حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به راگه‌یاندنی پرۆسه‌ی چاکسازی راسته‌قینه و شه‌فافییه‌ت متمانه‌ی خه‌ڵك بۆ خۆی بگێڕێته‌وه
ئه‌گه‌ر بۆ دژایه‌تیکردنی عه‌بادی،پشتیوانی مالیکی بکه‌ین،جارێکی دیکه ده‌دۆڕێین
نازم عومه‌ر، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له تاران، پێیی وایه: له‌م قۆناغه‌دا ده‌رفه‌تێکی دیکه بۆ جۆرێک هه‌ڵسانه‌وه بۆ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد هاتووه‌ته پێشه‌وه، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ش به واقیعبینی و مه‌نتیقی ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت، نه‌ک ئه‌وه‌ی پێمان وابێت بتوانین له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و تاکه‌که‌سیدا بیر له داهاتووی وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکه‌ینه‌وه. هه‌روه‌ك دووپاتی ده‌كاته‌وه كه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به راگه‌یاندنی پرۆسه‌ی چاکسازی راسته‌قینه و شه‌فافییه‌ت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا متمانه‌ی خه‌ڵك بۆ خۆی بگێڕێته‌وه.
له‌م دیمانه‌یه‌ی كوردستانی نوێ-دا، نوێنه‌ری هه‌رێم له تاران، وه‌ڵامی پرسیاره‌كان سه‌باره‌ت به دۆخی ئێستای كوردستان و پێشهات و ئه‌گه‌ره سیاسییه‌كان له ناوخۆی كوردستان وو په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق ده‌داته‌وه.
سامان سلێمانی، نوسینگه‌ی مه‌کته‌بی راگه‌یاندن- تاران
* سه‌ره‌تا سوپاستان ده‌که‌م، ده‌مه‌وێت له‌وێوه ده‌ست پێبکه‌م که به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی کوردستان کۆمه‌ڵێک ئاڵوگۆڕی هێنایه کایه‌وه، به‌ڕای ئێوه ئێستا بارودۆخه‌که به‌ره‌و کام لا ده‌ڕوات؟
– له راستیدا راپرسی، ئه‌زموونێکی تازه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی کورد و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد بوو، که که‌وته ناو لاپه‌ڕه‌کانی مێژووه‌وه، که ده‌بێت بیر له هۆکاره‌کانیی شکسته‌که‌شی بکرێته‌وه، ئه‌ڵبه‌ت من راپرسی به مافێکی ره‌وای گه‌لی کوردی ده‌زانم که له کاتی خۆیشیدا وتوومه ئه‌گه‌ر ئه‌م راپرسییه بکرێت و که‌سێک ده‌نگی پێ نه‌دات یان به نه‌خێر ده‌نگی پێ بدات، خیانه‌تی کردووه، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌بوو که ئایا ئه‌مه له کاتی گونجاو‌دا کرا؟ که من لێره‌دا هه‌میشه ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ بیروڕاکانی خوالێخۆشبوو جه‌نابی مام جه‌لال، ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی و داهاتووی کورد که پێی وابوو کاتی ماوه، ئێستاش پێویسته سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌و ئه‌زموونه سوود وه‌ربگرێت، له‌وه‌ی ئایا باشمان کرد هه‌موو دۆسته‌کانمان تۆراند، ئه‌وانه به درێژایی مێژوو و له قۆناغه جیاجیاکان پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی کورد بوون، ئێستا که‌وتووینه‌ته ناو پرۆسه‌یه‌کی دیکه‌وه، پرۆسه‌ی دوای ریفراندۆم و دوای ئه‌وه‌ی که دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یدا و حکومه‌تی عێراقیش ئاماده‌یی خۆی نیشاندا، که له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات، و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی که خۆیان به دۆستی کورد ده‌زانن، ته‌ئکید له‌وه ده‌که‌نه‌وه که کورد ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق و هه‌روه‌ها کورد له رێگای وتووێژه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. پێم وایه ده‌رفه‌تێکی دیکه بۆ جۆرێک هه‌ڵسانه‌وه بۆ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد هاتووه‌ته پێشه‌وه، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ش به واقیعبینی و مه‌نتیقی ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت، نه‌ک ئه‌وه‌ی پێمان وابێت بتوانین له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و تاکه‌که‌سیدا بیر له داهاتووی وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکه‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سه‌رنجانه‌ی که له‌سه‌ر به‌غدا هه‌مه و له رابردوو و ئێستاشدا و ته‌نانه‌ت پێم وایه بۆ داهاتووش تاڕاده‌یه‌ک هه‌مان شته که ئه‌وان به ئاسانی دان به مافه‌کانی گه‌لی کورددا نانێن، ئه‌گه‌ر فشار و گوشاری نێوده‌وڵه‌تییان له‌سه‌ر نه‌بێت و ئه‌گه‌ر کوردیش نه‌توانێت ئه‌و متمانه‌یه بگه‌ڕێنێته‌وه که ده‌یه‌وێت له‌و چوارچێوه‌یه‌دا کێشه‌کانی خۆی چاره‌سه‌ر بکات. بۆیه پێم وایه پێویسته ئێمه‌ی کورد له یاری هه‌ڵبژاردن دوور که‌وینه‌وه، ئه‌و یارییانه‌ی که بڕێک ده‌زگای موخابه‌راتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له ناوچه‌که په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن له پێناو دروستبوونی نائارامی، که له ئاوی لێڵ ماسی خۆیان بگرن، بۆیه بۆ ئێمه گرنگه که بزانین به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانمان له‌كوێیه و چۆن دابینی بکه‌ین، به‌تایبه‌ت به‌ش به حاڵی خۆم هه‌ست ده‌که‌م لایه‌نێک پێی خۆشه پێش رێکه‌وتن، هه‌ڵبژاردن بکرێت و لایه‌نێکی دیکه‌ش حه‌ز ده‌کات پاش هه‌ڵبژاردن رێکكه‌وتن بکرێت، ئایا ئه‌مانه له پێناوی چیدان؟ پێویسته کورد باشتر و وردتر دۆست و دوژمنه‌کانی دیاری بکات، ئه‌گینا قه‌یرانه‌کانمان سه‌ختر و قووڵتر ده‌بنه‌وه، ئێستاش ده‌یبینین خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستان داوای مافه ره‌واکانی خۆیان له رێگای خۆپیشاندانه‌وه ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش تا ئێستا له‌و خۆپیشاندانانه ده‌بیندرێت ئه‌وه‌یه که خاوه‌ن سه‌رکردایه‌تی نییه، به‌ڵكو گرووپی جیاجیان که دروشمی جیاجیایان هه‌یه و داخوازی جیاجیاشیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه رێک نه‌خرێت کورد تووشی قه‌یران و پشێوییه‌کی دیکه ده‌بێته‌وه، که ئه‌مه‌ش بۆ داهاتوو و ناو و ناوبانگی کورد زیانه، لێره‌دا حکومه‌ت و خۆپیشانده‌ران جیا ناکه‌مه‌وه، چونکه هه‌ردووکیان هێما و نیشانه‌ی کوردن، هه‌ردوولا نوێنه‌ری خه‌ڵكن، بۆیه روودانی هه‌رکارێکی ناسروشتیی؛ له سه‌رکووتکردنی خۆپیشانده‌رانه‌وه بیگره، تاوه‌کو ئاژاوه‌و سووتاندنی باره‌گان هه‌موو وه‌ک یه‌که، که ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر کورد ده‌بێت. وا لێکده‌درێته‌وه که کورد نه حکومه‌ته‌که‌ی ده‌توانێت حوكمداریی بکات و نه خه‌ڵکی ده‌توانن پرۆسه‌ی دیموکراسی و داواکردنی مافه ره‌واکانی خۆی له چوارچێوه‌ی یاسادا داوا بکات و بێته سه‌رشه‌قام خۆپیشاندان بکات. ئه‌مانه هه‌موو ده‌ره‌نجامی دوای ریفراندۆمه، پێویست ده‌کات حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حزبه سیاسییه‌کان په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆیان له‌گه‌ل کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ئاسایی بکه‌نه‌وه، ئه‌مه چۆن ده‌کرێت؟ به‌وه‌ی شه‌فاف و روون له‌گه‌ڵ خه‌ڵک قسه بکه‌ن، له رووی داهاته‌وه، له رووی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌وه، هه‌روه‌ها له رووی پێشکه‌شکردنی به‌رنامه‌ی سیاسی بۆ داهاتووی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا، خاڵێکی گرنگی دیکه چاوخشاندنه‌وه به سیستمی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌یه، چونکه گوێم له سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد بووه وتوویه‌تی بۆیه ریفراندۆم ده‌که‌ین ٢٢ وڵاتی جیهانمان له‌گه‌ڵه، ئه‌گه‌ر وابوو و راست بوو ئه‌م ٢٢ وڵاته له‌کوێن ئێستا؟! هه‌رچه‌نده سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد رایگه‌یاند که ریفراندۆم بۆ ئه‌وه ناکه‌ین که ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێی بکه‌ین، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌یه که به نهتیجهکهیدا که زۆرینه ده‌هێنێت، له ماوه‌ی ١ یان ٢ ساڵدا وتووێژ بکه‌ین بۆ جێبه‌جێکردنی، به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وتین. که سه‌رنه‌که‌وتین پێویسته باش و ورد خوێندنه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی بکه‌ین، خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان چوونه سه‌ر سندووق و ده‌نگی خۆیان به سه‌ربه‌خۆییدا، له‌مه‌دا سه‌رکه‌وتین، به‌ڵام دوای ئه‌نجامه‌که به به‌ڵێ ئۆباڵه‌که‌ی ده‌که‌وێته سه‌ر سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد که خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستانی کێشایه سه‌ر سندووق و چه‌پڵه‌ی بۆ لێدا و ده‌نگی به‌ڵێی پێدا، بۆ نه‌یتوانی پرۆسه‌که به‌و ئه‌نجامه بگه‌یه‌نێت که خه‌ڵك ده‌یویست؟ ئه‌و کاته خه‌ڵك ئاماده‌بوون دوای ریفراندۆم هه‌موو دژواری و نه‌بوونی و ته‌نانه‌ت داخرانی سنووریش قبووڵ بکات، به‌ڵام به مه‌رجێک پرۆسه‌که سه‌ر بکه‌وێت، ئێستا پرۆسه‌که سه‌ری نه‌گرت، به‌ڵام قه‌یرانه‌کانیش قووڵتر بوونه‌وه، ئه‌و بارودۆخی موچه‌یه که ده‌یبینین و ته‌نانه‌ت مه‌ترسی نه‌مانیشی هه‌یه، له‌به‌ر چه‌ن هۆیه‌ک، له‌وانه؛ به‌شێکی زۆری سه‌رچاوه‌کانی ئابووری که‌وتنه‌وه ده‌ست حکومه‌تی عێراق، به‌شێکیشی کێشه‌ی یاسایی بۆ دروست بووه له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و داهاتانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ن، به‌شێکیشی به هۆی ئه‌و قه‌رزانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له ده‌ره‌وه کردوویه‌تی، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو داهات و قه‌رز و فرۆشتنه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی رابردوو بۆکوێ رۆیی؟ ئێستا خه‌ڵک داوای ئه‌مانه ده‌کات، به‌ڵام هیواخوازین وانه‌بێت که هه‌ڵه به هه‌ڵه چاره‌سه‌ر بکه‌ین، هه‌روه‌ها که مه‌حکومی سه‌رکوتکردنی خه‌ڵک به چه‌ک ده‌که‌ین، زیاتر له‌وه‌ش ئیدانه‌ی په‌لاماری باره‌گا و دام و ده‌زگا حزبی و حکومییه‌کان ده‌که‌ین، له ئاکامی ئه‌مانه‌شدا ئه‌ساس و بونیادی که‌سایه‌تی کوردی ده‌شێوێت، وه‌کو شه‌خسی خۆم داواکارم که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان واقیعبینانه به‌ده‌م داخوازییه‌کانی خه‌ڵکه‌وه بێت، ده‌زانم قه‌یرانی هه‌یه و تواناکانی وه‌کو جاران نییه و سنوورداره، به‌ڵام ده‌توانێت به راگه‌یاندنی پرۆسه‌ی چاکسازی راسته‌قینه و شه‌فافییه‌ت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا، متمانه‌ی خه‌ڵك بۆ خۆی بگێڕێته‌وه. دووه‌م ده‌بێت خۆپیشاندهروانیش واز له توندوتیژی بهێنن و ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت رووی گه‌شی داواکارییه ره‌واکانی خه‌ڵک بگه‌یه‌نن و به‌ده‌ستی بهێنن ده‌توانن له رێگای مانگرتن و بایکۆتکردنه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ک پرۆسه‌که‌یان به‌رده‌وام بکه‌ن.
* باسی دانوستان و وتووێژتان له‌گه‌ڵ به‌غدا کرد، وادیاره له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک به‌غدا نایه‌وێت بێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ، بابه‌تێکی دیکه‌ش که وتتان حکومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت به شه‌فافی به‌رنامه و پلان بۆ داهاتوو دابنێت و موچه‌و خوشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵک دابین بکات، ئه‌مه له کاتێکدایه که به‌رپرسی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستاش حکومه‌تی هه‌رێمه، ئه‌مه‌یان چۆن پێ ده‌کرێت؟
– ئه‌ساسی کێشه‌کان که له سه‌ره‌تاشه‌وه وابووه په‌یوه‌سته به به‌غداوه، هه‌روه‌ها که باسیشمان کرد ئێستا حکومه‌تی هه‌رێم توانای دابینکردنی موچه‌ی نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگهڕێینهوهه بۆ رابردوو و داهات و قه‌رز و فرۆشتن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رفکراوه به‌راورد بکه‌ین ده‌بینین به‌شێکی دیارنییه، یان ئێمه شاره‌زاییمان نییه له حساباتدا، یان هه‌ر ئه‌مه‌یه. ئه‌مه‌ش پێویستی به روونکردنه‌وه‌ی زیاتره له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، به‌شێکیان، تا ئه‌م ساته‌ش، بیرۆکه‌و بیرکردنه‌وه‌ی به‌عسییانه له ئیداره‌و به‌ڕێوه‌بردنی عێراق له ناویاندا ده‌سه‌ڵاتداره، یه‌که‌م بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه که به رێگای چه‌ک کورد سه‌رکووت که‌ن، دووه‌م بیرله‌وه ده‌که‌نه‌وه تا پێیان ده‌کرێت ده‌ستی ده‌ستی به کورد بکه‌ن و مافه‌کانیان نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌مانه هۆکاری ده‌ره‌کی هه‌یه هۆکاری ناوخۆییشی هه‌یه، هه‌روه‌ها که باسیشمان کرد مه‌ترسییان هه‌یه که له ساحه‌ی عێراقی عه‌ره‌بیدا له هه‌ڵبژاردن ده‌نگ نه‌هێنن، هه‌میشه خۆیان له رێکكه‌وتن له‌گه‌ڵ کورد ده‌پارێزن، به‌ڵام ئه‌مه خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه لای ئه‌وان، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و کاتانه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال سه‌رۆک کۆمار بوو، ساحه‌ی عێراق به‌وه‌ی که جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌کو کوردێک سه‌رۆک کۆماری وڵاته، خۆشحاڵ بوون و ئه‌مه هه‌ستی هێمنی و ئارامی و پاراستنی مافه‌کانیانی پێده‌دا، چونکه مام جه‌لال به که‌سایه‌تی و تواناکانی خۆی هه‌وڵی پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه جیاوازه‌کانی عێراق بۆ باشترکردنی بارودۆخی عێراق و کوردستان. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئێستا له به‌غدا حوکم ده‌که‌ن ده‌یه‌وێت روویه‌کی دیکه له کورد نیشان بدات، که کورد جوداخوازه، دزه، گه‌نده‌ڵه، ئه‌مه‌ی هێناوه خستوویه‌ته ناو یاری هه‌ڵبژاردنه‌وه، سیاسه‌تی ئێستای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش به‌و شێوه‌ی ئێستا هه‌یه و کۆبوونه‌وه بۆ کۆبوونه‌وه، قه‌یران له‌دوای قه‌یران وای ده‌بینێت که له ئه‌نجامدا ئاڵ‌وگۆڕێک له ناوچه‌که رووده‌دات، ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ش به تایبه‌ت له به‌غدا له‌وانه‌یه ده‌رگایه‌ک بکاته‌وه که کورد بۆ جارێکی دیکه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان بێته‌وه سه‌ر سه‌حنه وه‌کو رابردوو. به‌ڵام من وای نابینم، پێم وایه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی مێژووی ده‌که‌ین چونکه تۆ ده‌بێت سه‌یری دوور و نزیک بکه‌یت، نابێت له‌بیری بکه‌ین و له‌به‌رچاومان ون بێت که وڵاتانی جیهان، که‌یس و مه‌له‌فیان هه‌یه بۆ بابه‌ته جۆراوجۆره‌کان و واش نییه که به شێوه‌ی ته‌کتیکی تووشی گۆڕان بن له سیاسه‌ته‌کانیاندا، سیاسه‌تکردنیان پیله‌وه‌ری نییه، بازرگانییه به مانا ستاندارد و مۆدێرن و رێکوپێکه‌که‌ی، سیاسه‌ته به مانا راسته‌قینه‌که‌ی، بۆیه هه‌موویان ته‌ئکید له‌سه‌ر چه‌ند شتێک ده‌که‌نه‌وه، پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم، سه‌یرکه‌ن، یه‌ک هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته، به‌ڵام پێش ریفراندۆم ئاماده‌بوون زیاتر پشتیوانت بن و شتێکت بۆ بکه‌ن، ئه‌گه‌ر گوێت به سیاسه‌ته‌کانیان بدابا، به‌ڵام ده‌رکه‌وت که تۆ گوێ له به‌رژه‌وه‌ندی خۆت ده‌گریت نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، بۆیه هه‌موویان له‌گه‌ڵ پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراقدان، واتا دژی جیابوونه‌وه‌ن، له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوون به ده‌ستووری عێراقدان، له‌گه‌ڵ رێکكهوتنن له رێگای وتووێژه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا، واتا دژی کاری چه‌کدارانه‌ن، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه وابیربکه‌یته‌وه بتوانیت به چالاکییه‌کی سه‌ربازی دژی سوپای عێراق یان حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستکه‌وتێک له حکومه‌تی عێراق وه‌ربگریت. ئه‌م په‌یامانه واده‌ریده‌خات ئه‌وه‌ی ئاماده‌یه هاوکاری بکات ناڵێت له‌گه‌ڵ کورد، چ ئه‌ڵمانیا بێت یان فه‌ره‌نسا یان ئه‌مریکا، پێشتریش وتوومه ئێمه وه‌کو شه‌ڕکه‌ر سهیرکراوین، نه‌ک وه‌کو سیاسی، هه‌موویان ده‌ڵێن پشتیوانی له هێزی پێشمه‌رگه ده‌که‌ین، هێزی پێشمه‌رگه که وه‌کوو یه‌که‌یه‌کی سه‌ربازی له هه‌رێمی کوردستان، بوو به جێگای شانازی بۆ ئێمه که هه‌م پارێزگاری‌یان له کوردستان کرد هه‌م شه‌ڕێکی دڵسۆزانه‌و بوێرانه‌یان له‌گه‌ڵ هێزی دڕنده‌ی تیرۆریست کرد، به‌ڵام ئێستا به هێنانه‌خواره‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ناو خۆپیشانده‌ران و سه‌رکووتکردنیان، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان نیشاندرا که هێزی پێشمه‌رگه ته‌نها هێزی به‌رگری نییه و هێزی سهرکووتکردنیشه، ده‌بێت سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد بیر له‌م یارییانه بکاته‌وه و نه‌که‌وێته داوی ئه‌مانه‌وه، ده‌بێت بیر له چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بکاته‌وه، لانیکه‌م نه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌وێت که بێنه سه‌ر حوکم و به شێوه‌یه‌کی دیکه بیر له خه‌بات و تێكۆشان بکه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌میشه و له هه‌موو کاتێکدا رێگای شه‌ڕ و خه‌بات، رێگای چه‌کداری نییه، رێگای چالاکی مه‌ده‌نییه، رێگای دابینکردنی مافه‌کانی مرۆڤه. له مافه‌کانی مرۆڤدا مافی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کێکه له مافه‌کان، به‌ڵام که خۆت ته‌نها به‌مه به‌سته‌وه، دژایه‌تیشت زیاتر ده‌کرێت. من له‌گه‌ڵ متمانه‌ی ١٠٠٪ له‌گه‌ڵ به‌غدا نیم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م که متمانه‌ی دۆسته‌کانمان بگه‌ڕێنینه‌وه، ده‌بێت نه‌خشه رێگایه‌کمان هه‌بێت و له‌گه‌ڵ دۆستانمان راوێژمان ببێت، به‌ڵام ده‌ستی ده‌ستی بکه‌ین به‌وه‌ی که ده‌بێت فڕۆکه‌خانه‌کان و ده‌روازه سنوورییه‌کان ده‌بێت به ته‌واوی له‌ده‌ست خۆمان بێت، ئه‌مه هیچ بۆ چاره‌سه‌ر ناکات، گوێم له سهرکنسوولی به‌ریتانیا بوو له هه‌ولێر که ده‌یوت ئه‌وه مافی حکومه‌تی فیدراڵه که ده‌بێت له هه‌موو شوێنه‌کاندا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، ئه‌وه یه‌کێک له دۆسته‌کانه، پێموایه کاک نێچیرڤان و كاك قوباد پرۆسه‌یه‌کی باش و ئه‌رێنیان ئه‌نجامدا که سه‌ردانی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسایان کرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌وێش ئامۆژگارییه‌کان هه‌ر ئه‌وه بوو، عێراقی یه‌کپارچه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق و ئاماده‌ییمان هه‌یه هاوکاری پێشمه‌رگه بکه‌ین، سه‌یری ئه‌مه بکه‌ن، ته‌نانه‌ت ناڵێت پێشمه‌رگه‌ی کورد، بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی یه‌کێتی و پارتی، ده‌بێت بیر له ژیان و گوزه‌ران و پاراستنی سه‌روه‌رییه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بکه‌نه‌وه. حه‌یفه پێشمه‌رگه‌ی کوردستان که ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌رییه‌ی تۆمارکردووه ئێستا وای لێبکه‌ین که پێشمه‌رگه برسی و ماڵ و منداڵی رووت بن و له هه‌موو قورس‌تر ئه‌وه‌یه که پێشمه‌رگه بکه‌ینه هۆکار و ئامرازی داپڵۆسین و پێموایه پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌کانیان زۆر له‌وه گه‌وره‌ترن بکه‌ونه ناو ئه‌م داوه‌وه، هه‌روه‌ها که له هه‌موو قۆناغه‌کاندا سه‌ربه‌رزانه به‌رگرییان کردووه و قوربانییان داوه.
* به پێی ئه‌زموونی خۆتان و ئاگاداریتان، به‌ڕای ئێوه ئێستا بارودۆخه‌که به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات؟
– به‌داخه‌وه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی کاروانی خه‌بات و ده‌ستکه‌وته‌کانمان به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ین، به‌ره‌و دواوه رۆیشتووین. له قۆناغی یه‌که‌مدا ئه‌و هه‌موو فیداکاری و قوربانییه‌مان داوه و ئه‌وو هه‌موو دۆسته‌مان له خۆمان کۆکرده‌وه، به‌ڵام ئێستا به پێچه‌وانه‌یه، ده‌مانوت عێراق فه‌شه‌لی هێناوه و موفلیسه و به خۆشی جیادهبینهوهو ئابووری سه‌ربه‌خۆ دابین ده‌که‌ین و زیاتر له‌وه‌ی به‌غدامان ده‌ست ده‌که‌وێت، به‌ڵام ئێستا له قۆناغێکداین که ته‌نانه‌ت ئه‌وروپا هه‌یبه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی شکاند، چۆن؟ کاتی خۆیشی پێموابوو نابێت قانونی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌عدیل بکرێت که گۆڕان کردی، که ته‌نها یه‌ک که‌س سه‌رۆکی حکومه‌ت و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه، واتا یه‌ک که‌س، دواتر ئه‌وه که ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌دات به جێگره‌که‌ی، به‌ڵام ئه‌وروپا و جیهان چی ده‌ڵێن؟ ده‌ڵێن پشتیوانی به‌ڕێز نێچێرڤان بارزانی و به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی ده‌که‌ین و پشتیوانی حکومه‌تێکی به‌هێزی کوردستان ده‌که‌ین، واتا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی هێنایه چوارچێوه‌ی دوو که‌سه‌وه، نه‌یخسته چوارچێوه‌ی حکومه‌ته‌وه، که واته لێره دوو که‌سیان دیاری کرد بۆ حکومه‌ت، که واته کیانی ئیداری‌یان دیاری نه‌کرد، که‌سیان دیاری کرد که نوێنه‌ری یه‌کێتی و پارتین واتا دوو حزبیان دیاری کردووه، چه‌ندین جار کاک نێچیرڤان لای به‌رپرسانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت رێز له بڕیاره‌که‌ی دادگای فیدراڵ ده‌گرین، ئه‌مه‌ش به مانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاکامه‌کانی ریفراندۆمه، چه‌ندین جاریش ده‌ڵێت ئاماده‌ی وتووێژین له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا، واتا پابه‌ندی یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراقین، و به پێی هه‌مان ده‌ستوور سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، به‌رگری و دارایی هی تۆ نابێت، لێره‌دا کێشه‌یه‌ک که هه‌یه متمانه‌بوون و نه‌بوونه، چونکه ئه‌گه‌ر حکومه‌تی عێراق و عه‌بادی متمانه‌یان هه‌بێت نابێت به‌دوای بیانووی دیکه‌دا بگه‌ڕێت. ده‌بێت دانیشن و رێک;هون، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش دوولایه‌نه‌یه، بێمتمانه‌یی لای هه‌ردوولایه. جا خاڵێکی دیکه باس بکه‌م، تا دوێنی ئۆباڵی هه‌موو کێشه و گرفته‌کانی کوردستان و عێراق له ئه‌ستۆی مالیکی بوو، سه‌رده‌مێک سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد هه‌بوو ده‌یوت مانه‌وه‌ی مالیکی یانی شه‌ڕ، ئێستا رووداو چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ مالیکی ده‌کات جۆرێک ریکلامی هه‌ڵبژاردنی تیایه، نابێت سیاسه‌تی دۆڕاو دووپات بکه‌ینه‌وه، له نێوان کورد و مالیکی و کاک مه‌سعود و مالیکی رێکه‌وتنی ١١ خاڵی و ١٩ خاڵی هه‌بوو و که هاته هه‌ولێر فه‌رشی سوورمان بۆ راخست، به‌ڵام ئاکامی چی بوو؟ ئێستا ئه‌گه‌ر بۆ دژایه‌تیکردنی عه‌بادی، پشتیوانی مالیکی بکه‌ین، جارێکه دیکه ده‌دۆڕێین، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان له‌وه نه‌بێت که قه‌یرانه‌کان به‌رده‌وام بن، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست رێکه‌وتنه، ده‌بێت رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق بکه‌ین، که سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆک په‌رله‌مانی تێدابێت، که که‌سێک بۆ خۆی نه‌یگۆڕێت. جگه له‌مه ته‌نها درێژکردنه‌وه‌ی قه‌یران و نه‌هامه‌تی زیاتری خه‌ڵکی کوردستانی لێ ده‌که‌وێته‌وه. که واته نابێت یاری دۆڕاو بکه‌ین. چونکه چاوه‌ڕێکردنی مالیکی و هه‌ر رێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵیدا، پێم وایه ئاکامه‌که‌ی وه‌کوو رێکه‌وتنه‌که‌ی پێشوو ده‌بێت و جگه له‌وه‌ی که ماوه‌یه‌کی زۆری ده‌وێت تاوه‌کو چاوه‌ڕوانی ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردن و سه‌رکه‌وتنی و دروستبوونی حکومه‌تێکی تازه بکه‌ین، بۆ ئه‌وه رێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ بکرێت و هه‌روه‌ها بیریشمان نه‌چێت ئه‌وانه‌ی دژی حه‌شدی شه‌عبین، ئه‌بێت ئه‌وه بزانن که مالیکی پشتیوانیی راسته‌قینه‌یه‌تی! بۆیه رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عیراق، وه‌کو باسمان کرد، له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی ته‌نها رێگای چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌یه و ئاماده‌بوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی په‌رله‌مان، هه‌ر که‌سێک بن له‌و ده‌سه‌ڵاتانه، واتا رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ته‌واوی پێکهاته‌کانی عێراق.
* ئایا ئه‌مه بنبه‌ستی سیاسی نییه؟
– هه‌م هه‌یه هه‌م نییه، چونکه له سیاسه‌تدا هه‌موو بنبه‌ستێک ده‌کرێته‌وه، به‌ڵام به ژیری و حه‌کیمی و بڕیاری دروست. سه‌ره‌تای به‌ره‌ی کوردستانی که راپه‌ڕینی لێکه‌وته‌وه، له‌به‌رچیی بوو؟ هه‌موومان ئاواره بووین، هه‌موومان یه‌ک ئامانجمان هه‌بوو؛ چۆن سه‌دام بڕوخێنین؟ چۆن بگه‌ڕێینه‌وه کوردستان، هه‌ریه‌که به شێوازێک له شێوازه‌کان له ژیانی ئاواره‌یی و خه‌باتی شاخ گله‌یی هه‌بوو، هاتین له‌سه‌ر مێز، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وکاته مێز نه‌بوو له‌سه‌ر زه‌وی دانیشتین و یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌مان کرد، ئه‌م یه‌که‌م کۆبوونه‌وه به‌رده‌وام بوو تاوه‌کو سه‌رکردایه‌تی راپه‌ڕین دروست بێت، بێ ئه‌وه‌ی بیر له ئیمتیازی حزبی و تاکه‌که‌سی بکه‌ینه‌وه، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و عه‌قڵییه‌ت و بیرکردنه‌وه، ئه‌گینا کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نابن، هه‌میشه قسه‌یه‌کم هه‌یه ده‌ڵێم جاران که کتێبه‌کانی لێنین و مارکسمان ده‌خوێنده‌وه وته‌یه‌ک بوو که ده‌ڵێت سیاسه‌ت له تفه‌نگه‌کانه‌وه دێته ده‌ر، واتا ئه‌و کات بۆ سیاسه‌تکردن پێویست به چه‌ک بوو، به‌ڵام ئێستا گۆڕاوه، ئه‌مانه بایه‌خیان نه‌ماوه، ئێستا داهاتی ماددی و نه‌وت گرنگه، کێ بڕیار و ده‌سه‌ڵاتی ئابووری زیاتر بێت ئه‌وه بڕیارده‌ره، ئه‌مه نابێت، ئێستا ده‌بێت بیر له داهاتووی ئه‌م نه‌ته‌وه بکه‌ینه‌وه، له داهاتووی نه‌وه‌کانی داهاتوو، بیر له خوشگوزه‌رانی و ژیانی خه‌ڵک بکه‌ینه‌وه، ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستا سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌یه، چونکه ئه‌وه‌نده بیر له به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی و حزبی ده‌کرێته‌وه بیر له خه‌ڵك ناکرێته‌وه. ئێستا له غیابی سه‌رکرده سیاسییه‌کانمان به‌داخه‌وه، کاتی خۆی شتێکم باسکرد، له کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بووین، بابه‌تێکی گرنگ له ئارادابوو، خوالێخۆشبوو مام جه‌لال و خوالێخۆشبوو کاک نه‌وشیروان ئاماده‌بوون، مام جه‌لال وتی کاک نه‌وشیروان پێم خۆشه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته رای خۆت بڵێی، کاک نه‌وشیروان وتی نا مام جه‌لال، خۆت بیده‌ی باشتره، مام جه‌لال وتی پێم خۆشه تۆ بیده‌ی کاک نه‌وشیروان، چونکه تۆ کلیلی عه‌قڵی منی، واتا به بیرۆبۆچوون و راکانت عه‌قڵی من ئه‌که‌یته‌وه، کاک نه‌وشیروان وتی مام جه‌لال هه‌ر دیسان خۆت بڕیاربده، چونکه جه‌نابت مامۆستای ئێمه‌ی، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌مه بده‌ی به‌داخه‌وه ئێستا کلیلی عه‌قڵ و مامۆستا له‌ناو جووڵانه‌وه‌ی کوردی ونه، ئێستا کلیله‌که بهرژهوهندپهرستهکانن، ئه‌وان به‌رنامه‌ی سیاسیمان بۆ داده‌نێن، ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ئێستا به‌ناو راوێژکار و سیاسی قسه‌وباس ده‌که‌ن به وته‌ی فارسی ته‌حلیل محتوا (لێکدانه‌وه‌ی ناوهڕۆك)ی بۆ بکه‌ین، و وته‌کانیان پێش ریفراندۆم هه‌ڵسه‌نگێنن، شه‌رم ناکرێت له زۆرینه‌ی ئه‌و قسانه؟