امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

خه‌باتگێڕی ماندوونه‌ناس

خه‌باتگێڕی ماندوونه‌ناس

نازم ده‌باغ ؛ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران

مام جه‌لال هێما و سیمبولی خه‌بات و ئاشتی له کوردستانی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوین بوو، مامۆستای دانوستاندا بوو له وتووێژدا. ئه‌و هۆکاری دابین‌کردنی سازان و یه‌کگرتوویی نێوان ریزه‌کانی کورد و کورد و عه‌ره‌ب بوو. مام جه‌لال به‌رده‌وام له هه‌وڵی چه‌سپانددنی  ئازادی و دیموکراسی بوو له کوردستانی عێراقدا. له بواری رۆشنبیری‌دا پشتیوانی نووسه‌ر و رۆشنبیران بوو، به دروشمه به‌ناوبانگه‌که‌ی که دابین‌کردنی نان و ئازادی بوو که ئازادی به بێ‌ئه‌وه به‌دی نایه‌ت. ئه‌و ئازادی‌خوازێک بوو دژی زوڵم و سته‌م و دیکاتۆرییه‌ت خه‌باتی ده‌کرد، لایه‌نگری مافی مرۆڤ بوو، کاتێک وه‌کو سه‌رۆک کۆماری عێراق هه‌ڵبژێردرا و حوکمی ئێعدام بۆ سه‌دام ده‌رچوو، بۆ جێبه‌جێ‌کردنی پێویستی به ئیمزای سه‌رۆک کۆمار بوو، به‌ڵام مام جه‌لال ئیمزای نه‌کرد و ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی‌دا به جێگره‌کانی.

تاڵه‌بانی له هه‌موو بارودۆخێکدا به‌دوای دابین‌کردنی سازان و ئاشتی و ئاسایشه‌وه له ناوچه‌که‌و کوردستانی عێراق و عێراق بوو. بۆیه نه‌بوونی ئه‌و دوای نه‌خۆشکه‌وتنه‌که‌ی زیاتر هه‌ستی پێکرا و له رووداوه‌کانی ناوچه‌و کوردستان و عێراق‌دا به‌دی ده‌کرێت. نه‌بوونی ئه‌و له هه‌موو بواره‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌‌بوو.

ئێستاکه که مام جه‌لال ماڵئاوایی لێکردووین هه‌موو که‌سایه‌تییه نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆییه‌کان، باس له توانایی و خاڵه به‌هێزه‌کانی ئه‌و که‌سایه‌تییه مه‌زنه ده‌که‌ن، که به‌پێزترین باس له سه‌ر جه‌نابی مام جه‌لال کاتی خۆی ئایه‌توڵڵا سیستانی کردوویه‌تی که به ده‌ریچه‌ی دڵنیاییریریچه‌ عێراقی تازه ناوی بردووه. ئه‌م وته‌ی جه‌نابی سیستانی هه‌روا به سادی نه‌گوتراوه،، له ئه‌نجامی پێگه‌و تواناو لێهاتوویی مام جه‌لال‌ه له دروست‌کردنی سازان له نێوان عێراقییه‌کان و  کورددا.

به‌نده له ساڵی ١٩٦٤ه‌وه به‌ڕیزیان ده‌ناسم و له سه‌ر رێبازی ئه‌م پیاوه مه‌زنه درێژه‌م به خه‌باتی خۆم داوه تاوه‌کو ئه‌مڕۆ. هیچکات بێ‌‌هیواییم به داهاتوو له‌و مه‌زنه نه‌دیوه، له هه‌موو رۆژه سه‌خته‌کان چ سه‌رکه‌وتن چ شکست، چ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال، چ له ده‌ست‌دانی پۆلێ له شه‌هیدانی هاوڕێ و هه‌واڵی، له سه‌رکرده‌و له پێشمه‌رگه، هه‌میشه هیوای به داهاتوو پته‌وتر ده‌بوو و وره‌ی به‌رزتر ده‌بوو. له‌بیرمه له سه‌ره‌تای ساڵی ٨٠دا که تازه چووبوومه ریزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، له‌ باره‌گاکانی ناوزه‌نگ ئه‌وکاته، که له هه‌موو لایه‌که‌وه ئابڵۆقه‌ی له‌سه‌ربوو، تێکۆشه‌رێکی کۆنی دژ به شای ئێران له باره‌گاکه‌ی خۆی هاته‌ لای و سه‌ردانی کرد، جۆرێک له بێ‌‌هیوایی له قسه‌کانیدا دیاربوو، به‌ڵام مام جه‌لال ئه‌و رۆژه پێی وت به هیوابه، ئه‌مڕۆ ئێمه لێره پێشوازیت لێده‌که‌ین، له‌ناو خانوویه‌کی قوڕ و له‌ژێر به‌رددا، دڵنیابه له شاری سلێمانی، له رێگای فڕۆکه‌خانه‌و به پاسپۆرت سه‌ردانمان ده‌که‌یت و پێشوازیت لێده‌که‌ین، ئه‌م پیاوه مه‌زنه له پێشمه‌رگایه‌تی و له خڕی ناوزه‌نگه‌وه بوو به سه‌رۆک کۆماری عێراق، ئه‌و هاوڕێیه کاتێک ئه‌و ده‌نگوباسه‌ی بیستبوو له تاران ته‌له‌فۆنی بۆ کردم و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی و داوای کرد بچێت بۆ دیداری، به هه‌مان شێوه‌ی که به‌ڕێز مام جه‌لال وتی پێشوازی لێکرا و له سلێمانی مایه‌وه.

مام جه‌لال هه‌میشه خوێندنه‌وه‌ی هه‌بوو بۆ داهاتوو، زۆر لێکدانه‌وه‌ی هه‌بوو بۆ رووداوه‌کان و ئه‌نجامه‌که‌شی واده‌رئه‌چوو که ئه‌و لێکی ئه‌دایه‌وه، هه‌روه‌کوو گرتنی کوێت و راپه‌ڕین که ئه‌میش داستانێکی هه‌یه و خۆم له‌گه‌ڵیا ژیاوم، ئێستاکه که مام جه‌لال ماڵئاوایی لێکردووین ئه‌و هه‌موو هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه بۆ ئه‌و تێکۆشه‌ره ماندوونه‌ناسه رۆحی ئه‌و داوامان لێده‌کات که به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر رێبازه‌که‌ی، سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و ببێته وانه‌ی قوتابخانه‌یه‌ک بۆ ئێستا و داهاتووی کورد. کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌و جیهانیش، رابه‌رێکی مه‌زنی له‌ده‌ست‌داوه، به‌ڵام رێگای پڕسه‌روه‌ری ئه‌و زیندووه‌و هیوادارم به به‌رده‌وامی له‌سه‌ر رێبازه‌که‌ی، رۆحی شاد که‌ین.

 

 

 

Read کد خبر: 522

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی