امروز: 3شەممە 17 ئەیلول 2024 برابر با 18 ئەیلول 2024

نازم دەباغ : ئێران پەیامی بە کورد داوە نەچنە ناو بەردەئاشی ململانێی شیعە و شیعە

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایدەگەیەنێت” سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی بەرپرسی سوپای قودسی ئێرانی پاش هەوڵی تیرۆکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بوو، هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات” قائانی پەیامی ئێرانی بە هەریەک لە لایەنە عێراقییەکان و کوردستانیەکانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، پەیامی ئێران لە ڕێگای قائانیەوە بۆ لایەنە عێراقییەکان ئەوەبوو، دەبێت لایەنە عێراقییەکان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان ڕازی ببن. ”

 

”ئەم ڕۆڵەی ئێستا ئێران لە عێراق دەیگێڕێت نە تازەیە و نەکۆنە ”

لەو ڕووەوە نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” ئەم ڕۆڵەی ئێستا ئێران لە عێراق دەیگێڕێت نە تازەیە و نەکۆنە، بەشێوەیەکی گشتی بمانەوێت یا نەمانەوێت ئێران لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەمن و ئاسایشی عێراقی بە ئەندازەی ئەمن و ئاسایشی خۆی پێ گرنگە.”

دەباغ وتیشی” سەردانەکەی ئاغای قائانی لەمکاتەدا بۆ عێراق سەردانێکی گرنگ بوو چونکە هەوڵدان بۆ کارێکی قێزەونی وەک تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەک لە بەرژەوەندی ئێران نیە بەڵکو لەبەرژەوەندی هیچ کەس نیە کە کاربگاتە ئەوەی ئێران و عێراق خەڵک لەیەکتر تیرۆر بکەن.”

 

”... هاوکات بۆ ئەوەبوو پەیام بدات بەو کەسانەی خۆیان بە نزیکی ئێران تا لەبری ئێران شەڕ نەکەن لە عێراقدا ”

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە کاری ئەو گروپە چەکدارە شیعانە ناودەبرد کە بە گروپەکانی نزیک لەکۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق دەناسرێن، لەو ڕوەوە پێشتر د.مەحمود عوسمان کەسایەتی سیاسی کورد بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو.” ئەوەی لە عێراق ڕوویدا هەوڵی (تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق) چاوەڕوانکراوبوو، چونکە دوو ساڵە بە ئاشکرا ئەو گروپە چەکدارانە هەڕەشە لە کازمی دەکەن و قسەی پێدەڵێن بەڵام حکومەت هیچی بەرامبەر نەکردون، ئەو گروپانەش نایشارنەوە کە سەر بە ئێرانن، (وەک گروپەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق و حیزبوڵای عێراقی) کە هەموو کەس وای بۆ دەچێت ئەوان بن، بەڵام ئیتر نازانرێت حکومەتی عێراق دوای ئەمە کارێک دەکات یاخود بێدەنگ دەبێت و هیچی تر ناکات! چونکە ئێستا ئەو چەکدارانە لە دەوڵەتیش بەهێزترن. ”

بەڵام نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت” جگە لەوەی سەردانەکەی قائانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بووە لە عێراق پاش هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاوکات بۆ ئەوەبوو پەیام بدات بەو کەسانەی خۆیان بە نزیکی ئێران تا لەبری ئێران شەڕ نەکەن لە عێراقدا ، وە بڕیار نەدەن چونکە وەک هەمیشە ئێران وتویەتی ئێمە خۆمان دەزانین لەکوێ شەڕ دەکەین؟ بۆ شەڕ دەکەین وە بۆچی دەیکەین؟”

 

”پەیامی ئێران لە ڕێگای قائانیەوە بۆ لایەنە عێراقییەکان ئەوەبوو، دەبێت لایەنە عێراقییەکان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان ڕازی ببن ”

نازم دەباغ دەشڵێت” من زانیاری وردم لانیە لەسەر سەردانەکەی قائانی بۆ عێراق، بەڵام ئەمە لێکدانەوەی خۆمە، بەشێوەیەکی گشتی ئاغای قائانی نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەو دیو سنور لە نێویشیاندا عێراق، بۆیە ئەوەندەی من بزانم و بیخوێنمەوە، ئەوەیە دەبێت لایەنە عێراقییەکان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان ڕازی ببن، چونکە ئەمە سیاسەتێکی دروستە سبەی ئەگەر هەڵبژاردن بکرێثەوە کەواتە هەمان دەرگا بۆ لایەنەکەی تر دەکرێتەوە، بۆیە ئەم کێشمە کێشمە بەردەوام دەبێت کە لە زیانی خەڵکی عێراقە.با ڕازی بن بگەڕێنەوە بۆ ئەو سیستمە کۆنەی کە حکومەتی لە دوای 2003 ەوە پێپێکهات کە بریتیە لە سازانی لایەنەکان. ”

 

”پەیامی قائانی بۆ لایەنە کوردییەکان ”

بەپێی بەشێک لە میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان (ئیسماعیل قائانی) جگە لە بەغداد سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کردووە.

نازم دەباغ سەبارەت بە سەردانەکەی قائانی بۆ کوردستان و پەیامی بۆ لایەنە کوردییەکان وتی.” من پێم وایە هەمیشە قائانی کە چۆتە عێراق دەرفەتی هەبوبێت سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کردووە ئەمەش وەک واتای ئەوەی کوردیش بە ئەندازەی ئەو لایەنە شیعەی ئێران دەیبنیێت لەبەغداد بۆ ئێران گرنگە، بۆ پارسەنگی سیاسەت لە عێراق، پەیامی ئێرانیش بۆ کورد ئەوەیە کە کورد نەکەوێتە ناو بەردەئاشی ململانێی شیعە بەشیعە، کە شیعە بە تەوافوق و زۆرینە لەناوخۆیاندا ڕێکبکەون ئەوکات کوردیش پشتیوانی ئەو لایەنە بکات کە دەتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی شیعە و عێراق بکات. ”

 

”کورد ناتوانێت بچێتە هیچ بەرەیەک دژی بەرەکەی تر ”

بە بڕوای نازم دەباغ لە عێراقدا ئاسان نیە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کێ حکومەت پێکدەهێنێت.” چونکە ژمارەی کورسی بەتەنها بەس نیە، ڕاستە سەرکردەیەکی شیعە وەک موقتەدا سەدر وەکو کورسی، ژمارەی کورسییەکانی زۆرە، بەڵام لەبەرامبەردا چوار سەرکردەی شیعە هەن ”جا ئیتر لایەنگری ئێران بن یاخود دژ، ئەوان چوار سەرکردەن و سەنگیان زیاترە لە یەک سەرکردە.”

سەبارەت بە لایەنی کوردیش دەباغ وتی”کورد ناتوانێت بچێتە هیچ بەرەیەک دژی بەرەکەی تر بوەستێتەوە چونکە بۆ ئێمە( کورد) نە ئێران ئەو هێزەیە کە بتوانێت لە هەموو کاتێکدا پارێزگاریمان لێبکات، نە ئەمەریکا و وڵاتانی تریش ئەو هێزەن تا ئەو متمانەیان پێبکرێت و پشتییان پێ ببەسترێت، کورد دەبێت بێ لایەن بێت، دەبێت هەوڵبدات شیعە لە نێو ماڵی خۆی.”

 

https://www.dengiamerika.com/a/iraq/6308822.html

Read کد خبر: 891

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی