میللەت
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران رایدەگەیەنێت، ڕیفراندۆم هەڵە بوو و مەسعود بارزانی گوێی بە پێشنیارەكان و بەدیلەكانی ڕیفراندۆم نەدا.
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ” شەرق” كە ئەمڕۆ بڵاو بوەتەوە دەڵێت: داخستنی پەرلەمان بووە هۆی ئەوەی كە ئەم دۆخە دروست بێت.
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران وتیشی: سیاسەتمدارێك كە بۆ بڕیاری سبەی خۆی پلانی نەبێت نەخوێندەوارە، چونكە سیاسەت زانستە.
باسی لەوەشكردوە، بەداخەوە ئێمە بە باشی نەمانتوانی ئەو كێشە و مەترسیانەی كە پێشتر دۆستانی كورد سەبارەت بە مەترسییەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە ئێمەیان دەوت لەبەرچاو بگرین. ئێمە نەدەبوایە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدەین، ئەو ڕیفراندۆمە ڕەنگدانەوە وهەڵوێستی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە.
ئاشكرایشكردووە، لەئێستادا دەبێت لەچوارچێوەی دەستووری عیراقدا كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سنوورەكانی بەر لەساڵی 2014 و لەوانەشە سنوورەكانی ئێمە بۆ ساڵی 2003 ش بگەڕێتەوە.
جەختیشكردەوە، ئەو كەسانەی كە ڕاوێژیان داوەتە بارزانی بە یەك ئەندازە تاوانبارن. چونكە ئەو كەسانە یان هیچ شتێك لە سیاسەتی نێودەوڵەتی نازانن یان مەبەستێكی تایبەتیان هەبووە.