امروز: هەینی 26 نیسان 2024 برابر با 26 نیسان 2024

نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئێران بۆ ئاژانس: ئێرانییەكان دەیانەوێت یەكێتیی و گۆڕان یەك بگرنەوە

 ئێرانییەكان بە لایەنەكانی هەرێمیان وتووە كە كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ ئێمەش قازانجە

 سازدانی: ئارا ئیبراهیم

نازم دەباغ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران جەخت لەوە دەكاتەوە كە بۆ ئێران یەكگرتنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی باشترە و دەیەوێت ئەو دوو لایەنە یەكهەڵوێست بن و دەشڵێت: ״ئێران دەیەوێت بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای نەوشیروان مستەفا بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە.״

لە چاوپێكەوتنێكی ״ئاژانس״دا نازم دەباغ هەڵوێستی حكوومەتی تاران سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات‌ و جەخت دەكاتەوە كە ئێرانییەكان دەڵێن لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقداین، واتە نابێت باسی سەربەخۆیی‌ و ڕیفراندۆم بكرێت و دەشڵێت: ״ئێرانییەكان بە لایەنەكانیان وتووە كە كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ ئێمەش قازانجە״.

ئاژانس: سەرەتا لە هەڵبژاردنەكانی ئێرانەوە دەست پێ دەكەین، پێگەی كورد لەو بەشەی كوردستان چی لێ دێت؟ ئەوان ڕۆحانییان لە موحافیزكارەكان پێ باشترە؟

نازم دەباغ: پێم وایە دەنگی كورد لە كوردستانی ئێراندا كە بۆ ڕۆحانی ڕۆیشتووە درێژەپێدانی ئەو بیروبۆچوونانە بوو كە لە چوار ساڵی پێشووی كورد متمانەیەكی پێ هەبووە لە ڕووی مافەكانییەوە، دیارە ڕۆحانی یاریدەدەرێكی ئەم جارە بۆ خۆی دانا بە ناوی یاریدەدەری سەرۆکكۆمار بۆ كاروباری نەتەوەكان، ئەوە یەكەمجارە سەرۆككۆمارێكی ئێران یاریدەدەرێكی وای هەبێت، پێم وایە ئەمجارە ڕۆحانی زیاتر لە جاران بە دەنگ داخوازییەكانی گەلی كوردەوە دەچێت‌ و زیاتر دەبێت بە بەراورد بە چوار ساڵی پێشووی.

ئاژانس: ڕۆحانی بۆ هەرێمی كوردستان هیچ دەگۆڕێت؟ هەڵوێستی ئەو بەرانبەر بە هەرێم و كەیسی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان باشترە لەو سەرۆكانەی پێشتر دەسەڵاتیان هەبووە؟

نازم دەباغ: هەمیشە ڕایەكم هەیە سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە كورد یان كوردانی ڕۆژهەڵات سیاسەتێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوە كە بەڕێوەبەرانی سیاسەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دیاریان كردووە، هەر كەسێك سەرۆككۆمار بێت‌ و ئاڵوگۆڕ لە سەرۆكایەتیی كۆماریشدا بكرێت جێبەجێكاری ئەو بەرنامە ‌و سیاسەتە دەبێت، مومكینە ڕۆحانی ئەم چوار ساڵەی ئێستای كە تازە دەست پێ دەكات باشتر ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكات، ئەگەر ئێران پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ‌و كوردانی ڕۆژهەڵات باشتر نەكات ناگەڕێتەوە بۆ دواوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیشدا هەردوو كاندیدی پارێزگاران‌ و ڕیفۆرمخوازان باسیان لە باشتركردنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئێران دەكرد، بەتایبەت لەگەڵ دراوسێكانیان، هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە دراوسێكانی ئێران.

ئاژانس: كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان ئێرانییەكانی دوودڵ نەكردووە؟ ڕای ئێرانییەكان لەسەر قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفا چۆنە؟

نازم دەباغ: لەمەشدا ئێرانییەكان سیاسەتێكی نەگۆڕیان هەیە، لەگەڵ ئەوەن ئەمن ‌و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت پارێزگای سلێمانی كە سنوورێكی درێژترە لەگەڵ ئێران پارێزراو بێت، بۆیە هەرجۆرە پشێوییەك‌ و كێشەیەك هەبێت ڕەنگانەوەی دەبێت بۆ سەر ئێران، ئێران لە كۆچی دوایی كاك نەوشیروان مستەفادا، گۆڕانكاریی بەسەردا نایەت بەرانبەر بە كورد جگە لەوەی كە مومكینە نیگەرانی ئەوە بن كە ڕیزەكانی ناو گۆڕان تێك بچێت، چونكە ئێران دەیەوێت بزووتنەوەی گۆران بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە ‌و ڕێكکەوتنی گۆڕان ‌و یەكێتیی زیاتر بچەسپێت بۆ ئەوەی بە هاوكاری لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوودا ئاسایشی هەرێمی كوردستان بپارێزن، چونكە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان كاریگەریی دەكاتە سەر سەقامگیریی ئێران، سەقامگیریی هەرێمی كوردستان سەقامگیرییە بۆ ئێران.

ئاژانس: بە ڕوونی ئێران لەگەڵ یەكگرتنەوەی یەكێتیی و گۆڕاندایە؟ یان جێبەجێكردنی ڕێكکەوتنەكەی پێ باشترە لە یەكگرتنەوە؟

نازم دەباغ: ئێران بە گشتی مەسەلەی یەكگرتنی زۆر بەلاوە گرنگ نییە بە قەدەر ئەوەی كە یەكێتیی‌ و گۆڕان یەك هەڵوێست بن ‌و هاوكار بن تەداخولیش لە كاروباریاندا ناكات، بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران وا باشترە كە یەكێتیی‌ و گۆڕان یەك بگرنەوە ‌و بۆ كورد خۆیشی باشترە ‌و لە بەرژەوەندیی ئێرانیشدایە یەك بگرنەوە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ هێزی كەمتردا بكات، بەڵام ئەگەر نەتوانن یەك بگرنەوە دەكرێت ڕێکكەوتنەكەیان جێبەجێ بكەن‌ و یەكهەڵوێست بن.

ئاژانس: ڕای ئێرانییەكان لەسەر قۆناغی دوای داعشی هەرێمی كوردستان چییە؟ پێیان وایە نزیكبوونەوە لە حكوومەتی ناوەندی باشترە لەوەی لێی دوور بكەونەوە؟

نازم دەباغ: ئێران ‌و پێشتر ‌و ئێستا ‌و دوای كۆتایی هاتنی داعش لەگەڵ ئەوەدا بووە كە هەرێمی كوردستان ‌و بەغدا پەیوەندییەكی باشیان هەبێت‌ و ئێران لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقدایە، واتا هەرێمی كوردستان‌ و بەغدا لێكتێگەیشتن ‌و گفتوگۆی بەردەوامیان هەبێت ‌و لەگەڵ دووركەوتنەوەی هەرێمی كوردستاندا نین لە عێراق.

بۆیە ئێران لەو پرسەدا سیاسەتی نەگۆڕە ‌و كە داعش نەمێنێت لە عێرقدا‌ و كورد‌ و بەغدا پەیوەندییان باش بێت، ئێران لەگەڵ ئەوەدایە دەستووری هەمیشەیی عێراق وەك خۆی جێبەجێ بكرێت ‌و مافەكانی گەلی كوردیش وەك ئەوەی تێیدا هاتووە جێبەجێ بكرێت.

ئاژانس: بەم دواییە هیچ هەوڵێكی دیاریكراو هەبووە كە ئێران بیدات بۆ نزیككردنەوەی هەرێم و ناوەند؟ دەستپێخشەریی نوێ لەو بارەیەوە هەبووە؟

نازم دەباغ: تا ئێستا هیچ هەوڵێكی لەو شێوەیە نییە بە ڕەسمی، بەڵام هەمیشە لە بۆنە ‌و كۆبوونەوەكانی ئێرانییەكان لەگەڵ سەركردایەتیی كورد یان ئێرانییەكان هاتبێتن بۆ هەرێمی كوردستان تەئكیدیان لەوە كردووه‌تەوە كە بە ڕێگای گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێت، ئەگەر پێویست بە ئێران بكات یان داوای لێ بكرێت ئامادەیە ناوبژیوانی لە نێوان هەرێمی كوردستان ‌و عێراقدا بكات، بەڵام تا ئێستا داوا لە ئێران نەكراوە بە ڕەسمی ئەو ڕۆڵە ببینێت.

ئاژانس: ئەوەندەی بەرپرسانی ئێرانت بینیبێت و یان قسەتان كردبێت لەگەڵ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندان؟ ڕایان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم چییە؟

نازم دەباغ: ئێران كە دەڵێت لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقدام یانی نابێت باسی سەربەخۆیی ‌و ڕیفراندۆم بكەیت، ئێران ڕای وایە ئەگەر بەغدا ڕازی بێت بە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان‌ و شێوازەكەی ئەوكات ئێران ڕێزی لێ دەگرێت، سەركردایەتیی كوردیش هەمووكات دەیبیستن كە دەڵێن بۆ سەربەخۆیی ڕاوێژ بە بەغدا دەكەین، بەڵام ڕیفراندۆم دەكەین.

ئەگەر سەركردایەتیی كورد نەتوانێت عێراق ڕازی بكات بۆ سەربەخۆیی یان وڵاتانی توركیا ‌و سوریا‌ و ئێران ناڕازی بن‌ و یەكێك لەم وڵاتانە دژایەتی بكەن كورد سەركەوتن بە دەست ناهێنێت، بەڵام ئەگەر بەغدا بەتەنیا ڕەزامەندیی لەسەر سەربەخۆیی بدات ئەوكات توركیا‌ و ئێران ‌و سوریا ناتوانن سەربەخۆیی لە كورد تێك بدەن، ئەمەش قورسە چونكە دەزانین هەركات كورد نییەتی شتێكی هەبووە لێی تێك دراوە.

ئاژانس: لەسەر كارانەكردنەوەی پەرلەمان ئێرانییەكان چی دەڵێن؟

نازم دەباغ: تا ئێستا ئێرانییەكان دەڵێن كێشەی پەرلەمان‌ و كارانەكردنەوەی كێشەیەكی ناوخۆییە كە پێویستە لایەنەكانی بەشداریی حكوومەت خۆیان لە نێوان خۆیاندا چارەسەری بكەن، چونكە ئێرانییەكان بە لایەنەكانیان وتووە كە كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ ئێمەش قازانجە كە كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێم‌ و پەرلەمان چارەسەر بكرێت، بۆیە ئێران دەیەوێت لایەنەكان لەنێو خۆیاندا چارەسەر بكەن، ئەگەر سەركردایەتیی كورد خۆی خاوەن بڕیار ‌و چارەسەر نەبێت پێم وا نییە بە ئێران یان هەر وڵاتێكی تر چارەسەری بكات.

ئاژانس: بەم دواییە چالاكیی چەكداریی پارتە ئۆپۆزسیۆنە كوردەكانی ئێران لەسەر سنوور ئەنجام درا لە دیوی هەرێمەوە، ئێرانییەكان هیچ هۆشدارییەكیان لەو بارەیەوە دا بە حكوومەتی هەرێم لەسەری؟

نازم دەباغ: جگە لەو ڕووداوانەی ساڵی ڕابردوو هیچ چالاكییەكی سەربازیی ئەوتۆ نەكراوە كە ئێران بە ڕەسمی ئێمە ئاگادار بكاتەوە ‌و داوای ڕوونكردنەوەمان لێ بكات.

ئاژانس: ئێرانییەكان هیچ مەسجێكیان هەبوو بۆ ئۆپۆزسیۆنی كورد؟

نازم دەباغ: نەك تەنیا ئێرانییەكان ئەو مەسجەیان بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان هەبووە، حكوومەتی هەرێمیش ئەو مەسجەی بۆ لایەنەكان ناردووە كە ڕێز لە مافەكانی هەردوولا بگیرێت، نە ئێران پەلاماری هێز ‌و لایەنە سیاسییەكانی كورد بدات لە خاكی هەرێم نە ئەو لایەنانەش پەلاماری ئێران بدەن لە خاكی هەرێمی كوردستانەوە، ماوەیەكی زۆرە كە هیچ ڕوونكردنەوەیەكم نە لە ئێرانییەكانەوە پێ گەیشتووە نە لە حكوومەتی هەرێمەوە.

 

 

Read کد خبر: 462

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی