امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

نوێنەری حكومەت لە تاران: ئێران جارێكی دیكەش ئاوی زێی بچووك دەگرێتەوە

رووداو- سلێمانی 


نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایگەیاند، ئێران بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەپێی عورف و رەچاوكردنی پێداویستی هەرێمی كوردستان بە ئاو، نەرمیی نواندووە و بەشێك لە ئاوی زێی بچووكی بەرداوەتەوە. دەشڵێت: "دەبێ ئێمەش تێبگەین كە ئێران بەنداوی بۆ گلدانەوەی ئاو دروستكردووە".

نازم عومەر، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، رەتیكردەوە گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران بۆ چارەسەری كێشەی ئاو بەرهەمدار نەبووبن و دەڵێ بە پێچەوانەی توركیاوە، ئێران عورف و مافی دراوسێیەتی لەبەرچاو گرت و بەشێك لە ئاوەكەی بەردایەوە بۆ زێی بچووك، بەڵام دەشڵێ "نابێ چاوەڕێی ئەوە بكرێت ئێران وەك جاران هەموو ئاوەكە بەربداتەوە، چونكە ئەو ماوەی 10 ساڵە كار بۆ دروستكردنی ئەو بەنداوە دەكات و پارەی تێدا خەرج دەكات، خۆ نایەوێ هەوای تێبكات".

بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لەلایەن ئێرانەوە، قەڵادزێ تووشی كەمئاوی هات و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەو بارەیەوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لە كاتێكدایە یەكی حوزەیران كاتی بەردانەوەی ئاوە نەك گرتنەوەی".

ئەوە یەكەمجار نییە كە ئێران بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك چەند ناوچەیەكی باشووری كوردستان  تینوو بكات. ساڵی رابردووش لە رۆژی 10ی تەموزدا ئاوی زێی بچووكی وشك كرد و بووە هۆی لەنێوچوونی سامانی ماسی لەو ناوچەیە و زیانی زۆر بە بەرهەمی كشتوكاڵی گەیشت، سەرباری دروستبوونی كێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ چەند ناوچەیەك بە تایبەتی سەنتەری شارۆچكەی قەڵادزێ‌.

نازم عومەر، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، دەڵێ "ئێران ساڵانێك لەمەوبەر دەستی بە دروستكردنی ئەو بەنداوە كردووە "دەبوو لەوكاتەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان تێبگەیشتایە لەوەی ئێران بەتەمای چییە و مشووری خۆی بخوات".

بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك، بەنداوی دووكان رووبەڕووی كێشەی دابەزینی ئاستی ئاو بووەوە و رۆژانەش چەند مەترێك ئاوی بەنداوەكە دادەبەزێت. نازم عومەر، لەو بڕوایەدایە كە ئێران جاری دیكەش ئاوی زێی بچووك دەگرێتەوە لە داهاتوودا "بەڵام بەڕێژەی 100% ئاوەكە ناگرێتەوە و دەیەوێ ئەو بەنداوە پڕبكاتەوە كە دروستی كردووە".

لەوەتەی ئێران دەستی بە گلدانەوەی ئاو كردووە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەرنەبێ بڕی گرتنەوەی ئاو كەمتر بكەنەوە تاوەكو ئەوكاتەی دەتوانن بەنداوی زیاتر دروستبكەن. نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، داوا دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان بیر لە چارەسەری درێژخایەن بكاتەوە بۆ كێشەی ئاو: "ئێران بەنداوەكانی خۆی پڕدەكاتەوە و بۆ ئەوەش دروستیكردوون، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بیر لە چارەیەك بكاتەوە".

بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت بەپێچەوانەی گوتەی بەرپرسانی ئێران ئاستی ئاوی زێی بچووك لە هەرێمی كوردستان بەردەوام كەمدەكات. ئەكرەم ئەحمەد، بە (رووداو)ی راگەیاند "بەرپرسانی ئێران باس لەوە دەكەن كە ئاوی زێی بچووكیان بەڕێژەیەكی زۆر نەگرتووەتەوە، بەڵام ئاستی ئاوی زێی بچووك لە هەرێمی كوردستان رۆژانە كەم دەكات".

ئەكرەم ئەحمەد دەشڵێت: "لەسەرەتای گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لە 2ی ئەم مانگەدا رێژەی گرتنەوەی ئاوەكە بە نزیكەی 50% بوو، بەڵام ئێستا بۆ نزیكەی 70% بەرزبووەتەوە، واتە رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی گرتنەوەی ئاوەكە لەلایەن ئێرانەوە زیاد دەبێت".

هەروەها محەممەد حەسەن، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بە (رووداو)ی راگەیاند، لەبەر كەمبوونەوەی ئاستی ئاوەكە ناچار دەبن رووبەری زێیەكە بەرتەسك بكەنەوە. دەشڵێت "لەپێناوی نەوەستانی پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ‌، دەبێت رۆژانە رووبەری زێیەكە بەرتەسك بكەینەوە، بەو جۆرەش ئاوەكە كۆدەكەینەوە".

 

 

Read کد خبر: 605

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی