امروز: 3شەممە 07 ئایار 2024 برابر با 07 ئایار 2024

   وتووێژەکان

   وتووێژەکان (197)

یەک شەممە, 14 ئازار 2021

تاران ـ "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئایدیای "کوردستانی گەورە" لە ئێستادا خەونێکی گونجاو نییە، جەختی کردەوە کە ئەم ئایدیایە وەکوو خەونێکی دوور لە هزرە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئینگلیزی "تێهران تایمز" گوتی: "خەریتەی کوردستانی گەورە" شایەد خواستی تاک تاکی گەلی کورد بێت، بەڵام جێبەجێکردنی و هەروەها یەکێتی هەموو کوردەکان لە ئێستادا گونجاو نییە و زیاتر وەکوو خەونێک دەچێت؛ چونکە جوگرافیای کوردستان، بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دابەشبووە.

ڕۆژی چوارشمەمە 4ی مارسی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین نموونەی لەو پووڵە پێشنیار کراوانە ئاشکرا کرد کە بە بۆنەی سەردانی پاپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا چاپ کران. دەگوترێت کە یەکێک لەم پووڵانە خەریتەیەکی لەسەر دیزاین کراوە کە هەندێک پارێزگاکانی ئێران، تورکیا، سووریا و عێراقی لە خۆگرتووە.

ئەم پووڵە، لە ناوچەکەدا؛ بۆتە هۆی ناکۆکی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە. ئەم پووڵە، بە بۆنەی سەردانی چوار ڕۆژەی پاپ بۆ عێراق، بڵاوکراوەتەوە کە لە ڕۆژی سێیەمی خۆیدا سەردانی هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد. دەقی چاوپێکەوتنی "نازم دەباغ" لە خوارەوەدا هاتووە:

 

هەڵوێستی ڕەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو پووڵانەی کە بە بۆنەی سەردانی چوار ڕۆژەی پاپ فڕانسیس بۆ عێراق، هەرای ناوەتەوە، چییە؟

سەبارەت بەو پووڵانەی کە لەم دوایانەدا بڵاوبۆتەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە بەرپرسانی کورد، ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەم پووڵانە پێشنیاریی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و ئەم پڕۆژەیە جێبەجێی ناکریت. لەڕاستیدا، دیزاینی پووڵەکە لە لایەن هەندێک لە هونەرمەندانی مەسیحی و کریستیانی کوردستان بە وەزارەتی گواستن و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیار کرابوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسەند نەکرا.

"جووتیار عادڵ" وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بنەڕەتی و یەکێتی جوگرافی عێراقە. هەر بەم پێیە، ئەمە هەنگاوێکی تاکڕەویانەیە کە لە لایەن هەندێک کەس جێبەجێی کراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرپرسانی کوردەوە نییە و بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی باروودۆخی جوگرافی و سیاسی هەرێمی کوردستان؛ ئەم پڕۆژەیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند نەکراوە.

 

سەبارەت بە هۆکار و پێشهاتە سەرەکییەکانی کردەوەیەکی لەم چەشنە بە چ شێوەیەک بیردەکەنەوە؟

ئێمە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و هەندێک لە پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها وڵاتی ئێرانەوە کاردانەوەمان بینی. حکومەتی تورکیا ئەم کردەوەیەی سەرکۆنە کرد و وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێرانیش، هەڵوێستی تارانی بە دەوڵەتی عێراق ڕاگەیاند. هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا سەبارەت بەم پووڵە، نا’ڕەزایەتی خۆیان بە دەوڵەتی عێراق ڕاگەیاند و ئەم دژایەتیانە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕووداوانە بوو کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕوویاندا و وڵاتانی دراوسێی و هەروەها وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانیش لەم بارەیەوە، دژایەتی خۆیان دەربڕیی.

حکومەت و پارتە سیاسییەکانی تورکیا، بڵاوبوونەوەی ئەم پووڵەیان سەرکۆنە کرد و "سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە هەڵوێستی تاران بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ئەم پووڵە، ڕوونکردنەوەیدا.

لە لایەکی دیکەوە من لەوبڕوایەدام کە لە باروودۆخی ئێستادا دەبێت زیاتر چاودێریی بکەین و تەنیا لە چوارچێوەی یاسای بنە’ڕەتی عێراق، پێوشوێنی ماف و ئامانج و پێداویستییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بگرین. دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە بە پەسەندبوون و پشتیوانی وڵاتانی دراوسێی و هاوکاریی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، دەتوانین گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین. لە لایەکی دیکەشەوە، دەوڵەتی عێراق بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، دەبێت پابەندی یاسای بنە’ڕەتی ئەم وڵاتە بێت؛ ئەگەر هەمووی ئەم خاڵانە ڕچاوبگیرێت، خەڵکی کوردستان هەست دەکەن کە لە وڵاتی عێراقدا شەریک و هاوبەشن.

خەریتەی "کوردستانی گەورە" هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریای لە خۆگرتووە. ئاکامی ئایدیایەک لەم چەشنە لەسەر پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دراوسێکانی خۆی بە چ شێوەیەک دەبێت؟ بەتایبەت ئەوەی کە ئەم ئایدیایە لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی جیدیی بۆتەوە؟    

"خەریتەی کوردستانی گەورە" شایەد خواستی تاک تاکی گەلی کورد بێت، بەڵام جێبەجێکردنی و هەروەها یەکێتی هەموو کوردەکان لە ئێستادا گونجاو نییە و دەتوانم بڵێم زیاتر وەکوو خەونێک دەچێت؛ چونکە جوگرافیای کوردستان، هەر وەکوو بۆخۆتان ئاماژەتان پێکرد بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دابەشبووە. هەر کام لەم وڵاتانە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. ئەمڕۆکە، ئێمە ڕووبەڕووی باروودۆخی هەستیار بووینەتەوە کە دەبێت گرفتەکانی خۆمان چارەسەر بکەین و مافەکان و هەروەها ئاسایشی کوردەکان لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەی کە تیایدا دەژین؛ دابین بکەین و بەو دەسکەوتانە بگەین کە مافەکانی کوردەکان و ئاسایشی ئەوان لە ناوچەکەدا پارێزراو بێت. کوردەکان شەریکی ئێستای حکومەتی عێراقن و هەروەها هاوڵاتی برایانی شیعە و سوننە و عەڕەبی خۆمانین.

 

لە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت حکومەتی ناوەندی عێراق؛ کام لایەن، بەرژەوەندیی ئەوتۆی هەیە؟   

کەسانێک کە بەشوێن تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدان، زۆربەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەم گرژیانەدا دەبیننەوە. ئەم کەسانە بە گەورەکردنەوەی گرفتەکان یا گرژییەکانی نێوان کوردەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا و تەنانەت حکومەتی ناوەندی عێراق، دەیانەوێت لە ئاویی ڵێڵ ماسی بگرن و بەو شێوەیەی کە بۆخۆیان پێویستیان پێیەتی کەڵکی ئەوتۆی لێوەرگرن. بە قەبووڵکردنی باروودۆخی ئێستا، ڕێبەران و خەڵکی کوردستان نابێت ئیزن بدەن؛ دوژمنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، لە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان کەڵک وەربگرن و ببنە هۆی شڵەژاویی و دڵەڕاوکێی کوردەکان. کوردەکان لە چوار وڵاتی ناوچەکە لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا بوونیان هەیە، هەر بەم پێیە ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتانە بەیەکترییەوە بەستراوەتەوە و دراوسێی یەکترین. ئەوە بەم مانایەیە کە ڕچاوگرتنی هێمنی و ئاسایش و هەروەها جوگرافیای ئەم وڵاتانە بۆ کوردەکان بایەخی تایبەتی هەیە کە هیچ کامیان نابێت دەست لە کارووباری یەکترییەوە وەربدەن.

ئێمە دەبێت لە هەر چەشنە دەستێوەردانێک لە کارووباریی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە خۆمان بپارێزین، چونکە یەکێتی خاک و سەرهەڵدانی ئەم وڵاتانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگای بایخە و گرینگی خۆی هەیە.

 

وتووێژ لە: محەمەد مەژاری

 

لێنکی چاوپێکەوتن:

https://www.tehrantimes.com/news/459086/Greater-Kurdistan-an-impossible-dream-KRG-representative

یەک شەممە, 14 ئازار 2021

 شارپرێس: // نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بانگهێشتده‌كرێت لەبارەی ئەو پوولەی نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرەو داوای ڕونکردنەوەی لێدەکرێت، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمیش ده‌ڵێت:"ئێرانیەکان پێیان وتم نامانەوێت زۆر قسە لەسەرئه‌وه‌ بكه‌ین، بەڵام ئەوە لەسودی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم نییە".

 
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لەكۆمارى ئیسلامى ئێران لەلێدوانێکی تایبەتدا بەشارپرێسى ڕاگه‌یاند، "لەسەر بابەتی ئەو پولەی لەبەردەم پاپا فره‌نسیسدا نمایشکراو نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەربوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بانگکرام‌و لەلایەن بەرپرسی دۆسیەی عێراقەوە قسەم لەگەڵ کراو داوای ڕونکردەوەیان لێکردم".

سەبارەت بەچۆنیتی مامەڵەی بەرپرسانی ئێران لەسەر ئه‌و پرسه‌، ده‌باغ ده‌ڵێت:"زۆر بەڕێزەوە بانگهێشتیان کردین‌و پرسیاریان لێکردین؛ داوای ڕونکردنەوەیان کرد".

ئه‌وه‌شى وت:"ئێرانیەکان پێیانڕاگەیاندم نایانەوێت زۆر قسە لەسەر ئەو بابەتە بكرێت، بەڵام ئەوە لەسودی سیاسەتی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە، ئەو بابەتە دەستدرێژیکردنەسەر خاکی ئێرانە، بۆیە پێمانخۆشە ڕونکردنەوە بدەن".
 
نوێنەره‌كه‌ى حکومەتی هەرێم لەتاران باسی لەوەشکرد، "لەبەرامبەر داوای ڕونکردەوەکەدا بەوەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتمان ئەوەی کراوە کاری حکومەتی هەرێم نییە، بەڵکو گروپێکی هونەرمەند بۆ دەربڕینی هەست‌و بۆچونی خۆیان هەستاون بەوکارەو ئەو شتەیان پێشنیازکردوە بۆ وەزارەتێکی تایبەت".

دەباغ ئه‌وه‌شى وت:"بەوەزارەتی دەرەوەی ئێرانم وت، وتەبێژی حکومەتی هەرێمیش ئەوەی ڕەتکردۆتەوە کە پڕۆژەی حکومەت بێت، بەڵکو ئەوە پێشنیازێک بوە لەلایەن چەند کەسێکەوە لەوەزارەتێک، حکومەتی هەرێمیش دوپاتیکردۆتەوە کە پابەندە بەدەستوری عێراق بەڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ".

سه‌باره‌ت به‌وەڵامی بەرپرسانی ئێرانیش بۆ ڕونكردنه‌وه‌كه‌ى، نازم دەباغ وتى:"وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕونکردنەوەکەیان قبوڵکرد، بەڵام وتیشیان پەیام بەعێراق دەدەین، ئەوەبوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە باسی لەوەکرد".

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌تاران ئاماژه‌ى بەپەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو تاران كردو ڕایگه‌یاند، "پەیوەندییەکان ئاسایین‌و ڕێزێکى زۆر لەنێوان هەردولادا هەیە، بەڵام گلەیی‌و گازندە لەهەندێک کاتدا دەکرێت، ئەوەش کاتێک ڕوداوێک ڕودەدات یان هەڵوێستێک دروستدەبێت، بەڵام ئێمە وەک هەرێم هیچ کات خوازیاری ئەوەنین لەسەر هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە گرژیی‌و ناکۆکی دروستبێت لەنێوان ئێمەو تاراندا".

 

https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=187377

 

شەممە, 27 شوبات 2021

 پۆڵەتیك پرێس: // نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران دەڵێت: هێرشەكەی ئەمریكا لەسوریا چاوەڕوانكرابوو، ئەو هێرشەش هیچ كاریگەری لەسەر پەیوەندیەكانی نێوان حكومەتی ئێران و هەرێم نابێت.

ئەو قسانەی نازم دەباغ لەدای ئەوە هات، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بە چەند موشەكێكی كاتیۆشا هێرش كرایە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر، ئەمریكاش لەبەرانبەر ئەو هێرشە لە 25ی شوبات لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە هەردوو گروپی كەتائیب حیزبوڵڵا و كەتائیب ئەلشوهەدای سەر بەئێرانی لە سوریا كردە ئامانج.

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران بۆ پۆڵەتیك پرێس دەشڵێت: هێرشەكە چاوەڕوانكراو بوو، چونكە لەسەرەتاوە ئەمریكا بڕیاریدا تۆڵە لە ئەنجامدەرانی هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر بكاتەوە، دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمیش رایگەیاند ئەو كەسانەی دەستیان لەو پەلامارەدا هەبووە دەستنیشانكراون.

هەروەها دەڵێت: بەشێك لەو گومانانە ئەوە بوو ئەو كەسانە لەمەرزەكانی سوریاوە هاتبن، بۆیە ئەمریكا بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێكرد، ئەو شوێنەشی دیاریكرد، كە لەم قۆناغەی ئێستادا رەنگدانەوەی خراپی نەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا، هۆكاری هەڵبژاردنەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ تۆڵەكردنەوەی ئەمریكا لەگروپێكی نزیك لەئێران چ كاریگەرییەك دەكاتە سەر پەیوەندیەكانی نێوان ئێران و هەرێم، نوێنەری حكومەتی هەرێم دەڵێت: ئەو چالاكییە سەربازییەی ئەمریكا ئەنجامیدا پێموانییە كاربكاتە سەر نێوان پەوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵكو ئێران خۆشی ئەو كەسانەی مەحكوم كرد، كە ئەو كارەیانكرد، واتە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئەو كەسەیە، كە خاوەن بڕیار بووە لە ئەنجامدانی ئەو كارە، پەیوەندیەكانیش دەتوانێت لە شوێنی خۆیدا بێت.

بە بۆچوونی نازم دەباغ، ئەنجامدانی ئەو چالاكیە لەهەولێر نابێتە هۆی دوركەوتنەوەی هەوڵ و كۆششەكانی بۆ باشكردنی و نزیكبوونەوەی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكاش، لەهەمانكاتیشدا جۆبایدن و ئەمریكاش پابەندن بەو بەڵێنەی داویانە بەوەی لەهەر شوێنێك زەرەر لە ئەمریكابدرێت تۆڵەی خۆیان دەكەنەوە.

https://politicpress.com/36524/

 

دوو شەممە, 22 شوبات 2021

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران، میوانی شارپرێسە پەیوەندیەکانی هەرێم و تاران، دواین گۆرانکاریەکانی ناوچەکە

سێ شەممە, 16 شوبات 2021

 پۆڵه‌تیك پرێس: // نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران دەڵێت، ئامانجی هێرشەكەی هەولێر بۆ تێكدانی ئارامی هەرێمی كوردستان و تێكدانی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئێران، ئێران و ئەمریكایە.

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، له‌باره‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كانی شه‌وی ڕابردووی شاری هه‌ولێر به‌ پۆڵەتیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “بە بڕوای من لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێكە پیلان و هه‌وڵێك هەیە بۆ زیاتر قوڵكردنەوەی كێشەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و هەندێكجاریش ئێران و هەرێمی كوردستان”.

له‌باره‌ی تۆمه‌تباركردنی ئێران به‌ “ده‌ستهه‌بوون”ی له‌و هێرشه‌ موشه‌كیانه‌ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران وتی:”جاری یەكەم نیە پەنجەی ئەنجامدانی ئەو جۆرە كارانە بەرەو ڕووی ئێران رادەكێشرێت، بەڵام ئەوەی ئێمە لێی ئاگاداربووین تەنها لە بۆردومانی بارەگاكانی حزبی دیموكرات ئێران بەرپرسیاری خۆی راگەیاند، ئەوانی دیكە كە جاری سێیەمە هەولێر موشەكباران دەكرێت، دوو جارەكەی پێشوو نەیانتوانی بیسەلمێنن لە ئێرانەوە هەولێر موشەكبارانكراوە، ئەمجارەی كۆتایش بەڵگەیەكی ئاشكراو روون هەیە گروپێك ئەنجامیانداوە لەناو هەرێمی كوردستان و عێراقدا، ئەو كەسەی بەرپرسیارێتی خۆی رادەگەیەنێت سەر بە كام لایە، مەرج نیە ئەوەی شیعە بێت و ئەم كارانە ئەنجام بدات سەر بەئێران بێت”.

باسی لەوەشكرد، “بەدووری دەزانم ئەم روداوە دەستی ئێرانی تێدابێت تەنها دەستی ئەوانەی تێدایە نایانەوێت ئارامی لە ناوچەكەدا هەبێت و ئەمریكا و ئێران لەیەكدی نزیك ببنەوە، چونكە ئێستا ئەمریكا سەرۆكێكی نوێ‌ هەیە، ئه‌و وڵاته‌ و ئەوروپاش دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی پێنج كۆ یەك”.

به‌بۆچوونی نوێنه‌ره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران، هێرشه‌كانی شه‌وی دووشه‌ممه‌ كۆتا رووداو نابێت “بۆیە پێویستە بەدوای هۆكاری ئەو رووداوانەدا بگەڕێین و رێگەنەدرێت بەو كەسانەی دەیانەوێت لە ئاوی لێڵدا ماسی بگرن، زۆرگرنگە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكەوێتە ژێر كاریگەری بارودۆخی هەندێك سیاسەت لە ناوچەكەدا چونكە ئەوەی ئەو كارەی كردووە ئامانجی تێكدانی ئارامی هەرێم و تێكدانی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئێرانە، هه‌روه‌ها تێكدانی ئەو هەوڵانەیە كە دەرێت لە پێناو گەڕانەوەی ئێران و ئەمریكا بۆسەر مێزی گفتوگۆ”.

https://politicpress.com/34844/

سێ شەممە, 16 شوبات 2021

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران گوتی: هەرێمی کوردستان لە بابەتی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا چاوەڕوانی هەڵوێستی فەرمی و هەنگاویی دەوڵەتی ناوەندی عێراقە.

 

بە پێی ڕاپۆڕتی گرووپی نێودەوڵەتی ئاژانسی هەواڵنێری "ئانا"، شەوی ڕابردوو (دووشەمە 15ی فێبرییەی 2021) چەندین مووشەک ئاڕاستەی شاری هەولێر و دەورووبەریی کرا و بە چەندین شوێنی ئەوێدا تەقییەوە و بەم هۆیەوە چەندین کەسیش برینداربوون. وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕێژەی بریندارەکانی ئەم هێرشە ڕایگەیاند کە سێ کەس لەوانە یەکێک لە پاسەوانەکانی کونسوولگەری ئەمەریکا لە هەولێر لە نێو بریندارەکاندایە.  

 

ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەندێک سەرچاوە هەواڵنێرییەکان ژمارەی هاوەنەکان بە دوو دانە و هەندێکیش بە پێنج دانە هەژمار دەکەن. تەلەڤیزیۆنی "ئەلمەیادین"ی لوبنانیش لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاندووە کە هێرشەکە بە هۆی تەقینەوەی سێ قۆمپارە بووە. هێزە ئەمنییەکانیش ئەو ڕێگایانەی کە دەچنەوە سەرە فڕۆکەخانەیان بەستووە بۆ ئەوەی کە پێش لە هەر هەنگاوێکی ئەوتۆی دیکە بگرن و بە شێوەی بەربڵاو، چاودێریی هێزەکان لە دەرووبەریی فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوامە.

 

بە شوێن ئەم هێرشەدا، هەندێک سەرچاوەی هەواڵنێریی ڕایانگەیاند کە هەندێک کۆپتەری ئەمەریکی بەسەر ئاسمانی فڕۆکەخانەی هەولێردا دەسووەڕێنەوە. ئەم هێرشانە لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و بە تایبەت هەرێمی کوردستان ،مەترسی بەدواوەیە و دوای شەهیدکردنی ژنێڕاڵەکانی خۆڕاگریی "قاسم سلێمانی" و "ئەبوومەهدی ئەلمەهەندیس" و بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە، بوونە ئامانجی هێزەکانی حەشدی شەعبی و خۆڕاگری خەڵکی عێراق.  

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری بەشی ڕۆژئاوای ئاسیا و میحوەری خۆڕاگریی گرووپی نێودەوڵەتی ئاژانسی هەواڵنێری "ئانا"، گوتی: ئامادەبوونی ئەمەریکییەکان بۆ ئەمڕۆ و دوێنێ نییە و ساڵانێکە کە لە عێراق بوونیان هەیە. بەتایبەت دوای ئەوەی کە جوگرافیای هەرێمی کوردستان دوای ڕیفڕاندۆم بە پێی یاسای بنەڕەتی عێراق بووە بەشێک لە نیشتمانی عێراق و بڕیارە گشتییەکانی ئەوێی پەیوەستە بە بڕیارەکانی دەوڵەتی ناوەندی عێراق و بەغداوە.

 

گوتیشی: ئەمەریکییەکان لە شەڕ دژی گرووپی تیڕۆریستی داعش، یارمەتی هەرێمی کوردستانیاندا و هەر بەم هۆیەوە کوردەکان بوونی ئەوانیان لە هەولێر قەبووڵ کردووە. بێجگە لەوە، هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە ئامادەبوونی ئێرانییەکان لە هەولێر کردووە. خاڵێکی گرینگ ئەوەیە کە هەولێر بە هێچ شێوەیەک ئیزن نادات کە خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هێرش، مەترسی و نائەمنی بۆ دراوسێکان و بە تایبەت ئێران.

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەوڵوێستی هەولێر دەربارەی چوونەدەرەوەی هێزکانی ئەمەریکا لە عێراق، جەختی کردەوە: هەرێمی کوردستان لە بابەتی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا چاوەڕوانی هەڵوێستی فەرمی و هەنگاویی دەوڵەتی ناوەندی عێراقە.

 

دەباغ گوتیشی: سەرتاسەری عێراق، پێویستی بە هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی یەکپارچە لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە دژیی تیڕۆریستانی وەکوو داعش خەباتیان کردووە و هەروەها لە داهاتووشدا بەردەوام خەبات دەکەن.   

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: هەولێر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا هاوکاریی دەکات و دەوڵەتی ناوەندی دەبێت بە پێی یاسای بنەڕەتی مافی ڕەوای کوردەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، بەڵام تا ئێستا پشتیوانی پێویست لە کوردەکان نەکراوە.

 

لینکی هەواڵ:

https://ana.press/fa/news/33/564582/منتظر-موضع-رسمی-دولت-عراق-برای-اخراج-نیروهای-آمریکایی-از-اقلیم-کردستان-هستیم-اجازه-نمی%E2%80%8Cدهیم-اربیل-مبدأ-تهدید-ایران-شود

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی