سێشەممەی ڕابردوو 20ی حوزەیرانی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، دوای سعودیە بەسەردانێكی فەرمیی گەیشتە كۆماری ئیسلامی ئێران، باس لەوەدەكرێت، عەبادی بۆ دژایەتی ڕیفراندۆم لەهەرێم چۆتە ئێران و هەوڵدەدات بەئێران ڕابگەیەنێت، "ئەو ڕیفراندۆمە قبوڵنەكات".
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران لەلێدوانێكی تایبەتدا بەSNNی ڕاگەیاند، "سەردانەكەی عەبادی بۆ تاران بۆ گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بەدۆخی ئەمنی عیراق و كێشەكانی ئەو وڵاتە لەئێستاداو هەنگاوەكانی داهاتوی عیراق بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش، نەك ڕیفراندۆم".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەبارەی سەردانەكەی عەبادیەوە بڵاوبۆتەوە، نازم دەباغ وتی:"حكومەتی تاران پێشتر ئاشكرایكردوە، پێویستە كێشەكانی كورد لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەربكرێت و تەئكیدشی لەسەر كاركردن بەدەستوری عیراق و پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق كردۆتەوە، ئیتر هەڵوێستی ئێران ڕون و ئاشكرایە".
سەبارەت بەسەردانی وەفدی هەرێمیش بۆ تاران كە بڕیاروایە بەمنزیكانە سەردانی ئەو وڵاتە بكات نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم وتی:"تائێستا هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ سەردانی بەرپرسانی هەرێم بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران".