امروز: 1شەممە 24 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

نازم ده‌باغ: ئه‌م فیدراڵییه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران داڕێژراوه‌ و حاجی قاسم دایڕشتووه‌

به‌شى دووه‌م
رووداو - هه‌ولێر
 
نازم ده‌باغ، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لە تاران له‌ به‌شى دووه‌مى ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ى (رووداو) زانیاریى زیاتر له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیى كورد و قاسم سوله‌یمانى، فه‌رمانده‌ى پێشووى فه‌یله‌قى قودسى ئێران ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت له‌دواى ریفراندۆم و رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ كورد دروستكرد. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كه‌ ئێرانییه‌كان پێیانڕاگه‌یاندووه‌ ئه‌و دوو مووشه‌كه‌ى ئاراسته‌ى هه‌ولێر كران له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ نه‌بووه‌ و ده‌شڵێت "حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌زانێ كێ ئه‌و كاره‌ى كردووه‌".
 
رووداو: له‌ دوای ریفراندۆم و رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و ئێران هه‌بوو، تۆ ئاگاداری ئه‌مه‌ بووی؟
 
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ من پێموایه‌ نزیكبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارتی بوو، به‌تایبه‌تیش حاجی خۆی دانیشتنی تایبه‌تی كردووه‌، هه‌وڵدرا په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایی بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ ئێران بڕوای به‌وه‌ نییه‌ دژایه‌تی گه‌لى كورد بكات. له‌ عێراقدا ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌ هاوپه‌یمانیى كورد و شیعه‌یه‌، هاوپه‌یمانیى زۆرینه‌ى شیعه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی كورد بكات كه‌ بریتین له‌ یه‌كێتی و پارتی، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ سوننه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نه‌بێ، ناتوانرێ هاوسه‌نگی له‌ عێراق بپارێزرێ.
 
رووداو: تۆ ئاگادارى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بوویت؟
 
نازم ده‌باغ: ئاگادار نیم كه‌ بڵێ وا ده‌چم بۆ ئه‌وێ. پێش نەخۆشکەوتنی مام جه‌لال ته‌یاره‌كه‌ی حاجی قاسم له‌ سلێمانی ده‌نیشته‌وه‌، به‌ڵام له‌ دوای نەخۆشکەوتنی مام جه‌لال، ته‌یاره‌كه‌ی له‌ هه‌ولێر ده‌نیشته‌وه‌.
 
رووداو: بۆچوونی حاجی قاسم له‌سه‌ر پارتی چی بوو؟
 
نازم ده‌باغ: هه‌میشه‌ بۆچوونی له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان باش بووه‌ و به‌پێویستی زانیوه‌ حیزبه‌كان ته‌با بن. به‌تایبه‌تیش هه‌میشه‌ پێی باش بوو یه‌كێتی و پارتی په‌یوه‌ندییه‌كانیان باش بێ.
 
رووداو: بۆچوونى له‌سه‌ر مام جه‌لال چی بوو؟
 
نازم ده‌باغ: هه‌میشه‌ به‌ پیاوێكى مه‌رد و نیشتیمانپه‌روه‌ر و دڵسۆز و راستگۆ و به‌ وه‌فاى ده‌زانی. حاجى قاسم ده‌یگوت ئه‌و مام جه‌لاله‌م بۆیه‌ خۆشده‌وێ چونكه‌ له‌لاى ئه‌مریكییه‌كان تا سه‌ر ئێسقان به‌رگرى له‌ ئێرانییه‌كان ده‌كات، له‌لاى ئێمه‌ش تا سه‌ر ئێسقان به‌رگری له‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌كات. ده‌یگوت نه‌ك وه‌كو هه‌ندێك كه‌س، لاى من قسه‌ به‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌ڵێت و له‌لاى ئه‌وانیش قسه‌ به‌ ئێران ده‌ڵێت. 
 
رووداو: ئه‌ی بۆچوونی له‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی چی بوو؟
 
نازم ده‌باغ: كاك مه‌سعودی به‌ پیاوێكی راستگۆ ده‌زانى. وه‌ك گوتم یه‌كێك بوو له‌و سه‌ركردانه‌ى به‌ كاریزماى ده‌زانى.
 
رووداو: ئه‌ى رای له‌سه‌ر نێچیرڤان بارزانى چى بوو؟
 
نازم ده‌باغ: كاك نێچیرڤانی خۆشده‌ویست.
 
رووداو: له‌ هیچ دانیشتنێكى قاسم سوله‌یمانی و نێچیرڤان بارزانیدا به‌شداربووى؟
 
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ، له‌سه‌ر یه‌ك مێزیش نانمان خواردووه‌ له‌ ئێران. جاری وا هه‌بووه‌ كاك نێچیرڤان هاتووه‌ بۆ ئێران به‌ كاك عه‌بدوڵڵا ئاكره‌ییم گوتووه‌ بۆم روون بكه‌وه‌ وه‌كو سه‌رۆكی حكوومه‌ت هاتووه‌ یان جێگری سه‌رۆكی پارتی، ئه‌گه‌ر وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت هاتووه‌، پێشم نه‌ڵێى دێم بۆ كۆبوونه‌وه‌، چونكه‌ من نوێنه‌ری حكومه‌تم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك پارتی هاتووه‌ بانگیشم بكات نایه‌م، چونكه‌ نامه‌وێ سبه‌ی شتێ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ربچێ و بڵێن نازم بووه‌. من بۆ مام جه‌لالیش دانیشتن هه‌بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی مام جه‌لال پێم بڵێ خۆم هه‌ستاوم رۆیشتووم، گوتوویه‌تی بۆ ده‌ڕۆی؟ گوتوومه‌ زۆر تایبه‌ته‌ به‌ خۆتان. حاجی قاسم و كاك نێچیرڤان و عادل عه‌بدولمه‌هدی دانیشتوون، منیش له‌وێ بووم، مۆڵه‌تم وه‌رگرتووه‌ و چوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.
 
رووداو: به‌ كوژرانى حاجى قاسم، ده‌ستی ئێران له‌ عێراق كورت ده‌بێته‌وه‌، یان كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و سه‌ركرده‌ی دیاری حه‌شدی شه‌عبی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، زیاتر شیعه‌كانی عێراق له‌ ئێران نزیك ده‌كاته‌وه‌؟
 
نازم ده‌باغ: من به‌شبه‌حاڵی خۆم به‌ حاجی قاسم ناڵێم كوژراو، ده‌ڵێم شه‌هید، چونكه‌ پیاوێكی موجاهید بووه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی، ئه‌گه‌ر بڵێین كاریگه‌ری نییه‌ هه‌یه‌تی. چونكه‌ ئه‌م پیاوه‌ له‌ سه‌ره‌تای وه‌رگرتنى ئه‌ركه‌كه‌ى تا ئه‌و كاته‌ی شه‌هید بووه‌، ئاگاداری هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و تێكه‌ڵاوییه‌ك و په‌یوه‌ندییه‌ك بووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى كورد، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ مام جه‌لال و كاك مه‌سعود، بۆیه‌ كابرایه‌كی دیكه‌ كه‌ دێته‌ جێگاكه‌ی ئه‌گه‌رچی ده‌گوترێ جێگر، به‌ڵام باوه‌ڕكه‌ من له‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ حاجی قاسم نه‌مبینیوه‌، شه‌خسی نایناسم و دانیشتنم له‌گه‌ڵی نه‌بووه‌.
 
رووداو: جێگره‌وه‌ی حاجی قاسم ده‌توانێ وه‌ك ئه‌و له‌ كورد نزیك بێ؟
 
نازم ده‌باغ: پێموایه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ده‌توانێ، حاجی قاسم چۆن سه‌ره‌تا بوو به‌ خاوه‌نی ئه‌وه‌؟ خۆ سه‌ره‌تا كه‌سی نه‌ده‌ناسی. هه‌موو كه‌س بیه‌وێ ئیشی باش بكات، ده‌توانێ.
 
رووداو: بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ قاسم سوله‌یمانی رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی جاروبار له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی دروست ده‌بوون، چونكه‌ به‌لای ئێرانه‌وه‌ كوردستانێكی سه‌قامگیر گرنگتر بووه‌ له‌ كوردستانێكی نائارام، به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت قاسم سوله‌یمانی هه‌رگیز له‌گه‌ڵ كوردستانێكی به‌هێزدا نه‌بووه‌، چونكه‌ ترسی هه‌بووه‌ له‌ جیابوونه‌وه‌ی كورد له‌ عێراق، كام بۆچوونه‌یان رێی تێده‌چێ‌ له‌ڕاستییه‌وه‌ نزیك بێ؟
 
نازم ده‌باغ: دوو شت هه‌یه‌، یه‌كه‌میان بڵێین ترسی نه‌بووبێ، ترسی هه‌بووه‌، بۆ؟ ئه‌وه‌تا نموونه‌ى ریفراندۆممان هه‌یه‌، له‌ ریفراندۆمیشدا زۆری ئاگاداركردینه‌وه‌ كه‌ نه‌یكه‌ین، به‌ڵام له‌ دوای ریفراندۆمیش باشترین په‌یوه‌ندی دروست كرد.
 
رووداو: كه‌واته‌ قاسم سوله‌یمانی ترسی جیابوونه‌وه‌ی كوردستانی له‌ عێراق هه‌بوو؟
 
نازم ده‌باغ: بڵێین ترسی نه‌بووه‌ هه‌یبووه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌و رۆڵه‌شی هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی دروست بووه‌، چ له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتی و هه‌تا حیزبه‌كانی دیكه‌ له‌ بابه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، حیزبی سۆشیالیست و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی. ته‌نانه‌ت له‌مدواییه‌ گۆڕانیش، له‌گه‌ڵ هه‌مووان ئه‌و هه‌وڵه‌ی هه‌بووه‌. له‌سه‌ر ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ی كه‌ كوردستانێكی سه‌قامگیر بۆ ئێران دراوسێیه‌كی باش ده‌بێ.
 
رووداو: واته‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ كوردستانێكى به‌هێزدا بوو؟
 
نازم ده‌باغ: دوو به‌هێز هه‌یه‌، ئه‌و به‌هێزییه‌ى رامانده‌كێشێ بۆ ریفراندۆم، یان ئه‌و به‌هێزییه‌ی رامانده‌كێشێ بۆ پارێزگاری له‌و ئه‌زموونه‌ى هه‌مانه‌. حه‌ز ده‌كه‌م بۆ مێژوو شتێكت پێ بڵێم، ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و پێیده‌گوترێ فیدراڵیزم، له‌ تاران داڕێژراوه‌. ئه‌و حاجی قاسمه‌ دایڕشت و به‌ پشتیوانیی ئه‌و بوو. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م من به‌شدار بووم، مام جه‌لال بوو له‌گه‌ڵ سەید محەممەد باقر حه‌كیم. بۆ كوردی سووریاش من نوێنه‌ری یه‌كێتی بووم له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ و پارتیشی تێدا بوو، عه‌بدولحه‌كیم به‌شار و ساڵح موسلیمیش هاتن بۆ تاران، چ به‌رنامه‌یه‌كیان بۆ به‌ره‌ی كوردستانی له‌ عێراق دانا هه‌مان به‌رنامه‌یان بۆ سووریاش دانا، به‌داخه‌وه‌ تێكچوو.
 
رووداو: ئێران بۆ به‌رنامه‌ بۆ باشوور و رۆژئاوا داده‌نێ، بۆ به‌رنامه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دانانێ؟
 
نازم ده‌باغ: وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ جارێ له‌لاى ئێمه‌ نییه‌. به‌س ئه‌وه‌نده‌ ده‌توانم بڵێم كه‌ ته‌جروبه‌ی حاجی قاسمیش ئه‌وه‌ی سه‌لماند، له‌ ئێران ئێرانچێتی هه‌یه‌، واته‌ كوردێك یان بلوجێك یان عه‌ره‌بێك یان ئازه‌رییه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی ئێرانچێتى ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ ناكاته‌وه‌، كوردیش وایه‌.
 
من رێزم بۆ هه‌موو براده‌رانی كوردی ئێران هه‌یه‌، به‌ڵام حزووریان به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نییه‌، چونكه‌ تۆ ده‌بێ خۆت فه‌رز بكه‌ی، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ت كرد دوژمن ناتوانێ فه‌رامۆشت بكات، بۆ نموونه‌ په‌یه‌ده‌ له‌ سووریا به‌م سیاسه‌ته‌ ناوچه‌كانی كوردستانیان پاراست له‌ تیرۆر، مه‌وقیعێكی جوگرافیی سیاسییان دروستكرد، خه‌ڵك ناتوانێ فه‌رامۆشیان بكات. ئه‌وانه‌ى رۆژهه‌ڵات تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ یه‌كگرتوو بن. بۆ نموونه‌ حیزبى دیموكرات له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى وه‌ك خۆى مابایه‌وه‌، ئێستا بووه‌ته‌ سێ حیزب.
 
رووداو: ده‌گوترێ‌ زۆرجار مام جه‌لال و كاك مه‌سعود به‌ قاسم سوله‌یمانییان گوتووه‌ "نا"، ئه‌و قبوڵی كردووه‌، له‌به‌رچی قبوڵی ده‌كرد، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ قاسم سوله‌یمانییان ده‌گوت "نا"؟ زۆرجار چاره‌نووسێكی خراپ چاوه‌ڕێی ده‌كردن..
 
نازم ده‌باغ: حاجی قاسم پیاوێكی موئه‌ده‌ب بوو، له‌ زۆر كۆبوونه‌وه‌ دانیشتووه‌ چ به‌ ته‌نیا چ  له‌گه‌ڵ شانده‌كانی حكومه‌ت، گوێگر بوو، قسه‌كانی كۆده‌كرده‌وه‌، بۆچوونێكى ده‌دا، ده‌تتوانی بۆچوونه‌كه‌ى راسته‌وخۆ وه‌ربگری، چونكه‌ له‌ هه‌مووى تێده‌گه‌یشت. به‌ كورتی و پوختی قسه‌ی ده‌كرد، له‌ هه‌مانكاتیش بۆ نموونه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ى ریفراندۆم، من خۆم گوێم له‌ حاجى قاسم بوو گوتى من گله‌یی له‌ كاك مه‌سعود ناكه‌م بۆ ریفراندۆم، پێمگوت: مه‌یكه‌. گوتی: ده‌یكه‌م. گوتمان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ی. گوتی: با بیكه‌م، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ یه‌ك له‌ (نا)یه‌كان بوو، به‌ڵام باسى خه‌ڵكی دیكه‌ی  كرد كه‌ به‌ڵێنیان پێدابوو به‌شدارى له‌ ریفراندۆم نه‌كه‌ن و كه‌چى كردیشیان.
 
رووداو: باسی نامه‌یه‌كی قاسم سوله‌یمانی ده‌كرێ كه‌ كاتى خۆى بۆ مام جه‌لال و كاك مه‌سعودی ناردووه‌، گوتوویه‌تی ئه‌گه‌ر بتانه‌وێ نووری مالیكی لابده‌ن لێتان قبوڵ ناكه‌م..
 
نازم ده‌باغ: دوو نامه‌ بوون. یه‌كێك بۆ مام جه‌لال و یه‌كێكیش بۆ كاك مه‌سعود. هه‌ردوو نامه‌كه‌ من گه‌یاندمن. كه‌ نامه‌كه‌م دایه‌ مام جه‌لال، گوتی نازم هه‌ر خۆشت بیبه‌ بۆ كاك مه‌سعود.
 
رووداو:  نامه‌كه‌ چى تێدابوو؟
 
نازم ده‌باغ: هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى تێدا نه‌بوو. نه‌خشه‌ڕێگه‌ى تێدا بوو، قسه‌كه‌ی وابوو گوتی ئه‌گه‌ر مالیكیش بگۆڕن به‌ ساڵێكی دیكه‌ حكومه‌تتان بۆ پێكنایه‌ت. ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی موقته‌دا سه‌در و كاك نێچیرڤان بارزانى له‌ تارانه‌وه‌ موقته‌دا سه‌دری هێنایه‌ هه‌ولێر، ئه‌و رۆژه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی له‌ هه‌ولێر مام جه‌لال و موقته‌دا و كاك مه‌سعود له‌وێ دانیشتبوون، بڕیار درا متمانه‌ له‌ مالیكی وه‌ربگیرێته‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی له‌وێ بووم.
 
رووداو: هه‌ندێك له‌ شرۆڤه‌كاران (ئیسماعیل قائانی) به‌ مه‌ترسی ده‌زانن بۆ كورد، چونكه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورد نییه‌، ره‌نگه‌ وه‌كو قاسم سوله‌یمانیش نه‌بێ‌ كه‌ له‌ زۆر وێستگه‌دا له‌ كوردی قبوڵ كردووه‌، تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دای به‌و رادده‌یه‌ توند بێ‌؟
 
نازم ده‌باغ: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كاك نێچیرڤان بۆ ده‌توانێ ببێته‌ جێگری كاك مه‌سعود! ئه‌و كابرایه‌ش كه‌ جێگری حاجی قاسمه‌ حه‌تمه‌ن ده‌بێ لێی راببینرێ. ئه‌و ئه‌رشیفه‌ی كه‌ حاجی ئاماده‌ی ده‌كات له‌ جێگره‌وه‌ ده‌چێ بۆ كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ى ئێران. نامه‌كان كه‌ له‌ فه‌رمانده‌ی قودس چووه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت به‌ ئیمزای قائانی بووه‌.
 
دواتر بۆ به‌ مه‌ترسی بزانرێ! من یه‌ك شت ده‌ڵێم و به‌رپرسم له‌و قسه‌یه‌، به‌و ئه‌زموونه‌ى كه‌ چه‌ند ساڵه‌ له‌ ئێران هه‌مه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری حاجین، پیاوی راستگۆن و رێزی تایبه‌تیان بۆ كورد هه‌بووه‌. بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌میش وابێ، چونكه‌ كورد فاكته‌رێكه‌ ناتوانی ده‌ستبه‌رداری بی، ده‌بێ له‌گه‌ڵی بی.
 
رووداو: رایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا به‌ده‌ستی ده‌هات له‌ رێگه‌ی قاسم سوله‌یمانی بوو، ئایا به‌ نه‌مانی قاسم سوله‌یمانی، كورد ده‌توانێ‌ وه‌كو جاران خاڵ له‌ به‌غدا وه‌ربگرێ‌؟
 
نازم ده‌باغ:  هه‌مووی له‌ رێگه‌ى ئه‌و نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ پشتیوانیی ئه‌و بووه‌، به‌ پشتیوانى وڵاتانی دیكه‌ بووه‌. له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌م ئه‌زموونه‌ى هه‌رێمی كوردستانه‌. له‌وه‌ش گرنگتر ته‌نیا شتێك كه‌ ده‌توانێ پارێزگاری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد بكات یه‌كبوونی نێوماڵى كورده‌.
 
رووداو: هه‌م به‌رپرسانی سوپا و ده‌وڵه‌ت، هه‌م رۆژنامه‌كانی ئێران ته‌نیا باسیان له‌ مووشه‌كبارانكردنی بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د كرد، باسیان له‌و دوو مووشه‌كه‌ی هه‌ولێر نه‌كرد، تۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌كت له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی كرد كه‌ ئامانجیان له‌و دوو مووشه‌كه‌ی هه‌ولێر چی بووه‌؟
 
نازم ده‌باغ: ئه‌وه‌ی به‌ من راگه‌یه‌نراوه‌ و له‌ رۆژی یه‌كه‌م په‌یامیشم بۆ حكومه‌ت نارد، به‌ منیان گوت و ناوی به‌رپرسه‌كه‌شم هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كێیه‌. گوتیان ئه‌و مووشه‌كانه‌ی بۆ هه‌ولێر هاتوون مووشه‌كی ئێمه‌ نین، سوپا ده‌ڵێ هیچى هى ئێمه‌ نییه‌. لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیاره‌ كێ ئه‌و كاره‌ى كردووه‌.
 
رووداو: هه‌ندێك له‌ شرۆڤه‌كاران وای لێكده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و دوو مووشه‌كه‌ په‌یامێك بووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌گه‌ر بچنه‌ به‌ره‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ ئێوه‌ش پارێزراو نابن..
 
نازم ده‌باغ: ئێران خۆی په‌یامی بۆ ئێمه‌ ناردووه‌ كه‌ عێراق به‌ هه‌رێمیشه‌وه‌، یه‌كه‌یه‌كی سیاسی و جوگرافی و نیزامییه‌، جیاوازیى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و عه‌ین ئه‌سه‌د نییه‌. بڕیاری په‌رله‌مان هه‌موو عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌.
 
من ناچارم، وه‌ك نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم حیساب بۆ په‌یامه‌كه‌ بكه‌م. شاره‌زاییم له‌سه‌ر توانای مووشه‌كه‌كانی ئێران نییه‌. مووشه‌كه‌كانی هه‌م له‌ ئارامكۆ، هه‌م له‌ فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كان كه‌ خستیان، هه‌تا ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ عه‌ین ئه‌سه‌دیان داوه‌، روونه‌ ناكرێ مووشه‌كێك ئه‌وه‌نده‌ دوور له‌ ئامانجه‌كه‌ى بكه‌وێته‌ خواره‌وه‌. یان دوو مووشه‌كه‌ یه‌كێكیان نه‌ته‌قێ، شتی وا ده‌بێ؟! ئه‌گه‌ر بۆ تۆقاندنیش بێ ئه‌وه‌ شتێكی دیكه‌یه‌، چونكه‌ سیاسه‌ت دایك و باوكی نییه‌.
 
رووداو: له‌دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، میدیای ئێرانی هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، رۆژنامه‌ی كه‌یهان هه‌واڵێكی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان مه‌سروور بارزانی و مایك پۆمپه‌یۆ بڵاوكرده‌وه‌، دواتریش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌واڵه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، میدیای ئێرانی بۆچی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئامانج ده‌گرێ‌؟
 
نازم ده‌باغ: به‌داخه‌وه‌ من ده‌ڵێم به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان زۆر به‌ دره‌نگ هاتنه‌ ده‌نگ، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و له‌ ئێران كرا، بۆ ئیمام خومه‌ینیش نه‌كرا، چونكه‌ حاجی قاسم ببووه‌ ره‌مزێك بۆ ئه‌و ئێرانییه‌ پاكه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوور به‌رگریی له‌ ئێران ده‌كرد. دووه‌م كه‌سێكى گه‌نده‌ڵ نه‌بووه‌، سه‌روه‌تی كۆنه‌كردووه‌ته‌وه‌. خاڵێكی دیكه‌ش كه‌ گرنگه‌، حاجی قاسم له‌ هیچ كێشه‌یه‌كی ناو ئێران تێوه‌نه‌گلاوه‌، دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نه‌بووه‌. چونكه‌ ئیشه‌كه‌ی ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوور بووه‌.
 
رووداو: كه‌واته‌ هۆكاری هێرشی میدیای ئێرانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌رێمى كوردستان هاوسۆز نه‌بوو؟
 
نازم ده‌باغ: هه‌ڵوێسته‌كه‌ی كه‌م بوو. پێموایه‌ هه‌رێمى كوردستان غه‌دری له‌ قاسم سوله‌یمانی كرد. جا حه‌ز ده‌كه‌ی كاك مه‌سعود، كاك مه‌سروور و كاك قوباد لێره‌ گوێیان لێبێ، بۆچی؟ بۆ نموونه‌ له‌ نامه‌ی یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌كاندا ده‌ڵێ حاجى قاسم له‌ رووداوێكدا بووه‌ قوربانی. ئێ ئه‌گه‌ر حاجی قاسم له‌ رێگای سه‌فه‌ر و گه‌ڕانیش ئۆتۆمبێله‌كه‌ى وه‌رگەڕابا! نابێ وا بنووسى. به‌داخه‌وه‌، كاك مه‌سعود و كاك مه‌سروور هه‌ر قسه‌یان نییه‌ و په‌یامیان نییه‌ تا ئێستا، نه‌شمبیستووه‌ په‌یامیان ناردبێ، ئینشائه‌ڵڵا قسه‌كه‌م وا نه‌بێ.
 
رووداو: قاسم سوله‌یمانی به‌ ئه‌ندازیاری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان حیزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌كان داده‌نرێ‌ كه‌ ئه‌وان كێشه‌ بۆ ئێران دروست نه‌كه‌ن و ئێرانیش كاری به‌وان نه‌بێ‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت خۆت له‌ هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ی (همشهری جوان) ئاماژه‌ت به‌وه‌دابوو كه‌ سوله‌یمانی بووه‌ هۆی سه‌رگرتنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌، به‌ نه‌مانی قاسم سوله‌یمانی چاره‌نووسی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ چی ده‌بێ‌؟
 
نازم ده‌باغ: له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی په‌یوه‌ندی یه‌كێتی و ئێران له‌ ساڵی 1985 ، له‌ زۆربه‌ی دانیشتنه‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامی و یه‌كێتی به‌شداربووم. یه‌كێتى له‌گه‌ڵ ئێران رێككه‌وتووه‌ كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ن، حكومه‌تى عێراق ئه‌وانى هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنی كورد هێناونى، ناكرێ ده‌ریانبكه‌ین، بۆیه‌ وه‌ك میوان وه‌ریانده‌گرین، به‌ڵام ده‌بێ رێككه‌وتنێك بكرێ نه‌ ئێوه‌ له‌ ناوچه‌ی ئێمه‌ په‌لاماریان بده‌ن نه‌ ئه‌وانیش له‌ ناوچه‌ی ئێمه‌ په‌لاماری ئێوه‌ بده‌ن، ئه‌م رێككه‌وتنه‌ كرا. ئه‌وه‌ی سه‌ركێشی كرد موجاهیدینی خه‌لق بوو كه‌ له‌ گوندى سه‌فره‌ و زه‌روون بوون. چوومه‌ لایان و قسه‌م له‌گه‌ڵ كردن زۆر بێمنه‌ت قسه‌یان كرد، منیش هۆشداریم دانێ و گوتم ده‌بێ له‌ ماوه‌ى 24 سه‌عات ئێره‌ جێبهڵێن. كه‌ رۆیشتن هه‌موو باره‌گاكانیان ته‌قانده‌وه‌، ته‌نانه‌ت چه‌ندین به‌یاننامه‌یان له‌ پاریس له‌دژى من ده‌ركرد. كه‌ چوومه‌ پاریس و داواى مافى په‌نابه‌ریم كرد، به‌ هه‌فته‌یه‌ك وه‌رمگرت، چونكه‌ پێویستم به‌ ئیسپات نه‌بوو، بوو به‌ خێر بۆ من، دوای ئه‌وه‌ چه‌ندینجار شه‌ڕ بوو له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان. ئاخر شت له‌ ناوچه‌ی جاسووسان بوو. له‌وێش ئه‌و شه‌ره‌فه‌م هه‌بوو وه‌ك ناوبژیوانێك، رێككه‌وتنه‌كه‌ كرا. ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش به‌ پشتیوانی حاجی قاسم بوو.
 
رووداو: دواى نه‌مانى قاسم سوله‌یمانى رێككه‌وتنى نێوان ئێران و حیزبه‌كانى رۆژهه‌ڵات به‌رده‌وام ده‌بێ؟
 
نازم ده‌باغ: ئێران موئه‌سه‌سه‌یه‌، واته‌ حاجی قاسم تاكێك نییه‌ بێت ئه‌مه‌ بكات له‌ پێناوی وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام وه‌ك ئامرازێكه‌ له‌ بواری جێبه‌جێكردن. چه‌ندینجار له‌ به‌رپرسی باڵا گوێم لێبووه‌ كه‌ ده‌ڵێ سیاسه‌تی ئێمه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئێمه‌ به‌رنامه‌كه‌ى داده‌ڕێژین، به‌ڵام جێبه‌جێكار حاجى قاسمه‌. خۆشی ئه‌ندام بوو له‌و شوێنه‌ی بڕیاری لێ داده‌ڕێژرا.
Read کد خبر: 771

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی