بەشی یەكەم // رووداو – هەولێر // 21 ساڵە وەك نوێنەری حیزب و پاشان نوێنەری حكومەت لە ئێرانە. خۆی دەڵێت زۆر جێی متمانەی قاسم سولەیمانی بووە، بۆ ئەمەش بەسەرهاتێك دەگێڕێتەوە و دەڵێت رۆژێكیان پێكەوە بوونە، قاسم سولەیمانی ژانەسەری گرتووە، داوای حەبێكی لێكردووە، ئەویش پێیگوتووە دەكرێ من پێش تۆ حەبەكە بخۆم؟
نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكی درێژدا لەگەڵ (رووداو) باسی پەیوەندیی خۆی و قاسم سولەیمانی، هەروەها پەیوەندی سەركردایەتیی كورد و ئەو جەنەراڵە و چەند وێستگەیەكی ژیانی ئەو دەكات.
رووداو: لە سەرەتای شەڕی داعش، بەیانییەكی زوو لەگەڵ مەلابانگدان خەبەرت دەكەنەوە بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی گرنگی ئێرانییەكان كە قاسم سولەیمانیش بەشدار بوو، لەوێ حاجی قاسم باسی توانای پێشمەرگەی كردبوو، دەكرێ لەو كۆبوونەوە گرنگەوە دەست بە هەڤپەیڤینەكەمان بكەین، ناوەڕۆكەكەی چی بوو؟
نازم دەباغ: پێموایە هەڵەیەك هەیە، حاجی قاسم لە كۆبوونەوەكە نەبوو، بەڵكو موحسین رەزایی بوو كە سەرۆكی شوورای دیاریكردنی بەرژوەندییەكانی نیزامە. لە نووسینگەی رەهبەرەوە هاتبوو، ئەمە مێژووە بۆیە دەیڵێم. دیاربوو كە بەدوایدا ناردم كۆمەڵێ خەڵكی لێبوو، گوتی من لە نووسینگەی رەهبەرەوە دێم و سڵاوی بۆ یەكێتی و تاڵەبانی هەیە، ئەوكاتە مام جەلال نەخۆش بوو.
گوتی باسی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و داعشمان لە هەولێر و موسڵ كردووە، رەهبەر پێی خۆش بووە راوێژێكمان هەبێ لەگەڵ ئێوە. دیارە لەوبارەیەوە كۆمەڵێك قسە كرا، بۆچوونی جیاواز هەبوو، كەسانێكی بەهێز و بەتوانا هەبوون لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا بوون كە پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان بكرێ، نامەوێ ناوی ئەو كەسانە بهێنم و لەناو ئەو كەسانەدا تەنیا من كورد بووم.
رووداو: وەكو نوێنەری حكومەت بەشدار بووی؟
نازم دەباغ: من ئەگەر درۆت لەگەڵ نەكەم وەك نوێنەری مام جەلال و یەكێتی لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووم. هەموو ئەو كەسانەی لە كۆبوونەوەكەدا بوون پلە باڵا بوون، لەوێ رای جیاجیا هەبوو لەسەر هەرێمی كوردستان و هەڵوێستەكانی، بەڵام كەسانێكی بە دەسەڵات بۆچوونیان وابوو كە لە هەولێر و دەرەوەی هەولێر دەبێ شەڕی داعش بكەین و هەرێمی كوردستان بپارێزین، چونكە لە بەرژەوەندی خۆماندایە، هەر ئەوەشیان كرد.
رووداو: هاوكارییەكانی ئێران لە رووی چەك و تەقەمەنییەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش پەیوەندی بەو كۆبوونەوەیەی ئێوە هەبوو؟
نازم دەباغ: بەشێكی، چونكە لە هەرێمی كوردستانیشەوە بەرپرسی باڵای هەرێمی كوردستان ئەو شەوە پەیوەندییان كرد، ئەو بەرپرسانە تەلەفۆنیان بۆ من كرد كە بارودۆخەكە بەكوێ گەیشتووە. من لە كۆبوونەوەكە قسەیەكم كرد، بەڵام بە جۆرێك دیكە قسەكەی من بڵاوكرایەوە. گوایە من گوتوومە ئەگەر پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان نەكەن، تەورێز دەبێت بە ئۆردوگایەكی گەورە بۆ ئاوارەكانی كورد، بەڵام گوتم بە دڵنیاییەوە جارێكی دیكە بۆی هەیە گەلی كورد تووشی كۆڕەو ببێ، چونكە پلانەكە گەورە بوو، بۆ تێكدانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بوو. بۆ دەركردنی سەركردایەتی سیاسی كورد و تێكدانی ئەم تەجروبەیە بوو.
رووداو: بۆچی هەرێمی كوردستان بەلای ئێرانەوە ئەوەندە گرنگە و دەیەوێ پارێزراو بێ؟
نازم دەباغ: من ناتوانم بەناوی ئێرانەوە قسە بكەم، بەڵام دەتوانم تێگەیشتنی خۆم بۆ هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەربڕم، من وای دەخوێنمەوە ئێران كورد بە پارسەنگ و هاوسەنگێكی باش دادەنێ بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ شیعە و سوننە، چونكە كورد سوننەیە و ئەگەر سوننەی كورد و سوننەی عەرەب یەكبگرن واتە دەبێتە زۆرینە.
رووداو: چەند جار لەگەڵ قاسم سولەیمانی دانیشتووی؟
نازم دەباغ: حیساب ناكرێ، چونكە زەمانی رەوانشاد مام جەلال جاری وا هەبووە هەفتەی دوو سێ جار لە نێوانیاندا هاتوچۆم كردووە. جاری واش هەبووە مانگی چەند جارێك، جاری واش هەبووە دوو مانگ جارێك.
رووداو: بیرتە یەكەمجار كەی ئەوت بینی؟ باسی چیتان كرد؟
نازم دەباغ: یەكەمجار كە بینیم دوای راپەڕین بوو لە ساڵی 1991 ، بەناوی بەرەی كوردستانی ئەو سەردەمە خوالێخۆشبوو كاك سامی عەبدلڕەحمان، كاك قادر قادر، كاك ئەمیر هەبوو، وەزیری پیشەسازی لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، منیش بەناوی نوێنەرایەتی یەكێتی و مام جەلال لەگەڵ ئەو شاندە بووم، لە تاران بینیمان.
رووداو: باسی چیتان كرد؟
نازم دەباغ: باسی ئەو شتانەمان كرد كە كورد پێویستی بوو، ئەو كاتە یەكێك لە كێشە گەورەكانمان سووتەمەنی بوو، دەمانویست ئێران هاوكاریمان بكات، هاوكاریش بوون.
رووداو: قەت لە كوردستان لەگەڵ حاجی قاسم دانیشتووی؟
نازم دەباغ: بەڵێ زۆر جار. من هەماهەنگیم كردووە، بەشداریم كردووە لەو كۆبوونەوانەی كە مام جەلال و كاك نێچیرڤان و عادل عەبدولمەهدی هەرسێ پێكەوە چوونە شوێنێك، ئەویش لە تارانەوە هات.
رووداو: ئەمە ساڵی چەند بوو؟
نازم دەباغ: ساڵەكەم بەتەواوی لەبیر نییە، بەڵام ئەوكاتە مام جەلال تازە ببووە سەرۆككۆماری عێراق. ئیدی بە هەلیكۆپتەر هاتین بۆ ئەو شوێنە، بەڵام دواتر هەواكە ناخۆش بوو توانای بینین كەم بوو، بۆیە بە ئۆتۆمبێل گەڕاینەوە كرماشان و لەوێشەوە بۆ تاران. چەند جارێكی دیكەش هەر لەناو كوردستان كۆبووینەتەوە، یەكەمجار لە كوردستان لە مەسیف سەلاحەددین لەگەڵ حاجی قاسم كۆبوومەتەوە.
رووداو: قەت نانتان پێكەوە خواردووە؟
نازم دەباغ: نانی بەیانیمان زۆر پێكەوە خواردووە، یەكێك لە سیفەتەكانی ئەوە بوو كە كاری گرنگی هەبووایە، خۆ تۆ رۆژنامەی هەمشەهریت بینی؟ ئەوەی لەسەر ئەو پیاوە گوتوومە كەمە، بۆنموونە جاری وا هەبووە 11 و 12ی شەو تەلەفۆنم بۆ كردووە بۆ ماڵەوە، وەڵامی داومەتەوە.
رووداو: پەیوەندیتان ئەوەندە بەهێز بوو؟
نازم دەباغ: بەهۆی مام جەلالەوە بوو، چونكە ئەو پێگەیەی هەمبوو، لەبەر ئەوە بوو كە نوێنەری مام جەلال بووم، بەڵام خۆم توانیومە پارێزگاری لێ بكەم. جا بۆ نانی بەیانیان تەلەفۆنم بۆ كردووە گوتوویەتی سەعات 6:30 وەرە فڵان شوێن نانی بەیانی پێكەوە بخۆین.
رووداو: زۆرتر لە كوێ نانی بەیانیتان دەخوارد؟
نازم دەباغ: زۆرتر لە شوێنی كارەكانی، كە چەند شوێنێكی هەبوو تایبەت.
رووداو: ئەی لە شوێنی كارەكەی تۆ؟
نازم دەباغ: لە شوێنی كاری من نانمان پێكەوە نەخواردووە، بەڵام رێككەوتووە ماڵەكەیان لە شوێنێك بوو لەسەر رێگایەك، گوتوویەتی وەرە فڵان شوێن راوەستە، لەگەڵ خۆی و شۆفێرەكەی، ئەو كوڕەی لەگەڵی شەهید بوو (جەعفەری)، هاتووەتە خوار و هاتووەتە ناو سەیارەكەی من، چونكە من شۆفێرم لەگەڵ نەبوو، قسەكانی لەناو سەیارەكەی من كردووە و دواتر چووەتەوە ناو سەیارەكەی خۆی. هەتا جارێ پێمگوت حاجی ئومێدەكەم ئەمە دووبارە نەبێتەوە. گوتی بۆ؟ گوتم خوانەخواستە ئەگەر شتێك بقەومێ تەنیا من مەوعیدەكەی تۆم لەم شوێنە زانیوە، لەبەر ئەوە بۆ جارێكی دیكە ئاوابێ نایەم. هەر كاتێكیش مەوعیدی دانابێ، ئەو پێش من گەیشتووەتە شوێنەكە. ئەگەریش دواكەوتبێ تەلەفۆنم بۆ كراوە گوتوویانە (10) خولەك خۆت دوابخە، چونكە لەوێ نییە.
رووداو: چ سیفەتێكی قاسم سولەیمانیت بەدڵ نەبوو؟
نازم دەباغ: تەمەننا دەكەم هەموو سەركردەیەك وەك ئەو بێ.
رووداو: قەت چوویت بۆ ماڵەكەی یان هاتووە بۆ ماڵەكەت؟
نازم دەباغ: نەخێر، من بڕوام بە قسەیەكی سوڵتان سولەیمان هەیە كە لە زنحیرەی حەریمی سوڵتان زاواكەی دەكات بە سەرۆكوەزیران و مۆرەكەی دەداتێ و سوپاسی دەكات. ئەوەشی پێدەڵێ چەند لە گەورە پیاو نزیك ببیتەوە، ئەوەندەش لە مەرگ نزیك دەبیتەوە.
رووداو: لە روانگەی قسەكەی خۆتەوە، كەواتە بە نزیكیی تۆ لە قاسم سولەیمانی ئەگەری مردنت زیاتر بووە؟
نازم دەباغ: بەڵێ بەس نەترساوم، بۆ نموونە ئەوەتا ئەبومەهدی موهەندیس لە قاسم سولەیمانی نزیك بوو چی بەسەرهات؟ من بە فڕۆكەی تایبەت لەگەڵی هاتووم بۆ هەولێر و سلێمانی. بە ئۆتۆمبێل لە پاوەوە چووین بۆ كرماشان و مەریوان. لەگەڵی هاتووم بۆ قەڵاچوالان.
رووداو: بۆ دڵنیایی تۆی لەگەڵ خۆی دەگێڕا؟
نازم دەباغ: مام جەلال دەیگوت جێی مەهێڵە، چونكە كە تۆ پێیدەڵێی وەرە، دەبێ دڵنیای بكەیەوە و لەگەڵی بی، كاتێك پیاوێكی وا بانگ دەكەی، قەناعەت بكە سەری ئێشاوە حەبی لە من وەرگرتووە. بە ترسەوە پێمگوتووە ناكرێ خۆم سەرەتا حەبەكە بخۆم؟ گوتی عەیبە ئەو قسەیە چییە دەیكەی، چونكە پیاوێكی وا گەورە كێ ناڵێ تۆ حەبێكی بدەیە نامرێ. متمانەی زۆر بە من هەبوو.
رووداو: لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری (همشهری جوان) رۆژنامەنووسە ئێرانییەكە دەڵێت، بۆ ئەوەی باشتر حاجی قاسم بناسین، چووین بۆ لای نازم دەباغ! ئەمە هەر موجامەلە بوو، یان بەڕاستی وایە و تۆ بانكی زانیاری بوویت لەبارەی حاجی قاسمەوە؟
نازم دەباغ: نە ئەو پێویستی بە موجامەلەیە، نە منیش دەیكەم، ئەو سوور بووە لەسەر ئەوەی من قسەی بۆ بكەم. بایی خۆم زانیاریم لەسەر حاجی قاسم هەیە لە شێوەی كاركردنی لەگەڵ جەنابی مام جەلال و كاك مەسعود و كاك نێچیرڤان. زۆرجار رێككەوتووە پەیامی حاجی قاسمم بۆ مام جەلال و بۆ كاك مەسعود هێناوە.
رووداو: دیارترین ئەو پەیامانە چین و زیاتر بۆ كێت هێناون؟
نازم دەباغ: بۆ كاك مەسعود یەك دوو جار پەیامیم بۆ هێناوە، جارێك راستەوخۆ خۆم بۆم هێنا. جارێكیش لە رێگەی مام جەلالەوە گەیاندم. بۆ كاك نێچیرڤانیش چەندینجار پەیامی فەرمیی حكومەت و كۆماری ئیسلامیم هێناوە. لە رێگای پەیوەندییەكانی دەرەوە و كاك عەبدوڵڵا ئاكرەیی.
رووداو: نووسەر عارف قوربانی لە وتارێكدا لە (رووداو) نووسیبووی ئەگەر كۆنگرەی یەكێتی دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی بكرابایە ئەنجامەكەی بەشێوەیەكی دیكە دەبوو؟ كاریگەریی قاسم سولەیمانی بەسەر یەكێتییەوە هێندە زۆر بوو؟
نازم دەباغ: پێموایە كاریگەریی حاجی قاسم لە ئاستێكدا بەسەر هەموو سەركردایەتی كوردەوە هەبوو، بەڵام بەرژەوەندییەكان زیاتر لەگەڵ یەكێتی بووە، چونكە مەرزێكی درێژمان هەیە. تۆ حساب بكە 435 كیلۆمەتر مەرزمان لەگەڵ ئێران هەیە. رەنگە لەگەڵ پارتی 15 بۆ 20 كیلۆمەتر بێ، چونكە ئەمسەری لەگەڵماندا پەكەكەیە و ئەو سەری تا دەگاتە توركیا هەر پەكەكەیە. تەنیا حاجی ئۆمەرانە و باقی دیكە لەگەڵ یەكێتییە، بەرژەوەندی توركیا لەگەڵ پارتی چەندە بەو ئەندازەیەش بەرژەوەندیی ئێران لەگەڵ یەكێتی هەیە. بەڵام من بۆ مێژوو دەڵێم ئەو لێكدانەوەیەی ئێران بۆ كورد هەیەتی لە نێوان یەكێتی و پارتی، ئەو لێكدانەوەیە مومكینە لایەنێكی دیكە نەیبێ.
رووداو: چۆن؟
نازم دەباغ: بۆ نموونە ئێمە ئەزموونی 31ی ئابمان هەیە، من دوای 14 رۆژ كە لە هەولێر خۆم شاردبووەوە، بە قاچاخ خۆم گەیاندە نەغەدە. مام جەلال یەكسەر منی كردە بەرپرسی هەماهەنگیی ئێران و یەكێتی. لە نەغەدە جیهازم هەبوو لەگەڵ هەموو لایەك پەیوەندیم هەبوو، تا ئەو شوێنەی ئێستا كە یەكێتی گەیشتووەتە دێگەڵە و دۆڵی سماقوڵی و دۆڵی شەهیدانیش كە گەیشتینە ئەوێ، ئێرانییەكان بە منیان گوت تەواو. ئێمە نامانەوێ پارتی لەناوبچێ. ئەمە مێژووە و قسەی دیكەش هەیە بیكەم، بەڵام ناكرێ، بۆ نموونە چۆن پەیام بۆ پارتی نێردرا كە لە مەسیف بمێننەوە.
رووداو: چۆن پەیامیان بۆ نێردرا، كێ پەیامەكەی نارد؟
نازم دەباغ: ئێرانییەكان خۆیان ناردبوویان، پەیامەكەش زارەكی بوو، پێیانگوترا تەواو یەكێتی لەوە زیاتر ناتوانێ بێتە پێشەوە. ئەمە سیاسەتی ئێرانە.
رووداو: من وەڵامی پرسیارەكەی كوژرانی قاسم سولەیمانی و كۆنگرەی یەكێتیم وەرنەگرتەوە؟
نازم دەباغ: من پێموایە كاك عارف قوربانی كەمێك زانیارییەكانی تەواو نییە. من بڵێم ئێران كاریگەری لەسەر نەبووە، هەیبووە، هەر وەك چۆن كاریگەری لەسەر لایەنەكانی دیكەش هەبووە. هێز نییە لە هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی باشدا نەبووبێ لەگەڵ حاجی قاسم و قەرارگەی رەمەزان.
رووداو: حاجی قاسم تا چەند رۆڵی لە دانانی بەرپرسانی كورد لە پێگەی حیزبی و حكومی هەبوو؟
نازم دەباغ: رۆڵ نەبوو ئامۆژگاری بوو. لە كێشەی نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان ماوەیەك كەسە كاریزماكانیان دەشكاند، لەناو یەكێتی یەكدییان دەشكاند و یەكێتی دژی پارتی بوو. لەولا كاك نەوشیروانیان دەشكاند. ئەمە ئەگەر حاجیش لێرە نەبێ خوای ئەو لەسەرمانە. ئەو ئامۆژگارییەی كردم و گوتی تكات لێدەكەم ئەوەی دەمت دەگاتێ رێز بۆ كەسایەتییە كاریزماكانی خۆتان دابنێن، ئەمانە راستە باش و خراپیشیان تێدایە، بەڵام چاكەكەی ئەوەیە بەو كاریزمایەی خۆی بووەتە ئەم پیاوە گەورەیە. بەرامبەر ناحەزەكانتان مەیانشكێنن، ئەمە خۆی ئامۆژگارییەكی زۆر زۆر بە ویژدان و دۆستانەیە بۆ هەموومان.
مومكینە رۆڵیشی هەبووبێ لەوەی یەكێتی تا ئێستا بەم شێوەیە ماوەتەوە و دووبەرەكییەك دروست نەبوو كە ناحەزەكانی یەكێتی خەونیان پێوە دەبینی و حەزیان دەكرد ببێتە سەد پارچە.
رووداو: بەڵام دەشگوترێ قاسم سولەیمانی رۆڵی هەبووە لە دروستكردنی ململانێی ناو باڵەكانی یەكێتی لە دوای نەمانی مام جەلال، بۆ ئەوەی هەمیشە باڵادەست بێ بەسەریانەوە؟
نازم دەباغ: بە پێچەوانەوە، من گوتم یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ پەیوەندیی باشیان هەبووە لەگەڵی. ئامۆژگارییەكانی ئەوە نەبووە تەبایی تێكبدا لە نێوانیان. بە پێچەوانەوە بۆ ئەوە بووە یەكبین.
من نموونەی 31ی ئابم هێنایەوە. كاتێك یەكێتی لە كوردستان دەركرا، ئەمریكییەكان چوونە لای كاك مەسعود لە سەیرانبەن، نەیانگوت كاك مەسعود بگەڕێوە با یەكێتی بێتەوە، بەڵكو دەستخۆشییان لێكرد. بەڵام ئێران كە پشتیوانیی یەكێتی كرد و یەكێتی هێرشی كرد، لەوانەبوو بتوانێ شوێنی دیكەش بگرێت، بەڵام ئێران بە ئێمەی گوت تا ئێرە. واتە نابێ پارتی لەوە زیاتر بشكێنرێ.
رووداو: قاسم سولەیمانی هۆشداری زۆری بە كورد دا كە ریفراندۆم نەكەن، تەنانەت بە سەركردەیەكی وەك كاك كۆسرەت دەڵێ ئەگەر وازنەهێنی ئەوە دێم بۆ پرسەكەت، ئایا سولەیمانی لەگەڵ تۆ قەت باسی بابەتی ریفراندۆمی كرد؟ هیچ پەیامێكی لە رێگەی تۆوە نارد بۆ سەركردایەتی كورد؟
نازم دەباغ: ئەوەی كاك كۆسرەت راست نییە.
رووداو: لەگەڵ تۆ باسی ریفراندۆمی كرد؟
نازم دەباغ: نەك لەگەڵ من باسی كردبێ. من ئاگاداری هاتنی جەنابی كاك نێچیرڤان بووم بۆ لای حاجی قاسم. بەشداریم لە كۆبوونەوەكە نەكرد، چونكە شاندەكە پارتی بوون، لە فڕۆكەخانە پێشوازیم لێكردن تا شوێنەكەی حاجی قاسم. تەنانەت كاك نێچیرڤان گوتبووی ئەوە بۆ رۆیشت. گوتم نامەوێ شایەت بم لەسەر قسەكان، مومكینە بشزانم چییە. شاندی یەكێتیش كە هاتووە بریتی بووە لە كاك كۆسرەت، مەلا بەختیار، كاك عومەر فەتاح و د.خەسرەو، مەحموود سەنگاوی و خۆشم كە تەرجەمەی قسەكانی كاك كۆسرەتم بۆ حاجی قاسم كرد، ئەوەی من گوێم لێ بووە گوترا ریفراندۆم مەكەن، بەڵێنیشتان دەدەینێ لە جێبەجێكردنی مادەی 140 پشتیوانتان بم، لەوانەیە بڵێن بۆ تا ئێستا پشتیوانمان نەبووی؟ ئەوەش هۆكاری هەبووە، بەڵام بەڵێنتان دەدەمێ دوای ئەو بابەتە، داكۆكیكارێكی سەرسەختتان بم بۆ مافەكانتان لەناو چوارچێوەی عێراق.
رووداو: دڵنیاییەك هەبوو كە قاسم سولەیمانی و ئێران داكۆكییان لە مافی كورد دەكرد؟
نازم دەباغ: دڵنیایی هەبوو وەك ئێستا عێراق لە دەستی خۆیان بوو، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەو بودجەیە بۆ هەرێمی كوردستان دەهات؟