امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

   هەواڵەکان

   هەواڵەکان (501)

هەواڵەکان

یەک شەممە, 23 تەمموز 2017

بەشداری نازم دەباغ لە بەرنامەی باسی رۆژی کەناڵی کوردستان ٢٤  لەبارەی سەردانی شاندی یەکییەتی نیشتمانی کوردستان بۆ تاران

Media

شەممە, 22 تەمموز 2017

 

 

 

 

 

 

 

 

 

شەممە, 22 تەمموز 2017

نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له ئێران: رۆڵی کورده‌کان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش ده‌بێت له داهاتووشدا له‌به‌رچاو بگیردرێت


کۆنفڕانسی "عێراقی دوای داعش" به ئاماده‌بوونی چوار به‌پرس و دیپلۆمات‌کاری پێشووی عێراق و ئێران له‌وانه "سادق خه‌رازی" باڵیۆزی پێشووی ئێران له فه‌ڕه‌نسا، "حه‌سه‌ن دانایی‌فه‌ڕ" باڵیۆزی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران له عێراق، "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران، "موحسن حه‌کیم" راوێژکاری باڵای مه‌جلیسی باڵای ئیسلامی عێراق و "ره‌زا قه‌زوینی" به‌پرسی به‌شی بیرۆکه‌ی ته‌کفیری ناوه‌ندی هابیلیان له لایه‌ن ناوه‌ندی دیپلۆماسی ئێرانی و له هۆڵی کۆنفڕانسه‌کانی رۆژنامه‌ی اطلاعات به‌ڕێوه‌چوو.

 

له کۆنفڕانسی "عێراقی دوای داعش" مامۆستا نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و وتی: له راستیدا سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخ و هه‌ل‌ومه‌رجه‌ی له عێراقدا دروست بووه، له سه‌دان بۆنه‌و وتووێژدا ئاماژه‌م پێداوه که داعش له‌دایکبووی هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تی عێراق و ناوچه‌که  بوو. ئێستا داعش رووه‌و شکست و له‌ناوچوونه و له موسڵ و ره‌قه وه‌ده‌رنراون و زۆربه‌ی شاره‌کانی عێراق ئازاد کراون نابێت ته‌نها بابه‌تی سه‌ربازی له‌به‌رچاو بگرین، به‌ڵام داعش ته‌نها بابه‌ت و دیارده‌یه‌کی سه‌ربازی نییه، به‌ڵکوو بووه‌ته دیارده‌یه‌کی ئیدئۆلۆجی. داعش لە رێگای کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری هێز وه‌رده‌گرێت و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نابێت ته‌نها بیر له بواری سه‌ربازی بکرێته‌وه. له زیاتر له ٤٠%ی خاکی عێراق که له ده‌ست داعشدا بوو ئێستاکه ناوچه‌یه‌کی زۆر که‌می له ده‌ستدا ماوه، ده‌بێت بزانین داعش ته‌نها دیارده‌یه‌کی سه‌ربازی و مەزهەبی و چه‌کداری نییه، به‌ڵکوو بووه‌ته دیارده‌یه‌کی فیکری و ئیدئۆلۆجی که له سه‌ر بنه‌مای ئایین دروست بووه، نابێت وابیربکه‌ینه‌وه که ئه‌گه‌ر له بواری سه‌ربازی‌دا شکستمان داوه، ئیش و ئه‌رکمان کۆتایی هاتووه، هه‌میشه وتوومانه که جگه له هۆکاری ئایینی، هۆکاریسیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی عێراق و ناوچه‌که هۆکاربوون له گه‌شه‌و به‌رفراوان‌بوونی‌دا. ئه‌گه‌ر بیر له له‌ناوبردن و ریشه‌کێش‌کردنی داعش له عێراق و ناوچه‌که بکه‌ینه‌وه، ده‌بێت هۆکاره‌کانی دروستبوونی داعش وشک بکه‌ین. لێره‌دا پرسیارێکی گرنگ دێته ئاراوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که کورد چ رۆڵێکی هه‌بووه؟ لێره‌دا به راشکاوی و به شانازییه‌وه ده‌ڵێم که هه‌م کوردم و هه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌مان هه‌بووه و هه‌مانه و ده‌شمانبێت، که ئه‌گه‌ر کورد و هێزی پێشمه‌رگه نه‌بوونایا، له‌وانه بوو عێراق ئێستا بیری له ئازادکردنی ناوچه‌کانی ژێر مادده‌ی ١٤٠ی بکردایاته‌وه، به‌ڵام کاتێک سوپای عێراق به ١٥٠ هه‌زار هێزه‌وه شکاو چه‌کیان دانا، به‌داخه‌وه ناوچه‌که‌یان که‌وته ده‌ست داعش. نزیکه‌‌ی ٣٠٠ داعشی له سوریاوه هاتن و توانییان ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاو بگرنه ده‌ست، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی کورد و هێزی سه‌ربازی کورد و سیاسه‌تی کورد وایکرد که بتوانین ناوچه‌یه‌کی زۆر ئازاد بکه‌ین و رزگاریان بکه‌ین. خاڵێکی دیکه‌ی گرنگ که پێشتریش به نوسراو له رۆژنامه‌کاندا باسم کردووه ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر یارمه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران نه‌بوایات، له‌وانه بوو ئێستا عێراقێکی داعشیمان ببوایا، ئه‌مه رای خۆمه، هه‌روه‌ها که ئاغای دانایی‌فه‌ڕ ئاماژه‌یان پێدا و وتیان که ٦ مانگ پێش رووخانی موسڵ به‌رپرسانی عێراقییان ئاگادارکردووه‌ته‌وه، له هه‌مان کاتدا منیش په‌یامی ئێرانم وه‌رگرت و پێم راگه‌یاندن که پیلانێکی وا له ئارادا هه‌یه، ده‌بێت ئاگامان له هه‌ولێر و کوردستان بێت، له‌وێشدا کۆماری ئیسلامی ئێران بوو یارمه‌تی داین. بۆیه بیرکردنه‌وه له داهاتووی دوای داعش، پێویستی به چاره‌سه‌رکردنی کێشه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی عێراق و ناوچه‌که‌یه. بیرله‌وه بکه‌ینه‌وه که چه‌ندین ساڵه کێشه له نێوان کورد و عێراقدا هه‌یه.... کێشه له نێوان سوننه و شیعه و کورد هه‌یه.... چه‌ندین لایه‌نیش بوون که ده‌ست ده‌خه‌نه ناو بارودۆخەکەوه، بۆ نمونه، ئیزه‌دییه‌کان، مه‌سیحی، تورکمان و ... که چه‌ندین کێشه‌یان هه‌یه، دوژمنه‌کانمان سوود له‌م کێشانه ده‌بینن، به‌ڵام خۆمان له ئه‌زموونه‌کانی رابردوو، سوود نابینین، ده‌بێت ده‌ستی ئه‌وان ببڕێن و خۆمان سوود له بارودۆخه‌که ببینین، هه‌موو ئه‌مانه‌ی لێره دانیشتووین به تایبه‌ت دۆستانی ئازیز له مه‌جلیسی باڵای ئیسلامی و هاوکاری دۆستانی ئێرانیمان، به هاوکاری هه‌مو لایه‌نه‌کان توانیومانه ده‌ستکه‌وته‌کانی ئێستامان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین. هێزی پێشمه‌رگه‌ی کورد به‌شێکی گرنگ و کاریگه‌ر بوون له درستبوونی عێراقی نوێدا. ئێمه شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌ین که ئایه‌توڵڵا سیستانی به مام جه‌لالی ده‌گوت "صمام الامان" که واته کاتێک پێگه‌ی کورد دیاری ده‌که‌یت، ده‌بێت به هه‌مان راده‌ش مافم پێ بدرێت، ده‌بێت به هه‌مان راده‌ش به‌شم هه‌بێت. ئێمه‌ی کورد له‌م بارودۆخه‌دا بۆ دروست بوونی عێراقی نوێ به‌شداربووین، له شه‌ڕی داعش‌دا به‌شدار بووین، که رۆڵ و پێگه‌مان دیار و روونه، له موسڵ و ئه‌نبار و فه‌لوجه و ته‌نانه‌ت کاتی خۆی له به‌سره رۆل و خه‌باتی خۆمان نیشان داوه. بۆ داهاتووش نابێت وا بیربکه‌ینه‌وه که ئێمه  هێزێکی سه‌ربازی بووین که ته‌نها له‌به‌ر ژماره‌یه‌ک چه‌ک و تێچووی سه‌ربازی شه‌ڕمان کردبێت. ئه‌رکی سه‌رشانی ئێمه‌یه که به سیاسه‌ت و وردبینییه‌وه پشتیوانی له هه‌لومه‌رجی جوگرافی ناوچه‌که بکه‌ینه‌وه‌، چونکه داعش ته‌نها بۆ یه‌ک وڵات و دوو وڵات مه‌ترسیدار نییه، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو جیهان بووه‌ته دیارده‌یه‌کی مه‌ترسیدار. خاڵێکی سه‌رنجڕاکێش که پێویسته بۆتانی باس بکه‌م ئه‌وه‌یه که ته‌نانه‌ت هاوڵاتی یابانیش له‌ناو داعش‌دا هه‌یه. تا ئێستا سێ جار له باڵیۆزخانه‌ی یابانه‌وه هاتوونه‌ته لای من و ناوی که‌سانێکیان پێداوم که یابانین و له‌ناو داعشن، یابانی به ره‌چه‌ڵه‌ک، نه هاووڵاتی شوێنێکی دیکه که له یابان بووبێتن. ئه‌مه به‌و مانایه دێت که ده‌بێت بیر له به‌رنامه‌و پلان بۆ داهاتووی دوای داعش بکه‌ینه‌وه. دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه که داعش له‌ناو ده‌چێت، به‌ڵام نه‌وه‌ی دوای داعش دێته‌وه مه‌یدان، وتمان که داعش زاده‌ی ئێستاکه نییه، چونکه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو کاتێک موجاهیدین له ئه‌فغانستان شه‌ڕیان ده‌کرد، دواتر بوونه تاڵه‌بان و ئه‌لقاعیده و هاتنه عێراق و سوریا  و بوونه داعش.  بیرۆکه‌ی داعش له روویه‌که‌وه بیرۆکه‌یه‌کی به‌عسییه، ئه‌وان به‌دوای ئه‌و یه‌کگرتووییه‌وه‌ن که به‌عس نه‌یتوانی پێکی بهێنێت که یه‌کێتی نێوان سوریا و عێراق و میسر بوو، ئێستا ده‌یانه‌‌وێت به ناوێکی دیکه‌ و به ناوی ئیسلامییه‌وه ئه‌وه بکه‌ن. بۆ له‌ناوبردنی داعش و له ریشه ده‌رهاوردنی ده‌بێت هه‌لومه‌رج و هۆکاره‌کانی دروستبوونی بناسین، من ترسێکم هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له‌وانه‌یه که‌سانێک ئێستا و له داهاتووشدا له عێراق ببن که بڵێن ئێستا سوپای به‌هێزمان هه‌یه و ده‌توانین هه‌موو کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام هیچکات و له هیچ شوێنكی جیهاندا ته‌نها به هێزی سه‌ربازی هیچ کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر نه‌کراوه. ده‌بێت رێگاچاره‌ی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌به‌رچاو بگیردرێت. ده‌کرێت به چاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری هۆکاره‌کانی دروستبوونی داعش و هاوشێوه‌کانی چاره‌سه‌ر بکرێن. پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنه که هێزه چه‌کداره‌کانی ناو داعش کێن؟ بۆ له ئه‌وروپاوه هاتوون؟ ئه‌وان هه‌مان که‌سانن که له ده‌ست زوڵم له عێراق و سوریاو وڵاتانی دیکه‌ی ئیسلامییه‌وه هه‌ڵهاتن و روویان له هه‌نده‌ران کرد، له‌ بارودۆخێکی هه‌ستیاردا و له کێشه‌ی نێوان ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و وڵاتانی دیکه، هان دران و دواتر بوونه به‌ڵای گیانی خۆیان.

به‌ڵام باشترین رێگا ئه‌وه‌یه که پێکه‌وه کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، ئێوه باشتر ده‌زانن که له مێژوودا چه‌ندین شه‌ڕی گه‌وره‌و خوێناوی له نێوان ئیمپراتورییه‌ته‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپایی و جیهاندا روویداوه، تا کۆتایی شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م و دووه‌م که گه‌یشتنه ئاشتی. ئێستاکه دوای ئه‌و ئه‌زموونانه به‌خۆیاندا هاتوونه‌ته‌وه‌و له جیاتی سنووردانان، سنووره‌کانیان هه‌ڵده‌گرن، له جیاتی شه‌ڕی سه‌ربازی، شه‌ڕی ئابوورییان هه‌یه. ئێمه‌ش ده‌بێت ئه‌و رێگایه بڕۆین، که مافی خه‌ڵک و دیموکراسی و ئازادی به گه‌له‌کانمان ره‌وا ببینین و به کردار ئیشی بۆ بکه‌ین و بیرله‌وه نه‌که‌ینه‌وه که وڵاتێک کاتی خۆی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بووه و یان که‌سێک کاتی خۆی له‌گه‌ڵ کێ بووه؟ ئیمڕۆ، ئیمڕۆیه، له بارودۆخی ئێستادا ده‌بێت شه‌ڕی داعش بکه‌ین، هه‌موومان ده‌بێت به‌دوای دیموکراسی و ئازادییه‌وه بین، تاوه‌کو مافی هه‌موومان ده‌سته‌‌به‌ر بکرێت، چ له چوارچێوه‌ی مافی مرۆڤدا بێت یان مافی نه‌ته‌وه‌کاندا.

 



نازم ده‌باغ: ئه‌گه‌ر ئێران و تورکیا رایان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان نه‌بێت، ئاکامی نابێت

دوای وتاری کارناسان، کاتی کۆتایی کۆنفڕانسه‌که ته‌رخان کرا بۆ پرسیاری ئاماده‌بووان، عه‌لی ده‌سماڵی پرسیارێکی سه‌باره‌ت به داهاتووی هه‌رێمی کوردستان و بابه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم ئاراسته کرد که مامۆستا نازم له وه‌‌ڵامدا باسی له هۆکاره‌کانی دروستبوونی داعش کرد و وتی: یه‌کێک له‌و بابه‌ته گرنگانه‌ی که ده‌بێت گرنگی پێ بدرێت، بابه‌تی کورده، له وه‌ڵامدا ده‌بێت بڵێم ئه‌م هه‌ویره ئاوی زۆر ده‌بات، سه‌باره‌ت به داعشیش وتم که دروستبوونی داعش هۆکاری زۆر بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆکارانه چاره‌سه‌ر نه‌که‌ین، به دڵنیاییه‌وه داعشیش ده‌مێنێت، یان به‌م ناوه‌وه یان به ناوێکی دیکه‌وه، بابه‌تی کوردیش له ناوچه‌که به هه‌مان شێوه‌یه، کاتێک ده‌ڵێم  کێشه‌کانی ناوچه‌که ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێن، یه‌کێک له‌و بابه‌تانه بابه‌تی کورده، من کوردم، ئێوه‌ش به فارس و ئازه‌ری و کورد و ... ئێرانین، من هه‌موو ته‌مه‌نم خه‌باتم کردووه  بۆ گه‌یشتن به مافه‌کانم، ئه‌مه مافی کورده، بگه‌ڕێینه بۆ مێژوو، سه‌رده‌مێک بوو که که‌س نه‌یده‌وت کوردستانی عێراق، یان کوردستانی ئێران، یان تورکیا یان سوریا، له‌وانه‌یه زۆربه‌ی ئه‌م ناوچه به‌شێک بووبێت له ئێران، به‌ڵام له شه‌ر و کێشه‌ی نێوان ئیمپراتورییه‌ته‌‌کاندا ئه‌م ناوچانه دروست کران و له نێوان عوسمانی و عه‌باسی دابه‌شکران. به کورتی بڵێم دوای شه‌‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م له په‌یمانه‌کانی سێور و لۆزان کوردستان دابه‌ش‌کرا له نێوان عێراق و تورکیا و سوریا و ئێران. به‌ڵام ئه‌مه‌ش راستییه‌که که کوردستانیان وه‌کو به‌شێک له ئێران و تورکیا جیاکرده‌وه‌و عێراقیان پێ دروست کرد. که‌سێک وه‌کو مام جه‌لال ئه‌و وته به‌ناوبانگه‌ی هه‌یه که زۆرکه‌س به هه‌ڵه لێ تێگه‌یشتن که وتی: "ده‌وڵه‌تی کوردی، خه‌ونێکی شاعیرانه‌یه"، کاتێک ئه‌مه‌ی وت به مانای ئه‌وه نییه که خۆی به‌دوای ئه‌م بیر و خواسته‌وه نه‌بووبێت و خه‌باتی بۆ نه‌کردبێت، مێژوو ببینن، قازی محه‌مه‌د، شێخ مه‌حموودی نه‌مر، شێخ سه‌عیدی پیران، خوالێ خۆش بوومه‌لا مسته‌فا هه‌موویان به شێوه‌یه‌ک ئه‌م بیرۆکه‌یان جێبه‌جێ کردووه، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا له هه‌ڵومه‌رجێکداین که که‌سێک وه‌کوو سەرۆک مه‌سعود بارزانی به‌دوای ئه‌م ئاواته‌وه‌یه. بۆ خۆم وه‌کو که‌سێک که ئه‌ندامی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستانم، رای جیاوازم هه‌یه. خۆم ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر کوردێک گشتپرسیی و سه‌ربه‌خۆیی په‌سه‌ند نه‌کات، خیانه‌ت ده‌کات،  به‌ڵام ده‌بێت بیربکه‌ینه‌وه که که‌ی و له‌کوێ؟ ئێمه خوازیاری ئه‌وه بووین که له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا مافه‌کانی خۆمان وه‌ربگرین، له سه‌رده‌مانێکدا ته‌نها شوێنێک که تیایدا دژی حکومه‌تی ناوه‌ندی خه‌بات ده‌کرا، خاکی کوردستان بوو، کاتی خۆی نوێنه‌ری مام جه‌لال بووم له هاوڕێیانی عێراقیم ده‌پرسی دوای رووخانی سه‌دام چی بکه‌ین؟ ده‌یانوت ده‌ست راگرن با سه‌دام بڕوخێت، بۆ ده‌بێت ئێمه چاوه‌ڕوان بین؟ سه‌دام رووخا، وتمان با ده‌ستوور جێبه‌جێ بکه‌ین، وتیان ده‌ست راگرن با عێراق بگاته ئه‌من وئاسایش. دوای ئه‌وه وتیان با داعش کۆتایی بێت. ئه‌مه ناتوانێت ئاوا به‌رده‌وام بێت. ئێمه خوازیاری مافه‌کانمانین له چوارچێوه‌ی یاسادا.

من هه‌لومه‌رجی ئێستا بۆ گشت‌پرسی به گونجاو نازانم. به‌ڵام ناکرێت بڵێین خواستی یاسایی نییه، رێگای سه‌ربه‌خۆیی و گشتپرسیی له به‌غدایه. به‌ڵام تاکه‌ی ده‌توانین دوای بخه‌ین؟ به‌ڵام ئه‌مه هه‌رچه‌ند بابه‌تێکی ناوخۆیی خودی عێراقه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رای ئێران و تورکیای له‌سه‌ر نه‌بێت، سه‌ر ناگرێت، هه‌رچه‌ند رای ئه‌م دوو وڵاته‌ش به‌نده به رای حکومه‌تی عێراقه‌وه.

 

بڕێک کات به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لێم ده‌پرسن، منیش ده‌ڵێم به‌ڕای من، راو هه‌ڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران په‌یوه‌ندی  به رای حکومه‌تی عێراقه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر له داهاتوودا حکومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ کورد رێکه‌وێت، وڵاتانی دیکه ناتوانن بڵێن ئه‌مه نابێت و دژی بوه‌ستنه‌وه. له‌وانه‌شه که‌سێک وه‌کو کاک مه‌سعود بیه‌وێت له مێژوودا ده‌ستکه‌وتێک بۆ خۆی و به ناوی خۆیه‌وه تۆمار بکات، وه‌کو سەرکردەکانی دیکه له مێژوودا، کاک مه‌سعودیش بڵێت من ئه‌وه که‌سه بووم که وه‌کو رابه‌رێکی کورد توانیم ئه‌م کارە بکه‌م. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاکامه‌که‌شی خوازراو نه‌بێت، که به‌ڕای من به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم و گشت‌پرسیی بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌گه‌ر به هاوهه‌ڵوێستی ئێران و تورکیا و عێراق نه‌بێت، ئاکامێکی لێناکه‌وێته‌وه.

له کۆنفڕانسه‌کانی پێشووشدا وتوومه که کوردستانی عێراق وه‌کو دارستانێکه له نێوان دارستانێکی ئاگردا بێت. هه‌لومه‌رجی ده‌وروبه‌ری به شێوه‌یه‌که که ئه‌گه‌ر یه‌کێکیان ئاگر بگرێت، هه‌موویان ئاگر ده‌گرن، بۆیه نابێت کایه‌ به‌م ئاگره بکه‌ین. ئه‌مه‌ش به‌نده به هه‌ڵوێستی حکومه‌تی عێراقه‌وه، من له عێراقدا هاوپه‌یمانی کورد و شیعه به بنه‌مانی عێراقی نوێ ده‌زانم و هۆکاری سه‌ره‌کی به‌رده‌وامی عێراقیشه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستاش، که‌سانێک به‌عسییانه بیرده‌که‌نه‌وه، راسته که به‌عسی نین، به‌لام سه‌باره‌ت به داهاتووی کورد و پرۆسه‌ی دیموکراسی و داهاتووی عێراق خاوه‌ن بیرۆکه‌ی به‌عسییانه‌ن، ئه‌مه مه‌ترسیداره، ئه‌گه‌ر ئێستا چاره‌سه‌ری نه‌که‌ین.

 هه‌روه‌ها ببینن و بزانن کورد چه‌ند ساڵه به درێژایی مێژوو خه‌بات ده‌کات؟

کتێبی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسیم خوێندووه‌ته‌وه، دوای ئه‌ویش چه‌ند ئیماره‌ت و ده‌سه‌ڵاتی کوردی و شه‌ڕ و کێشه هاتووه‌ته ئاراوه؟ ئاکامه‌که‌ی چی بووه؟ هیچ، به‌ڵام خه‌بات به‌رده‌وامه. ئێستا ده‌بێت بیر له کێشه‌کانی عێراق بکه‌ینه‌وه. عێراقێکی یه‌کگرتوو که دوای شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م پێکهات و کورد و شیعه و سوننه‌و عه‌ره‌ب پێکیانهێنا. عێراقێک که به درێژایی مێژوو که‌مینه‌ی سوننه حوکمرانییان کرد تا ئێستاش که به‌ناوی داعشه‌وه ده‌یه‌وێت حوکم بکات. ئێستا ئه‌گه‌ر کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کرێن کێشه‌ی گه‌وره‌تر ده‌نێنه‌وه. سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی که دوای به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی، ئایا ئێران قونسولخانه‌کانی داده‌خات یان عێراق بوجه‌ی کوردستان ده‌بڕێت؟ ده‌بێت بڵێم عێراق سێ ساڵه بوجه‌ی بڕیوه‌و هیچ پاره‌یه‌کی بۆ هه‌رێمی کوردستان نه‌ناردووه. که ئه‌ڵبه‌ت هۆکاری خۆی هه‌یه، له‌وانه‌یه له به‌شێکیدا ئێمه گوناهبار بین، به‌ڵام به‌شی سه‌ره‌کی، ئه‌گه‌ر حکومه‌ت، حکومه‌تی خه‌ڵک بێت و خۆی به حکومه‌تی هه‌موو عێراق بزانێت، نابێت به هۆی گروپێکی تایبه‌ته‌وه، هه‌موو خه‌ڵک سزا بدات، به‌ڵکوو ده‌بوو رێگایه‌کی دیکه بۆ چاره‌سه‌ر بگرێته‌به‌ر. به‌ڵام له‌وانه‌یه که‌سانێک له عێراق وابیربکه‌نه‌وه که بڵێن با کورده‌کان بڕۆن و سه‌ریان بدات له دیوار تاوه‌کو ملیان بشکێت، بڕێ لایه‌ن وای ده‌بینن، به‌ڵام دووپاتی ده‌که‌مه‌وه که کلیلی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمان له به‌غدایه، به‌ڵام تاکه‌ی؟ داوام له دۆستانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌وه‌یه که له چوارچێوه‌یه‌کی به‌رته‌سکدا چاو له کێشه‌کان نه‌که‌ن، چونکه ئه‌مه کێشه‌یه‌کی ستراتیجی و دوورمه‌ودایه، ئاسایشی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، ئاسایشی ئێرانه و دیاره ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت داهاتووی عێراقی نوێ هێمن و پارێزراو بێت و هه‌موومان پێکه‌وه بین، یه‌که‌م هه‌نگاو به‌هیزکردنی هاوپه‌یمانی کورد و شیعه‌یه، دواتریش نزیکبوونه‌وه‌و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سوننه‌کان و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی عێراق.

له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر گشت‌پرسیی که پێویسته ئاماژه‌ی پێ بده‌م و چه‌ند رۆژ پێش ئێستاش بۆ ئاژانسێکی هه‌واڵی بیانی باسم کرد. له‌م رۆژانه‌دا قونسولی کوێت و سکرتێری یه‌که‌می باڵیۆزخانه‌ی سوید و که‌سانێکی دیکه سه‌ردانی نوسینگه‌که‌ی منیان کرد و سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئێران پرسیاریان ده‌کرد. منیش پێم وتن ئێوه سه‌ره‌تا هه‌ڵوێستی خۆتانم بۆ روون بکه‌نه‌وه، تا دواتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ئێران هه‌ڵیسه‌نگێنم. پێم وتن سیاسی وڵامم بده‌نه‌وه نه رای حکومه‌تی، ده‌زانم وه‌کو تاکه‌که‌سێک ده‌ڵین ئه‌مه مافی خۆتانه، وتیان ئێمه پێمان وایه ده‌بێت ئێوه کێشه‌کانتان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن و له‌م چوارچێوه‌دا له‌گه‌ڵتانین. وتم جیاوازی ئێوه و ئێران لێره‌دایه، بۆیه ئێمه دۆستایه‌تی ئێرانمان لاگرنگتره‌و شانازیشی پێوه ده‌که‌ین.

پێم وتن ئێرانیش قسه‌کانی ئێوه ده‌کات، به‌ڵام شتێکی بۆ زیاد ده‌کات، کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ڵێت کورده‌کان له چوارچێوه‌ی یه‌کگرتوویی خاکی عێراق و ده‌ستووردا هه‌ر مافێکی بوێت و له‌گه‌ڵ به‌غدا رێکه‌وێت، ئێمه پشتیوانی ده‌که‌ین، به‌ڵام ئێوه ده‌ڵین ته‌نها بۆ شه‌ری دژ به داعش یارمه‌تیتان ده‌ده‌ین، داعش کۆتایی هات، دوای ئه‌وه چی؟ بۆیه کاتی خۆی باڵیۆزی سویسرا که پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکایه له ئێران لێی پرسیم ئێوه تاکه‌ی له ئێران ده‌بن؟ پێم وتن تا ئێوه ببن و ئێمه ببین، له ئێران هه‌ین، وتی یانێ چی؟ له وه‌ڵامدا وتم وته‌ی مام جه‌لال‌ه و جوگرافیا ناگۆڕدرێت، ئێمه جوگرافیای هاوبه‌شمان هه‌یه، جگه له ئایین و نه‌ژاد و زۆر شتی هاوبه‌شی دیکه. دووه‌م ئێوه به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان پاراستووه و ئه‌گه‌ر پێویست بکات ناوچه‌که به‌جێ ده‌‌هێڵن، وه‌کوو ئه‌و شته‌ی به درێژایی مێژوو به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌مریکا کردوویانه، به‌ڵام ئێران هه‌میشه، ته‌نانه‌ت کاتێکیش دڵخوازی نه‌بوو، وه‌کو په‌نابه‌ر په‌نای داوین و رێگای بۆ کردووینه‌ته‌وه و دواتریش یارمه‌تی داوین و گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ خه‌بات.

ئێمه راستی مێژوویی هه‌ست پێده‌که‌ین. لێره‌دایه که ده‌ڵیم ده‌بێت هاوڕێیانی شیعه‌مان له عێراق، لێره‌دا رووی قسه‌م زیاتر له به‌ڕێز موحسن حه‌کیم‌ه، ده‌بێت وه‌کوو رابردوو بین، چونکه هه‌میشه په‌یوه‌ندییه‌کی باش و مانادار به‌تایبه‌ت له نێوان مام جه‌لال و کاک مەسعود و خوالێخۆشبوو سه‌یدحه‌کیم‌دا بووه، ده‌‌بێت سوود له‌مه ببینین و بیگوازینه‌وه بۆ ناو جه‌ماوه‌ر، نه ته‌نها له نێوان دوو رێکخراوی سیاسی یان دوو که‌س و لایه‌نی سنووردا بمێنێته‌وه. لێرده‌دا ده‌ڵێم و خۆم به به‌رپرس ده‌زانم که ئه‌گه‌ر کێشه‌کانی کورد له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بکرابا، دڵنیابن ئاسایشی ناوچه‌که زیاتر و باشتر دابین ده‌کرا، ئه‌مه‌ش زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندی ئێراندایه، باسی به‌رژه‌وه‌ندی تورکیا ناکه‌م، چونکه تورکیا سیاسه‌تی خۆی هه‌یه، به‌تایبه‌ت به‌و سه‌رۆک کۆماره‌وه که ئێستا حوکم ده‌کات.

لێره له‌م هه‌له سوود ده‌بینم و سوپاسی هه‌ڵوێسته‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌که‌م و ئەو پەیوەندیەی له‌گه‌ڵ ئێران بوومانە‌، وایکردووه که ئێستا چه‌ندین ساڵه ئه‌م هاوکارییه‌مان به‌رده‌وامه‌و له‌گه‌ڵ خودی ئاغای دانیی‌فه‌ڕ زیاتر له ٣١ ساڵه په‌یوه‌ندیمان هه‌یه و بیره‌وه‌ری باشیشمان پێکه‌وه هه‌یه.

هه‌میشه رووی قسه‌ی ئێمه له به‌رپرسانی عێراقی بووه، به‌ڵام ئێستا من وه‌کوو نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌م و ده‌ڵێم کێشه‌کان دوولایه‌نه‌یه، راسته که له سه‌دا ١٧ی بوجه ته‌رخان کرا بۆ هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به یاسای نه‌وتیش به رێککه‌وتن پرۆژه‌که ئاماده‌کرا، به‌ڵام تا ئه‌م کاته‌ش له په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند نه‌کراوه، ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بکرایات، بیانوو نه‌ده‌درا به که‌سانێک که سوودی خراپی لێ ببینن، له بابه‌تی نه‌وتدا ئێمه زیاتر له هه‌موو لایه‌نه‌کان زیان ده‌بینین، به‌ڵام حکومه‌تی عێراق ده‌بێت وه‌کو حکومه‌تی هه‌موو عێراق هه‌ڵسوکه‌وت بکات.

 

به‌ڵام به گشتیی، بابه‌تی نه‌وت، بابه‌تێکه که ده‌بێت حکومه‌تی عێراق چاره‌سه‌ری بکات، رووی قسه‌مان له شیعه یان سوننه نییه، رووی له کوردیش نییه، قسه‌مان روو له حکومه‌ته، به پێی ده‌ستووری عێراق، یاسای پێشمه‌رگه، یاسای نه‌وت، مادده‌ی ١٤٠، یاسای په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا، هه‌‌موو ئه‌مانه له لایه‌ن به‌غداوه هه‌ڵپه‌سێردراون. سه‌رده‌مانێک ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می ئاغای مالیکی‌دا پێشنیارێکم خسته به‌رده‌ست که بێن و ئه‌م داخوازییانه‌ی کورد هه‌یه‌تی له به‌غدا و له‌سه‌ر ده‌ستی مام جه‌لال وه‌کوو سه‌رۆک کۆمار و به ئاماده‌بوونی ئه‌وان چاره‌سه‌ری بکه‌ن، هه‌موو چاره‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام نه‌یانکرد. بۆیه ده‌ڵێم تا ئێستاش له به‌غدا فیکری به‌عسی بوونی هه‌یه، ناڵێم که‌سێک به‌عسییه، به‌لام بیرۆکه‌و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وتیان به‌عسییانه‌یه، ئێمه وه‌کوو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که منیش نوێنه‌ریم، ناڵێین هه‌ڵه‌مان نه‌کردووه، به‌لام هه‌ڵه‌کانمان باس ده‌که‌ین و چاره‌سه‌ری ده‌که‌ین. هیوادارم ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێک هه‌بوو له نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به تێروته‌سه‌لی ئاماده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری هاوڕێیان و رۆژنامه‌نووسان بم.  

 

 

 

 

چوار شەممە, 19 تەمموز 2017

باس باسی ڕیفراندۆمه‌ و تائێستا هیچ وڵاتێكی ده‌ولی و ئیقلیمی پشتیوانی پرۆسه‌كه‌ ناكه‌ن و له‌ كوردستانیش به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كان پێیان وایه‌ زه‌مینه‌ له‌بارنیه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌ تاران ده‌ڵێت دوای پرۆسه‌كه‌ ئه‌گه‌ری شه‌ڕ و پێكدادان هه‌یه‌ و ئاسایشی كوردستات بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ تۆڕی هه‌واڵی بیروڕای ڕاگه‌یاند، من پێم وایه‌ هه‌ر كوردێك پشتیوانی له‌ پرسی سه‌ربه‌خۆی و ڕیفراندۆم نه‌كات خیانه‌ته‌، به‌ڵام پشتیوانی كردن فه‌رقی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێك ده‌نگ ده‌دات، له‌كاتێكدا ئه‌م هه‌موو خه‌باته‌ی من به‌ درێژایی مێژوو كردومه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانم پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بكه‌م ئه‌ی تائێستا چیم كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا دروشمه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان مافی چاره‌ی خۆنوسینه‌، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ی و چۆن؟ چونكه‌ پێویسته‌ زه‌مینه‌سازی بۆ پرۆسه‌كه‌ بكرێت تا خه‌ڵك بتوانێ به‌ژداری بكات و گه‌لی كورد لێی په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌.

وتیشی: من پێم وایه‌ له‌ ئێستادا زه‌مینه‌ له‌بار نیه‌ بۆ پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێ له‌ نێوخۆماندا ماڵی یه‌ك بخه‌ین بۆ پرۆسه‌كه‌، وڵاتانی دراوسێش پشتیوانی پرۆسه‌كه‌ ناكه‌ن و له‌ دواین هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆگانیش ڕاگه‌یاند جارێكی تر ڕاگه‌یاند كه‌ دژی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌ له‌ كوردستانی باشور، له‌ میدیاكانی وتومه‌ ئه‌گه‌ر بێت و وڵاتانی دراوسێ دژی پرۆسه‌كه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ كارێكی ئاسان نابێت، په‌یامی فه‌رمی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ یه‌ك پارچه‌ی عێراقین.

نازم عمر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پێم وانیه‌ پرۆسه‌كه‌ له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت، ئێمه‌ هه‌میشه‌ وتومانه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ڕێز له‌ گه‌لی كورد ده‌گرن، به‌ڵام ڕێزی وڵاتانی ئه‌وروپا مانایی ئه‌وه‌ نیه‌ پشتیوانی ڕیفراندۆم بكه‌ن، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ پاراستنی یه‌ك پارچه‌ی خاكی عێراقن.

ئه‌و نه‌یشارده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: مه‌ترسیه‌كانی دوای ڕیفراندۆم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردی تێك بدات و دووه‌میش به‌ دڵنیایه‌وه‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ دروست ده‌بێت له‌ عێراق و ئێران و توركیا، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی ئاسایشی نێوخۆی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، چونكه‌ كار به‌وه‌ بڕوات و توشی شه‌ڕ و پێكدادان ببینه‌وه‌ بێگومان كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ئاسایشی كوردستان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆمیش بكرێت ئاژاوه‌ و شه‌ڕ و پێكدادان دروست ده‌بێت.

له‌ باره‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ ده‌ڵێت پێش پرۆسه‌كه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌  نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ به‌هانه‌یه‌كی شێوه‌كین، چونكه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ته‌نها ده‌بێته‌ هۆی پشتیوانی پرسه‌ نێوخۆیه‌كان، به‌ڵام بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان نابێته‌ هۆی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی، كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ته‌نها بۆ به‌ یاسایی كردنی پرۆسه‌كه‌یه‌ و هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی وڵاتان نابێت.

له‌ باره‌ی قسه‌یه‌كی شه‌قام كه‌ ده‌گوترێت تا دۆخی ژیانی میلله‌ت ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌ ده‌نگ به‌ به‌ڵێ ناده‌ین بۆ پرۆسه‌كه‌، نازم ده‌باخ وتی: قسه‌یه‌كی دروسته‌ و ده‌بێ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حساب بۆ قسه‌ی شه‌قام بكات، چونكه‌ شه‌قام ده‌نگ ده‌دات، ئه‌گه‌ر ده‌نگیش نه‌دات شكست به‌ بڕیاری سیاسی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ده‌هێنێت.

تۆڕی هه‌واڵی بیروڕا/ تایبه‌ت

دوو شەممە, 17 تەمموز 2017

نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران دەڵێت سەردانی شاندەكەی یەكێتی بۆ تاران لەسەر داوای كۆماری ئیسلامیی ئێرانە و دەمێكە بەرنامەی بۆ دانراوە. دەشڵێت شاندی لیژنەی باڵای گشتپرسی سەردانی تارانیش بكەن، هەر یەك وەڵامیان دەستدەكەوێت.

رۆژی یەكشەممە شاندێكی یەكێتی بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێكەوت. نازم عومەر، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران كە نوێَنەری یەكێتیشە، باسی ئەجێندای سەردانی شاندەكەی یەكێتی دەكات و دەڵێت: "دەمێكە بەرنامەی ئەو سەفەرە داڕێژراوە كە لە دەرفەتێكدا شاندێكی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی جەنابی كاك كۆسرەت رەسوڵ بێنە ئێران، بەڵام ئەجێندای سەردانەكە هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی ناوچەكە و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تایبەتی پەیوەندی یەكێتی و ئێرانە".

هەرێمی كوردستان رۆژ بەڕۆژ لە وادەی ئەنجامدانی گشتپرسی نزیك دەبێتەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران هەرزوو دژایەتی خۆی بۆ پرۆسەكە نیشاندا، عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە ئاشكرا هەڵوێستی وڵاتەكەیان بەرامبەر ئەو هەنگاوەی هەرێمی كوردستان دەربڕی.

نازم دەباغ بەدووری دەزانێ‌ هیچ گۆڕانكارییەك لەو هەڵوێستەی ئێراندا رووبدات و دەڵێت "تاكە شتێك كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی دیكە جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە هەڵوێستی بەستراوەتەوە بە دوایین هەڵوێستی حكومەتی عێراقەوە".

نازم دەباغ هەروەها دەڵێت: "ئێران لەو هەنگاوەی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی حیزبەكانی كوردستان نیگەرانە، ئەوەی من ئاگادارم پەیامی بۆ پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ، حیزبی سۆسیالیست و بزووتنەوەی ئیسلامی ناردووە".

نازم دەباغ هەروەها دەڵێت: "دەبووایە لیژنەی باڵای ریفراندۆم زووتر سەردانی ئێران بكەن، بەڵام دەبێ‌ بزانن جگە لەو وەڵامە هیچ وەڵامێكی دیكە وەرناگرن كە پێویستە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و یەكپارچەیی عێراق بڕیار لە چارەسەركردنی كێشەكانی خۆی بدات".

بەشێك لە سیاسەتوانان و شرۆڤەكاران، ئەنجامدانی گشتپرسی بە هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان دەزانن و پێیانوایە ئێران لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە گوشار لە هەرێمی كوردستان دەكات، بە تایبەتی لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.

نازم دەباغ لەو بارەیەوە دەڵێت "ناتوانم پشتڕاستی بكەمەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم ئێران لەسەر گشتپرسی بە ئاسانی ناكەوێتە شەڕ، بەڵكو هەڵوێستی ئێران بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی حكومەتی عێراق كە سوپا و حەشدی هەیە، بەشێك لە فەرماندەكانی ئەم سوپایە بیركردنەوەی بەعسیانەیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد هەیە".

یەكێكی دیكە لەو نیگەرانیانە، داخستنی سنوورەكانی ئێرانە بەڕووی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە داخستنی سنوور لە حاڵەتی ئەنجامدانی گشتپرسی، نازم دەباغ دەڵێت: "بە قەناعەتی خۆم بواری ئابووری و بازرگانی دوایین شتە بیری لێ بكرێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە".

بەرپرسانی یەكێتی لە لێدوانە رۆژنامەڤانیەكانیاندا بەردەوام نیگەرانی لە ئەنجامدانی گشتپرسی نیشان دەدەن و ترس و دڵەڕاوكێ و هەڕەشەی وڵاتانی دەوروبەر زەق دەكەنەوە كە زۆر لە چاودێران پێیانوایە ئەو ترس و نیگەرانیە لەجێی خۆیدا نییە، بۆ ئەمەش مەسەلەی فیدراڵیەت لە ساڵی 1992 بە نموونە دەهێننەوە كە سەرەتا زۆر وڵات دژی بوون، بەڵام دواتر مامەڵەیان لەگەڵ كرد، وەكو ئەمری واقیع.

نازم دەباغ دەڵێت: "پێموایە نەك بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی، بەڵكو سەركردایەتی لایەنە سیاسییەكانی دیكەش ئەو نیگەرانییانەیان هەیە، بەڵام بەرنامەی فیدراڵەت پێش راپەڕین و لەنێو بەرەی كوردستانی بە ئاگاداریی ئێران و كەسانی دیكە دانرا، رەزامەندی و پشتیوانیی زۆر وڵاتی لەگەڵ بوو، بەڵام ئەو گشتپرسییەی ئێستا تەنیا سەركردایەتیی كورد بڕیاری لەسەر داوە".

نازم دەباغ رەتیكردەوە یەكێتی لەگەڵ گشتپرسی نەبێت و گوتی "ئێمە واقیعەكە دەخوێنینەوە نەك لەگەڵ گشتپرسی نەبین، ئەوە قەناعەتی خۆمە، هەر كەسێك پشتیوانی گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان نەكات خیانەت لە گەلی خۆی دەكات، بەڵام كەی و چۆن ئەو گشتپرسییە بكرێت؟".

لە ماوەی رابردوودا ئێران ئاوی زێی بچووكی گرتەوە، هەندێك لایەن وایان لێكدایەوە كە ئەوە ئینزاری ئێران بووە بۆ هەرێمی كوردستان كە ئەگەر گشتپرسی بكات، برسی و تینوی دەكات، بەڵام نازم دەباغ رەتیكردەوە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك پەیوەندی بە مەسەلەی گشتپرسییەوە هەبێ‌ و گوتی "داوام لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئیدارەی پشدەر كردووە خۆیان بێنە ئێران و سەیری بەنداوەكان بكەن، ئەم بابەتە پەیوەندی بە گوشاری سیاسییەوە نییە، با بێن لە نزیكەوە كێشەكان چارەسەر بكەن، ئێران 10 ساڵە پرۆژەی هەیە بۆ دروستكردنی زیاتر لە 20 بەنداوی بچووك، ئەو بەنداوانەش پێویستیان بە گلدانەوەی ئاو هەیە، بۆیە ئەو بابەتە دوور و نزیك پەیوەندی بە گشتپرسییەوە نییە".

هەندێك لە میدیاكان بە تایبەتی ئێران بەشێوەی جیاواز باسی سەردانەكەی مام جەلالیان بۆ تاران كرد و بە بابەتی سیاسییانەوە بەستەوە، بەڵام نازم دەباغ دەڵێت سەردانەكە پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەبووە.

لەوبارەوە گوتی "ئەوانەی ئەو پروپاگەندانە بڵاودەكەنەوە خەونی چۆلەكە دەبینن، سەردانەكە دوور لە سیاسەت بوو، بۆ گۆڕینی جەو و كەشوهەوای جەنابی مام جەلال بوو. مام جەلال توانای قسەكردن و گفتوگۆی سیاسی نییە، نابێ‌ ئێمە بەوە هیلاكی بكەین، ئەمە كاری مەكتەبی سیاسی یەكێتییە".

نازم دەباغ زیاتر لەبارەی تەندروستی مام جەلال قسەی كرد و گوتی "دەتوانێت جوڵە بكات و تەندروستی بەرەو باشبوون رۆیشتووە، بە تایبەتی دەست و سەری دەجوڵێنێ‌، كاتێك قسەی بۆ دەكەی تێدەگات، بەبێ‌ ئەوەی بڕیار بدات بە باشە یاخود بە خراپە. من ئەو چەند رۆژە لە خزمەتیدا بووم، لە هەمان ئەو شوێنە دەمایەوە كە پێشتر بۆی دەهات. زۆریشم پێ ناخۆش بوو كە زوو گەڕایەوە، بەڵام بەهۆی هاتنی شاندی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ ئێران و بۆ تێكەڵنەبوونی ئەو دوو پرسە، گەڕایەوە كوردستان".

دوو شەممە, 17 تەمموز 2017

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران، له‌گه‌ڵ "عه‌بدوالستار مه‌جید" وەزیری کشتوکاڵی حکوومه‌تى هەرێمی کوردستان دیداریی کرد.

"عه‌بدوالستار مه‌جید" وەزیری کشتوکاڵی حکوومه‌تى هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥/٠٧/٢٠١٧ سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێرانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران و ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لێکرا. 

له‌م دیداره‌دا "عه‌بدوالستار مه‌جید" باسیان لە باروودۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بو کاروبارەکانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی لە تاران خواست.

پەڕەى 49 لەکۆى 84 پەڕەدا

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی