امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

   هەواڵەکان

   هەواڵەکان (501)

هەواڵەکان

یەک شەممە, 12 ئاب 2018

رووداو-ئاژانسەکان

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رەخنەی لە گوتەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عیراق لە بارەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گرت و لەهەمانکاتدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی عێراق کار لەگەڵ سزاکان دەکات.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسێکی ئێرانی رایگەیاند، ئێستا لە عێراق، حکومەتێکی کاتی هەیە و حەیدەر عەبادی، سەرۆکایەتی ئەو حكومەتە دەکات، دەبوایە عەبادی چاوەڕێی بکردبایە تاوەکو حکومەتی نوێ پێکدەهات و پاشان ئەو حکومەتە لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بڕیار دەدات.   

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ئاماژەی بەوەشدا، کە خەڵکی عێراق و پێکهاتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، نابنە لایەنگری هیچ کەس و لایەنێک دژی ئێران و راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە لەگەڵ ئێران هەیەتی، هەروەها ئەو جوگرافیا هاوبەشەی کە هەیە جەخت لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران دەکاتەوە. 

نازم دەباغ راشیگەیاند، ئێمە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەکاتە هەستیارییەکان هیچ کات لە بیرناکەین.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئاماژەدان بەوەی، ئێستا ئاڵوگۆڕی قەبارەی پەیوەندیی ئابووری هەرێمی کوردستان و ئێران لە سەرووی سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلارەوەیە، گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەچوارچێوەی بڕیاری دەوڵەتی عێراقە کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆببنەوە و رابگەیێندرێت". 

شەممە, 11 ئاب 2018

 نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران، وته‌کانی ئه‌م دواییه‌ی حه‌یده‌رالعه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به جێبه‌جێ‌كردنی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا دژی ئێران به وته‌ی به‌په‌له وه‌سف ده‌کات.

نازم ده‌باغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی "ایسنا" ده‌ڵێت له ئێستا له عێراق حکومه‌تێکی کاتی له‌سه‌رکاره‌و عه‌بادی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌م چوارچێوه‌یه‌دا عه‌بادی ده‌بوو چاوه‌ڕوان بکات تاوه‌کوو حکومه‌تی نوێ دروست ببێت و دواتر ئه‌و حکومه‌تی تازه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڕیار بدات.

ده‌باغ وێرای باسکردن له‌وه‌ی که خه‌ڵکی عێراق و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ئه‌و وڵاته، لایه‌نگری هیچ که‌س و وڵاتێکی دژ به ئێران نین، ده‌ڵێت: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش به پێی مێژووی دوورودرێژی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران و هه‌روه‌ها سنووری هاوبه‌ش پێداگری له‌سه‌ر راگرتنی په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌کاته‌وه‌و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئێمه یارمه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خه‌ڵکی عێراق و کوردستان له قۆناغه هه‌ستیاره‌کاندا له‌بیرناکه‌ین.

ئه‌و هه‌روه‌ها وێڕای ئاماژه به‌وه‌ی که له ئێستادا ئاستی په‌یوه‌ندی بازرگانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان له نێوان سێ بۆ سێ‌ونیو ملیار دۆلار له ساڵدایه، ده‌ڵێت: هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران، له چوارچێوه‌ی بڕیاره‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق که له هه‌فته‌کانی داهاتوودا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت، ده‌جووڵێته‌وه.

 

شەممە, 11 ئاب 2018

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران لە سەردانی بۆ ئاژانسی "ئانا"ی ئێرانی گوتی: خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، هۆگریان بە خوێندن لە زانکۆکانی ئێران هەیە.

بە پێی راپۆڕتی گروپی زانکۆیی ئاژانسی هەواڵنێری "ئانا"ی ئێران، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران، سەر لە بەیانی رۆژی شەممە 11ی ئۆگۆستی 2018 سەردانی ئاژانسی "ئانا"ی کرد و لەگەڵ پەیامنێرانی ئەم دەزگای راگەیاندنە وتووێژی کرد.

دەباغ لەم سەردانەیدا بە ئاماژە بە هۆگریی گەنجانی هەرێمی کوردستان بە خوێندن لە زانکۆکانی ئێران گوتی: وەکوو نوێنەری هەرێمی کوردستان لە هەوڵدام تاکوو پەیوەندییەکی باش و پتەو لە نێوان زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەدیبێت. خوێندکارانی هەرێمی کوردستان هۆگریەکی زۆریان بە خوێندن لە زانکۆکانی ئێران هەیە، بەڵام گرفتی جۆراوجۆریان هەیە کە دەبێت چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.  

"نازم دەباغ" گوتیشی: نزیکەی سێ مانگ پێش ئێستا، زانکۆی هەرێمی کوردستان نامەیەکی پێدام تاکوو بە خوێندکارانی لقی زمانی کوردی و فارسی بوورسیە بدرێت. ئەوان بۆ وانەکانی فارسی و کوردی ئامادەیی پێشکەش کردنی بوورسیان هەیە، نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا، ناوی داواکارانمان ڕەوانەی زانکۆی هەرێمی کوردستان کرد کە بە زووترین کات دەرئەنجامەکان رادەگەیێندرێت.   

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران سەبارەت بە لابردنی ناوی زانکۆکانی سنووری ئێران لە وەرگرتنی خوێندکار لە هەرێمی کوردستان گوتی: هیچ ئاگاداریی ئەم بابەتە نیم، بەڵام دەزانم کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەشوێن بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئێرانین. لە ئێستادا، 70 خوێندکاری بوورسیەی هەرێمی کوردستان لە ئێران سەرقاڵی خوێندنن و ئێمە بەتەماین کە ئەو ڕێژەیە زیادبکەین. 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران گوتی: بەداخەوە لە ڕەواڵەتدا، بۆ ناردنی خوێندکار لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران هیچ بەربەستێک بوونی نییە، بەڵام لە کردەوەدا هەندێک جار کارووبارەکان بە باشی ناچێتە پێشێ. بە بڕوای من لە سەرەتادا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و لە دواییەدا کۆماری ئیسلامی ئێران لە بابەتەدا بەشیان هەیە.

دەباغ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: زۆربەی خوێندکارەکانی ئێمە تا ئەو ڕادەیە هۆگریان بە خوێندن لە زانکۆکانی ئێران هەیە کە تەنانەت بە بوونی بەربەستەکان، خۆیان لە ڕێگای ئەنتەرنێتەوە داواکاریی پێشکەش دەکەن و لە خولە مەجازییەکان بەشداریی دەکەن یا بۆ خوێندن لە ئێران هەنگاودەنێن، بەڵام دوای هاتن بۆ ئێران گرفتیان بۆ دێتە پێشێ و ناچاردەبن کە بگەڕێنەوە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، جەختی کردەوە: یەکێک لەو گرفتە گەورانەی خوێندکارەکانی ئێمە، ڤیزای خوێندنە. ئەگەر ڤیزای خوێندن نەبێت، ڤیزای ئاسایی وەرناگیریت. بۆ نموونە هەندێک جار خوێندکاران بۆ خوێندن سەردانی ئێرانیان کردووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی ڤیزای خوێندن، نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن و هەر بەم هۆیەوە دەیانگەڕێننەوە.

 

بە شوێن دامەزراندنی لقێکی زانکۆی ئازادی ئێسلامی لە هەرێمی کوردستان

نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: چەند ساڵ پێش ئێستا بەتەمابووین کە لقێکی زانکۆی ئازادی ئێسلامی لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێک مەسەلە لە ئێران بوونە هۆی ئەوەی کە ئەم بابەتە لە ساڵانی ڕابردوو بە هێواشی بچێتە پێشێ و یا ئەسڵەن نەچێتە پێشێ. لە دانووستانەکانی ئەم دوایانەدا پێوشوێنی ئەم بابەتە دەگرم و هیوادارم کە ئەو هەلە بڕەخسێت و لقێکی زانکۆی ئازادی ئێسلامی لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنین.

 

لینکی هەواڵ:

http://ana.ir/news/414290

 

 

پێنج شەممە, 09 ئاب 2018

شارپرێس:
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق هه‌ڵوێستیان له‌به‌رامبه‌ر سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران ده‌ربڕیوه‌، به‌جۆرێك له‌ئاستی هه‌ڵوێسته‌كان له‌زۆر تونده‌وه‌ بۆ میانڕه‌و به‌دیده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیار نییه‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ دۆناڵد تره‌مپ-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا قۆناغی یه‌كه‌می گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێرانی كاراكرده‌وه‌، هۆشداریشیدایه‌ وڵاتان كه‌ مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران نه‌كه‌ن، پاش كاراكردنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران شه‌پۆلێك هه‌ڵوێستی پاڵپشتی‌و دژایه‌تی بۆ گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا، به‌ڵام تا ئێستا حزبه‌كانی باشووری كوردستان هه‌ڵوێستیان به‌فه‌رمی له‌باره‌ی ئه‌و سزایانه‌ی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران ده‌رنه‌بڕیوه‌.

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆماری ئیسلامی ئێران تایبه‌ت به‌شـارپـرێـس-ی ڕاگه‌یاند، "هه‌ڵوێستی كۆتایی هه‌رێم په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك كوردێك وایده‌بینم، ده‌بێت كورد خۆی نه‌كاته‌ قوربانیی ململانێكان، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاینده‌كه‌ی بزانێت، باشتر وایه‌ ئێمه‌ ته‌ماشای دراوسێ مێژووییه‌كانمان بكه‌ین، كه‌ ناتوانین لێیان جياببینه‌وه‌، به‌ڵام ناشبێ ببینه‌ به‌شێك له‌ساغكردنه‌وه‌ی ململانێكان".

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران، هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراقی له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران، به‌ "شه‌رمنانه‌" وه‌سفكرد، چونكه‌ ئه‌و پێی وایه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێستا حكومه‌تی عێراق بوه‌ته‌ حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر، بۆیه‌ ناتوانێت خاوه‌ن بڕیار بێت.

نازم ده‌باغ باسی له‌وه‌شكرد، له‌ڕابردوودا ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێراندا ده‌سه‌پێندران، نه‌ده‌كرا عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی پێوه‌ی پابه‌ند بن.

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچوونی وایه‌، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هه‌ڵوێستێكی جیاوازتریان نابێت له‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌به‌رامبه‌ر سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌یبوو.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌شارپرێس-ی ڕاگه‌یاند، "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م كابینه‌یه‌ی ئێستای حكومه‌تی عێراق به‌ره‌و كۆتایده‌چێت، بۆیه‌ كورد چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌كات، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی نوێش ده‌بێته‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، جا هه‌ڵوێسته‌كه‌ هه‌رچییه‌ك بێت".

پارتی دیموكراتی كوردستان جیاواز له‌یه‌كێتی بۆچونی وایه‌، "كورد ده‌بێت ده‌ست به‌كڵاوی خۆیه‌وه‌ بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی با نه‌یبات".

عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی به‌شارپرێس-ی ڕاگه‌یاند، "براده‌رانی زۆنه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كه‌ هه‌موو ڕۆژێك خۆپیشاندانیان ده‌كرد‌و ده‌یانگوت، ده‌بێت گومرگه‌ سنورییه‌كان ڕاده‌ستی حكومه‌تی عێراق بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ په‌یوه‌ست به‌په‌یوه‌ندی ئابووری نێوان عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێراندا، ئه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق لێی به‌رپرسه‌".

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی به‌تانكه‌ر له‌عێراقه‌وه‌ به‌خاكی ئێراندا ده‌ڕوات‌و ده‌فرۆشرێت عه‌لی عه‌ونی باسی له‌وه‌كرد، "هه‌رێم ڕێگه‌ی دیكه‌ی هه‌یه‌ كه‌ نه‌وتی لێبفرۆشێت".

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی بۆچونی وایه‌، "ئیشه‌كه‌ له‌ئێمه‌ گه‌وره‌تره‌‌و ئێمه‌ ژماره‌ نین له‌و بابه‌ته‌دا".

یەک شەممە, 05 ئاب 2018

نه‌وا – سالم سه‌لیم // نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران ئاشكرایدەكات، كۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی رێككەوتنی سێ‌ قۆڵی نێوان "هەرێم و عیراق و ئێران"، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر بەفەرمیكردنی مەرزەكانی پشتەو شوشمێ‌.

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بۆ رادیۆی نەوا وتی "ئاشكرایە كە چەندین مەرزی نێوان هەرێم و ئێران بە رەسمی كراونەتەوەو هاتوچۆو جوڵەی بازرگانیان تێدا ئەنجام دەدرێت و حاڵی حازریش كۆماری ئیسلامی ئێران داواكاری هەرێم و عیراقی جێبەجێكردووە لە بارەی بەفەرمیكردنی هەردوو مەرزی پشتەو شوشمێ‌، بەڵام نازانرێت كەی دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە".
نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم لە تاران راشیگەیاند، بەفەرمیكردنی ئەو مەرزانە، گرنگن بۆ بژێوی ئەو خەڵكەی لەسەر مەرزەكانن، چونكە دەبێتە هۆكاری چەسپاندنی سەقامگیری لەپێناو بەردەوامی بازرگانی و هەروەها دەبێتەهۆی رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ بێكارانی ئەو سنورانە، بە تایبەت لەم دۆخە ئابورییەی ئێستا عیراق و ئێرانی تێكەوتووە.

 

شەممە, 04 ئاب 2018
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران رەتیدەكاتەوە ئەو وڵاتە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدات و دەڵێت "ئەو لایەنانەی دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابكەوێت بەناوی ئەملا و ئەولا سیناریۆ دروست دەكەن".
 
نازم دەبباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بە وێستگە نیوزی راگەیاند "پێموایە ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا دوابكەوێت هەندێك سیناریۆ دروست دەكەن بەناوی ئەملا و ئەولا، ئەگینا بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەدەست لایەنە سیاسییەكانە".
 
سەبارەت بەوەی بۆچی هەندێك لایەن سیناریۆ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دروست بكەن، دەبباغ روونیكردەوە "پێموایە ئەو لایەنەی كە بیەوێت هەڵبژاردن دوابخات و لە ئەنجامی هەڵبژاردن بترسێت و لەكەمبوونی دەنگەكانی یان لەدروستبوونی كێشە، ئەوانە خۆیان بەشێكن لەوەی كە بیانەوێت هەڵبژاردن دوابخەن".
 
ناوبراو رەتیكردەوە كۆماری ئیسلامی ئێران دەستوەردان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات و وتی "ئێران لەگەڵ ئەوەدایە هەرچی زووە حكومەتی نوێی عیراق پێك بهێنرێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت".
 
بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، هەفتەی رابردووش لایەنەكان ناوی كاندیدەكانیان پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كرد.

 

پەڕەى 30 لەکۆى 84 پەڕەدا

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی