نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له ئێران: رۆڵی کورده‌کان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش ده‌بێت له داهاتووشدا له‌به‌رچاو بگیردرێت
کۆنفڕانسی "عێراقی دوای داعش" به ئاماده‌بوونی چوار به‌پرس و دیپلۆماتکاری پێشووی عێراق و ئێران له‌وانه "سادق خه‌رازی" باڵیۆزی پێشووی ئێران له فه‌ڕه‌نسا، "حه‌سه‌ن داناییفهڕ" باڵیۆزی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران له عێراق، "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران، "موحسن حه‌کیم" راوێژکاری باڵای مه‌جلیسی باڵای ئیسلامی عێراق و "ره‌زا قه‌زوینی" به‌پرسی به‌شی بیرۆکه‌ی ته‌کفیری ناوه‌ندی هابیلیان له لایه‌ن ناوه‌ندی دیپلۆماسی ئێرانی و له هۆڵی کۆنفڕانسه‌کانی رۆژنامه‌ی اطلاعات به‌ڕێوه‌چوو.
له کۆنفڕانسی "عێراقی دوای داعش" مامۆستا نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و وتی: له راستیدا سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ی له عێراقدا دروست بووه، له سه‌دان بۆنه‌و وتووێژدا ئاماژه‌م پێداوه که داعش له‌دایکبووی هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تی عێراق و ناوچه‌که بوو. ئێستا داعش رووه‌و شکست و له‌ناوچوونه و له موسڵ و ره‌قه وه‌ده‌رنراون و زۆربه‌ی شاره‌کانی عێراق ئازاد کراون نابێت ته‌نها بابه‌تی سه‌ربازی له‌به‌رچاو بگرین، به‌ڵام داعش ته‌نها بابه‌ت و دیارده‌یه‌کی سه‌ربازی نییه، به‌ڵکوو بووه‌ته دیارده‌یه‌کی ئیدئۆلۆجی. داعش لە رێگای کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری هێز وه‌رده‌گرێت و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نابێت ته‌نها بیر له بواری سه‌ربازی بکرێته‌وه. له زیاتر له ٤٠%ی خاکی عێراق که له ده‌ست داعشدا بوو ئێستاکه ناوچه‌یه‌کی زۆر که‌می له ده‌ستدا ماوه، ده‌بێت بزانین داعش ته‌نها دیارده‌یه‌کی سه‌ربازی و مەزهەبی و چه‌کداری نییه، به‌ڵکوو بووه‌ته دیارده‌یه‌کی فیکری و ئیدئۆلۆجی که له سه‌ر بنه‌مای ئایین دروست بووه، نابێت وابیربکه‌ینه‌وه که ئه‌گه‌ر له بواری سه‌ربازیدا شکستمان داوه، ئیش و ئه‌رکمان کۆتایی هاتووه، هه‌میشه وتوومانه که جگه له هۆکاری ئایینی، هۆکاریسیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی عێراق و ناوچه‌که هۆکاربوون له گه‌شه‌و بهرفراوانبوونیدا. ئه‌گه‌ر بیر له له‌ناوبردن و ریشه‌کێشکردنی داعش له عێراق و ناوچه‌که بکه‌ینه‌وه، ده‌بێت هۆکاره‌کانی دروستبوونی داعش وشک بکه‌ین. لێره‌دا پرسیارێکی گرنگ دێته ئاراوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که کورد چ رۆڵێکی هه‌بووه؟ لێره‌دا به راشکاوی و به شانازییه‌وه ده‌ڵێم که هه‌م کوردم و هه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌مان هه‌بووه و هه‌مانه و دهشمانبێت، که ئه‌گه‌ر کورد و هێزی پێشمه‌رگه نه‌بوونایا، له‌وانه بوو عێراق ئێستا بیری له ئازادکردنی ناوچه‌کانی ژێر مادده‌ی ١٤٠ی بکردایاته‌وه، به‌ڵام کاتێک سوپای عێراق به ١٥٠ هه‌زار هێزه‌وه شکاو چه‌کیان دانا، به‌داخه‌وه ناوچه‌که‌یان که‌وته ده‌ست داعش. نزیکه‌ی ٣٠٠ داعشی له سوریاوه هاتن و توانییان ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاو بگرنه ده‌ست، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی کورد و هێزی سه‌ربازی کورد و سیاسه‌تی کورد وایکرد که بتوانین ناوچه‌یه‌کی زۆر ئازاد بکه‌ین و رزگاریان بکه‌ین. خاڵێکی دیکه‌ی گرنگ که پێشتریش به نوسراو له رۆژنامه‌کاندا باسم کردووه ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر یارمه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران نهبوایات، له‌وانه بوو ئێستا عێراقێکی داعشیمان ببوایا، ئه‌مه رای خۆمه، هه‌روه‌ها که ئاغای داناییفهڕ ئاماژه‌یان پێدا و وتیان که ٦ مانگ پێش رووخانی موسڵ به‌رپرسانی عێراقییان ئاگادارکردووه‌ته‌وه، له هه‌مان کاتدا منیش په‌یامی ئێرانم وه‌رگرت و پێم راگه‌یاندن که پیلانێکی وا له ئارادا هه‌یه، ده‌بێت ئاگامان له هه‌ولێر و کوردستان بێت، له‌وێشدا کۆماری ئیسلامی ئێران بوو یارمه‌تی داین. بۆیه بیرکردنه‌وه له داهاتووی دوای داعش، پێویستی به چاره‌سه‌رکردنی کێشه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی عێراق و ناوچه‌که‌یه. بیرله‌وه بکه‌ینه‌وه که چه‌ندین ساڵه کێشه له نێوان کورد و عێراقدا هه‌یه.... کێشه له نێوان سوننه و شیعه و کورد هه‌یه.... چه‌ندین لایه‌نیش بوون که ده‌ست ده‌خه‌نه ناو بارودۆخەکەوه، بۆ نمونه، ئیزه‌دییه‌کان، مه‌سیحی، تورکمان و ... که چه‌ندین کێشه‌یان هه‌یه، دوژمنه‌کانمان سوود له‌م کێشانه ده‌بینن، به‌ڵام خۆمان له ئه‌زموونه‌کانی رابردوو، سوود نابینین، ده‌بێت ده‌ستی ئه‌وان ببڕێن و خۆمان سوود له بارودۆخه‌که ببینین، هه‌موو ئه‌مانه‌ی لێره دانیشتووین به تایبه‌ت دۆستانی ئازیز له مه‌جلیسی باڵای ئیسلامی و هاوکاری دۆستانی ئێرانیمان، به هاوکاری هه‌مو لایه‌نه‌کان توانیومانه ده‌ستکه‌وته‌کانی ئێستامان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین. هێزی پێشمه‌رگه‌ی کورد به‌شێکی گرنگ و کاریگه‌ر بوون له درستبوونی عێراقی نوێ‌دا. ئێمه شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌ین که ئایه‌توڵڵا سیستانی به مام جه‌لالی ده‌گوت "صمام الامان" که واته کاتێک پێگه‌ی کورد دیاری ده‌که‌یت، ده‌بێت به هه‌مان راده‌ش مافم پێ بدرێت، ده‌بێت به هه‌مان راده‌ش به‌شم هه‌بێت. ئێمه‌ی کورد له‌م بارودۆخه‌دا بۆ دروست بوونی عێراقی نوێ به‌شداربووین، له شه‌ڕی داعشدا به‌شدار بووین، که رۆڵ و پێگه‌مان دیار و روونه، له موسڵ و ئه‌نبار و فه‌لوجه و ته‌نانه‌ت کاتی خۆی له به‌سره رۆل و خه‌باتی خۆمان نیشان داوه. بۆ داهاتووش نابێت وا بیربکه‌ینه‌وه که ئێمه هێزێکی سه‌ربازی بووین که ته‌نها له‌به‌ر ژماره‌یه‌ک چه‌ک و تێچووی سه‌ربازی شه‌ڕمان کردبێت. ئه‌رکی سه‌رشانی ئێمه‌یه که به سیاسه‌ت و وردبینییه‌وه پشتیوانی له هه‌لومه‌رجی جوگرافی ناوچه‌که بکه‌ینه‌وه، چونکه داعش ته‌نها بۆ یه‌ک وڵات و دوو وڵات مه‌ترسیدار نییه، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو جیهان بووه‌ته دیارده‌یه‌کی مه‌ترسیدار. خاڵێکی سه‌رنجڕاکێش که پێویسته بۆتانی باس بکه‌م ئه‌وه‌یه که ته‌نانه‌ت هاوڵاتی یابانیش له‌ناو داعشدا هه‌یه. تا ئێستا سێ جار له باڵیۆزخانه‌ی یابانه‌وه هاتوونه‌ته لای من و ناوی که‌سانێکیان پێداوم که یابانین و له‌ناو داعشن، یابانی به ره‌چه‌ڵه‌ک، نه هاووڵاتی شوێنێکی دیکه که له یابان بووبێتن. ئه‌مه به‌و مانایه دێت که ده‌بێت بیر له به‌رنامه‌و پلان بۆ داهاتووی دوای داعش بکه‌ینه‌وه. دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه که داعش له‌ناو ده‌چێت، به‌ڵام نه‌وه‌ی دوای داعش دێته‌وه مه‌یدان، وتمان که داعش زاده‌ی ئێستاکه نییه، چونکه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو کاتێک موجاهیدین له ئه‌فغانستان شه‌ڕیان ده‌کرد، دواتر بوونه تاڵه‌بان و ئه‌لقاعیده و هاتنه عێراق و سوریا و بوونه داعش. بیرۆکه‌ی داعش له روویه‌که‌وه بیرۆکه‌یه‌کی به‌عسییه، ئه‌وان به‌دوای ئه‌و یهکگرتووییهوهن که به‌عس نه‌یتوانی پێکی بهێنێت که یه‌کێتی نێوان سوریا و عێراق و میسر بوو، ئێستا ده‌یانه‌وێت به ناوێکی دیکه و به ناوی ئیسلامییه‌وه ئه‌وه بکه‌ن. بۆ له‌ناوبردنی داعش و له ریشه ده‌رهاوردنی ده‌بێت هه‌لومه‌رج و هۆکاره‌کانی دروستبوونی بناسین، من ترسێکم هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له‌وانه‌یه که‌سانێک ئێستا و له داهاتووشدا له عێراق ببن که بڵێن ئێستا سوپای به‌هێزمان هه‌یه و ده‌توانین هه‌موو کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام هیچکات و له هیچ شوێنكی جیهاندا ته‌نها به هێزی سه‌ربازی هیچ کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر نه‌کراوه. ده‌بێت رێگاچاره‌ی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌به‌رچاو بگیردرێت. ده‌کرێت به چاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری هۆکاره‌کانی دروستبوونی داعش و هاوشێوه‌کانی چاره‌سه‌ر بکرێن. پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنه که هێزه چه‌کداره‌کانی ناو داعش کێن؟ بۆ له ئه‌وروپاوه هاتوون؟ ئه‌وان هه‌مان که‌سانن که له ده‌ست زوڵم له عێراق و سوریا‌و وڵاتانی دیکه‌ی ئیسلامییه‌وه هه‌ڵهاتن و روویان له هه‌نده‌ران کرد، له بارودۆخێکی هه‌ستیاردا و له کێشه‌ی نێوان ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و وڵاتانی دیکه، هان دران و دواتر بوونه به‌ڵای گیانی خۆیان.
به‌ڵام باشترین رێگا ئه‌وه‌یه که پێکه‌وه کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، ئێوه باشتر ده‌زانن که له مێژوودا چه‌ندین شه‌ڕی گه‌وره‌و خوێناوی له نێوان ئیمپراتورییهتهکانی وڵاتانی ئه‌وروپایی و جیهاندا روویداوه، تا کۆتایی شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م و دووه‌م که گه‌یشتنه ئاشتی. ئێستاکه دوای ئه‌و ئه‌زموونانه به‌خۆیاندا هاتوونه‌ته‌وه‌و له جیاتی سنووردانان، سنووره‌کانیان هه‌ڵده‌گرن، له جیاتی شه‌ڕی سه‌ربازی، شه‌ڕی ئابوورییان هه‌یه. ئێمه‌ش ده‌بێت ئه‌و رێگایه بڕۆین، که مافی خه‌ڵک و دیموکراسی و ئازادی به گه‌له‌کانمان ره‌وا ببینین و به کردار ئیشی بۆ بکه‌ین و بیرله‌وه نه‌که‌ینه‌وه که وڵاتێک کاتی خۆی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بووه و یان که‌سێک کاتی خۆی له‌گه‌ڵ کێ بووه؟ ئیمڕۆ، ئیمڕۆیه، له بارودۆخی ئێستادا ده‌بێت شه‌ڕی داعش بکه‌ین، هه‌موومان ده‌بێت به‌دوای دیموکراسی و ئازادییه‌وه بین، تاوه‌کو مافی هه‌موومان ده‌سته‌به‌ر بکرێت، چ له چوارچێوه‌ی مافی مرۆڤدا بێت یان مافی نه‌ته‌وه‌کاندا.
نازم ده‌باغ: ئه‌گه‌ر ئێران و تورکیا رایان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان نه‌بێت، ئاکامی نابێت
دوای وتاری کارناسان، کاتی کۆتایی کۆنفڕانسه‌که ته‌رخان کرا بۆ پرسیاری ئاماده‌بووان، عه‌لی ده‌سماڵی پرسیارێکی سه‌باره‌ت به داهاتووی هه‌رێمی کوردستان و بابه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم ئاراسته کرد که مامۆستا نازم له وه‌ڵامدا باسی له هۆکاره‌کانی دروستبوونی داعش کرد و وتی: یه‌کێک له‌و بابه‌ته گرنگانه‌ی که ده‌بێت گرنگی پێ بدرێت، بابه‌تی کورده، له وه‌ڵامدا ده‌بێت بڵێم ئه‌م هه‌ویره ئاوی زۆر ده‌بات، سه‌باره‌ت به داعش‌یش وتم که دروستبوونی داعش هۆکاری زۆر بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆکارانه چاره‌سه‌ر نه‌که‌ین، به دڵنیاییه‌وه داعش‌یش ده‌مێنێت، یان به‌م ناوه‌وه یان به ناوێکی دیکه‌وه، بابه‌تی کوردیش له ناوچه‌که به هه‌مان شێوه‌یه، کاتێک ده‌ڵێم کێشه‌کانی ناوچه‌که ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێن، یه‌کێک له‌و بابه‌تانه بابه‌تی کورده، من کوردم، ئێوه‌ش به فارس و ئازه‌ری و کورد و ... ئێرانین، من هه‌موو ته‌مه‌نم خه‌باتم کردووه بۆ گه‌یشتن به مافه‌کانم، ئه‌مه مافی کورده، بگه‌ڕێینه بۆ مێژوو، سه‌رده‌مێک بوو که که‌س نه‌یده‌وت کوردستانی عێراق، یان کوردستانی ئێران، یان تورکیا یان سوریا، له‌وانه‌یه زۆربه‌ی ئه‌م ناوچه به‌شێک بووبێت له ئێران، به‌ڵام له شهر و کێشه‌ی نێوان ئیمپراتورییهتهکاندا ئه‌م ناوچانه دروست کران و له نێوان عوسمانی و عه‌باسی دابه‌شکران. به کورتی بڵێم دوای شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م له په‌یمانه‌کانی سێور و لۆزان کوردستان دابه‌شکرا له نێوان عێراق و تورکیا و سوریا و ئێران. به‌ڵام ئه‌مه‌ش راستییه‌که که کوردستانیان وه‌کو به‌شێک له ئێران و تورکیا جیاکرده‌وه‌و عێراقیان پێ دروست کرد. که‌سێک وه‌کو مام جه‌لال ئه‌و وته به‌ناوبانگه‌ی هه‌یه که زۆرکه‌س به هه‌ڵه لێ تێگه‌یشتن که وتی: "ده‌وڵه‌تی کوردی، خه‌ونێکی شاعیرانه‌یه"، کاتێک ئه‌مه‌ی وت به مانای ئه‌وه نییه که خۆی به‌دوای ئه‌م بیر و خواسته‌وه نه‌بووبێت و خه‌باتی بۆ نه‌کردبێت، مێژوو ببینن، قازی محه‌مه‌د، شێخ مه‌حموودی نه‌مر، شێخ سه‌عیدی پیران، خوالێ خۆش بوومهلا مسته‌فا هه‌موویان به شێوه‌یه‌ک ئه‌م بیرۆکه‌یان جێبه‌جێ کردووه، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا له ههڵومهرجێکداین که که‌سێک وه‌کوو سەرۆک مه‌سعود بارزانی به‌دوای ئه‌م ئاواته‌وه‌یه. بۆ خۆم وه‌کو که‌سێک که ئه‌ندامی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستانم، رای جیاوازم هه‌یه. خۆم ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر کوردێک گشت‌پرسیی و سه‌ربه‌خۆیی په‌سه‌ند نه‌کات، خیانه‌ت ده‌کات، به‌ڵام ده‌بێت بیربکه‌ینه‌وه که که‌ی و له‌کوێ؟ ئێمه خوازیاری ئه‌وه بووین که له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا مافه‌کانی خۆمان وه‌ربگرین، له سه‌رده‌مانێکدا ته‌نها شوێنێک که تیایدا دژی حکومه‌تی ناوه‌ندی خه‌بات ده‌کرا، خاکی کوردستان بوو، کاتی خۆی نوێنه‌ری مام جه‌لال بووم له هاوڕێیانی عێراقیم ده‌پرسی دوای رووخانی سه‌دام چی بکه‌ین؟ ده‌یانوت ده‌ست راگرن با سه‌دام بڕوخێت، بۆ ده‌بێت ئێمه چاوه‌ڕوان بین؟ سه‌دام رووخا، وتمان با ده‌ستوور جێبه‌جێ بکه‌ین، وتیان ده‌ست راگرن با عێراق بگاته ئه‌من وئاسایش. دوای ئه‌وه وتیان با داعش کۆتایی بێت. ئه‌مه ناتوانێت ئاوا به‌رده‌وام بێت. ئێمه خوازیاری مافه‌کانمانین له چوارچێوه‌ی یاسادا.
من هه‌لومه‌رجی ئێستا بۆ گشتپرسی به گونجاو نازانم. به‌ڵام ناکرێت بڵێین خواستی یاسایی نییه، رێگای سه‌ربه‌خۆیی و گشت‌پرسیی له به‌غدایه. به‌ڵام تاکه‌ی ده‌توانین دوای بخه‌ین؟ به‌ڵام ئه‌مه هه‌رچه‌ند بابه‌تێکی ناوخۆیی خودی عێراقه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رای ئێران و تورکیای له‌سه‌ر نه‌بێت، سه‌ر ناگرێت، هه‌رچه‌ند رای ئه‌م دوو وڵاته‌ش به‌نده به رای حکومه‌تی عێراقه‌وه.
بڕێک کات به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لێم ده‌پرسن، منیش ده‌ڵێم به‌ڕای من، راو هه‌ڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران په‌یوه‌ندی به رای حکومه‌تی عێراقه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر له داهاتوودا حکومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ کورد رێکه‌وێت، وڵاتانی دیکه ناتوانن بڵێن ئه‌مه نابێت و دژی بوه‌ستنه‌وه. له‌وانه‌شه که‌سێک وه‌کو کاک مه‌سعود بیه‌وێت له مێژوودا ده‌ستکه‌وتێک بۆ خۆی و به ناوی خۆیه‌وه تۆمار بکات، وه‌کو سەرکردەکانی دیکه له مێژوودا، کاک مه‌سعودیش بڵێت من ئه‌وه که‌سه بووم که وه‌کو رابه‌رێکی کورد توانیم ئه‌م کارە بکه‌م. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاکامه‌که‌شی خوازراو نه‌بێت، که به‌ڕای من به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم و گشت‌پرسیی بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌گه‌ر به هاوهه‌ڵوێستی ئێران و تورکیا و عێراق نه‌بێت، ئاکامێکی لێناکه‌وێته‌وه.
له کۆنفڕانسه‌کانی پێشووشدا وتوومه که کوردستانی عێراق وه‌کو دارستانێکه له نێوان دارستانێکی ئاگردا بێت. هه‌لومه‌رجی ده‌وروبه‌ری به شێوه‌یه‌که که ئه‌گه‌ر یه‌کێکیان ئاگر بگرێت، هه‌موویان ئاگر ده‌گرن، بۆیه نابێت کایه به‌م ئاگره بکه‌ین. ئه‌مه‌ش به‌نده به هه‌ڵوێستی حکومه‌تی عێراقه‌وه، من له عێراقدا هاوپه‌یمانی کورد و شیعه به بنه‌مانی عێراقی نوێ ده‌زانم و هۆکاری سه‌ره‌کی به‌رده‌وامی عێراقیشه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستاش، که‌سانێک به‌عسییانه بیرده‌که‌نه‌وه، راسته که به‌عسی نین، به‌لام سه‌باره‌ت به داهاتووی کورد و پرۆسه‌ی دیموکراسی و داهاتووی عێراق خاوه‌ن بیرۆکه‌ی بهعسییانهن، ئه‌مه مه‌ترسیداره، ئه‌گه‌ر ئێستا چاره‌سه‌ری نه‌که‌ین.
هه‌روه‌ها ببینن و بزانن کورد چه‌ند ساڵه به درێژایی مێژوو خه‌بات ده‌کات؟
کتێبی شه‌ره‌فخانی بهدلیسیم خوێندووه‌ته‌وه، دوای ئه‌ویش چه‌ند ئیماره‌ت و ده‌سه‌ڵاتی کوردی و شه‌ڕ و کێشه هاتووه‌ته ئاراوه؟ ئاکامه‌که‌ی چی بووه؟ هیچ، به‌ڵام خه‌بات به‌رده‌وامه. ئێستا ده‌بێت بیر له کێشه‌کانی عێراق بکه‌ینه‌وه. عێراقێکی یه‌کگرتوو که دوای شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م پێکهات و کورد و شیعه و سوننه‌و عه‌ره‌ب پێکیانهێنا. عێراقێک که به درێژایی مێژوو که‌مینه‌ی سوننه حوکمرانییان کرد تا ئێستاش که به‌ناوی داعشه‌وه ده‌یه‌وێت حوکم بکات. ئێستا ئه‌گه‌ر کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کرێن کێشه‌ی گه‌وره‌تر ده‌نێنه‌وه. سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی که دوای به‌ڕێوه‌چوونی گشت‌پرسیی، ئایا ئێران قونسولخانهکانی داده‌خات یان عێراق بوجه‌ی کوردستان ده‌بڕێت؟ ده‌بێت بڵێم عێراق سێ ساڵه بوجه‌ی بڕیوه‌و هیچ پاره‌یه‌کی بۆ هه‌رێمی کوردستان نه‌ناردووه. که ئه‌ڵبه‌ت هۆکاری خۆی هه‌یه، له‌وانه‌یه له به‌شێکیدا ئێمه گوناهبار بین، به‌ڵام به‌شی سه‌ره‌کی، ئه‌گه‌ر حکومه‌ت، حکومه‌تی خه‌ڵک بێت و خۆی به حکومه‌تی هه‌موو عێراق بزانێت، نابێت به هۆی گروپێکی تایبه‌ته‌وه، هه‌موو خه‌ڵک سزا بدات، به‌ڵکوو ده‌بوو رێگایه‌کی دیکه بۆ چاره‌سه‌ر بگرێته‌به‌ر. به‌ڵام له‌وانه‌یه که‌سانێک له عێراق وابیربکه‌نه‌وه که بڵێن با کورده‌کان بڕۆن و سه‌ریان بدات له دیوار تاوه‌کو ملیان بشکێت، بڕێ لایه‌ن وای ده‌بینن، به‌ڵام دووپاتی ده‌که‌مه‌وه که کلیلی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمان له به‌غدایه، به‌ڵام تاکه‌ی؟ داوام له دۆستانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌وه‌یه که له چوارچێوه‌یه‌کی به‌رته‌سکدا چاو له کێشه‌کان نه‌که‌ن، چونکه ئه‌مه کێشه‌یه‌کی ستراتیجی و دوورمه‌ودایه، ئاسایشی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، ئاسایشی ئێرانه و دیاره ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت داهاتووی عێراقی نوێ هێمن و پارێزراو بێت و هه‌موومان پێکه‌وه بین، یه‌که‌م هه‌نگاو به‌هیزکردنی هاوپه‌یمانی کورد و شیعه‌یه، دواتریش نزیکبوونه‌وه‌و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سوننه‌کان و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی عێراق.
له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر گشت‌پرسیی که پێویسته ئاماژه‌ی پێ بده‌م و چه‌ند رۆژ پێش ئێستاش بۆ ئاژانسێکی هه‌واڵی بیانی باسم کرد. له‌م رۆژانه‌دا قونسولی کوێت و سکرتێری یه‌که‌می باڵیۆزخانه‌ی سوید و که‌سانێکی دیکه سه‌ردانی نوسینگه‌که‌ی منیان کرد و سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئێران پرسیاریان ده‌کرد. منیش پێم وتن ئێوه سه‌ره‌تا هه‌ڵوێستی خۆتانم بۆ روون بکه‌نه‌وه، تا دواتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ئێران هه‌ڵیسه‌نگێنم. پێم وتن سیاسی وڵامم بده‌نه‌وه نه رای حکومه‌تی، ده‌زانم وه‌کو تاکه‌که‌سێک ده‌ڵین ئه‌مه مافی خۆتانه، وتیان ئێمه پێمان وایه ده‌بێت ئێوه کێشه‌کانتان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن و له‌م چوارچێوه‌دا له‌گه‌ڵتانین. وتم جیاوازی ئێوه و ئێران لێره‌دایه، بۆیه ئێمه دۆستایه‌تی ئێرانمان لاگرنگترهو شانازیشی پێوه ده‌که‌ین.
پێم وتن ئێرانیش قسه‌کانی ئێوه ده‌کات، به‌ڵام شتێکی بۆ زیاد ده‌کات، کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ڵێت کورده‌کان له چوارچێوه‌ی یه‌کگرتوویی خاکی عێراق و ده‌ستووردا هه‌ر مافێکی بوێت و له‌گه‌ڵ به‌غدا رێکه‌وێت، ئێمه پشتیوانی ده‌که‌ین، به‌ڵام ئێوه ده‌ڵین ته‌نها بۆ شه‌ری دژ به داعش یارمه‌تیتان ده‌ده‌ین، داعش کۆتایی هات، دوای ئه‌وه چی؟ بۆیه کاتی خۆی باڵیۆزی سویسرا که پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکایه له ئێران لێی پرسیم ئێوه تاکه‌ی له ئێران ده‌بن؟ پێم وتن تا ئێوه ببن و ئێمه ببین، له ئێران هه‌ین، وتی یانێ چی؟ له وه‌ڵامدا وتم وته‌ی مام جه‌لاله و جوگرافیا ناگۆڕدرێت، ئێمه جوگرافیای هاوبه‌شمان هه‌یه، جگه له ئایین و نه‌ژاد و زۆر شتی هاوبه‌شی دیکه. دووه‌م ئێوه به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان پاراستووه و ئه‌گه‌ر پێویست بکات ناوچه‌که به‌جێ ده‌هێڵن، وه‌کوو ئه‌و شته‌ی به درێژایی مێژوو به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌مریکا کردوویانه، به‌ڵام ئێران هه‌میشه، ته‌نانه‌ت کاتێکیش دڵخوازی نه‌بوو، وه‌کو په‌نابه‌ر په‌نای داوین و رێگای بۆ کردووینه‌ته‌وه و دواتریش یارمه‌تی داوین و گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ خه‌بات.
ئێمه راستی مێژوویی هه‌ست پێده‌که‌ین. لێره‌دایه که ده‌ڵیم ده‌بێت هاوڕێیانی شیعه‌مان له عێراق، لێره‌دا رووی قسه‌م زیاتر له به‌ڕێز موحسن حه‌کیمه، ده‌بێت وه‌کوو رابردوو بین، چونکه هه‌میشه په‌یوه‌ندییه‌کی باش و مانادار به‌تایبه‌ت له نێوان مام جه‌لال و کاک مەسعود و خوالێخۆشبوو سهیدحهکیمدا بووه، ده‌بێت سوود له‌مه ببینین و بیگوازینه‌وه بۆ ناو جه‌ماوه‌ر، نه ته‌نها له نێوان دوو رێکخراوی سیاسی یان دوو که‌س و لایه‌نی سنووردا بمێنێته‌وه. لێرده‌دا ده‌ڵێم و خۆم به به‌رپرس ده‌زانم که ئه‌گه‌ر کێشه‌کانی کورد له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بکرابا، دڵنیابن ئاسایشی ناوچه‌که زیاتر و باشتر دابین ده‌کرا، ئه‌مه‌ش زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندی ئێراندایه، باسی به‌رژه‌وه‌ندی تورکیا ناکه‌م، چونکه تورکیا سیاسه‌تی خۆی هه‌یه، به‌تایبه‌ت به‌و سه‌رۆک کۆماره‌وه که ئێستا حوکم ده‌کات.
لێره له‌م هه‌له سوود ده‌بینم و سوپاسی هه‌ڵوێسته‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌که‌م و ئەو پەیوەندیەی له‌گه‌ڵ ئێران بوومانە، وایکردووه که ئێستا چه‌ندین ساڵه ئه‌م هاوکارییه‌مان به‌رده‌وامه‌و له‌گه‌ڵ خودی ئاغای دانییفهڕ زیاتر له ٣١ ساڵه په‌یوه‌ندیمان هه‌یه و بیره‌وه‌ری باشیشمان پێکه‌وه هه‌یه.
هه‌میشه رووی قسه‌ی ئێمه له به‌رپرسانی عێراقی بووه، به‌ڵام ئێستا من وه‌کوو نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌م و ده‌ڵێم کێشه‌کان دوولایه‌نه‌یه، راسته که له سه‌دا ١٧ی بوجه ته‌رخان کرا بۆ هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به یاسای نه‌وتیش به رێککه‌وتن پرۆژه‌که ئاماده‌کرا، به‌ڵام تا ئه‌م کاته‌ش له په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند نه‌کراوه، ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بکرایات، بیانوو نه‌ده‌درا به که‌سانێک که سوودی خراپی لێ ببینن، له بابه‌تی نه‌وتدا ئێمه زیاتر له هه‌موو لایه‌نه‌کان زیان ده‌بینین، به‌ڵام حکومه‌تی عێراق ده‌بێت وه‌کو حکومه‌تی هه‌موو عێراق هه‌ڵسوکه‌وت بکات.
به‌ڵام به گشتیی، بابه‌تی نه‌وت، بابه‌تێکه که ده‌بێت حکومه‌تی عێراق چاره‌سه‌ری بکات، رووی قسه‌مان له شیعه یان سوننه نییه، رووی له کوردیش نییه، قسه‌مان روو له حکومه‌ته، به پێی ده‌ستووری عێراق، یاسای پێشمه‌رگه، یاسای نه‌وت، مادده‌ی ١٤٠، یاسای په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا، هه‌موو ئه‌مانه له لایه‌ن به‌غداوه هه‌ڵپه‌سێردراون. سه‌رده‌مانێک ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می ئاغای مالیکیدا پێشنیارێکم خسته به‌رده‌ست که بێن و ئه‌م داخوازییانه‌ی کورد هه‌یه‌تی له به‌غدا و له‌سه‌ر ده‌ستی مام جه‌لال وه‌کوو سه‌رۆک کۆمار و به ئاماده‌بوونی ئه‌وان چاره‌سه‌ری بکه‌ن، هه‌موو چاره‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام نه‌یانکرد. بۆیه ده‌ڵێم تا ئێستاش له به‌غدا فیکری به‌عسی بوونی هه‌یه، ناڵێم که‌سێک به‌عسییه، به‌لام بیرۆکه‌و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وتیان به‌عسییانه‌یه، ئێمه وه‌کوو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که منیش نوێنهریم، ناڵێین هه‌ڵه‌مان نه‌کردووه، به‌لام هه‌ڵه‌کانمان باس ده‌که‌ین و چاره‌سه‌ری ده‌که‌ین. هیوادارم ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێک هه‌بوو له نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به تێروته‌سه‌لی ئاماده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری هاوڕێیان و رۆژنامه‌نووسان بم.