امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

هه‌رێم 130 زیندانی ڕاده‌ستی ئێران ده‌کاته‌وه‌

زۆرینه‌یان له‌سه‌ر مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیر کراون ئاژانس
– 
شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین  //  وا بڕیاره‌ له ‌سه‌ره‌تای مانگی ئایینده‌دا 130 زیندانیی ئێران ئازاد بکرێن که‌ زۆربه‌یان به‌ تۆمه‌تی مادده‌ی هۆشبه‌ر سزا دراون ئه‌وه‌ش له‌ به‌رامبه‌ر گواستنەوەی كه‌متر له‌ 20 زیندانیی هه‌رێم که‌ له‌ ئێران به‌ند کراون.

هه‌فته‌ی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم و  محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ هه‌ولێر کۆبوونه‌وه‌ و یه‌کێک له‌ ته‌وه‌ره‌کانی کۆبوونه‌وه‌که‌ بریتی بووه‌ له‌ ئازادکردنی 130 زیندانیی ئێران تا له‌ ئێران حوکمه‌کانیان ته‌واو بکه‌ن، هاوکات 20 زیندانیی هه‌رێمیش که‌ له‌ ئێران به‌ند کراون ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ هه‌رێم.

نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تاران بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״به‌ ڕێککه‌وتنێک 130 زیندانیی ئێران که‌ له‌ هه‌رێمن ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و 20 زیندانیی هه‌رێمیش که‌ له‌ ئێرانن بۆ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و حوکمه‌کانیان له‌ وڵاته‌کانی خۆیان ته‌واو ده‌که‌ن.״

وتیشی: ״ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ ئیمزا كراوه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها یه‌ك مه‌رجی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زیندانیانی ئێران داناوه،‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئێران ده‌بێت به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك واژۆ بكات، كه‌ له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیی خۆی ئه‌م بڕیاره‌ جێبه‌جێ ده‌كات.״

له‌ ساڵی ڕابردوودا 96 به‌ندكراوی ئێران و 6 به‌ندكراوی هه‌رێم ئاڵوگۆڕیان پێ كراوه‌.

دڵشاد فائیز، وته‌بێژی داواكاری گشتیی هه‌رێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به ‌پێی مه‌رسومی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی لێبووردن و گواستنه‌وه‌ی به‌ندكراوانی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌توانێت  ده‌‌سه‌ڵاته‌كه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی داد.״

به‌پێی یاسای ژماره‌ 10ی ساڵی 2018 تایبه‌ت به‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم، ده‌سه‌ڵاتی لێبووردنی تایبه‌ت دراوه‌ به‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم.

ئه‌بووبه‌کر هه‌ڵه‌دنی، په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی کوردستان، به‌ ״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ندكراوان كارێكی باشه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانیی هه‌رێم له‌ ڕووی دابینكردنی خه‌رجییه‌وه.

وتیشی: ״زۆرینه‌ی ئه‌و زیندانیکراوانه‌ی ئێران که‌ له‌ هه‌رێم ده‌ستبه‌سه‌رن  به‌هۆی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیر كراون، به‌ڵام تا ئیستا كه‌متر له‌ 20 به‌ندكراوی هه‌رێم له‌ ئیران هه‌یه‌.״

ساڵی 2012 په‌رله‌مانی عێراق ڕێککه‌وتننامه‌ی ئاڵوگۆڕی به‌ندییه‌کانی بۆ ئێران په‌سه‌ند کرد.

 حاكم شێخ له‌تیف، شاره‌زا له‌ بواری ده‌ستووری، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״به‌پێی یاسا بڕیاری گواستنه‌وه‌ی به‌ندییه‌كان بۆ ئێران كارێكی فیدڕاڵییه‌ و له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌دا باس له‌وه‌ کراوه‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ له‌نێوان حکومه‌تی عێراق و ئێران ده‌بێت.״

Read کد خبر: 683

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی