امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

نازم ده‌باغ له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مێهر: به‌رهه‌م ساڵح بۆ ئاشتی و یه‌کگرتوویی عێراق هه‌وڵ ده‌دات

 ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - سومه‌یه‌ خومارباقی: دواجار ڕۆژی سێ شه‌مه‌ نوێنه‌رانی پارلمانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری عێراق ده‌نگیان دا و به‌رهه‌م ساڵح و به‌ سه‌رۆک کۆماری نوێی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ڵبژێردرا.

به‌رهه‌م ساڵح ئه‌زموونی سیاسی زۆری هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندی ناوچه‌یی و جیهانی زۆر باشی له‌گه‌ڵه‌. ئه‌و له‌ ۲۰۰۱وه‌ تاکوو ۲۰۰۴ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان بووه‌. 

هه‌روه‌ها له‌ ساڵی ۲۰۰۴ جێگری یه‌که‌می ئه‌یاد عه‌لاوی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بوو، جێگری نوری مالکی له‌ نێوان ۲۰۰۶ بۆ ۲۰۰۹ بوو، وه‌زیری پلان دانان له‌ ده‌وڵه‌تی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری بوو له‌ ساڵی ۲۰۰۵.

هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران گفتوگۆمان کردووه‌ که‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت.

* به‌رهه‌م ساڵح سه‌ره‌ڕای دابڕانی له‌ یه‌کێتی هاته‌وه‌ بۆ ناو ئه‌م حزبه‌ و دواجار له‌ ڕکابه‌ری فواد حوسه‌ین سه‌رکه‌وت، بۆچی به‌رهه‌م ساڵح گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌کێتی؟

پیرۆزبایی که‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌که‌م، پێشتر ناکۆکی ڕاوبۆچوون له‌ نێوان ئاندامانی یه‌کێتی و به‌رهه‌م ساڵحدا بوو، به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشت و هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح خۆی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی پارلمانی عێراقی کرد به‌ لیستێکی سه‌ربه‌خۆ.

به‌ڵام دواجار ئه‌ندامانی یه‌کێتی و بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لال به‌ پێویستیان زانی که‌ به‌رهه‌م ساڵح بگه‌ڕێته‌وه‌ و ببێته‌ به‌ربژاری سه‌رۆک کۆماری عێراق. ئه‌گه‌رچی به‌رهه‌م ساڵح کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی یه‌کێتی هه‌بووه‌ به‌ڵام هه‌میشه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ له‌ سه‌ر ڕێچکه‌ی تاڵبانییه‌ و ئیش بۆ جێبه‌جێ کردنی بۆچوونه‌کانی ده‌کات.

به‌رهه‌م ساڵح و دوکتور فواد حسه‌ین هه‌ر دووکیان پێکه‌وه‌ بۆ سه‌رۆک کۆماری عێراق کێبه‌رکێیان کرد و ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ خزمه‌ت کردن به‌ خه‌ڵک بوو نه‌ک هیچی دیکه‌.

له‌ ڕاستیدا گه‌ڕانه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌کێتی بۆ جێبه‌جێ کردنی سیاسته‌کانی مام جه‌لال و په‌ره‌دان به‌ چاکسازی و به‌هێز کردنی یه‌کێتی نیشتمانی چ له‌ ناوخۆ و ناوچه‌که‌ و جیهان ئه‌نجام بووه‌.

* به‌رهه‌م ساڵح دوای سه‌رکه‌وتن وتی که‌ سه‌رۆک کۆماری هه‌موو عێراق ده‌بێت نه‌ک لایه‌نێکی دیاریکراو. به‌ هۆی پێداگری پارتی بۆ ئه‌م پۆسته‌، داهاتووی په‌یونه‌دییه‌کانی نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌ داهاتوودا چۆن ده‌بێت؟

به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق سوێندی خواردووه‌ که‌ ده‌بێت ۆ یه‌کگرتوویی عێراق هه‌وڵ بدات، گرووپه‌ سیاسییه‌کانی عێراقیش به‌شێکن له‌م خه‌ڵکه‌، من له‌ سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌م که‌ ئه‌مه‌ نابێته‌ هۆی ناکۆکی نێوان لایه‌نه‌کان.

ناکۆکی هه‌یه‌ به‌ڵام قابیلی چاره‌سه‌ر کردنه‌ به‌ هۆی هه‌ستی به‌رپرسیار بوونی ڕێبه‌رانی کورد، وه‌ک بارزانی که‌ بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵک هه‌موو هه‌وڵێکی داوه‌. به‌رهه‌م ساڵح ڕێزی زۆری بۆ بارزنای وه‌ک ڕێبه‌رێکی گه‌وره‌ی کورد هه‌یه‌ و به‌م هۆیه‌وه‌ ئاسه‌واری نه‌رێنی نابێت.

هه‌روه‌ها وه‌ک ده‌زانن ۲۱۹ پارلمانتاری عێراق چ عه‌ره‌ب و چ سونه‌ ده‌نگیان به‌ به‌رهه‌م ساڵح دا که‌ نیشان ده‌دات زیاترین ده‌نگ و پشتگیری له‌ ناو عێراقییه‌کان هه‌یه‌ و بڕوا ناکه‌م کێشه‌ ساز ببێت.

* به‌رهه‌م ساڵح دوای بوون به‌ سه‌رۆک کۆماری ڕایگه‌یاند که‌ پێبه‌ند ده‌بێت به‌ یه‌کگرتوویی خاکی عێراق، ئایا ئه‌مه‌ په‌یامی بۆ ئه‌و گرووپه‌ کوردیانه‌ نییه‌ که‌ له‌ دوای سه‌ربه‌خۆین؟

به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق سوێندی خواردووه‌ لێره‌دا بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی جێگه‌ی باس کردن نییه‌. له‌ ڕاستیدا پێگه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق وه‌هایه‌ و ڕێگه‌ به‌م شتانه‌ نادات.

به‌ پێی ئه‌م سوێنده‌ ئاساییه‌ ده‌بێت پێبه‌ند به‌ یاسای ئه‌و وڵاته‌ بین که‌ تێیدا نیشته‌جێین. هه‌ر دوو گرووپه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ربژاریان بوو به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح بوو که‌ له‌ پڕۆسه‌که‌دا سه‌رکه‌وتوو بوو.

* ئایا به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت گرووپه‌ کوردییه‌کان پێکه‌وه‌ یه‌کگرتوو بکات و له‌ ناکۆکییه‌کانیان که‌م بکاته‌وه‌؟

لام وایه‌ که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستی به‌ هه‌وڵی یه‌کجار زۆر هه‌یه‌. توانی به‌رهه‌م ساڵح سنوور داره‌ به‌ڵام یه‌کێکه‌ له‌ به‌رنامه‌کانی. سه‌باره‌ت به‌ ناکۆکییه‌کان ده‌بێت بڵێین که‌ گرووپه‌ کوردییه‌کان نه‌یان توانی که‌سێکی هاوبه‌ش بکه‌نه‌ به‌ربژار بۆ سه‌رۆک کۆماری عێراق، ئاسته‌نگی داهاتووش ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ نه‌توانن پێکه‌وه‌ گوتارێکی سیاسی هاوبه‌شیان هه‌بێت.

ئاسته‌نگی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ نه‌توانن بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌ ڕێککه‌وتن بگه‌ن به‌ڵام من ئه‌رێنی له‌ بابه‌ته‌کان ده‌ڕوانم چون له‌ ڕابردوو کێشه‌کان له‌ به‌رده‌م یه‌کگرتن زۆر زیاتر و قووڵ تر بوون.

ڕێکاری به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ بیسه‌ڵمێنێت به‌ یه‌ک چاو سه‌یری هه‌موو گرووپه‌ عێراقی و کوردییه‌کان ده‌ڕوانێت و نه‌ڵێت که‌ من ته‌نیا ئه‌ندامی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان یان هه‌رێمی کوردستانم، به‌ڵکو نوێنه‌ری هه‌موو عێراقه‌. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که‌ زوو بجوڵێته‌وه‌ بۆ یه‌کگرتوویی و نزیک کردنه‌وه‌ی هه‌موو گرووپه‌ عێراقییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ سیاسی و ئابووری و سه‌ربازییه‌کان هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت.

* به‌رهه‌م ساڵح، عادڵ عه‌بدولمه‌هدی کرده‌ به‌رپرس له‌ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی عێراق، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ تایبه‌ت به‌ نیسبه‌ت ئێران چۆن ده‌بینن؟

من لام وایه‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م جاره‌ که‌ عێراق دوو به‌رپرسی گه‌وره‌ی تێدا هه‌ڵده‌بژێردرێت که‌ دوو که‌سی ته‌واو میانه‌ڕۆن و ده‌بنه‌ به‌رپرس، هه‌روه‌ها ئه‌م دوو که‌سه‌ ساڵانێکی زۆره‌ که‌ هاوڕێ و دۆستی یه‌کتر بوون.

به‌م هۆیه‌وه‌ زۆر باشتر ده‌توانن کێشه‌کانی چاره‌سه‌ر بکه‌ن و سیاسه‌تێکی ده‌ره‌کی هاوبه‌شیان هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌ به‌ جیهان و وڵاتانی دراوسێ. من له‌ سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌م که‌ ئه‌م دوو که‌سه‌ زۆر باش له‌ به‌رژوه‌ندی هاوبه‌شی عێراق له‌گه‌ڵ دراوسێکانی تێگه‌یشتوون.

ئێران به‌شێکه‌ له‌ وڵاتانی گرنگ بۆ عێراق و ئه‌منیه‌ت عێراق و ئێران هاوبه‌شه‌ و هه‌ر دوو لا په‌یوه‌ندی باشیان هه‌یه‌ بۆیه‌ پێم وایه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆک کۆماری به‌رهه‌م ساڵح په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران باش ده‌بێت.

 

Read کد خبر: 649

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی