امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

   هەواڵەکان

   هەواڵەکان (501)

هەواڵەکان

دوو شەممە, 09 نیسان 2018

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له‌گه‌ڵ شاندێکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتی "موحسین محه‌ممه‌د" ئەندامی مەکتەبی سیاسی دیداریی کرد. 

ئەمرۆ دووشەممە 09/04/2018 شاندێکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتی "موحسین محه‌ممه‌د" ئەندامی مەکتەبی سیاسی بە یاوەری "ئارام که‌مال" بەرپرسی پەیوەندییەکانی ناوخۆ و "نیعمه‌ت عیزه‌ت" بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئێران سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له تارانیان کرد و لە لایەن نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وڵاتی ئێران و "فه‌خره‌الدین عه‌زیز" پێشوازی گەرمیان لێکرا.

له‌م دیدارەدا لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی و هه‌روه‌ها چۆنییەتی کارکردن و پەیوەندییەکانی نوینەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەل کۆماری ئیسلامی ئێران، باڵیۆزخانەکان و قونسولخانەکانی وڵاتانی بیانی لە تاران گفتوگۆ کرا.

لە کۆتایی ئه‌م دیداره‌دا دەستخۆشی له نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له وڵاتی ئێران کرا و هیوای سەرکەوتنیان خواست لە ڕاپه‌ڕاندنی کارەکاندا.

دوو شەممە, 09 نیسان 2018

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له‌گه‌ڵ خاتوو "کارا جۆنسۆن مالینا" جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە وڵاتی ئێران کۆبۆوه. 

خاتوو "کارا جۆنسۆن مالینا" جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە تاران رۆژی یەکشەممە 08/04/٢٠١٨ سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ تارانی کرد و له لایه‌ن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وڵاتی ئێران به گەرمی پێشوازی لێکرا. 

"کارا جۆنسۆن مالینا" دەستخۆشی پێشوازی و میواندارییەکەی کرد و دەربارەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق و بەشداری هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر دوای ڕاپرسی کوردستان پرسیاری له نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران کرد.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران، جارێکی دیکه بەخێرهاتنی جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە تاران کرد و بۆی ڕوونکردنەوە و ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنی عێراق زۆر گرنگە بۆ وەرگرتن و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد و هەروەها هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بنەڕەتی عێراقی فیدراڵە.

له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا "نازم ده‌باغ" دەربارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا ووتی: رۆژ لە دوای رۆژ له‌گه‌ڵ یه‌کتری پەیوەندیمان باشتر دەبێت و دوای ڕەوانەکردنی بوودجە و پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق، چاوەڕوانی هاوکاری زۆرتر و چالاکتر لە هەر دوولا دەکرێت.

 

یەک شەممە, 08 نیسان 2018

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی "ئیسکانیوز" پێی وایه تاوه‌کوو دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی داهاتووی عێراق، ئاڵوگۆڕێکی ئه‌وتۆ له په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر روونادات، به‌ڵام له ئێستاوه هیوایه‌کی زۆر بۆ رێکه‌وتنی نێوان ئه‌م دوولایه‌نه دروست بووه، هه‌رچه‌نده چه‌ندین بابه‌ت وه‌کو لاوازکردنی پێگه‌ی کورده‌کان له په‌رله‌مانی داهاتوو و هه‌روه‌ها کێشه‌ ناوخۆییه‌کانییان، هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ئاماده‌بوونی به‌هیزی کورده‌کان له به‌غدا .

·       دوای راگرتنی ئاکامی ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان، هیوایه‌ک بۆ رێکه‌وتنی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر دروست بوو، به‌ڵام دوای په‌سه‌ندکردنی بوجه‌ی عێراق له په‌رله‌مان، به‌شی کورده‌کان له ١٧٪ه‌وه بۆ ٦٧/١٢٪ دبه‌زی، که دیسان کێشه‌ی نێوان دوولایه‌نی لێکه‌وته‌وه، ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه ئه‌م بابه‌ته دیسان کێشه‌کان قووڵتربکاته‌وه‌و دانوستان و رێکه‌وتنه‌کانی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نی تووشی کێشه بکات؟

سه‌ره‌تا ده‌بێت بڵێم که ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵوێستێک دژی سیاسه‌ته‌کانی به‌غدا بوو، به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتدارانی، دوای ٢٠٠٣ به‌رده‌وام مافی کورده‌کانیان پێشێل کردووه و ئه‌مه‌ش بووه هۆی هه‌ڵبژاردنی رێگایه‌کی دیکه له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه. به‌ڵام دوای به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم هه‌روه‌‌ها که ئاماژه‌تان پێدا، که‌شێک بۆ وتووێژ و دانوستان هاته ئاراوه به‌ڵام به‌داخه‌وه پرۆسه‌ی په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ی عێراق زیانێکی گه‌وره‌ی به نزیکبوونه‌وه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر گه‌یاند و پێم وایه بابه‌تی بودجه و کێشه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی تاوه‌کو دوای هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام بێت. هه‌رچه‌نده ئێستا هه‌واڵی ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم له لایه‌ن به‌غداوه ده‌بیسترێت، به‌ڵام پێم وایه ئه‌گه‌ر بودجه‌ش بنێردرێت، دیسان له بواری ئابووریدا چه‌ندین بابه‌ت و کێشه‌ی دیکه له نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌یه که به ئاسانی چاره‌سه‌ر نابن. ئه‌م بابه‌ته به هۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی پێنجه‌وه ئاڵۆزتریش بووه‌و بڕێک لایه‌ن له به‌غدا ده‌یانه‌وێت کارته‌کانی خۆیان دژی هه‌ولێر به‌کار هێنن و بۆ ده‌نگی زیاتر له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سوودی لێ ببینن. به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردن و دیاریکردنی ئاستی هێز و پێگه‌ی گروپ و لایه‌نه‌کان و هه‌روه‌‌ها پرۆسه‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ، بارودۆخێکی زۆر گونجاو بۆ هه‌ردوولا دروست ده‌بێت تاوه‌کوو کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

·       به‌ڵام زۆربه‌ی کارناسان و چاودێرانی که‌یسی عێراق پێیان وایه هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ناتوانێت کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بکات و ئه‌م قه‌یرانانه به‌رده‌وام ده‌بن، ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه به دروست ده‌زانن؟

ئه‌م تێڕوانینه به‌شێک له راستییه‌کان نیشان ده‌دات، به بڕوای منیش دوای هه‌ڵبژاردنیش به‌شێک له کێشه مێژووییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا وه‌کوو خۆی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام به‌شێکی گه‌روه‌ی کێشه‌کانیش چاره‌سه‌ر ده‌بن. ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌کانی به‌غدا له‌وه‌ ده‌ترس که له‌گه‌ڵ هه‌ولێر رێکه‌ون، چونکه ئه‌مه ده‌نگییان داده‌به‌زێنێت، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان، گوشاره‌کان داده‌به‌زن و ئیمکانی رێکه‌وتنێکی هه‌‌مه‌لایه‌نه‌تر دروست ده‌بێت.

·       به‌ڵام جگه له‌مه، راپرسییه‌کان باس له دابه‌زینی ده‌نگی کورده‌کان ده‌کات. به تایبه‌ت له ناوچه‌کانی ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوور وه‌کو که‌رکووک، ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کانتان دابه‌زێت و بۆ نموونه ئێستا که زیاتر له ٦٠ کورسی په‌رله‌مانتان هه‌یه ئه‌مه دابه‌زێت بۆ ژێر ٥٠ کورسی، ئایا له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا حکومه‌تی ناوه‌ندی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا که لاوازبوون رێکه‌وتن بکات؟

ئه‌مه کێشه‌یه‌کی گرنگه. سروشتییه که ده‌نگی ئێمه له‌م ناوچانه داده‌به‌زێت. له‌سه‌ر رێژه‌که‌ی ناتوانم به روونی بڵێم چه‌ند، به‌ڵام ده‌نگی کورده‌کان به تایبه‌ت له که‌رکووک دابه‌زینێکی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، به‌ڵام دابه‌زینی ده‌نگه‌کان و کورسییه‌کان، به مانای له‌به‌رچاونه‌گرتنی مافه‌کانی هه‌رێمی کوردستان نییه. مافه‌کانی هه‌ولێر به پێی ده‌ستووری عێراقه و ئێمه‌ش هیچ شتێکی دیکه‌مان جگه له جێبه‌جێ‌کردنی ده‌ستوور ناوێت. ئێمه له‌و هه‌وڵه‌داین که به پێی ده‌ستووری ئێستا مافه‌کانمان وه‌رگرین و هیوادارین ئه‌مه‌ش له به‌غدا پێشوازی لێ بکرێت و مافه‌کانی کورد نه‌به‌سترێته‌وه به ژماره‌ی کورسییه‌کان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا.

·       به‌ڵام هه‌رێمی کوردستان جگه له دابه‌زینی ده‌نگ و کورسی، کێشه‌ی ناوخۆیی‌‌شی هه‌یه، ئایا ئه‌مه‌ش ئیمکانی سه‌رکه‌وتنی دانوستانه‌کانی داهاتوو لاواز ناکات؟

دوای ٢٠٠٣، هیچکات وه‌کوو ئێستا کورده‌کان له ناوخۆدا تووشی كێشه‌و دووبه‌ره‌کی نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌م کێشانه به سروشتیی ده‌زانم. ئه‌م کێشانه له‌سه‌ر مافی کورده‌کان نییه، زیاتر له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابینکردنی ئه‌م مافانه‌یه. ئه‌گه‌ر کێشه‌ ناوخۆییه‌کانمان له‌سه‌ر مافه‌کان کورد ببوایات، به‌ڵێ، له‌و حاڵه‌ته‌دا زۆر مه‌ترسیدار ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌کان ته‌نها له‌سه‌ر بابه‌تی وردی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا رای جیاوازیان هه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش هه‌یه دوای هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانیی عێراق و دابه‌زینی که‌شوهه‌وای کێبڕکێکان، کورده‌کان فراکسیۆنێکی گه‌وره پێک بێنن و وه‌کوو خوله‌کانی رابردوو پێکه‌وه بۆ مافه‌کانیان هه‌وڵ بده‌ن.

·       که‌رکووک به‌رده‌وام خاڵی سه‌ره‌کی کێشه‌کانی نێوان هه‌ردوولا بووه، به‌م پێیه، داهاتووی که‌رکووک چۆن ده‌بینیت؟

ئێمه خوازیاری چاره‌سه‌رکردنی هه‌موو کێشه‌کانی نێوانمان به پێی ده‌ستووری عێراقین. به پێی ده‌ستووری عێراق و ماده‌ی ١٤٠، چۆنیه‌تی چاره‌سه‌رکردنی بابه‌تی که‌رکووک به روونی باسکراوه، ئێمه گوشاره‌کانی خۆمان بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌م مادده‌ی ده‌ستوور، زیاتر ده‌که‌ین، هه‌رچه‌نده که بابه‌تی که‌رکووک بابه‌تێکی ناوچه‌یی و ته‌نانه‌ت جیهانییه، واتا رۆڵی ئه‌کته‌ر و رووداوه ناوچه‌یی و جیهانییه‌کانیش تێیدا کاریگه‌ره. به‌ڵام به گشتیی ته‌نانه‌ت به دابه‌زینی ژماره‌ی کورده‌کان له که‌رکووک، ئێمه پێداگرین بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ماده‌ی ١٤٠ و له دانوستانه‌کانی داهاتوودا که‌رکووک به دڵنیاییه‌وه رۆڵ و جێگه‌ی گرنگ و تایبه‌تی ده‌بێت.

 

 

چوار شەممە, 04 نیسان 2018

 رۆژی پێنجشه‌ممه‌، به‌رنامه‌ی "ئاڕاسته‌" تایبه‌ت بوو به‌ مامه‌ڵه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی توركیا و كۆمارى ئیسلامى ئێران، كه‌ بۆ هه‌ندێكجار بۆ تۆپبارانه‌كانى ئێران به‌یاننامه‌ى ئیدانه‌ ده‌رده‌كات و بۆ تۆپباران و بۆردومانه‌كانى توركیا پاساو دێنێته‌وه‌. له‌ به‌رنامه‌كه‌دا نازم ده‌باغ نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ كۆمارى ئیسلامى ئێران و دلاوه‌ر عوسمان پسپۆڕى زانسته‌ رامیارییه‌كان ئاماده‌بون. 

 

دوو شەممە, 02 نیسان 2018

 "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له په‌یامێکدا به بۆنه‌ی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو کاک "دلۆڤان ئیدریس بارزانی" پرسه و سه‌ره‌خۆشی له به‌ڕێز کاک "نێچیرڤان بارزانی" سه‌رۆک وه‌زیرانی حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و بنه‌ماڵه‌ی خوالێخۆشبوو کاک دلۆڤان کرد که ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی په‌یامه‌که‌یه: 

به داخ و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه هه‌واڵی کۆچی دوایی برای به‌ڕێزتان خوالێخۆشبوو کاک "دلۆڤان ئیدریس بارزانی"یمان بیست، له دڵه‌وه به ناوی خۆم و هه‌موو نوێنه‌رایه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، سه‌ره‌خۆشی خۆمان به به‌ڕێزتان و بنه‌ماڵه‌ی تێکۆشه‌رتان ڕاده‌گه‌یه‌نین. شه‌ریکی غه‌متانین و خوا سێبووری هه‌موو لایه‌ک بدات. 

داوای لێبوردن ده‌که‌ین که نه‌مانتوانی حزوری به‌شداریی پرسه‌که بین، ئومێد ده‌که‌ین بمان بووری. 

 

له‌گه‌ڵ رێزماندا ... 

براتان 

نازم عومەر ده‌باغ

 

دوو شەممە, 02 نیسان 2018

دواڕۆژ-

نوێنەری حكومەتی هەرێم لەكۆماری ئیسلامی ئێران پێیوایە هەر كۆبوونەوەیەكی وڵاتانی ناوچەكە بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندییەكانی خۆیانە و پێشبینیش ناكات ئەو كۆبوونەوانە كاریگەری ئەرێنی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت.

 نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ، پێیوایە هەر كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەرپرسانی باڵای ناوچەكە لە ئێران و توركیا و عێراق و سوریا گرنگی خۆی هەیە بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە ناوچەكە كە لە خاڵێكی هاوبەشدا یەكدەگرنەوە ئەویش مەسەلەی كورد و ئەمنییەتی ناوچەكەیە، پاشان داعش.

 سەبارەت بەوەی پێشبینی دەكەن ئەو كۆبوونەوانە كاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی بۆ كوردستان هەبێت، دەباغ وتی "بەبڕوای من لەو جۆرە كۆبوونەوە و دانیشتنانە پێشبینی ئیجابییەت ناكەم، چونكە ئەمڕۆ كێشەی كورد كێشەیەكی گەرمە بەتایبەتی لە توركیا، بەڵام دەمێنێتەوە سەر ئەوەی هەریەكە لە بەرامبەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان چ هەڵوێستێكی دەبێت توندتر یان نەرمتر".

 وا بڕیارە رۆژی سێشەممە حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی شاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بكات و رۆژی چوارشەممەش كۆبوونەوەی لوتكەی ئێران- توركیا- روسیا لە توركیا ئەنجامبدرێت.

پەڕەى 37 لەکۆى 84 پەڕەدا

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی