امروز: هەینی 19 نیسان 2024 برابر با 19 نیسان 2024

نازم دەباغ لە وتووێژی جام کوردی: ڕێکەوتنی هەولێر – بەغدا کاریگەری زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت / سەرکەوتنی هەر ڕێکەوتنێک بەندە بە ئیرادەی هاوبەشی هەر دوو لاوە

جام کوردی: // نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران جەختیکردەوە کە ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا دەبێت و بە هۆی قەیرانی دارایی ئێستاوە زیاتر کاریگەریی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.


بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم دەباغ لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ئەگەری واژۆکردنی ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق وتی: لە کاتێکدا کە حکومەتی هەرێم ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورەی دارایی بووەتەوە، ڕێکەوتن لە گەڵ بەغدا لە بنەما و لە داهاتووشدا لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەبێت.
ناوبراو وتی: هەر ڕێکەوتنێکی نێوان هەولێر و بەغدا دوو لایەنە دەبێت و ئەوەندەی حکومەتی بەغدا دێتە پێشەوە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئیرادەی جێبەجێکردنی خاڵ و بڕگەکانی نێو ئەو ڕێکەوتنەی هەبێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتی: لە پاش ڕێکەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا لە سەر خاڵە گرنگەکانی وەک نەوت و بودجە و خاڵە سنورییەکان، دەکرێت کە پرسی ناوچە کێشە لە سەرەکانیش لە چوارچێوەی دەستووردا بخرێتە سەر مێزی دانوستانی نێوان هەر دوو لا.

دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:

هەموو ئاماژەکان باس لە ئەگەری ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن، وەزیری ناوخۆی عێراق لە سەردانەکەی بۆ هەولێر ئامادەیی حکومەتەکەی مستەفا کازمیی بۆ ئەو مەبەستە پیشاندا، هاوکات میدیا عێراقییەکانیش باس لە ئەگەری واژۆکردنی ئەو ڕێکەوتنە لە پاش پشووەکانی جەژن دەکەن. بەڕێزتان کاریگەری ڕێکەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی هەولێر و بەغدا لە سەر هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟
بە دڵنیاییەوە کە ڕێکەوتن هەنگاوێکی زۆر باش و ئەرێنییە بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی گەورەدایە، عێراقیش هەمان کێشەی هەیە بەڵام وەک دەوڵەتێک لە ڕێگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان توانای چارەسەرکردنی لە ڕێگای قەرزی دەرەکی و کۆمەڵە ڕێکارێکی دیکەوە هەیە، حکومەتی هەرێم ئەو توانایەی نییە. هەر بۆیە من پێم وایە کە ئەو ڕێکەوتنە گەر بکرێت لە بنەمادا و بۆ داهاتووش لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

ئایا دەتوانین بڵێین کە مستەفا کازمی دەبێتە یەکەم سەرۆک وەزیران کە بە شێوازێکی گشتگیر کۆتایی بە بەشێکی زۆر لە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند دێنێت؟
ئەم ڕێکەوتنە دوو لایەنەیە و یەک لایەن بە تەواوی ناتوانێت بڕیار بدات، کاتی خۆی بۆ مالیکی و عەبادی وابوو، تەنانەت لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی بە تەواوکراومان زانی، لە گەڵ کازمیش بە هەمان شێوە. ئەم ڕێکەوتنە پەنجا پەنجا دەبێت. هەر لایەنێک لەم ڕێکەوتنەدا هەنگاو بەرەو پێش بنێت ئەگەر لایەنی بەرامبەری جێبەجێی نەکات چی پێدەکرێت. دەڵێن کە سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆمەڵە پێشنیارێکی خستووەتە بەردەم حکومەتی هەرێم، بەڵام ئایا هەولێر پێی ڕازی دەبێت یان نە.

 

مستەفا کازمی دەڵێت کە دەمانەوێت عێراق لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دوور بخەینەوە و پێگەی عێراق بگەڕێنینەوە. بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەولێر و بەغدا تا چەندە لە مسۆگەربوونی ئەو ئامانجەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاریگەریی دەبێت؟
حیزب و لایەنە سیاسییەکان تا ئێستا لارییان لەو درووشم و لێدوانانە نییە کە دراوە، گرنگ ئەوەیە کە تا چەندە جێبەجێ دەکرێت. کە بڕیاری ڕێکەوتن درا بەشێک لەم سیاسەتانە چارەنووست دەبەستێتەوە بە سیاسەتی حکومەتی ناوەندی عێراقەوە، لە چوارچێوەی دەستوور، واتە حکومەتی هەرێم ناتوانێت وەک سەردەمی پێش ڕیفراندۆم بە ویستی خۆی هەنگاو بنێت، هەرێم لە ڕووی سیاسەتی دارایی، دەرەوە و سەربازی لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتییەکانی عێراقدا دەبێت.

 

دەبینین کە لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر باس لە پرسی بودجە، داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان دەکرێت، پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان وەک خاڵێکی ناکۆکی نێوان هەرێم و ناوەند لەم ڕێکەوتنەدا چۆن دەبێت؟
پرسی ناوچە کێشە لە سەرەکان بووەتە بەشی دووەمی وتووێژەکان، کە هەرێم و ناوەند لە سەر خاڵە گرنگەکانی دیکە بگەنە ڕێکەوتن، ئەو پرسەش لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەخرێتە سەر مێزی دانوستان.
کۆتایی/.

 

http://jamekurdi.com/report-and-discussion/%DA%95%DB%8E%DA%A9%DB%95%D9%88%D8%AA%D9%86%DB%8C-%D9%87%DB%95%D9%88%D9%84%DB%8E%D8%B1-%E2%80%93-%D8%A8%DB%95%D8%BA%D8%AF%D8%A7-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DB%8C%DA%AF%DB%95%D8%B1%DB%8C-%D8%B2%DB%8C%D8%A7%D8%AA%D8%B1%DB%8C-%D8%A8%DB%86-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%AF%DB%95%D8%A8%DB%8E%D8%AA-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DA%A9%DB%95%D9%88%D8%AA%D9%86%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1-%DA%95%DB%8E%DA%A9%DB%95%D9%88%D8%AA%D9%86%DB%8E%DA%A9-%D8%A8%DB%95%D9%86%D8%AF%DB%95-%D8%A8%DB%95-%D8%A6%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D8%AF%DB%95%DB%8C-%D9%87%D8%A7%D9%88%D8%A8%DB%95%D8%B4%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%88-%D9%84%D8%A7%D9%88%DB%95.html

Read کد خبر: 799

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی