امروز: شەممە 13 تەمموز 2024 برابر با 13 تەمموز 2024

   وتووێژەکان

   وتووێژەکان (197)

یەک شەممە, 23 ک دووەم 2022

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت ئێران لە پێش هەڵبژاردن و لە نوێترین پەیامیشدا، پەیامی داوە بە سەرۆکی حکومەت و لایەنە سیاسیەکان بیانەوێت بە ڕێگایەک لە ڕێگاکان نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق کەمبکرێتەوە یان نەهێڵرێت، بە ناوی زۆرینەوە لایەنێک وەدەرنێن، پەیامەکە ڕوونە کە نابێت ئێمە(کورد) ببینە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعە. "بە دڵنیاییەوە ئێران بەرپەرچ دانەوەی دەبێت، ئیتر ئەو بەرپەرچ دانەوەیە، سیاسی بێت، عەسکەری بێت یاخود ئابوری ئەوە (لكل حادث حديث) ، دەشڵێت" ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتیە لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار، بەڵام بە پاراستنی مافەکانی یەکێتی. "


" ترسم لەوە هەیە هەندێک سیاسەت لە عێراقدا بمانگەڕێنێتەوە بۆ شێوازێک لەو ڕووداوانەی لە کاتی ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم بینران "

نازم دەباغ وتی" ئەوەی گرنگە بۆ ئێستای کوردی یەکڕیزی نێوماڵی کوردییە، نەبینە تەرەفی هیچ لایەنێکی تر، من خۆم ترسم لەوە هەیە هەندێک سیاسەت لە عێراقدا بمانگەڕێنێتەوە بۆ شێوازێک لەو ڕووداوانەی لە کاتی ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم بینران، چونکە ئەوانەی هەندێکجار کە پشتیوانی لە کورد یان لە شیعە دەکەن ڕەنگە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی سوننە بێت چونکە لە ئێستادا دژەکانی ناو سوننە زۆر بە ئاسانی یەکیان گرتۆتەوە، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆی هەیە ئەمە بە پیلانێک بزانێت بۆ تێکدانی نێوماڵی شیعە، چونکە لە بەشی زۆرینەی دەسەڵاتیان دەردەهێنێت بۆ دەسەڵاتدارێتی لە حوکم. "


" نابێت ئێمە(کورد) ببینە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعە. "


دەربارەی پەیامی هۆشداری ئێرانی بە لایەنە کوردییەکان کە نەبنە هۆی لەتبوونی ماڵی شیعە؟

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی" ئەم پەیامە هی ئێستا نیـیە بە تەنها، چەند مانگ پێش ئێستاش کە "جەنابی قائانی" سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد هەمان پەیامی دا بە لایەنە کوردییەکان، کە وتی" کورد نابێت ببێتە لایەنگری لایەنێکی شیعە بۆ دروستکردنی زۆرینەیەک بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، واتە پێکهێنانی حکومەت" وە نوێترین پەیامیش هەر ئەوە بووە کە کورد لە ڕێگای سازانەوە کێشەکانی خۆیان چارەسەربکەن و نەبنە تەرەف بە ناوی زۆرینەوە لایەنێک وەدەرنێن، پەیامەکە ڕوونە کە نابێت ئێمە(کورد) ببینە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعە. "

وتیشی" هەرچەندە من لەگەڵ ئەو شاندە ئێرانیانە نیم کە سەردانی نەجەف و هەولێر و سلێمانیان کردووە، بەڵام بە ئەزمونی خۆم، وە قسەکانیان ئەگەر هەڵبسەنگێنین، زۆر جار من خۆم قسەیەکم هەیە لەسەر برادەرانی ئێرانی دەڵێم( دوژمنەکانیان بە لبات سەردەبڕن) واتە وای لێدەکات ئازاریشییان نەبێت و تووشی شکستیشیان بکات. "

"بە گوێ نەکردنی پەیامەکەی ئێران بێ بەرپەرچ دانەوە نابێت "


واتە لایەنە کوردییەکان ئەگەر بە گوێی هۆشداریەکەی ئێران نەکەن، ئێران وەڵامی دەبێت؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" من نازانم ئێران چی دەکات، بەڵام لە ڕێگای شاندەکانیانەوە ڕاستەوخۆ بە لایەنە سیاسیەکان و سەرۆکی حکومەتیان وتووە، ئەمەی کە دەیکات دەبێت چاوەڕوان بین چی دەکات، بۆی هەیە هیچیش نەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە شتێک لە زیانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت، وە بیانەوێت بە ڕێگایەک لە ڕێگاکان نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق کەمبکرێتەوە یان نەهێڵرێت وە هێز و تواناکەی کە شیعەیە لە عێراق پەرش و بڵاوی بکەین بە دڵنیاییەوە ئێران بەرپەرچ دانەوەی دەبێت، ئیتر ئەو بەرپەرچ دانەوەیە، سیاسی بێت، عەسکەری بێت یاخود ئابوری ئەوە (لكل حادث حديث). "

دەربارەی پشتگیری ئێران بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار؟ نازم دەباغ وتی" ئێران پشتگیری لە کاندیدی یەکڕیزی کورد دەکات، وە هەروەها پشتگیریش لەو کاندیدە دەکات کە گەلی عێراق دەیەوێت، ئێستا کە بەڕێز کاک هۆشیار خاوەن کاریزمایە و کاندیدکراوە لە لایەن جەنابی کاک مەسعودەوە هۆکاری خۆی هەیە، وە یەکێتیش مافی خۆیەتی کاندیدی خۆی هەبێت کە (کاک د. بەرهەمە، بە پێی زانیارییەکانی من لە ماوەی کە د. بەرهەم سەۆک کۆمار بووە کەسێک بووە کە لەلایەنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیەوە ڕێزی لێگیراوە، وە ڕەزامەندیش هەبووە لەسەر ئەو سیاسەتەی کە ئەو پیادەی کردووە، وە بەرامبەر ئەوەش کاک هۆشیار زێباری کە وەزیری دەرەوە بووە هاتۆتە ئێران، ئێران هەمیشە ڕێزی تایبەتی بۆ هەبووە، بەڵام مەسەلەی سەرۆک کۆمار جیایە، سەرۆک کۆمار مافی کوردە لە نێو کوردیشدا بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر کراوە کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لای پارتیە، مافی یەکێتیە. "

" کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتیە لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار بەڵام بە پاراستنی مافەکانی یەکێتی"


دەربارەی ئەوەی دەوترێت (قائانی) هۆشداری داوە بە پارت کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت؟

نازم دەباغ وتی" من خۆم زانیاریم نیـیە، بەڵام باس دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی کە من گوێبیست بووم لە زۆرینەی بەرپرسەکانی ئێرە دەڵێن(ئەگەر ئازادی هەبێت، ئەندام پەرلەمان بەدەستی خۆی بێت) بەدڵنیاییەوە دەنگ دەدرێت بە د. بەرهەم بۆ سەرۆک کۆمار، ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتیە لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار بەڵام بە پاراستنی مافەکانی یەکێتی. "

 

 

https://www.dengiamerika.com/a/6409197.html

چوار شەممە, 01 ک یەکەم 2021

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لەئێران بۆ هاوڵاتى: ئێران پشتیوانیی یەكێتی دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار

سازدانی: ئارا ئیبراهیم

نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران ئەوە دەخاتە روو كە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئێران پشتیوانی لەكێتی دەكات بۆ راگرتنی باڵانس لەنێوان پارتی و یەكێتی و دەشڵێت:» پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەرێم لای پارتییە و دەیەوێت بۆ ئەم خولەش پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت».

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لەكۆماری ئیسلامی ئێران لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئاماژە بەوەش دەدات كە ئێران هیچ رۆڵێكی نابێت لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا» ئەگەر زۆرینەی لایەنە شیعەكان پشتیوانی لە كاندیدێك بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئەویش پشتیوانی دەكات».

هاوڵاتى: دوێنێ سێشەممە كۆمسیۆنی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، پێتانوایە ئێران رۆڵی هەیە لەنێو لایەنە سیاسییەكانی عێراق؟

نازم دەباغ: دیارە رۆڵی ئێران لەعێراقدا رۆڵێكی مێژوویی هەیە كە لەلایەنە سیاسیەكانی عێراق لەعەرەب و كوردو پێكهاتەكانی تر لەپەیوەندی باشداربوون لەقۆناغەكانی ئەوكاتەی كە دژی رژێمی پێشووی عێراق بوون.

ئێران هەمیشە چاوی لەوەیە كە كەمترین كێشە لەعێراقدا هەبێت بۆ ئەوەی كێشەكانی عێراق رەنگدانەوەی نەبێت و نەگوازرێتەوە بۆ ئێران، واتا تێكچونی باری ئەمنی عێراقی بەململانێی نێوخۆی ناوخۆی عێراق كاریگەری دەبێت لەسەر ئێران.

ئێران هەمیشە ئارامی و هاوكاری لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەوێت بۆ ئەوەی بتوانن حكومەتێكی سەركەوتوو لە عێراق دروست بكەن.

 '" ئێران لەقۆناغی یەكەمدا كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، چاوەڕوان دەكات بە رەزامەندی هەموو لایەنە كوردییەكان سەرۆك كۆمار یەكێك بێت كە جێگەی پشتیوانی و متمانە بێت بۆ لایەنە سیاسییەكان، هانیشیان دەدات كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم هی پارتییە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوولایەنە سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت. '"

 

هاوڵاتى: بەڕێزتان ئاگادارن موقتەدا سەدر 73 كورسی بەدەستهێناوەو مالكی 33 كورسی، هادی عامری 16 كورسی، ئایا ئێران رۆڵی دەبێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق؟ یان دووبارە ئەگەر كازمی دابنرێتەوە؟

نازم دەباغ: ئێران رۆڵی نییە لە دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵكو بەپێی ئەو دابەشكارییەی لەعێراق هەیە كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەكان و سەرۆك كۆمار بۆ كوردو سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكانە.

واتا لەناو شیعە، زۆرینەی شیعە دەتوانێت دەستنیشانی كەسێك بكات بۆ سەرۆك وەزیران، بەدڵنیاییەوە ئەوەی شیعەكان هەڵیدەبژێرێت و كاندیدی دەكات بۆ ئەو پۆستە، لەهەمانكاتدا كە زۆرینەی شیعەكانی لەگەڵ بێت ئێرانیش دەبێتە پشتیوانی.

هاوڵاتى: تاچەند ئێران پشتگیری یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی جارێكی تر سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت؟

نازم دەباغ: ئێران لەقۆناغی یەكەمدا كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، چاوەڕوان دەكات بە رەزامەندی هەموو لایەنە كوردییەكان سەرۆك كۆمار یەكێك بێت كە جێگەی پشتیوانی و متمانە بێت بۆ لایەنە سیاسییەكان، هانیشیان دەدات كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم هی پارتییە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوولایەنە سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت.

هاوڵاتى: ئایا ئێرانییەكان هیچ تەحەفوزێكیان هەیە لەسەر بەرهەم ساڵح كە ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار؟

نازم دەباغ: تا ئێستا ئەوەی كە لەئێرانم بۆ ئەو خولەی كە تێپەڕی هەستم بەوە نەكردووە كە تەحەفوزو نیگەرانی هەبێت لەوەی كە دكتۆر بەرهەم سەرۆك كۆمار بووە، بۆیە ئێران پێشیخۆشە كە سەرۆك كۆمار بەشێك بێت لەكەمكردنەوەی كێشە ئیقلیمییەكان و هاوكار بێت، بەرهەم ساڵحی پێ خراپ نەبووە.

ئێران لێدەگەرێت بۆ زۆرینەی كورد كە پشتیوانی لەكێ دەكەن، پێموایە دیاری كردنی سەرۆك كۆمار لەعێراقدا پەیوەندی بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە، ئەوەی گوێبیست بووم لەیەكێتی، كە سەرۆك كۆمار لە سێ قۆناغی پێشوو خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال بووەو دواتر كاك دكتۆر فوئاد مەعسوم بووەو و خولی پێشوو كە كاك دكتۆر بەرهەم ساڵح بووە، ئێران پێی باشە ئەم خولەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت، تا ئێستا گوێبیست نەبووین كە كەسێكی تر كاندید كرابێت لەجێگەی دكتۆر بەرهەم بۆ سەرۆك كۆمار.

هاوڵاتى: لەماوەی رابردوو وەفدی پارتی سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد، باس لەوە دەكرا بۆ ئەوە چوون كە پشتیوانیان بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هیچ زانیارییەكتان لەوبارەیەوە هەیە؟

نازم دەباغ:  پێموابێت ئەوەی مەترەح بێت كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، تەبایی لەناو كورد هەبێت بۆ دیاری كردنی سەرۆك كۆمار، وەك پێشتر باسم كرد بۆ راگرتنی باڵانس ئێران پشتیوانی لە یەكێتی دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

هاوڵاتى: كورد كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی زیاد كردووە لە 58 كورسییەوە بۆ 64 كورسی، پێتانوایە ئەگەر یەكڕیزی نەبێت زیادبوونی ژمارەی چەند كورسییەك كاریگەری دەبێت لە دابینكردنی مافەكانی گەلی كورد لەعێراقدا؟

نازم دەباغ: وەك یەكێك كە بەشداربووم لە خەباتی سیاسی و بەشداربووم لەخەباتی نیشتمانیشدا ئەوەی كە مافەكانی كورد دەستەبەر بكات تەنها یەكڕیزی ناوخۆیە، چونكە بە 50 و 60 كورسی و 80 كورسی ناتوانی لەسەر حسابی دەنگی زۆرینەو كەمینە مافەكان وەربگیرێت.

هێزی كورد ژمارەی كورد لە یەكڕیزیدایە، بەجوودا بچێت لەگەڵ بەغدا وتووێژ بكرێت و ئەوكاتە دەبێتە دەسكەوتی كەسی و حزبی و مافەكانی كورد ون دەبێت لەجیاتی مافە رەواكانی كورد پرسی ئەوەی كێ دەبێتە وەزیرو سەرۆك كۆمار باس دەكرێت.

واتا زیادبوونی ژمارەی كورسی ژمارەیە، بەڵام یەكێتی ریزەكانی كورد هێزەو ئەو هێزە دەتوانێت پارێزگاری لەمافەكانی گەلی كورد بكات سەركەووتو بێت بەرەو بەغدا بڕوات بۆ زیاتر لەو مافانەی كە هەیە.

هاوڵاتى: پێتانوایە یەكێتی دەتوانێت دەستپێشخەر بێت بۆ یەكڕیزی، یان پارتی كە زۆرترین كورسی هێناوەو زۆرترین ئەركی بەردەكەوێت بۆ ئەوەی یەكڕیزی لەنێوان لایەنەكان پێكبهێنێت؟

نازم دەباغ: بەدڵنیایی نەك یەكێتی،  پارتی و نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو، هەتا ئەوانەی كە كورسیان بەدەستنەهێناوە بەڵام بوونیان لەساحەكە بۆ ئایندە رۆڵیان دەبێت، دەستپێشخەری بۆ هەموو لایەكە لەوەی كە یەكهەڵوێست و یەكڕیز بن.

ئەو هێزەی كورسی زیاتری هەیە لەهەموویان ئەركی زیاترە، ریزەكان یەكبخات یان تێكی بدات كەخەباتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو هاوبەشێكی سەرەكی لەعێراق و هەرێم ببینێت، یەكێتیش دەتوانێت خاوەنی دەستپێشخەری بێت، خاوەنی ئەو دەسەڵاتەش بێت بۆ یەكڕیزی لە بەغدا.

 

https://hawlati.co/page_detail?smart-id=22373

شەممە, 20 ت دووەم 2021

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران دەڵێت: پۆستی سەرۆككۆماری عێراق پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەو پارتی داوای لە یەكیتی كردوە كە لە دانانی كەسێك بۆ ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتییەوە وا باشترە كۆدەنگی پارتی و هێزە سیاسییەكانی دیكەشی لەسەر بێت.

بە پێی هەواڵی مێهر, نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، ئەمڕۆ هەینی، بە ماڵپەڕێكی نزیك لە یەكێتی راگەیاند"بەگوێرەی ئەو عورفە سیاسییەی ماوەی چەند ساڵێكە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستە باڵاكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنی شیعە و كورد و سونە یەكلا بوونەتەوە، هاوكات لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش تاڕادەیەكی زۆر ئێران ناڕازی بو لەو ئەنجامانە چونكە بەدڵی ئێران نەبون، بەڵام ئەمە بەومانایە نایەت ئێران ڕۆڵی لە پرۆسەی سیاسی عێراق نەمێنێت بەڵكوو ئێران دەیەوێت لایەنە سیاسییەكان بە گفتوگۆو لێكتێگەیشتن ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن."

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد: ئەوەی پەیوەستە بە پشكی كورد لە پۆستە باڵاكانی عێراق بریتیە لە پۆستی سەرۆككۆمار كە بۆ كورد یەكلا بوەتەوە و لە ناو كوردیشدا پشكی یەكێتی نشتیمانی كوردستانە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش داوای لە یەكێتی كردوە كە لە دانانی كەسێك بۆ ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتی نشتیمانی كوردستانەوە وا باشترە كە كۆدەنگی و هاوڕایی پارتی و هێزە سیاسییەكانیشی لەسەر بێت بەو پێیەی كە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆككۆمار نوێنەرایەتی گەلی كورد دەكات و لەدەرەوەش نوێنەرایەتی هەمو عیراق دەكات.

نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم لە تاران ئەوەشی خستەڕو: لە ئێستادا شیعەكان بونەتە پێنج بەرەی جیاواز چواربەرەیان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێرانن و بەرەیەكی دیكەیان كە موقتەدا سەدر ڕێبەری دەكات لەگەڵ ئەو چوارلایەنەی دیكەی شیعەكان نییە، بەشێوەیەكی گشتی دەبێت ڕۆڵ و پێگەی وڵاتانی دەوروبەریش لەبەرچاو بگیرێت بەتایبەت ئێران و ئەمریكا و توركیا، چونكە هەمو ئەو وڵاتانە بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە عێراق كاریگەرییان لەسەر پێكهینان و دەستبەكار بونی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دەبێت.

 

 

https://ku.mehrnews.com/news/40036/%D9%BE%D8%A7%D8%B1%D8%AA%DB%8C-%D8%AF%DB%8C%D9%85%D9%88%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%AF%D8%A7%D9%88%D8%A7%DB%8C-%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%88%D9%88%DB%95-%D8%A8%DB%95%D8%B1%D8%A8%DA%98%DB%8E%D8%B1%DB%8C-%DB%8C%DB%95%DA%A9%DB%8E%D8%AA%DB%8C-%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A8%DB%86-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9-%DA%A9%DB%86%D9%85%D8%A7%D8%B1%DB%8C

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی