امروز: 1شەممە 16 حوزەیران 2024 برابر با 16 حوزەیران 2024

ئێران بەڵێنی بەنێچیرڤان بارزانی دەدات

سنور ميديا

دوای چەندین مانگ لەبڕینی پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابوورییەكانی لەگەڵ باشووری كوردستان، دواجار كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لەنێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و شاندێكی یاوەری كرد، بەرپرسانی تاران ئامادەیی خۆشیان بۆ نێوبژیوانی نێوان هەولێر و بەغدا نیشاندا.

 

هەفتەنامەی رووداو ئەمڕۆ دوو شەممە لەزاری نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران لەبارەی سەردانەكەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویكردەوە، كە سەردان‌و دیدارەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، "زۆر گرنگ بوون، لە هەموو دیدارەكان پشتیوانی ئێران بۆ مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتكرایەوە".

 

لەسەردانەكەی رۆژی یەكشەممەدا شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەر یەك لەحەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران، عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمان‌و عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

 

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانحەسەن رووحانی "پاراستنی پەیوەندییەكانی هەولێر و تارانی بەپێویست زانیوە بەتایبەتی، كە هەرێمی كوردستان گرنگی بەئاسایشی ئێران‌و ناوچە سنوورییەكان دەدات، خوازیاریش بوو سەقامگیری لەناوچەكە جێگیر ببێت‌و خەڵكی هەرێمی كوردستان لەخۆشگوزەرانیدابن".

 

نازم دەباغ، كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی سەردان و دیدارەكان راشیگەیاند "دووپات لەوە كرایەوە، كە ئێران هاندەرێكی باشی حكومەتی بەغدا دەبێت بۆ ئەوەی گەماڕۆكانی سەر هەرێمی كوردستان لاببات، بە نێچیرڤان بارزانییان وت، لەهەركات و شوێنێك پێویستتان بە هاوكاری ئێران هەبوو، ئێمە درێغی ناكەین لەهاوكاریكردنتان، چاوەڕوانیش دەكرێ دواتر ئێران لەگەڵ عەبادی پەیوەندی هەبێ بۆ ئەوەی دانوستاندنەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەنجامیان هەبێت".

 

هەروەها بەپێی بەیاننامەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەكە "سەرۆك كۆماری ئێران، چارەسەركردنی كێشەكان‌و فەراهەمكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان‌و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق‌ لەسەر بنەمای دەستوور بە‌پێویست زانیوە، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشی لە شاندی هەرێمی كوردستان كرد كە لە بەغدا بووە و گفتوگۆیان لەسەر كێشە‌ هەڵواسراوەكان دەستپێكردووە"، هاوكات عەلی شەمخانیش وتوویەتی "پشتیوانی لە سیاسەتی نوێی هەولێر دەكەین".

 

لای خۆیشییەوە، عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بە (رووداو)ی راگەیاند "عەبادی دەیەوێ‌ داهاتووی خۆی لەدوای هەڵبژاردن مسۆگەر بكات، گرەویش لەسەر ئەو دەنگانە دەكات بەهۆی دژایەتی هەرێمی كوردستان كۆی دەكاتەوە، بۆیە باڵانس رادەگرێت، تووندی بەیاننامەی كۆبوونەوەكەشی لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بۆ رازیكردنی جەماوەری شیعە بوو".

 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق پێیوایە عەبادی زیاتر لەژێر گوشاری ئەمریكایە وەكو ئەوەی ئێران بانگهێشتكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ تاران پەیوەندی بەدۆخی نێوخۆی ئێرانەوە هەیە و دەڵێ‌ "دۆخی ئێران باش نییە، راستە كۆنترۆڵیان كردووە، بەڵام دۆخەكە لەكوڵانە، ئەوانیش حسابی تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان دەكەن با هەر بڵێن هەرێمەو بەشێكە لە عێراق، بەڵام لە واقیع حكومەتەو دەوڵەتەو پەرلەمان و سوپاو هێزی ئەمنی هەیە".

 

دوایین كۆبوونەوەی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بوو، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پشتگیری وڵاتەكەی بۆ ئەو گفتوگۆیانە‌ دەربڕی، كە بەمدواییانە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەستیانپێكردووە.

 

 


وا بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە 22/1/2018 نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆببێتەوە، بەڵام بەپێی قسەی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كورردستان لەتاران بەهۆی خشتەی كارەكانیانەوە، نەیانتوانی بمێننەوەو گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

 

Read کد خبر: 563

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی