنگاوەکانیش هەندێک کاری ماوە لە نێوان عێراق و هەرێم و ئێراندا، کۆماری ئیسلامی پێی خۆشە لە کەمترین ماوەدا بە فەرمی بکرێن، بەڵام عێراق بە هۆی هەندێک ڕەوشەوە نایەوێت لەم کاتەدا مەرزەکان چالاک بکرێن.

ئاژانس: هیچ ئاماژەیەک لە لایەن ئەمەریکییەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە بۆ ئەوەی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران ڕابگرێت لە چوارچێوەی سزاکانی واشنتۆن بۆ سەر تاران؟

نازم دەباغ: درک بەوە دەکەم کە سەردانی وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی ئەمەریکا بۆ هەرێم، یەکێک لە پەیامەکانیان بۆ هاوکاریکردنە لەسەر ئەو ئابڵووقە ئابوورییەی کە لەسەر ئێران هەیە، بەڵام بە پێی سیاسەتی ڕابردووی، ئێران ئەزموونی وەرگرتووە و ئەوەی سەلماندووە کە دەتوانێت متمانەی بە خۆی هەبێت.

ئاژانس: ئایا بە نووسراو یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاگادار کراونەتەوە لەوەی بازرگانیی نێوان هەرێم و ئێران کەم بکرێتەوە یان ڕابگیرێت؟

نازم دەباغ: بۆ کەمکردن و زیادکردنیش هیچ پەیامێکمان بۆ نەهاتووە.

ئاژانس: زانیاری هەیە کە یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانی وەزیری دەرەوەری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان پرسی کشانەوەی سوپای ئەمەریکایە لە سوریا و ئەوان ترسیان هەیە کە بنکەیەکی گەورەتر بۆ چاودێریی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن؟ پێشبینی دەکەن تێروانینی تاران بۆ ئەو پرسە چۆن بێت؟

نازم دەباغ: (بە قاقای پێکەنینەوە) لە ئابوورییەوە دەچیتەوە بۆ سیاسەت، ئەوە پەیوەندیی بەو کەسانەوە هەیه، کە چاویان بە وەزیری دەرەوەی ئێران کەوتووە.

ئاژانس: خۆت دەزانیت سیاسەت و ئابووری تەواوکاری یەکترن، بۆیە جارێکی تر داوا دەکەم وەڵامی پرسیارەکەم بدەیتەوە.

نازم دەباغ: ئێران نیگەرانە لەوەی کە سوپای ئەمەریکا لە سوریا بکشێتەوە و لە هەرێمی کوردستان بنکەی سەربازی دابنێت، بەڵام ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە ئەوەیە کە تاکو ئێستا ئەمەریکا بنکەی تایبەت بە خۆی لە عێراقدا نییە، بەڵکو لەو بنکانەی هەیە کە لەناو سوپای عێراق بۆیان دادەنرێت، لە هەرێمی کوردستانیش ئەو بنکانە هەن کە بۆ شەڕی دژی داعش هاتن، جگە لە بنکەی کەرکوک هیچ بنکەیەکی دیاریکراوی ئەمەریکا بۆ ئێمە نەهاتووە.

ئاژانس: ئەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم یەکێکی تر نییە لە تەوەرەکانی ئەو سەردانە؟

نازم دەباغ: پێم وا نییە پەیوەندیی بەو مەسەلەیەوە هەبێت، چونکە ئێران تەداخول ناکات، ئەگەر هەیە لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندارەکانەوە گفتوگۆ کرابێت، بەڵام وەزیری دەرەوە ئامانجی سەردانەکەی بۆ دڵنیاکردنەوه بوو‌ لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و هاوکاریکردنی ئێران لە بواری بازرگانیدا.

ئاژانس: ئێران، چۆن حکومەتێکی لە هەرێم دەوێت بە گشتی؟

نازم دەباغ: تەنها دەیەوێت حکومەتی تەبایی و یەکڕیزی بێت.

ئاژانس: ئایا حکومەتێکی بەبێ بەشداریی هێزە ئیسلامییەکان دەوێت؟

نازم دەباغ: هەر حزبێک لە کوردستان سیاسەتی خۆی هەیە، کۆمەڵی ئیسلامییش بەشداری لە حکومەتدا بکات یان نا، پەیوەندیی بە ئێرانەوە نییە، بۆیە ئەوە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە، زۆربەی حزبەکانی کوردستان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام ئیران تەداخول لەسەر پێکهێنانی حکومەت ناکات‌.

ئاژانس: چەند حزبی هەرێم لە تاران نوێنەرایەتیی هەیە؟

نازم دەباغ: وەکو من بزانم حزب نییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پەیوەندیی نەبێت، شەش حزبیش نوێنەرایەتیی لە تاراندا هەیە، وەک پارتی، یەکێتیی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی سۆسیالست.

ئاژانس: ترەمپ ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە کورد تۆزێک نەوتی هەیە دەیفرۆشێت بە ئێران و پێمان وتوون ڕایبگرن، ئەو مەسجە گەیشت بە هەرێم یان بە ئێوە و تاوتوێ کراوە؟

نازم دەباغ: من نوێنەری حکومەتی هەرێمم لە ئێران نوێنەری سیاسی نیم تا بزانم ترەمپ چ پەیامێکی داوە، منیش وەک تۆ تەنها لە میدیاکانەوە ئەوەم بیستووە.

ئاژانس: هەناردەکردنى نەوت لە هەرێمەوە بۆ ئێران بەردەوامە یان ڕاگیراوە؟

نازم دەباغ: هیچم نەبیستووە لەسەر ئەوەی نەوت بەردەوام بێت یان ڕاگیرابێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر ڕاگرتنی نەوت، چونکە هەندێک نەوت بە ڕێگای قاچاغ لە بەشەکانی تری عێراقەوە دێت بۆ هەرێم و دواتر ڕەوانەی ئێران دەکرێت، لەوێشەوە بۆ بەندەرەکان دەڕوات، بەڵام نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆریی تورکیاوە هەناردە دەکرێت و پێویستی بەوە نییە بە قاچاغ بنێردرێت بۆ دەرەوە.

ئاژانس: بۆ کورد لەم قۆناغەدا باشترە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات؟

نازم دەباغ: هەمیشە وتوومانە کورد دەبێت بەرژەوەندیی خۆی بپارێزێت و دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ ئێران تێک نەدات، لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە کار بکات کە تاران و بەغدا لە نێوانیاندا هەیە.

ئاژانس: پەیوەندیی ئێستای تاران و هەرێم لەگەڵ قۆناغی کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا چەندی جیاوازە؟

نازم دەباغ: پەیوەندییەکە گەڕاوەتەوە بۆ پێش ڕیفراندۆم.

ئاژانس: بە پێی زانیارییەکانت ئاستی بازرگانی ساڵانەی نێوان هەرێم و ئیران چەندە؟

نازم دەباغ: بەوەی کە ڕەچاو دەکرێت بە پێی نووسین تاکو هەشت ملیار دۆلاره، بەڵام ئەوەی جیبەجێ کراوە، پێم وا نییە لە سێ بۆ چوار ملیار زیاتر بێت.

ئاژانس: تا ئێستا نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە ناوی نووسینگەی هاوبەشی یەکێتیی و پارتییەوەیە، کەی ئەو کێشە چارەسەر دەکرێت؟

نازم دەباغ: ئەو مەسەلەیە تەنها لە ئێراندا نییە، بەڵام خۆ هەموو حزبەکان نوێنەریان لەنێو نوێنەرایەتیی حکومەت هەیە، بۆیە نوێنەرایەتییەکی هاوبەشە.

دوو شەممە, 21 ک دووەم 2019

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە ئاماژەپێدان بەوەی کە بەغدا و هەولێر گرینگی بە گەمارۆکانی دژی ئێران نادەن، وردەکاریی باروودۆخی ئامادەبوونی هێزە نێزامییەکانی ئەمەریکای لە عێراق خستەڕوو.

 

ئاژانسی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی ـ سومەیە خومارباقی: سەردانی ئەم دوایانەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق وەکوو سەرۆکی شاندێکی ئابووریی و سیاسیی، گەمارۆکانی ئەمەریکا دژی ئێران و ئەگەری سەردانی "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئەمەریکا و بوونی هێزە نێزامییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، لەو بابەتانە بوون کە لە وتووێژ لەگەڵ "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران باسمان لێکرد کە ناوەرۆکی ئەم چاوپێکەوتنە لەبەر دەستاندایە:

 

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبوونەتەوە، سێ حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە پۆستە سەرەکییەکان ڕێککەوتوون. بەم پێیە "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێم، "مەسروور بارزانی" سەرۆک وەزیرانی هەرێم و "بێگەرد تاڵەبانی" سەرۆکی پەڕڵەمانی کوردستانی عێراقیان لە ئەستۆدا دەبێت. ئایا ئەم هەواڵە تا چەندە ڕاستە؟ ئایا لەو بڕوایەدانین کێش و قەبارەی سیاسی پارتی دیموکرات بە پێی ئەم هەواڵە لە بنەمای سیاسی هەرێمی کوردستانی عێراقدا باڵا دەست دەبێت؟

 

تا ئێستا حیزبە سیاسییە کوردییەکان لەوانە: یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکرات و بزووتنەوەی گۆڕان لە دانووستاندان و لە چوارچێوەی ئەو پێشنییارە، پارتی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، "نێچیرڤان بارزانی" و بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران "مەسروور بارزانی" کاندید کردووە.

 

یەکێتی نیشتمانی تا ئەم ساتە، بڕیاریی نەداوە و دوو کاندیدی هەیە یەکێک لەوانە: "بێگەرد تاڵەبانی" و ئەوی دیکە دکتۆر "ڕێواس فایق"ە کە هەمووی ئەوانە پلان و پێشنیارە. تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێکی کۆتایی نەکراوە و ئێمە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی پەڕڵەمان و دانووستانە سیاسییەکانین.

 

چاوپێکەتنەکان لەم هەفتەیەدا درێژەی هەیە و لە ئەگەری ڕێککەوتنی کۆتاییدا، کۆبوونەوەی پەڕڵەمان بەڕێوەدەچێت. سەبارەت بە کێش و قەبارەی سیاسی پارتی دیموکراتیش دەبێت بڵێیم هێزی سیاسی و پێگەی سیاسی پارتی دیموکرات پەیوەندیی بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە کە وەکوو دیارە پارتی دیموکرات دەنگی زیاتری بەدەستهێنا.

 

ئەگەر چی پارتی دیموکرات، دەنگی زیاتری لە هەڵبژاردنەکان بەدەستهێناوە بەڵام بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارییەتی و سیاسەتی ئیستراتیژی هەریمی کوردستان دەبێت دانووستان بکرێت. ئاشکرایە کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران لە ئەستۆی پارتی دیموکراتدایە، بەڵام دەبێت لە ڕێگای دانووستانەوە زۆرینەی پۆستە دەوڵەتییەکان بە پێی مافەکانی هەڵبژاردن دابەشبکرێت. حیزبە سیاسییەکان لەم کاتەدا سەرقاڵی ئاخاوتنن و تا ئێستا ڕێککەوتنی ئەوتۆ نەکراوە و بڕیارە کۆتاییەکان یەکلایی نەبۆتەوە.

 

گرینگترین تەوەرەکانی سەردانی دکتۆر زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق چی بووە و چ بابەتێکی گرینگ باسکراوە؟

 

سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق گرینگییەکی تایبەتی هەبوو، چ بۆ بەغدا و چ بۆ هەرێمی کوردستان. ئەو تەوەرانەی کە باسی لێکرا بریتی بوون لە: مەسەلە ئەمنییەکان، هاودەنگی و دانووستان سەبارەت بە باروودۆخی ئێستای ناوچەکە و بابەتێکی دیکە گەمارۆکانی ئەمەریکا دژی ئێران بوو و جەختکراوە کە پەیوەندیی تاران لەگەڵ بەغدا و هەرێمی کوردستان دەبێت لە ئارادابێت و بەهێز بکرێت. هەندێک ڕێککەوتن ئەنجامدرا کە بە پێی ئەوانە ئەو هاوکارییانەی کە پێویستە بپارێزرێت و باروودۆخی ئێستا لە نێوان دوو وڵاتدا درێژەی پێبدرێت.

 

لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی عێراق، هەرێمی کوردستانی عێراق پابەندە بە هاوکارییەکانی پێویست و پاراستنی باروودۆخی ئێستا بۆ درێژەپێدان بە چالاکییەکان و هەر لەم پێناوەدا تا ئێستا هەواڵێکی تایبەت نییە کە بڵێیم چالاکی ئابووریی یا هاوکارییەکان لە نێوان ئێران و عێراق کەمی کردبێت. بە بڕوای من هاوکارییەکان درێژەی دەبێت.

 

بە پێی هەندێک هەواڵ، ئەمەریکا بڕێک لە هێزە نیزامییەکانی خۆی لە سووریاوە بۆ عێراق و لەوانە هەرێمی کوردستانی عێراق گواستۆتەوە، ئەم هەواڵە تا چەندە ڕاستە؟

 

هەواڵی ڕاستم لەلا نییە و تەنیا هەوالێک کە هەمانە ئەوەیە کە پێگەی سەربازیی "کەی وان" (K1)  هێزە نیزامییەکانی ئەمەریکای بە خۆیەوە بینیوە. هێزی نیزامی نوێی ئەمەریکا نەهاتۆتە ناو عێراقەوە و هەمان هێزن کە بۆ شەڕ لەگەڵ داعش هاتبوونە ناو عێراقەوە. شتێک کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بوونی هەیە ئەوەیە کە هەندێک لە نێزامییەکان کە لە سووریاوە پاشەکشێیان کردووە چونەتە ناو پێگەی سەربازیی "کەی وان" (K1) لە کەرکووک.

 

من وەکوو تاکەکەس ناتوانم چوونی ئەم هێزانە پێشتڕاست بکەم، بەڵام ئەوەم گوێی لێبووە. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەم هەواڵەی بە گشتیی وەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاندووە کە هێچ هێزێکی نوێی سەربازیی ئەمەریکا نەهاتۆتە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

 

خاڵێک کە بوونی هەیە ئەوەیە کە هەر شێوە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەبێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئیستراتیژییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا بکرێت کە هەرێمی کوردستانی عێراقیش بەشێک دەبێت لەم ڕێککەوتنە.

 

هەواڵێک سەبارەت بە دامەزراندنی پێگەی ئەمەریکا لە "شەقڵاوا"ی هەرێمی کوردستان بڵاوبۆتەوە ئایا هەرێم ئیزنی بە ئەمەریکا داوە لەم پێگەیە و پێگەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ هێرش کردنە سەر ئێران کەڵک وەربگرێت؟

 

من جەخت دەکەمەوە کە هێچ پێگەیەکی نوێی لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق دانەمزراوە و هەمان ئەو پێگەیانەی پێشوون کە بۆ شەڕ دژی داعش دامەزرابوون. پێگەیەکی بەم چەشنە بوونی نییە. هەرێمی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی پاراستنی یەکێتی عێراق ناتوانێت بە شێوەی یەکلایەنە بۆ ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان لە خاکی خۆی بڕیاربدات و ئەم بابەتە دەبێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا ئەنجامبدرێت.

 

بەغدا و هەرێم ئیزن نادەن لە خاکی ئەم ناوچەیەوە هێرش بکرێتە سەر ئێران. بێجگە لە پێگەی سەربازیی "کەی وان" (K1) پێگەیەکی دیکە کە هێزە نیزامییەکانی ئەمەریکا تیایدا ئامادەبن، بوونی نییە. هەر شتێک کە بوونی هەیە پێگەی عێراقییەکان یا پێگەکانی پێشمەرگەیە و لە شەقڵاوا لە بنەڕەتدا پێگە سەربازییەکانی ئەمەریکا بوونی نییە.

 

بە شێوەی گشتیی لە پەڕڵەمانی عێراق لە ئێستادا پڕۆژەیەک خراوەتەڕوو کە تەواوی عێراق و لەوانە بە هەرێمی کوردستانیشەوە کە هێزە سەربازییە بیانییەکان دەبێت لە عێراق بچنە دەرێی. ئەوەی کە ئەم پلانە لە پەڕڵەمانی عێراق پەسەند بکرێت یا نا دەبێت بڵێیم لە ڕێککەوتنە سیاسییەکانی عێراقدا زۆر سەخت بووە. بەرژەوەندیی حیزبی و پەیوەندیی گرووپە سیاسییەکان و نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی و ئەوەی کە هەر حیزبێک و لایەنێک بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاودەگرێت و گرینگی بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی نادات و هەمووی ئەمانە بوونەتە ڕێگر لە بەردم ڕێکەوتنە سیاسییەکاندا.

 

ئێوە لە وتووێژێکدا ڕاتانگەیاند کە هەرێمی کوردستانی عێراق و بەغدا بۆ ئەنجامدانی گەمارۆکانی ئەمەریکا دژی ئێران لە ژێر گوشاردان. چ رێکارێک بۆ ڕاگرتنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئێران لە لایەن بەغدا و هەولێرەوە بوونی هەیە کە گەمارۆکانی ئەمەریکا دژی ئێران لەبەرچاونەگرن؟

 

هەرێمی کوردستان و بەغدا زور لە ژێر گوشاردان تاکوو هاوڕێیەتی لەگەڵ گومارۆکانی ئەمەریکا بکەن، سەردانەکانی وەزیری دەرەوە و بەرپرسی خەزانەی دارایی ئەمەریکا بۆ عێراق و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە یانی ئەوەی کە ئەمەریکییەکان بە شوێن هاوڕێیەتی کردنی سیایەتەکانیان دژی ئێرانن بەڵام هەرێم و بەغدا تا ئێستا هاوڕێیەتیان نەکردوون و خودی ئەمەریکا دوو جار بۆ ماوەی سێ مانگ، لە هاوڕێیەتی کردنی عێراق لەگەڵ گەمارۆکانی ئێران خۆشبووە.

 

ڕێکارەکان و ئەزموونەکانی ڕابردوو ئێستاش بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکانی دژی ئێران ئەنجامدەدرێت چونکە ئێمە شەریکی دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکی ئێران نابین و هەر کارێک کە لە دەستمان بێت بۆ دەربازبوون لە هاوبەشی لە گەمارۆکانی دژی ئێران دەیگرینە بەر و لەم بوارەدا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان لەگەل بەغدا چالاکی دەکەین.

 

تا ئەم کاتە نییەت ئەوەیە کە عێراق لەگەڵ ئێران هاوکاری بکات و هاوبەشی لە گەمارۆکانی دژی ئێران نەکات، بەڵام وردەکارییەکانی ئەم رێکارانە و ڕێوشوێنی ڕوون نییە. ئێمە جوگرافیایەکی هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیە کە ناتوانین ئەوە بگۆڕین.

 

ئێران هەمیشە لە باروودۆخی دژواردا لە تەنیشت خەڵکی عێراق بووە و ئێمە نابێت ئەم مەسەلەیە لەبەرچاونەگرین هەر بۆیە بەغدا بەشوێن ڕاگرتنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئێراندایە.

 

"عامر ئەالفایز" ئەندامی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە بیانییەکانی پەڕڵەمانی عێراق ئاماژەی بە ئەگەری سەردانی "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە بۆ ئەمەریکا کردووە بە مەبەستی لێخۆشبوون لە گەمارۆکانی دژی ئێران، ئایا ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکەنەوە؟ 

 

بەڵێ ئەم هەواڵە تەئیید دەکەم و ئەو کاتەی کە بەڕێز "بەرهەم ساڵح" بووە سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمەریکییەکان بۆ سەردانی واشنگتۆن بانگهێشتیان لێکرد و ئەم سەردانە گوارزایەوە بۆ ساڵی نوێی زایینی واتە 2019 و بە بڕوای من، ئەم سەردانە بە زووترین کات ئەنجام دەدرێت. مەبەست لەم سەردانە پاراستنی بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقە و ڕاگرتنی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێرانیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەی عێراقدا.

 

لینکی چاوپێکەوتن:

https://www.mehrnews.com/news/4519329/بغداد-و-اربیل-تحریمهای-ضد-ایرانی-را-نادیده-می-گیرند 

 

هەینی, 18 ک دووەم 2019

ڕاپۆڕت لە فریشتە قازی ـ "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژ لەگەڵ "یۆرۆنیووز" گوتی: عێراق ئێزن نادات لە خاکی ئەم وڵاتەوە بۆ هێرش کردنەسەر ئێران کەڵک وەربگیریت.

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانس و تەلەڤیزیۆنی جیهانی "یۆرۆنیووز" EuroNews گوتی: عێراق ڕاوبۆچوون و گازندەکانی بەرپرسانی ئێرانی لەبەرچاو گرتووە و ئێزن نادات لە خاکی عێراقەوە کەڵک وەربگیریت بۆ هێرش کردنەسەر ئێران، بەڵام بە گشتیی بوونی هێزە نیزامییەکانی ئەمەریکا لە عێرای بۆ ئەمڕۆکە ناگەڕێتەوە و بۆ سەردەمی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن دەگەڕێتەوە و لەم دوایانەشدا بۆ شەڕ دژی داعش بوونیان هەیە. سەبارەت بە ئێرانیش دەبێت بڵێم کە جەنگ کارێکی ئاسان نییە.  

 

بەڕێز دەباغ کە ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە دەڵێت: لە گۆڕەپانی ڕکابەریی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە عێراق، ئەم وڵاتە بەڕژەوەندیی نەتەوەیی خۆی لەبەرچاودەگرێت بەڵام سنوورە جوگرافییەکانی لەگەڵ ئێران، مەسەلەیەکی گرینگە کە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران پتەوتر دەکات.      

 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ڕکابەرییەک لە نیوان ئەمەریکا و ئێران لە عێراقدا بوونی هەیە کە بەردەوامیش ئەم کێشمەکێشمە دەرێژەی دەبێت بەڵام بە هۆی سنوورە جوگرافییەکان کە لەگەڵ ئێران هەمانە ڕوانگەی ئێمە بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئێرانە و لەو بڕوایەدام کە عێراق زیاتر دەبێت لە فکری بەرژوەندییەکانی خۆیدابیت. هەر بەم هۆیەوە لەم دوایانەدا شایەدی ئەوەبووین کە سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی ئێرانی کرد و هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و بڕیاروایە ئاغای ڕووحانی بۆ یەکەمین جار، سەردانی عێراق بکات.

 

هەرێمی کوردستان بۆ هاوڕێیەتی لەگەڵ گەمارۆکانی دژی ئێران لە ژێر گوشاردایە

 

بەڕێز دەباغ دەڵێت کە دەوڵەتی هەرێمی کوردستانیش لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ هاوڕێیەتی کردن لەگەڵ گەمارۆکانی دژی ئێران لە ژێر گوشاردایە. گوشارەکان بوونی هەیە، چ لە چاوپێکەوتنەکاندا، چ بە شێوەی زارەکی و چ بە شێوەی ئاشکرا. بەڵام هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر بە فکری بەرژەوەندییەکانی خۆیانن. بەرهەمە زلهێزییەکانی وڵاتانی وەکوو ئەمەریکا و بەریتانیا ماوەکەی کەمەوە و ناتوانن هەموو شوێنێکی دنیا هەر کارێک کە پێیان خۆشبێت لە هەر کاتێکدا ئەنجامی بدەن. ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هەمیشە نە بوونی هەبووە و نە بوونیشی دەبێت. بە پێی بەژەوەندیی خۆیان لە ناوچەکەدا بوونیان دەبێت و هەر بەم هۆیەوە فکر ناکەم عێراق بتوانێت بڕوای تەواویی بە ئەمەریکا هەبێت. 

 

لینکی چاوپێکەوتن:   

https://fa.euronews.com/2019/01/18/nazem-dabagh-interview-representative-of-iraqi-kurdistan-in-iran 

 

 

چوار شەممە, 16 ک دووەم 2019

دووه‌مین سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراق و ئاماده‌بوونی له کۆبوونه‌وه بازرگانییه‌کان به به‌شداری چالاکانی ئابووری هه‌ردوولا له کاتێکدا بوو که ئه‌مریکا له ئاڵوگۆڕه‌کانی ئێستای ناوچه‌که‌دا هه‌وڵ ده‌دات هێڵی هاوکاری نێوان وڵاتانی دۆست و نزیک له ئێران به‌تایبه‌ت عێراق و هه‌رێمی کوردستان بخاته ژێر کاریگه‌ری ئامانجه‌کانی خۆیه‌وه. له وتووێژێکی کورتدا له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری هه‌رێم له ئێران بیروڕای ناوبراومان سه‌باره‌ت به گرنگی ئه‌م سه‌ردانی پرسی.

مه‌ریه‌م سالاری؛ په‌یامنێری دیپلۆماسی

 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ وه‌فدێکی ئابووری بۆ جاری دووه‌م و له میانه‌ی سه‌ردانه‌ چوار رۆژه‌که‌یدا بۆ عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی کرد. هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێوه بۆ ئه‌م سه‌ردانه چییه و چ ئامانجگه‌لێکی له به‌رنامه‌دایه؟

رۆژهه‌ڵاتی ناوین له بارودۆخێکی هه‌ستیاردایه. ئاڵوگۆڕه به‌رده‌وامه‌کانی ناوچه‌که‌و له‌ناوبردنی داعش له عێراق، هاوکات له‌گه‌ڵ رۆڵگێڕانی وڵاتانی جۆراوجۆری ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌که له پێناو چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کاندا، ئاستی ئاڵۆزی بارودۆخی خۆرهه‌ڵاتی ناوینی به‌رزتر کردووه‌ته‌وه. دابینکردن و پاراستنی ئه‌من و ئاسایشی ناوچه‌که گرێدراوی ئه‌من و ئاسایشی عێراقه‌و ئه‌منی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، ئه‌من و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانه. بۆیه له بارودۆخی ئیستادا و به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵسان و داکشانه‌کانی دوای ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان، هاوبیری و هاوکاری به‌رپرسانی دوو وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و گه‌شه‌کردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه گرنگییه‌کی ئه‌وتۆی هه‌یه. ئه‌مه له کاتێکدایه که کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام پشتیوانی خۆی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌‌غدا ده‌ربڕیوه. 

زیادبوونی ئاستی هاوبیری نیوان به‌رپرسانی ئێران و به‌رپرسانی حکومه‌تی به‌غدا و هه‌رێمی کوردستانی عێراق له رووداوه‌کانی ناوچه‌که، هه‌ڵگری چ په‌یامێکه؟

له حکومه‌تی عێراق به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان، خواستێکی به‌تینتر بۆ گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌بیندرێت. هاتوچۆوه به‌رده‌وامه‌کانی به‌رپرسانی سیاسی و ئابووری و دانانی پلانی ئابووری له درێژه ئه‌م خواسته سیاسییه‌دا ده‌کرێت. به‌تایبه‌ت که دوای ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م دواییه که هه‌ندێک وڵاتی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌که بڕیاری که‌مکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانیان داوه، ئه‌م رووداوه، گرنگی و پێویستی دیدار و کۆبوونه‌وه‌و وتووێژی نێوان به‌رپرسانی هه‌ردوولا به مه‌به‌ستی درێژه‌پێدانی په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوانمان زیاتر ده‌کات. سه‌ردانه گرنگه‌که‌ی جه‌نابی زه‌ریف بووه‌ته هۆی ئه‌وه که بۆ یه‌که‌مجار ئاماده‌کاری بۆ سه‌ردانه‌که‌ی جه‌نابی روحانی، سه‌رۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق ده‌ست پێ‌بکات و تاڕاده‌یه‌کیش ئه‌مه یه‌کلایی بووه‌ته‌وه. که‌واته به دڵنیاییه‌وه سه‌ردانی باڵاترین به‌رپرسی کارگێڕی کۆماری ئیسلامی بۆ عێراق له‌م بارودۆخه‌دا نیشانه‌ی ده‌رکی هاوبه‌شی نێوان دوولایه‌ن به مه‌به‌ستی به‌هێزترکردنی په‌یوه‌ندی ستراتیژی نێوان دوو وڵاته. به دڵنیاییه‌وه سه‌ردانی که‌سی یه‌که‌می کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق زۆر زیاتر کاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر پاراستن و به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندی و هاوکارییه پێویسته‌کان به مه‌به‌ستی جێبه‌جێکردنی پلانه هاوبه‌شه‌کان و له‌ناوبردنی ئاسته‌نگه‌کان هه‌یه. 

 

ئایا ئێران و هه‌رێمی کوردستان توانیویانه له ئاسه‌واره‌کانی ریفراندۆمی هه‌رێم، تێپه‌ڕن؟

به گشتیی سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامی سه‌باره‌ت به ریفراندۆم روون بوو و له چوارچێوه‌ی روانگه‌و سیاسه‌تی فه‌رمی حکومه‌تی به‌غدا و هه‌رێم و به پێداگری له‌سه‌ر پاراستنی ده‌ستوور و یه‌کێتی ناو عێراق خرابووه روو. ئه‌مه له کاتێکدایه که هه‌م هه‌رێم و حکومه‌تی عێراق دوای ریفراندۆم بڕیاریان دا له کێشه‌کانی رابردوو تێپه‌ڕن چوونکه پێیوان وایه که ئه‌م کێشانه ده‌توانێت زیان به په‌یوه‌ندییه‌کانیان و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ وڵاتانێک وه‌کوو ئێران زیانی گه‌وره بگه‌یه‌نێت. به‌تایبه‌ت که کۆماری ئیسلامی به‌و یارمه‌تییانه‌ی که له بواری رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستانی ئه‌می ناوچه‌که بوویه‌تی، بۆ عێراق گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. 

سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ده‌وترێت له مانگه‌کانی رابردوودا هه‌ولێر له تێکدانی باری ئابووری و سیاسی ئێران رۆڵی بووه، رای ئێوه چییه؟

هه‌روه‌ها که ئاماژه‌م پێدا سیاسه‌تی هه‌رێم له بارودۆخی نوێدا، تێپه‌ڕاندنی کێشه‌‌کانی پێشوو له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانه و سیاسه‌ته‌کانیشی له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی فه‌رمی عێراقدا ئاماده و جێبه‌جێ ده‌کات. به‌رپرسانی هه‌رێم ناهێڵن تێکده‌ران په‌یوه‌ندی هه‌رێم و ئێران تووشی کێشه بکه‌ن. چوونکه هه‌م عێراق و هه‌م هه‌رێم گرنگی پاراستنی په‌یوه‌ندی ئابووری له‌گه‌ڵ ئێران ده‌زانن و نایانه‌وێت ده‌ستێوه‌ردانیان له پرۆسه‌ی دوژمنایه‌تی‌کردنی ئێراندا ببێت و ناهێڵن خاکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ببێته شوێنێک بۆ دژایه‌تیکردنی زیاتری سیاسی و ئابووری ئێران. 

ئه‌م سیاسه‌ته له به‌رامبه‌ر گه‌مارۆکانی ئه‌مریکاشدا واده‌بێت؟ به‌رپرسانی واشینگتۆن گوشارێکی زۆریان بۆ وڵاتانی ناوچه‌که به‌تایبه‌ت عێراق هێناوه که گه‌مارۆکانی ئه‌وان په‌یڕه‌و بکه‌ن

گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی ئابووری هه‌رێم و ئێران نه‌بووه و ئه‌م په‌یوه‌ندییانه وه‌کوو جاران به‌هێزه‌وه به‌رده‌وامه. هه‌ست به‌م پێویستییه ده‌کرێت که کورده‌کان له‌جیاتی پشت به‌ستن به وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌که به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا، گرنگی به وڵاتانی دراوسێی خۆیان بده‌ن. پێگه‌ی دراوسێیه‌تی و مێژووی ئه‌رێنی هاوکارییه‌کانی رابردووی نێوان ئێران و عێراق له‌م ره‌وته‌دا گرنگه. له‌م نێوانه‌دا کوردستانی عێراق ده‌بێت جێبه‌جێ‌کاری سیاسه‌ته‌کانی به‌غدا له بواری رووداو و ئاڵوگۆڕه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بێت و له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی یه‌کلایه‌نه‌ی قه‌یرانه‌کان خۆی به‌دوور بگرێت. سروشتییه که حکومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا له‌ به‌رامبه‌ر گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا، هه‌وڵ ده‌دات په‌یڕه‌وی لێ نه‌کات تاوه‌کو په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌چێته ژێر کاریگه‌ری گوشاره‌کانی ئه‌مریکا دژی ئێران. که‌واته هه‌رێمیش په‌یڕه‌وی له‌مه ده‌کات. هه‌روه‌ها که گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا دژی ئێران هیچ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانی و نه‌وتییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێم نه‌بوو و ئاڵوگۆڕی نه‌وتی نێوان دوولایه‌ن رۆژانه به‌رده‌وامه. هه‌روه‌ها نابێت له‌یادی بکه‌ین که پاراستن و راگرتنی په‌یوه‌ندی بارزگانی له‌گه‌ڵ ئێران، له به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌کاندایه و ئه‌وان پێیان وایه که به پشتیوانی ئه‌م وڵاتانه به‌تایبه‌ت ئێران، رووداوه بیانییه‌کان کاریگه‌ری ئه‌وتۆی له‌سه‌ر کورده‌کان نابێت. راگرتنی په‌یوه‌ندی بازرگانی و نه‌وتی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌توانێت قه‌یران بۆ هه‌رێم دروست بکات. بۆیه پێویسته که کوردستانی عێراق خۆی دوور بگرێت له چوونه ناو جه‌وێک که ئه‌مریکا دژی ئێران پێکی هێناوه و په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌کانی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بخاته سه‌روو هه‌ر بابه‌تێکی دیکه‌وه. 

 

دوو شەممە, 07 ک دووەم 2019

 هەولێر/ ئیرنا ـ "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاگانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە قسەکانی ئەم دوایانەی "دۆناڵد ترامپ" لە دژی ئێران گوتی: کوردەکان باشتر وایە بە جیاتی ئەمەریکا و ڕووسیا پشت بە دراوسێکانی خۆیان ببەستن و نەچنە ژێرکاریگەریی سیاسی ئەمەریکا لە دژی ئێراندا.

بە پێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی "ئیرنا" IRNA، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رۆژی دووشەمە لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاگانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان گوتی: پەیوەندیی ئابووری هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی تا ئەو کاتەی کە عێراق دژایەتی نەکردووە، دەبێت درێژەی پێبدرێت و نابێت بچێتە ژێرکاریگەریی یارییە سیاسیەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێراندا.

گوتیشی: گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا کاریگەریی ئەوتۆی نەخستۆتە سەر پەیوەندیی ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و ئەم پەیوەندییە وەکوو ڕابردوو بە گرووتینەوە درێژەی پێدەدرێت.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران هەروەها جەختی کردووە کە پێویستە کوردەکان بە جیاتی ئەمەریکا و ڕووسیا پشت بە دراوسێکانیان ببەستن چونکە دراوسێکان بۆ کوردەکان گرینگییەکی زیاتریان هەیە.

"نازم دەباغ" هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: من زیاتر لەوەی کە پەرۆشی پاشگەزبوونەوەی ئەمەریکا لە کوردەکان بم، پەرۆشی پاشگەزبوونەوەی وڵاتانی دراوسێ لە کوردەکانم و لەم ناوەندەدا دەبێت ئاگاداریی ئەوەبین کە نابێت منداڵەکانی خۆمان قوربانی بەرژەوەندیی خەڵکانی دیکە بکەین.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە پەیوەندیی لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر قەیرانەکاندا گوتی: من لەم باوەڕەدام کە هەرێمی کوردستان دەبێت سیاسەتەکانی بەغداد سەبارەت بە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان ڕچاوبگرێت و نابێت بە شێوەی یەک لایەنە بێتە ناو ئەم قەیرانانەوە کە ئاکامەکەی بۆ هەرێمی کوردستان قورس تەواو دەبێت.

شایانی باسە بەم دایانە "دۆناڵد تڕامپ" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە داوای لە کوردەکان کردووە نەوتی خۆیان بە ئێران نەفرۆشن بەڵام ئەوان نەچوونەتە ژێرباریی ئەم داواکارییەی ئەمەریکاوە.

دەوڵەتی ئەمەریکا هەروەها لەم مانگانەی دواییدا بە ناردنی شاندیی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری هەوڵیداوە کە کوردەکانی عێراق بخاتە ژێرگوشارەوە تاکوو هاوڕێیەتی لەگەڵ ئێران نەکەن و لە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا هاوڕێی بن کە بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەم هەوڵانە بێ ئاکام بووە.

 

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی