امروز: شەممە 23 ت دووەم 2024 برابر با 23 تشرینی دووەم 2024

له وتووێژێکی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی "ایرنا" نازم ده‌باغ: کورد ئه‌وه‌نده بێ‌فکر نییه خۆی بکوژێت

١- ئیرنا: ئایا ئێستا کاتێکی گونجاوه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ریفراندۆم؟ ئایا راپرسی له کاتی خۆیدا واتا ٢٥/٩ به‌ڕێوه ده‌چێت؟

 

-        نازم ده‌باغ: بابه‌تی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که راپرسی بڕیاری کۆتایی سه‌رکردایه‌تی کورده که ده‌بێت له ٢٥/٩ به‌ڕێوه بچێت، جێبه‌جێ‌کردن و ئاکامی ئه‌رێنیشی به‌و مانایه نییه که رۆژی دواتری جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی کورد رابگه‌یندرێت. چونکه ئێمه‌ی کورد بڕوامان وایه به شه‌ڕ ناکرێت به ئاکامی باش بگه‌ین به‌ڵکوو پێویسته به دانوستان سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ به‌غدا و دواتریش له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ بتوانین کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئێمه ده‌مانه‌وێت مافی دیاری‌کردنی چاره‌نووس که له ده‌ستووری عێراقیش‌دا هاتووه به‌ده‌ست بێنین. به‌ڵام ئێستا هه‌لومه‌رجێک هاتووه‌ته پێشه‌وه که چ لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ واتا ئێران و تورکیا و هه‌روه‌ها ئه‌وروپا و ئه‌مریکا باڵیۆزی ئه‌مریکا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌جیا و کاک مه‌سعود بارزانی قسه‌یان کردووه و داوایان کردووه که راپرسی له‌ کاتی راگه‌یندراودا دوابخرێت. سه‌رکردایه‌تی کورد ئه‌م پێشنیاره‌ی وه‌رگرت و رایگه‌یاند ده‌توانین له ئه‌نجومه‌نی باڵای سه‌رکردایه‌تی کورد بۆ جێبه‌جێ‌کردنی راپرسی هه‌ڵیسه‌نگێنین. بابه‌تێک که باس کراوه ئه‌وه بووه که ده‌بێت جێگره‌وه‌یه‌کی باشتر له به‌رامبه‌ر دواکه‌وتنیدا بدرێت. واتا دواخستن بۆ دواخستن یان نا دواخستن بۆ گه‌ره‌نتی‌کردنی مافی ره‌وای کورد. ئه‌و پێشنیارانه‌ی که له راگه‌یاندنه‌کاندا دیومانه‌و بیستوومانه شایه‌نی هه‌ڵسه‌نگاندنن و چاوه‌ڕوانین تاوه‌کو له یه‌ک دوو رۆژی داهاتوودا کۆبوونه‌وه‌ بکرێت و له‌وێدا بڕیاری کۆتایی بدرێت.

 

·       ٢- ئیرنا: ئه‌م پێشنیارانه چی بوون؟

 

-        نازم ده‌باغ: یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که دوو ساڵ راپرسی دوابخه‌ین و له‌م دوو ساڵه‌دا دانوستان به چاودێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بکرێت تاوه‌کو ده‌رفه‌تێک به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بدرێت پرۆژه‌یه‌ک بۆ ئاشتی و رێکه‌وتن له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ئاماده بکرێت و به‌رپرسانی کورد به هێزه ته‌واوه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه به‌گدا. راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ئێمه هه‌میشه دۆڕاو ده‌بین چونکه که‌مینه‌ین. عه‌ره‌به‌کان کاتێک بابه‌تی کورد دێته ئاراوه یه‌ک ده‌گرن، بابه‌تی یاسای نه‌وت و مافی پێشمه‌رگه له ئارادایه. چاوه‌ڕوانین بزانین ئه‌وه‌ی پێشکه‌ش کراوه هه‌ڵسه‌نگێندرێت و سه‌رکردایه‌تی کورد دانوستانی له‌سه‌ر بکات و کۆمیسیونی باڵای جێبه‌جێ‌کاری راپرسی ئاکامه‌که‌ی رابگه‌یه‌نێت که تێبینی و بابه‌تی ئێرانیشی تێدایه.

·       ٣- ئیرنا: وادیاره له به‌غداشه‌وه داوایان کردووه بۆ دانوستان سه‌ردانیان بکه‌ن.

 

-        نازم ده‌باغ: له سه‌رده‌می سه‌دامدا سه‌ردانی هه‌ر شوێنێکی جیهانمان ده‌کرد، ده‌مانوت دژی سه‌دام خه‌بات ده‌که‌ین. ده‌یانوت چیتان ده‌وێت؟ ئێستا به‌غدای نوێ به‌ ئێمه ده‌ڵێن بۆچی شه‌ڕ ده‌که‌ن؟ بۆخۆم پێم‌وایه له به‌ڕێوه‌به‌ری یان سه‌رکردایه‌تی عێراقی نوێ‌دا که‌سانیك هه‌ن که ئه‌گه‌ر شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌یان له به‌عسییه‌کانی جاران خراپتر نه‌بێت، باشتر نییه. له ده‌ستووری عێراقدا په‌سه‌ندکراوه که نابێت سوپا بچێته ناو شه‌ڕی ناوخۆییه‌وه. به‌ڵام په‌رله‌مانی عێراق له لایه‌ن هه‌موو عه‌ره‌به‌کانه‌وه بڕیار ده‌دات و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پێویست بوو عه‌بادی ده‌توانێت هێزی سه‌ربازی به‌کار بێنێت. مانای ئه‌مه چییه؟ ئه‌مه ده‌ڵێن و و دواتریش ده‌ڵێن بێن وتووێژ بکه‌ین. سه‌ره‌تا هێز نیشان ده‌ده‌ن و دواتر باسی وتووێژ ده‌که‌ن.  به‌ڕای ئێمه ده‌بێت هه‌لومه‌رجێکی گونجاو بۆ دانوستان ئاماده بکرێت و به شێوه‌یه‌ک بێت که هه‌موو لایه‌نه‌کان قبووڵ و په‌سه‌ندی بکه‌ن. تا چه‌ند رۆژ پێش ئێستا روانگه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه جیاواز بوو، ئێستا وڵاتانی دیکه‌ش وه‌کو ئێرانیان لێهاتووه و ده‌ڵێن راپرسی نه‌کرێت و ئێمه ئاماده‌ین بۆ رێکه‌وتن له نێوان ئێوه‌و به‌غدا به پێی ده‌ستووری عێراق و جێبه‌جێ‌كردنی پشتیوانیتان بکه‌ین. ئه‌وان ته‌نها ده‌ڵێن دوای خه‌ن چونکه کاتی نییه و شه‌ڕ دژی داعش له ئارادایه.

·       ٤- ئیرنا: به هه‌رحال ئێستا عێراق سه‌رقاڵی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش‌ه، ئایا پێتوان وانییه به‌ڕاستی ئێستا کاتێکی گونجاو بۆ راپرسی نییه؟

 

-        نازم ده‌باغ: راستییه‌ک هه‌یه، ئێمه هه‌میشه به‌داخه‌وه بابه‌ته‌کانی ئێستا ده‌بینین و قسه‌ ده‌که‌ین. به درێژایی مێژووی عێراق کام لایه‌ن له‌سه‌رکار بووه تاوه‌کو هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بنێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌ت هێز و بڕیاری له‌ده‌ست بێت له بارودۆخی ئێستاشدا ده‌توانێت کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. کاتێک بڕوای پێ نه‌بێت بچووکترین بابه‌تیش ده‌کاته بیانوو، بڕێک بابه‌ت له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا چاره‌سه‌ر ده‌کرێن و بڕێک بابه‌تیش بۆ چاره‌سه‌ربوون دژوارن.     یه‌کێک له کێشه‌کانی ئێمه له‌گه‌ڵ عێراق یاسای پێشمه‌رگه‌یه. ئایا پێشمه‌رگه به‌شێکه له هێزی ئه‌منی یان به‌رگری؟ ئه‌گه‌ر هێزی ئه‌منییه به‌غدا ده‌بێت به پێی هێزی ئه‌منی پشتیوانی لێ‌بکات. ئه‌گه‌ر هێزی به‌رگرییه، ده‌بێت به پێی هێزی به‌رگری پشتیوانی لێ بکرێت. کاتێک عێراق تووشی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ جیش‌المدی بوو، ئه‌وه‌ی له به‌سره‌و له نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا یارمه‌تی حکومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقی‌دا، پێشمه‌رگه بوو، یان له فه‌لوجه ئه‌لقاعیده دروست بوو، پێشمه‌رگه بوو له ته‌قینه‌وه‌کانی به‌غدا به هۆی ئاماده‌بوونی مام جه‌لاله‌وه پشتیوانی له حکومه‌ت کرد.    پێش داعش، مالیکی ئه‌و هێزه‌ی به‌ده‌ست هێنا تاوه‌کو به رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ کورد ببێته سه‌رۆک وه‌زیران، به‌ڵام کاتێک بووه سه‌رۆک وه‌زیران، یه‌که‌م هه‌نگاوی دژی کورد بوو و هێزه دیجله‌ی دروست کرد و هێرشی کرده سه‌ر جه‌له‌ولا، پێشمه‌رگه رێگای پێ‌گرتن. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌و له‌وانه‌یه باشییه‌کیشی بوو و به سوودی ئێمه که‌وته‌وه و کاتێک پێشمه‌رگه رێگای به هێزی دیجله گرت له‌وی مانه‌وه‌و به رێکه‌وتنی سیاسی سوپا و پێشمه‌رگه ئه‌من و ئاسایشی ناوچه‌که‌یان پاراست.  کاتێک داعش به ٣٤٠ که‌سه‌وه‌ هاتن به هۆی پیلانی ناوخۆیی، سه‌د و پێنج‌ هه‌زار هێزی چه‌کداری عێراقی چه‌کیان داناو ناوچه‌که‌یان ته‌سلیمی داعش کرد و له هه‌رێمی کوردستان، پێشمه‌رگه به‌ره‌ی پێشه‌وه‌یان به‌هێز کرد و ئیجازه‌یان نه‌دا داعش به‌ره‌و پێش بڕوات، به‌ڵام ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی سوپای عێراق له مه‌نده‌لی و دیاله‌وه تاوه‌کو موسڵ درایه ده‌ست داعش. چه‌کێک که ئه‌مریکا دابوویه سوپای عێراق که‌وته ده‌ست داعش. پێشمه‌رگه ئه‌و ناوچانه‌ی دیکه‌شی رزگار کرد که داعش داگیری کردبوو، مه‌گه‌ر پێشمه‌رگه ده‌یتوانی به دار له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕ بکات، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا حکومه‌تی عێراق چ یارمه‌تییه‌کی به پێشمه‌رگه له‌م شه‌ڕه‌دا گه‌یاند. "هیچ"

        یه‌که‌م تا ئه‌م ساته‌ش یارمه‌تی هاوپه‌یمانانکه له لایه‌ن به‌غداوه بۆ پێشمه‌رگه ده‌نێردرا، که دیسان به‌شێکی له لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه به پێسمه‌رگه نادرێت. هۆکاری دووه‌م ئێران بوو که راوێژکاره‌کانی خۆی بۆ پشتیوانی‌کردن نارده هه‌رێم. سێهه‌مین هۆکار ئه‌وه بوو که ئه‌مریکا ٤٢٣ ملیون دۆلار موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دا. ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا بیزانیبا که پێشمه‌رگه موچه‌ له عێراق وه‌رده‌گرێت، ئه‌م یارمه‌تییه‌ی نه‌ده‌نارد. عێراق هیچی نه‌کردوو که ئێمه نیازپاکییان ببینین. ئێران له جێبه‌جێ‌کردنی دانوستانه‌کاندا رووراسته. ئێمه‌ی کورد هه‌موو ده‌رفه‌تێکمان به به‌غدا داوه. ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان له ده‌ستووری عێراقدا په‌سه‌ندکراون و ماده‌ی یاسایی بۆ ته‌رخان کراوه  و ده‌بو له ساڵی ٢٠٠٧ جێبه‌جێ بکرایات، له ده‌ستووردا ماده‌یه‌ک هه‌یه که ده‌ڵێت ده‌بێت دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی ناوچه کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان، راپرسییان تێدا بکرێت که خه‌ڵك ده‌یانه‌وێت به‌شێک بن له هه‌رێمی کوردستان یان سه‌ربه‌خۆ بن یان له‌گه‌ڵ به‌غدا بمێننه‌وه.

·       ٥- ئیرنا: رێژه‌ی دانیشتتوانی ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان چۆنه؟

 

-        نازم ده‌باغ: ئه‌گه‌ر له‌من ده‌پرسن له رۆژی یه‌که‌مه‌وه وه‌کوو خۆم وتم کارێکی هه‌ڵه‌یان کرد، نابێت ئه‌مه‌یان قبووڵ بکردایا، چونکه له رووی مێژووییه‌وه ئه‌م ناوچانه کوردن چونکه به‌ڵگه‌ی مێژوویی و جوگرافی هه‌یه. بۆچی عێراق که‌ی پێکهاتووه، دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی. عێراقیان له سێ ویلایه‌تی موسڵ، به‌غدا و به‌سره پێکهێنا. کاتێک ویستیان موسڵ بخه‌نه ناو ئه‌م پرۆژه‌وه له ساڵی ١٩٢٣، کورد دژی ئه‌م بڕیاره شۆڕشیان کرد، وتیان راپرسی ده‌که‌ین، دیسان کورد به‌شداری تێدا نه‌کرد، خاڵێکی دیکه ئه‌وه‌یه که رێژه‌ی کورد هه‌میشه زیاتر بووه، ئێمه ده‌ڵێین له‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا، راپرسی بکه‌ن و ببینن کێ زۆرینه‌یه.  ئه‌گه‌ر داعش هێرشی نه‌ده‌کرد، ناوچه‌که نه‌ده‌که‌وته ده‌ست پێشمه‌رگه. له‌وانه بوو ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ش پشتیوانی نه‌کردایا، ئێستا ده‌بوو پلان بۆ ئازادی که‌رکووک دابنرایات، کاتێک داعش هێرشی کرد به‌داخه‌وه تاڕاده‌یه‌ک حکومه‌تی هه‌رێم پێی وابوو مه‌ترسی بۆ ئه‌وان نییه، هه‌مان کات له راگه‌یاندنه‌کانی ئێراندا رای خۆمم وت و رامگه‌یاند که داعش سه‌ره‌تا هێرش ده‌کاته سه‌ر به‌غدا و ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وێت یان سه‌رنه‌که‌وێت دێت به‌ره‌و هه‌رێم. چونکه هێنانی داعش پیلانی دوژمنانی کورده. به‌ڵام هه‌میشه ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئێران نه‌بوایا نه ته‌نها هه‌ولێر، به‌ڵكوو ئێستا عێراقیش عێراقی داعش ده‌بوو.

·       ٦- ئیرنا: خاڵێک که رابه‌رانی کورد پێی له‌سه‌ر داده‌گرن، بیرۆکه‌ی مافی چاره‌نوسه، به‌ڵام له‌م بیرۆکه‌دا، بنه‌مای باڵاده‌ستی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی وڵاتانیش هه‌یه. ئه‌مه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن. له لایه‌کی دیکه‌وه رێژه‌ی دانیشتووانی وڵاتانی ناوچه‌که، هه‌مه‌ره‌نگه، هه‌نگاوی کورده‌کان بۆ راپرسی له هه‌رێم بمانه‌وێت یان نا، مه‌ترسی بۆ وڵاتانی دراوسێ دروست ده‌کات، بۆچی ده‌بێت ئه‌م وڵاتانه بۆ لابردنی مه‌ترسی ئه‌منی وڵاتانی خۆیان، بێکار دانیشن و ده‌ست بخه‌نه سه‌ر ده‌ست؟

 

-        نازم ده‌باغ: له به‌شی یه‌که‌مدا ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆسه‌ر چه‌ندایه‌تی بنه‌مای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ. راسته که له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی وڵاتانی بوونی هه‌یه. به‌ڵام پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی هه‌ر وڵاتێک به‌نده به دابین‌کردن و پاراستنی مافی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له‌و وڵاته‌دا ده‌ژین. وڵاتێک ته‌نها به پێی خواست و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی دروست نابێت، به‌هه‌رحاڵ وڵاتێک به پێی خاک دروست ده‌بێت و وڵاتێکی دیکه به پێی نه‌ته‌وه. وڵاتانی عه‌ره‌بی یه‌ک نه‌ته‌وه‌ن به‌ڵام چه‌ند حکومه‌تیان هه‌یه. کاتێک سه‌دام هێرشی کرده سه‌ر کوێت، مه‌گه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا کوێت به‌شێک له عێراق نه‌بووه، یه‌کگرتووییه‌کانی رابردوو ببینن مه‌گه‌ر دابه‌ش نه‌بوون و چه‌ندین وڵاتی دیکه‌یان لێ پێکنه‌هاتووه. ئێمه ئێستا داوامان له وڵاتانی دۆست و دراوسێ ئه‌وه‌یه له کاتێکدا که بینییان سیستمه و رژێمه‌کانی رابردوو زوڵمیان له کورد کرد به‌تایبه‌ت ئێران که له هه‌ر بارودۆخێکدا یارمه‌تی به کورد داوه ئایا ئێستا بارودۆخه‌که نه‌گۆڕاوه‌و کورد مه‌زڵووم نییه و له لایه‌ن دۆستانی شیعه‌و سوننه‌وه زوڵمی لێ ناکرێت.  وتم جیاوازییه‌ک هه‌یه له نێوان سه‌رده‌می سه‌دام و عه‌بادی‌دا. ئه‌گه‌ر سه‌یرکه‌ن عه‌لاوی سه‌رۆک وه‌زیرانی سه‌رده‌می گواستنه‌وه، شیعه بوو. دوای ئه‌و، ئیبراییم جه‌عفه‌ری شیعه‌ بوو و مالیکی و عه‌بادی‌ش شیعه بوون. مه‌گه‌ر کورد و شیعه پێکه‌وه خه‌باتیان نه‌کرد و وه‌کوو یه‌ک مه‌زڵووم نه‌بوون. دۆستانی شیعه‌ی ئێمه له ئێران و له کاتی خه‌باتدا ده‌یانوت که ئێران ده‌ڵێت پابه‌ندی قسه‌کانی خۆتان بن. بۆچی ئێستا که ده‌سه‌ڵاتدارن بوونه‌ دوژمن و بۆچی له‌جیاتی شیعه‌بوون، عه‌ره‌ب‌بوونتان هه‌ڵبژارد. به‌ڕای من شیعه‌کانی عێراق، عه‌ره‌بن، چونکه ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب نه‌بوونایا هه‌ستیان به‌وه ده‌کرد که له سیستمی سوننه‌کانی عێراقدا تا چ راده‌یه‌ک زوڵمیان لێکراوه‌و چ که‌سانێک هاوکارییان بوون. ئێمه مافی زیاترمان ناوێت، داوای ئێمه ئه‌وه‌یه ده‌رکمان بکه‌ن که ئێمه له‌ژێر زۆر و گوشاردا له‌گه‌ڵ عێراق یه‌کمان گرتووه و عێراقمان پێکهێناوه، ئێستاش به‌ڕاده‌ی خۆمان مافه‌کانمان له‌به‌رچار بگرن. ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا بۆ کورد هاتووه‌ته ئاراوه هۆکاره‌که‌ی دژکرده‌وه‌یه نه کرده‌وه، کورد هه‌ستی به‌وه کرد که ئیدی هیچ رێگایه‌کی له‌به‌رده‌مدا نییه.

·       ٧- ئیرنا: هۆکاری دژایه‌تییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوه چییه؟

 

-        نازم ده‌باغ: یه‌که‌م خاڵ ئه‌وه‌یه که خاکی کورد یه‌ک خاک بووه، ئه‌گه‌ر بارودۆخێک بێته ئاراوه که کوردستانی عێراق حکومه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ پێکبێنێت، له‌وانه‌یه بڕێک دراوسێی عێراق نیگه‌ران کات به‌تایبه‌ت ده‌بێت له‌به‌رچاومان بێت که بارودۆخی کورد له ناوچه‌که، جگه له ئێران، زۆر ئاڵۆز و هه‌ستیاره. هه‌واڵه‌کانی پ.کا.کا و ه.د.پ له تورکیا و پ.ی.د و ی.پ.ژ له سوریا بابه‌تی خۆیان له‌سه‌ر کورد هه‌یه، ئه‌مریکا بۆ دژایه‌تیکردنی داعش له سوریا چه‌ک دابه‌ش ده‌کات. هێزه جیهانییه‌کان له‌وانه ئه‌مریکا و فه‌ڕه‌نسا ئێستا دژی راپرسین. ئه‌ڵبه‌ت ده‌بێت بزانین که ئه‌مانه دژ نین به‌ڵام ناوێرن رای ئه‌رێنی خۆیان ده‌رببرن. مه‌گه‌ر فه‌ڕه‌نسا نه‌بوو ناوچه‌ی دژه‌فڕینی پێشنیار کرد، بۆچی ئێستا ناوێرێت دژی وڵاتانی ناوچه‌که قسه بکات. کورد ناتوانێت جێگره‌وه‌ یان قه‌ره‌بووکه‌ره‌وهی سیاسه‌تی وڵاتانی جیهان له‌گه‌ڵ عێراق و تورک و فارس بێت و کاتێک ده‌که‌وێته ئه‌و نێوه‌نده عێراق به تورکیا ده‌ڵێت که نا‌هێڵین نه‌وتی ئێمه له وڵاتی ئێوه‌وه هه‌نارده بکرێت. بابه‌تی پ.کا.کاش هه‌یه. یان له‌وانه‌یه ئێران وه‌کو وڵاتێکی به‌هێز دوارۆژ هه‌ر سیاسه‌تێک جێبه‌جێ بکات بۆ نمونه به باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا بڵێت ئێوه دژی سیاسه‌تی ئێمه ده‌جوڵێنه‌وه‌و ده‌بێت وڵاتمان به‌جێ بێڵیت. وزه‌ی کوردستان ناتوانێت جێگره‌وه‌ی وزه‌ی ناوچه‌که بێت. له‌وانه‌یه بابه‌تی دژایه‌تی‌کردن له‌گه‌ڵ راپرسی بۆ وڵاتان هۆکاری خۆی ببێت به‌ڵام ده‌بێت له‌به‌رچاوی بگرین که کوردیش بۆ جێبه‌جێ‌کردنی هۆکاری خۆی هه‌یه. له‌م بارودۆخه‌دا که سه‌رکردایه‌تی کورد کۆبوونه‌وه‌و دانوستان ده‌کات، بزانێت سوودی له‌کوێ‌دایه، ئه‌و مه‌ته‌ڵه ئێرانییه‌م لا جوانه که ده‌ڵێت دوژمن بکه بێ‌لایه‌ن و بێ‌لایه‌نیش بکه دۆست، نه ئه‌وه‌ی که دوژمن، دوژمن‌تر و دۆستیش بکه‌یته بێ‌ڵایه‌ن. به‌هه‌رحاڵ ده‌بێت بارودۆخه‌که هه‌ڵسه‌نگێندرێت، چونکه وه‌ڵامی خۆی هه‌یه.

·       ٨- ئیرنا: بڕێک پێیان وایه هێشتا عێراق سه‌رقاڵی شه‌ڕی داعشه‌و به‌ڕێوه‌چوونی راپرسی کێشه‌کانی ناوچه‌که قووڵتر ده‌کاته‌وه، پێتوان وانییه به‌شێک له نیگه‌رانییه‌کان له‌مانه‌وه سه‌رچاوه بگرێت؟

 

-        نازم ده‌باغ: له سه‌رده‌می مالیکیدا که رێکه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ئه‌‌مریکا ئیمزاکرد و وتی ده‌بێت سوپای ئه‌مریکا  بچێته ده‌ره‌وه هه‌مان کات وتم وڵاتانی رۆژئاوایی واده‌که‌ن ئێمه لێیان بپاڕێینه‌وه که بگه‌ڕێنه‌وه، ئێستاش خۆمان داوامان کرد بگه‌ڕێنه‌وه. ئێستاش که هاتوونه‌ته‌وه له عێراق ده‌مێننه‌وه. چونکه شه‌ڕی عێراق له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕێكی بێ‌كۆتاییه. داعش له‌دایکبووی بارودۆخێکه که ئێستا بووه‌ته ئیدئۆلۆژی. ئه‌گه‌ر ئه‌و بارودۆخه چاره‌سه‌ر نه‌که‌ین له رووی سه‌ربازییه‌وه داعش شکست دێنێت به‌ڵام له‌ناوبردنی مه‌حاڵه. پرۆسه‌ی شه‌ڕ دژی داعش ده‌گۆڕدرێت، ئه‌مریکا و ئه‌وروپا به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ن هاووڵاتییه‌کانیان که چوونه‌ته‌ ناو داعشه‌وه، نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاتانی خۆیان. ئێستاکه هێشتا زه‌مینه‌ی ئیش بۆ داعش ئاماده‌یه؛ شه‌ڕی ئایینی، بابه‌تی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌مارگرژی نێوان ئایینه‌کانه که زه‌مینه‌ی ئاماده‌بوون و چالاکی داعشی له ناوچه‌که ئاماده‌کردووه. هه‌میشه وتوومه که شیعه باشتر توانیویه‌تی رواڵه‌ت و ناساندنێکی باشتر له ئیسلام نیشان بدات، سه‌رده‌مێک خه‌ڵك و حکومه‌ته‌کان له گه‌شه‌ی شۆڕشی شیعه ده‌ترسان به‌ڵام ئێستا بۆ جیهان سه‌لمێندراوه که ئێران مه‌ترسیدار نییه. خاڵێکی دیکه‌ ئه‌وه‌یه که شیعه تیرۆریسمی نییه به‌ڵام وه‌‌هابی، سه‌له‌فی، ئیخوان و ... هه‌موویان سوننه‌ن، بۆیه ئه‌وروپا نیگه‌رانه. کاتێک هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌کرێت هاووڵاتیانی ٦٠ وڵات له نێو داعش بوونیان هه‌یه. له شه‌ڕی موسڵدا بۆچی موسڵ جۆرێک وێران کراوه که به سه‌دان ملیار دۆلار ئاوه‌دان ناکرێته‌وه، چونکه هه‌موو داعشییه‌کان له‌م شاره‌دا بیانی بوون، موسڵیان خاپوور کرد و تا توانییان خه‌ڵکیان کوشت. ئۆپه‌راسیۆنه‌که جۆرێک دانرابوو که که‌س رزگاری نه‌بێت. به‌ڵام پرسیاری من ئه‌وه‌یه بۆچی له ته‌له‌عفه‌ر ئه‌مه رووینه‌دا یان بۆچی له سنووری سوریا و لوبنان به رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حزبوڵڵا بڕیاردرا داعش بگوازرێته‌وه بۆ سنووری عێراق، چونکه ئه‌مانه خه‌ڵکی خودی ناوچه‌که‌ن. له‌م بابه‌تانه‌دا هه‌م روسیا و هه‌م ئه‌مریکا کاریگه‌رن و نایانه‌وێت داعش له ریشه له‌ناو به‌رن.

·       ٩- ئیرنا: هێزه‌کانی داعش له‌ناوچه کوردییه‌کانی باکووری عێراقیش ئاماده‌ن؟ ئایا پێتان وانییه ئه‌مانه دیسانه‌وه له ناوه‌وه ده‌ست بکه‌ن به چالاکی؟

 

-        نازم ده‌باغ: له کوردستانی عێراق و ئێران زه‌مینه بۆ داعش ئاماده‌یه، چونکه زه‌مینه‌ی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ئایینی هه‌یه. بڕێک جار ئابڵۆقه ده‌درێن و به‌دوای رێگایه‌که‌وه بۆ ده‌ربازبوونن، ده‌ڕۆن و ئێوه بارودۆخه‌که ئاماده‌ ده‌که‌ن تاوه‌کو شه‌ڕه‌که ده‌ست پێ بکات. شه‌ڕ بۆ هه‌ردوولا ئه‌م مه‌ترسییه‌ی هه‌یه. بۆیه ده‌ڵێم نابێت بیر له هێزی سه‌ربازی بکه‌ینه‌وه چونکه ئه‌نجامی نییه. سه‌دام که به‌هێزترین سوپای ناوچه‌که‌ی بوو نه‌یتوانی بزووتنه‌وه‌ی کوردی سه‌رکووت بکات. تورکیا له‌و رۆژه‌وه که پ.کا.کا دروست بووه ٢٧ جار به فه‌رمی هێرشی کردووه‌ته سه‌ر کورد. ئێستا ده‌بێت بپرسین چ ئاکامێکی لێکه‌وتووه‌ته‌وه؟ ئیمکانیاتی مرۆیی و ماددی له‌ناوچووه، عه‌ره‌ب مه‌ته‌ڵێکی هه‌یه ده‌ڵێت به‌سه‌ر خۆم و به‌سه‌ر دوژمنه‌که‌شمه‌وه، واتا زیان به خۆم ده‌گه‌یه‌نم چونکه دوژمنه‌که‌شم زیانی زیاتر ده‌بینێت. ئێوه پشیله‌یه‌ک زیندانی بکه‌ن، له کۆتاییدا دێته‌وه ده‌ستی خۆی ده‌وه‌شێنێت، کورده‌کانیش وایان لێهاتووه.

·       ١٠- ئیرنا: بارودۆخی وڵاتانی دراوسێ چۆن ده‌بینن؟

 

-        نازم ده‌باغ: به‌ڕای من ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رابردوو له نێو وڵاتانی دراوسێدا، باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کورد، ئێران بوویه‌تی، بۆیه چه‌ند رۆژ پێش ئێستاش له یه‌کێک له رۆژنامه‌کاندا نوسیم که کورده‌کان چاوه‌ڕوانی یارمه‌تی ئێرانن.

·       ١١- ئیرنا: چه‌ند رۆژ پێش ئێستاش ئاغای بارزانی داوای ناوبژیوانی له ئێران کردبوو.

 

-        نازم ده‌باغ: ئێستا له‌وێن، په‌له مه‌که‌ن، تا کۆتایی هه‌‌فته ده‌رده‌که‌وێت. ناکرێت هه‌موو شتێک بڵێین به‌ڵام ئه‌م شتانه ده‌کرێت، کورد ئه‌وه‌نده بێ‌‌فکر نییه خۆی بکوژێت.

·       ١٢- ئیرنا: له‌سه‌ر ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان بۆمان باس بکه‌ن.

 

-        نازم ده‌باغ: هه‌رێم دوو هێڵی سه‌وز و سووری هه‌یه که ئه‌مه‌ش ئه‌مریکا و رۆژئاوا دایانناوه، هێڵی سه‌وز ئه‌و ناوچانه بوون که پێش رووخانی سه‌دام له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم‌دا بوون و زیاتر ناوچه‌کانی دژه فڕینن. دوای ئازادکردنی ناوچه‌کانی دیکه که به ناوچه‌ی سوور ناسراون که له ده‌ستووردا به ناوچه‌ی کێشه‌له‌سه‌ری ماده‌ی ١٤٠ گۆڕان. ئێمه به‌ڵگه‌ی مێژووییمان هه‌یه که ئه‌مانه خاکی کوردستانن و ئه‌گه‌ر سه‌یرکه‌ین له مێژوودا سنووری ویلایه‌تی موسڵ، جه‌به‌ل حه‌مرینه، تا ئه‌وێ جوگرافیای موسڵ‌ه، ئه‌مانه ناوچه‌ی کوردین و ئه‌گه‌ر گۆڕانیشیان به‌سه‌ردا هاتبێت، گرنگ خاک و زه‌مین‌ه و زه‌مین و خاک به خه‌ڵك ناگۆڕدرێت، به‌ڵام ئێمه به هۆی نیازپاکی و متمانه به خۆمان که زۆرینه‌یه، وتمان راپرسی بکه‌ن له هه‌ر شوێنێک زۆرینه وتی له‌گه‌ڵ هه‌رێمن ببن و ئه‌گینا هه‌رچی خه‌ڵک بڵێن.  

·       ١٣- ئیرنا: به پێی وته‌کانی ئه‌م رۆژانه‌ی دوایی، بارودۆخ بۆ دانوستان و وتووێژ تا چ راده‌یه‌ک گونجاو و ئاماده‌یه؟

 

-        نازم ده‌باغ: له لایه‌ن کورده‌وه من به دڵنیاییه‌وه پێتان ده‌ڵێم که بارودۆخێکی باش بۆ وتووێژ هه‌یه، هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئێمه هێزی سه‌ربازیمان نییه بۆیه به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ین که له‌م بابه‌ته خۆمان بپارێزین. بۆیه وتووێژ ده‌که‌ین و رێگای یاسایی ده‌گرینه پێش تاوه‌کو له رێگای یاساییه‌وه مافه ره‌واکانی خۆمان به‌ده‌ست بێنین.

·       ١٣: ئیرنا: ئایا له به‌غداش ئه‌مه ده‌بینن؟ بارودۆخی ئێستای عێراق چۆن ده‌بینن؟

 

-        نازم ده‌باغ: له به‌غدا به رواڵه‌ت ده‌بیندرێت به‌ڵام له کرده‌وه‌دا دژی ئه‌مه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن. راستییه‌که‌ی عێراق ئه‌مه‌یه. عێراق له سوننه، کورد و شیعه پێکهاتووه، راستی دووه‌م ئه‌وه‌یه که ئێمه پێمان وابوو شیعه‌ی عێراق به ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئێرانه به‌ڵام وانییه. خاڵی دواتر ئه‌وه‌یه سوننه‌ی عێراق وه‌کو کورد و شیعه یه‌کگرتوو نین و مه‌رجه‌عیان نییه و هه‌موویان وابه‌سته‌ی وڵاتانی سوننه‌ی عه‌ره‌بین. ئێمه پێمان وابوو به هاوپه‌یمانی کورد و شیعه‌و بڕێک له دۆستانی سوننه ده‌توانین عێراقی به‌هێز بپارێزین به‌ڵام سوننه‌کان به‌و بارودۆخه‌وه و شیعه‌ش به‌م هه‌لومه‌رجه‌وه که روو له له‌ناوچوونه یه‌کگرتووییان نه‌ماوه‌و ئه‌مه‌ش وایکرد تاوه‌کو هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ کورد تێک‌بچێت.  ئه‌مه کێشه گه‌وره بۆ عێراق دروست ده‌کات که ده‌بێت بیری لێبکه‌ینه‌وه. ده‌بێت ئه‌و یه‌کگرتووییه‌ دیسان بگه‌ڕێته‌وه یان به پێچه‌وانه‌وه بجوڵێینه‌وه که له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌موو عێراق تووشی هه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌بێت. ده‌بێت بپرسین ئه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ له سوودی کێدایه؟ ئه‌من و ئاسایشی عێراق و هه‌رێمی کوردستان به مانای ئه‌من و ئاسایشی ئێران و تورکیایه و وڵاتان ده‌بێت له ده‌مارگرژی وڵات‌خوازی ده‌رچن. کورده‌کانی باکووری عێراق له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌زموونی زۆریان هه‌یه و هاوکاری باشیشیان بووه و له‌م بارودۆخه‌دا توانیومانه وابکه‌ین که له سنووری نێوان ئێران و هه‌رێم که‌مترین رێژه‌ی کێشه‌ی ئه‌منی رووبدات. راسته له بڕێک بارودۆخدا چه‌ند بابه‌تێک روویداوه به‌ڵام بۆ خۆم شانازی ئه‌وه‌م هه‌یه که به نوێنه‌رایه‌تی مام جه‌لال بارودۆخه‌که هێورکه‌ینه‌وه‌و تا ئێستاش گروپه ئێرانییه‌کان له‌ شوێنی خۆیاندان. ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌من و ئاسایشه که ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌بین ئه‌م ناوچه ده‌بێته جه‌نگه‌ڵ.

·       ١٤- ئیرنا: پشتیوانی ئیسراییل له به‌ڕێوه‌چوونی راپرسی له هه‌رێم ده‌بینین، ئێوه ئه‌مه چۆن ده‌بینن؟

 

-        نازم ده‌باغ: به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی هه‌یه. من زۆر به‌داخه‌وه‌م که له ئێران ئێمه له‌گه‌ڵ ئیسراییل هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. ئێمه کوردین، له‌گه‌ڵ ئێران هاونه‌ژادین، پێشتر خاوه‌ن یه‌ک زه‌مین بووین، موسڵمانین، که‌س ئێمه نه‌هێناوه‌ته ئه‌م ناوچه و بڵێت لێره بمێننه‌وه. خاڵێکی دیکه‌ ئه‌وه‌یه له‌و رۆژه‌وه لێره بووین له‌گه‌ڵ ئێران دوژمنیمان نه‌کردووه. به پێچه‌وانه‌وه له هه‌موو بارودۆخه دژواره‌کاندا ئێران هاوکار و یارمه‌تیده‌رمان بووه. ئێستاکه بۆچی بێ هیچ هۆکارێک وشه‌ی ئیسراییلی دووه‌م به‌کار دێنن؟ ئیسراییل به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه. کاتێک ئه‌وان ئێمه ته‌یید ده‌که‌ن، ئێمه پێی خۆشحاڵ نابین، ئه‌وان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و موسڵمان دوژمنن، به‌ڵام پرسیاری ئێستا ئه‌وه‌یه بۆچی عه‌ره‌به‌کان خۆیان له‌گه‌ڵ ئێسراییل رێکه‌وتنیان هه‌یه و  باڵیۆزخانه‌یان هه‌یه؟ من پرسیارم هه‌یه بۆچی له‌ناو هه‌موو وڵاتانی جیهاندا، ته‌نها وڵاتێک که هاتووه‌ته پێشه‌وه‌و زیاترین کێشه ده‌نێته‌وه ئیسراییله؟ بۆچی ده‌‌هێڵن ئه‌وان وابکه‌ن؟ ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی کورددا نییه. من ناتوانم به ئیسراییل بڵێم بێ‌ده‌نگ به، هه‌روه‌ها که ئه‌مریکاش ناتوانێت وای پێ بڵێت، نابێت ئێوه وابکه‌ن (ئێران و تورکیا یان وڵاتانی دیکه) له کاتێکدا که ئێمه رووه‌و هه‌ڵدێربین، خۆشحاڵ بن. له‌وه‌ی که ئیسراییل ئێمه په‌سه‌ند ده‌کات ئامانجی تایبه‌تی هه‌یه و ده‌یه‌وێت دژی عه‌ره‌ب، کورد و تورک کێشه بنێته‌وه.

 

 

 

Read کد خبر: 514

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی