امروز: 1شەممە 24 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

نازم دەباغ: ئێران مەرجی هەبوو بۆ ناوبژیوانیی هەولێر و بەغدا

وەفدی هەرێم بەڵێنیان دا پارێزگاری لە ئەمنییەتی ئێران بكەن

سازدانی: ئارا ئیبراهیم

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، ئاماژەی بەوە دا بەرپرسانی ئێران بە وەفدی كوردییان وتووە پابەندبوون بە دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە بە لای ئەوانەوە گرنگە‌ و دەڵێت: ״بە مەرجی پابەندبوونی كورد بە دەستوور ئێران ناوبژیوانیی هەولێر و بەغدا دەكات.״

ڕۆژی 19ی ئەم مانگە وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی ئێرانیان كرد و لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی و گەورە بەرپرسانی ئێران كۆ بوونەوە.

نازم دەباغ لە چاوپێكەوتنێكی ״ئاژانس״دا ڕایدەگەیەنێت، ئێران نیگەران بووە لەوەی هەندێ هێزی چەكدار لە هەرێمەوە دەچنە ناو خاكی ئێران و چالاكی ئەنجام دەدەن، دەشڵێت: ״وەفدی هەرێم بەڵێنیان دا پارێزگاری لە ئەمنییەتی ئێران بكەن.״

ئاژانس: سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێ دەكەین، چوونی وەفدی هەرێم بۆ ئێران لەسەر داوای ئێران بوو یان هەرێم؟

نازم دەباغ: بە دڵنیاییەوە لە قۆناغی یەكەمدا لەسەر داوای وەفدی هەرێمی كوردستان بووە، هەرێم لە هەوڵدا بووە بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە هەوڵدا بووە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان چاك بكاتەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە دڵنیاییەوە پێشوازیی شایستەی لێ كردن.

ئاژانس:  لە كۆبوونەوەكاندا باسی چی كرا بە دیاریكراوی، ئێران داوای چی لە هەرێم كرد؟

نازم دەباغ: تۆ ناتوانیت جوزئیاتێك باس بكەیت كە سبەی ئەنواع دوژمن ‌و دۆستی بۆ پەیدا دەبێت، ئەوەی باس كراوە كۆماری ئیسلامیی ئێران ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ پشتیوانیكردنی پڕۆسەی سیاسی ‌و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، بەڵام لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق، بۆ ئەو مەبەستە ئێران پەیمانی دا كە پشتیوان دەبێت.

ئاژانس: بەڵام ئایا بەڵێن درا بە كورد سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ‌و ناردنی بودجە ‌و مووچەی هەرێم؟

نازم دەباغ: ئێران لە مافە دەستوورییەكانی كورد پشتیوان دەبێت ‌و پەیمان‌ و بەڵێنی ئەوەی داوە بەو مەرجەی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە دەستوور ‌و یەكپارچەیی خاكی عێراقەوە، واتا ئەگەر هەردوولا پابەند بن بە دەستوورەوە ئێران ئامادەیە ناوبژیوان‌ و پشتیوانیی گفتوگۆكان بكات. كە دەڵێن كورد پابەند بێت بە دەستوورەوە، هەمووی پاكێجێكە، بودجە ‌و مووچە بەشێكە لە پاكێجە گشتییەكە لە هەموو ڕوویەكەوە، هەتا ماددەی 140یش دەگرێتەوە، ئێران پشتیوانیی چارەسەركردنی داوا ڕەواكانی گەلی كورد و ئیلتزاماتی كورد بە بەغدا ‌و بەغدا بەرانبەر كورد ده‌کات.

ئاژانس: سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی عێراق ‌و پشتگیریی مالیكی، ئێران هیچی بە وەفدی هەرێم وتووە؟

نازم دەباغ: ئێران وەكو پرسێكی ناوخۆیی عێراق باسی كرد، بەڵام لە هەمان كاتیشدا پشتیوانی لەوە دەكات كە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان سەركەوتوو بێت، ئەوكاتە لایەنەكان هاوپەیمانی بكەن، بە بڕوای ئێران هیچ لایەنێك زۆرینە ناهێنێت كە بتوانێت خۆی حكومەت درووست بكات، دەكرێت پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانی بكەن.

ئاژانس: واتا بە دیاریكراوی باسی ئەوەیان نەكرد پشتگیریی مالیكی یان هاوپەیمانیی لەگەڵ بكەن؟

نازم دەباغ: هیچیان پیشان نەداوە بەوەی پشتگیری لە مالیكی دەكەن یان عەبادی یان لە پارتی یان یەكێتیی دەكەن.

ئاژانس: بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وتبووی بە وەفدی هەرێمیان وتووە قبووڵیان نییە لە ناوچەكانی كوردستانەوە هێرش بكرێتە سەر پاسدارانیان ‌و بكوژرێن، لەو ڕووەوە ئێران چی بە وەفدەكە وتووە، سەبارەت بە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە كوردستان هیچ داوایەكی هەبووە؟

نازم دەباغ: ئەمەش پاكێجێكە ئێران كورد بە دۆستێكی ستراتیژیی خۆی دەزانێت، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئێران بە دۆستی ستراتیژیی خۆی بزانێت، واتا پێویستیی بە هاوكاریی دوولایەنە هەیە لە بواری سیاسی‌ و ئاسایش‌ و ئەمنییەت ‌و ئابووری، یەكێك لە قسەكان ئەوە بووە كە ئێمە لەگەڵ ئێوە دۆستی ستراتیژین، نابێت خاكی كوردستان ببێتە شوێنێك بۆ پەلاماردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم كارە ناكرێت قبووڵ بكرێت تۆ دۆستی من بیت بۆ ئەو شتانەی خۆت دەتەوێت، بەڵام چاودێریی ئەو كارانە نەكەیت كە بە زەرەری منە.

ئاژانس: وەفدی هەرێم بەڵێنیان دا ڕێگری لەوە بكەن؟

نازم دەباغ: حكومەتی هەرێمی كوردستان وەعدی داوە كە ئەمنییەت ‌و ئاسایشی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌ و عێراق ‌و هەرێمی كوردستان وەكو یەكە ‌و پارێزگاری لێ دەكەن، هەردوولا دڵنیاییان بە یەكتر دا كە ناكرێت لە هەرێمی كوردستانەوە ببێتە هۆی نائارامی لە نێوان هەردوولا، ئەگەر بمانەوێت پەرە بە بواری ئابووری بدەین، یەكێك لە فاكتەرەكانی‌ هاوكاریی چالاكیی ئابووری، بوونی پاراستنی ئەمنییەتە لە هەردوولاوە، نە لە ئێرانەوە مەترسی هەبێت بۆ سەر هەرێم نە لە هەرێمەوە مەترسی هەبێت بۆ سەر ئێران.

ئاژانس: بۆ هێوركردنەوەی خەڵكی ڕۆژهەڵات لە خۆپیشاندانەكان، ئێران داواكاریی لە وەفدی هەرێم هەبووە؟

 

نازم دەباغ: ئەسڵەن باسێكی ئەوتۆ نەكرا، ئەوەندە كاریگەریی هەبووبێت لەسەریان تا ئەو داوایە لە كورد بكەن، تەنها باس لەوە كرا چەند مەفرەزەیەك لە كوردستانەوە هاتوون بۆ كاری تەقەكردن‌ و تەقینەوە، بۆیە داوایان لە كورد كرد ئەمنییەت بپارێزن.

Read کد خبر: 568

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی