امروز: هەینی 11 ت یەکەم 2024 برابر با 11 تشرینی یەکەم 2024

نازم دەباغ: ئێران بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر هێڵە

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران پێشبینی دەكات پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان تاران و هەولێر بگەڕێتەوە بۆ ئاستێك كە هەردوولا لێی رازی بن "بەڵام بەو خێراییە نا". دەشڵێت‌ لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، خۆپیشاندانەكەی ئەمدواییە كە زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە، جارێكی دیكە تەشویشی خستەوە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران "بەڵام لێدوانەكەی نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە ئێران كە كورد لە پشت ئەو خۆپیشاندانانە نییە".

 

نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە ئێران

لەدوای تەواوبوونی پشووەكانی سەری ساڵ، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری كردنەوەی مەرزەكانی پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانیان دا و بەوەش هیچ رێگایەكی بازرگانیی مۆڵەتدراوی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران بە داخراوی نەمایەوە، بەڵام ئەوەی بە ناڕاستەوخۆ بەرپرسانی ئێران دەریانبڕیوە، پەشیمانییە لەوەی كە توركەكان ماوەی گەمارۆدانی هەرێمی كوردستانیان بە هەل زانیوە و دەروازەكانی خۆیان دانەخستووە، بەوەش بەڕەی بازاڕەكانی كوردستانیان لەژێر پێی ئێرانییەكان دەرهێنا.

 

هێشتنەوەی نوێنەرایەتی لە ئێران ئومێدە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان بگەڕێنەوە دۆخی جاران

 

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لە هەپڤەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێ "بێگومان توركیا وریاتر و چالاكتر لە پرسی داخستنی مەرزەكاندا دەرفەتیان قۆستەوە و ئێرانیش هەستی بەوە كرد، بەڵام هەمیشە ئێران وەك پرسی گرنگی ئەمنی و بازرگانی سەیری مەرزەكان دەكات و توركیا زۆرتر لەڕووی بازرگانییەوە سەیری دەكات". گوشارەكان زۆریان نەخایاند و سێ‌  رۆژ پاش ئەنجامدانی گشتپرسی، ئێران دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخی كردووە و بەشێك لە بازرگانەكانی پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانیش روویانكردە باشماخ "تەنیا نەوتفرۆشەكان كێشەیان هەبوو، چونكە رۆژانە 250 بۆ 400 بارهەڵگری نەوت هاتوچۆیان دەكرد".

 توركیا لە پرسی مەرزەكان و بازرگانیدا وریاتر مامەڵەی لەگەڵ كوردستان كرد 

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێ ئێستا تاران لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا كێشەكانیان چارەسەر بكەن "بەڵام ئێران جەخت دەكاتەوە كە ئەو باشبوونە لەچوارچێوەی دەستووری عێراق بێت، بۆ لەمەودواش گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا وەزارەتە پێوەندیدارەكانی نێوان هەردوولا ئەنجامی دەدەن، نەك لەسەر ئاستی شاندی حكومەت یان لایەنەكان"، چونكە وەك ئەو گوتی "هەرچەندە ئێران لە ماوەی رابردوو وا دەركەوتبێت كە زۆرتر لایەنگری حكومەتی عێراق بووە، بەڵام دەیەوێ پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێز بن".

چەند مانگێك پێش ئەنجامدانی گشتپرسی، كۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان نارد بۆ ئەوەی سەردانی تاران بكات، بەڵام وەك دواتر دەركەوت بارزانی لە پرۆتۆكۆلی پێشوازییەكە رازی نەبووە و دانەنانی ئاڵای كوردستانی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە وەك بچووككردنەوەی هەرێمی كوردستان و هەیبەتی سەردانەكە وێنا كردووە.

 

دواتر ئەنجامدانی گشتپرسی و رەتكردنەوەی داوای ئەو شاندانەی ئێران بە دوای یەكدا دەیناردنە هەولێر، وایانكرد كە ئێران بەلای كوردەوە وەك پشتیوان و نەخشەداڕێژەری حكومەتی بەغدا دەربكەوێ لە گەمارۆدانی ئاسمان و زەمینی هەرێمی كوردستان. تاران یەكەمین پایتەختی دونیاش بوو كە هاتوچۆی فڕۆكەوانی خۆی لەگەڵ هەولێر و سلێمانی پچڕاند.

 

رۆژانە 400 تانكەری نەوت لە نێوان ئێران و كوردستان هاتوچۆ دەكەن

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێ "پێشبینی ناكەم وا بە زوویی پەیوەندییە سیاسییەكان وەك جاران ئاسایی ببنەوە و شاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێنە تاران، بەڵام هێشتنەوەی نوێنەرایەتییەكەمان لە ئێران، ئومێدی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان و گەڕانەوەیەتی بۆ دۆخی جاران"، پێشیوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی  جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بەشێوەیەكی كۆنكرێتی و باشتر لە جاران رێكبخاتەوە "ئەم سیاسەتەی ئێستاش بە راست دەزانم كە هەوڵ دەدات بە دراوسێكان بڵێ دەبێ پەیوەندییەكی باشتر دروستبكەین و درەنگیشە بۆ ئەوە".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی زۆربەی شارەكانی ئێرانی تەنییەوە. بەڵام ئەمجارە جیاوازییەكە ئەوەبوو كە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە وریاییەوە دۆخەكەیان خوێندەوە و زۆرتر لە شارەكانی دیكە درێژەی هەبوو، هەندێك لە بەرپرسانی ئێرانی رایانگەیاند كە پلانی خۆپیشاندانەكان لە هەرێمی كوردستان و ئەفغانستانەوە داڕێژراون، وەك ئاماژەیەك بۆ رۆڵی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. بەڵام نازم دەباغ دەڵێ رەتكردنەوەی ئەو قسانە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كاریگەریی باشی هەبوو، دڵنیایی دایە ئەوان".

 

Read کد خبر: 557

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی