امروز: 4شەممە 27 ت دووەم 2024 برابر با 27 تشرینی دووەم 2024

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له وتووێژ له‌گه‌ڵ "ساعت ٢٤" : به‌شداری ئێران له بازاڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان دابه‌زیوه/ تورکیا زیره‌کانه جووڵایه‌وه

ساعت ٢٤- عێراق وه‌کوو وڵاتێکی دراوسێ، دوای رووخانی سه‌دام ئاڵوگۆڕی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و بووه‌ته یه‌کێک له دۆستانی ئێران له ناوچه‌که. له ئێستادا عێراق، سه‌ره‌کیترین بازاڕی شتومه‌کی هه‌نارده‌کراوی ئێرانه. له‌م نێوانه‌شدا کوردستانی عێراقیش پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه چونکه له کرده‌وه‌دا ئه‌م هه‌رێمه یه‌کێکه له سه‌ره‌کیترین ده‌رگاکانی ئێران بۆ بازاڕی عێراق. به پێی گرنگی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌کانی نێوان ئێران و عێراق و به پێی ئاستی هاوکارییه‌کانی نێوان ئێران و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له بواری ئابووریدا، له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئابووری هه‌رێم و هاوکاری ئێران و هه‌رێم وتووێژمان کردووه. 

 

دوای رووخانی حکومه‌تی سه‌دام، به پێی ده‌ستووری نوێی عێراق، هه‌رێمی کوردستان توانی له چوارچێوه‌ی عێڕاقی نوێ‌دا، حکومه‌تێکی خۆجێی پێک بێنێت. بینیمان که هه‌رێم به خێرایی به‌ره‌و ئابوورییه‌کی کراوه‌و راکێشانی سه‌رمایه‌ی بیانی هه‌نگاوی نا. که‌شێکی باش بۆ کێبڕكێ له‌م ناوچه هاته ئاراوه‌و گرنگی به فاکته‌ره‌کانی ئابووری ئازاد درا. وه‌کوو بازاڕی ئازادی سه‌رمایه، باجی که‌م و پشتیوانی یاسایی له سه‌رمایه‌و ماف و ئه‌رکی سه‌رمایه‌گوزاره‌کانیش دیاری‌کرا. ئه‌مانه وایکرد لانیکه‌م تاوه‌کوو پێش داعش، هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ره‌و ئابوورییه‌کی کراوه بڕوات. زیاتر ئه‌و بارودۆخه‌مان بۆ باس بکه‌ن.

 

دوای رووخانی سۆڤیه‌ت، رۆژ له‌دوای رۆژ سه‌لمێندرا که گه‌شه‌ی ئابووری له جیهانی ئه‌مڕۆدا، پێویستی به ئازادی ئابوورییه. ئه‌و وڵاتانه‌ی که پشتیوانییان له ئازادی ئابووری و ئازادی سه‌رمایه‌گوزاری کرد به خێرایی گه‌شه‌یان کرد. ته‌نانه‌ت له یه‌کێتی ئه‌وروپا به که‌مکردنه‌وه‌ی سنووره‌کان و ئازادی هاتوچۆو بازرگانی ئازاد، چالاکی ئابووری گه‌شه‌ی کرد. به‌م پێیه و به پێی ئه‌زموونه جیهانییه‌کان، هه‌رێمی کوردستان دوای رووخانی سه‌دام، به‌ره‌و گه‌شه‌ی ئازادییه‌ ئابوورییه‌کان هه‌نگاوی هه‌‌ڵێنا. ئێمه ته‌نانه‌ت بۆ نیشان‌دانی گرنگی ئه‌م بواره، ئه‌زموونی دوبه‌ی‌مان باسکرد و ده‌مانوت ده‌مانه‌وێت هه‌رێمی کودستان وه‌کو دوبه‌ی ببێته ناوچه‌ی ئازادی ئابووری. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت خوشگوزه‌رانه‌ و گه‌شه‌ی ئابووری و پیشه‌یی دروست بکه‌ین ده‌بێت که‌شێکی ئه‌من و ئارام بۆ سه‌رمایه‌گوزاران دابین بکه‌ین. ده‌ىێت که‌شێکی وا دروست بکه‌ین که بیسه‌لمێنێت سیاسه‌ته‌کانمان به‌ره‌وه ئابووری ئازاد ده‌ڕوات. به پێی به‌ڵگه‌نامه‌کان و ئاماره‌کان، ئه‌گه‌ر کێشه‌کانی ناوچه‌که به تایبه‌ت له رووی ئه‌منییه‌وه رووی نه‌ده‌دا، له‌وانه بوو ئێستا بارودۆخی ئابووری و ئازادییه ئابوورییه‌کانی هه‌رێم، له دوبه‌‌ی زیاتر پێش بکه‌وتایا. رووخانی سۆڤیه‌ت نیشانی دا که سیاسه‌تی کۆمۆنیستی،  خوشگوزه‌رانی خه‌‌ڵكی لێناکه‌وێته‌وه. له راستیدا هاوسانیی کۆمۆنیستی، هاوسانی مرۆڤه‌کان له هه‌‌ژاریدایه. به بڕوای من ئه‌زموونی ئه‌وروپا، که تێكه‌ڵاوێک له که‌رتی تایبه‌ت و ئابووری بازاڕ و سیستمی دابینکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌توانێت نموونه‌یه‌کی باشتر بێت.  

 

دوای ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، کێشه‌ له نێوان هه‌‌رێم و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و ئێران و تورکیا دروست بوو. له ئاکامی ئه‌مه‌دا، سنووره‌کانی ته‌مه‌رچین، باشماخ و په‌روێزخان له لایه‌ن ئێرانه‌وه داخران، به پێی رووداوه‌کانی ئه‌م چه‌ن مانگه، له ئێستادا بارودۆخی خاڵه سنوورییه‌کان و هاوکارییه ئابوورییه‌کانی ئێران و هه‌رێمی کوردستانی عێراق چۆنه؟


دوای راپرسی هه‌‌رێم بینیمان ئێران به خێرایی سنووره‌کانی داخست به‌ڵام تورکیا ئه‌‌مه‌ی نه‌کرد. ئه‌ڵبه‌ت سنووری باشماخ ته‌نها سێ رۆژ داخراو رۆژی چواره‌م کرایه‌وه. به‌ڵام سنووره‌کانی دیکه به داخراوی مانه‌وه. بۆیه بازرگانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به هۆی داخرانی سنووره‌کانی ئێران و کراوه‌بوونی سنووره‌کانی تورکیا، به‌ره‌و هاوکاری ئابووری له‌گه‌ڵ تورکیا رۆیشتن. واتا ئه‌وانه‌ی پێش داخرانی سنووره‌کان له‌گه‌ڵ ئێران کاریان ده‌کرد، روویان له تورکیا کرد. چونکه تورکیا به هیچ شێوه‌یه‌ک سنووره بازرگانییه‌کانی دانه‌خست. ئه‌‌ڵبه‌ت سنووره‌کانی ته‌مه‌رچین و په‌روێزخان نزیکه‌ی مانگ و نیوێک پێش ئێستا کرانه‌وه، به‌ڵام کاریگه‌ری خراپی دانا. چونکه له‌م ماوه‌دا تورکیا سنووره‌کانی کراوه بوو و ئه‌و شتومه‌کانه‌ی له ئێرانه‌وه هاورده ده‌کرا، گۆڕدرا بۆ شتومه‌کی تورکی، بۆیه تورکیا له‌م بابه‌ته‌دا زیره‌کانه جووڵایه‌وه. 

که‌واته رێژه‌ی هه‌نارده‌ی ئێران بۆ هه‌رێم دابه‌زیوه‌و رێژه‌ی هه‌نارده‌ی تورکیا به‌رزبووه‌ته‌وه؟ ئایا ئامارو رێژه‌یه‌کی روونتان له‌به‌رده‌ستدایه؟

ئێستا ئامارم له‌به‌رده‌ستدا نییه به‌ڵام ئه‌مه له هه‌رێمدا به روونی ده‌بیندرێت. تا چه‌ند مانگ پێش ئێستا شتومه‌کی تورکی له ناوچه‌ی سلێمانی نه‌ده‌بیندرا، به‌ڵام ئێستا شتومه‌کی تورکی له‌م ناوچه زۆرن، ئه‌مه نیشان ده‌دات چالاکی بازرگانانی تورکیا و هه‌نارده‌ی شتومه‌کی تورکی بۆ هه‌رێم له‌م چه‌ند مانگه‌دا گه‌شه‌ی کردووه. کاتێک ئاماده‌بوونی تورکیا به‌رزبێته‌وه واتا ئاماده‌بوونی ئێران دابه‌زیوه. واتا تورکیا ئه‌م بابه‌ته‌شی بۆ ئامانجه ئابوورییه‌کانی خۆی به‌کار هێنا. .

 

به‌و پێیه‌ی که عێراق گرنگترین بازاڕی هه‌نارده‌ی ئێرانه‌و هه‌رێمی کوردستانیش یه‌کێکه له ده‌روازه‌ سه‌ره‌کییه‌کان بۆ چوونه ناو بازاڕی عێراق، له ئێستادا ئاستی هاوکاری ژووره بازرگانییه‌کانی ئێران له ژووری بازرگانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک چۆنه؟

ئێستا ئاستی هاوکارییه‌کان وه‌کوو رابردوو نییه و دابه‌زیوه. جوگرافیای هه‌رێمی کوردستان و بوونی سنووری هاوبه‌ش و نزیکی فه‌رهه‌‌نگی، هاوکاری زیاتر ده‌خوازێت. کۆمپانیا ئێرانییه‌کان، له ساڵانی رابردوودا یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین لایه‌نه‌کانی دابینکردنی بازاڕی هه‌رێم بوون. هیوادارم به خێرایی بتوانین کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و هاوکاری ئابووری زیاترمان له‌گه‌ڵ ئێران بێت..

 

 

 

Read کد خبر: 576

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی