امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

نازم دەباغ لەبارەی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران بۆ خەندان دەدوێت

خەندان- هەڤاڵ محەمەد

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران رایگەیاند، پرسی گەرمی ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئێران زیاتر باسی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیە، لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیشەوە دەڵێت، "ئێران  رایەكی نەگۆڕی هەیەو پێموایە لە داهاتوشدا هەروا دەبێت، لەگەڵ پابەند بوونە بە دەستووری هەمیشەیی عێراق".

لەمیانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ خەندان، نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی کوردستان لەتاران، لەبارەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەو هەڵوێستی ئێران لەبارەی پرسی ریفراندۆمەوە قسە دەكات.

نازم دەباغ دەڵێت، "پرسی گەرمی ئەم خولەی هەڵبژاردن جارێكی تر زیاتر باسی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیە بە پێی خواستی  رۆژانەی كۆمەڵگایە، هەروەها رابەری كۆماری ئیسلامیش  ئایەتوڵڵا خامەنەئی كە ناوی ئەمساڵی ئێرانی نا ساڵی  ئابووری بەرگریكردن".

بڕیارە ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئێران بەڕێوەبچێت كاندیدەكان كێبڕكێیەكی سەختی یەكتری دەكەن بۆ سەركەوتنیان، لەناویاندا حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێستا كە جارێكی دیكە خۆی كاندیدكردووەتەوە.

پۆستی سەرۆکی ئێران لە دوای رابەڕی شۆڕشی ئیسلامی، دووەم گرنگترین پۆستی سیاسیی ئەو وڵاتەیە و راستەوخۆ لە لایەن هاوڵاتیانی ئێرانەوە هەڵدەبژێردرێت. سەرۆک کۆمار بەڕێوەبەری یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، بەڵام هێزە چەکدارەکان، سیستمی دادوەری، تەلەفزیۆنی دەوڵەت و بەشێکی دیکە لە دامەزراوە گرنگە حکومەییەکان لە ژێر کۆنترۆڵی رابەڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندایە.


خەندان: هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران چی گۆڕانكاریەك لەسیاسەتی ئەو وڵاتە دەهێنێتە ئاراوە؟

نازم دەباغ: پڕۆسەی هەڵبژاردن لە كۆماری ئیسلامی ئێران پڕۆسەیەكی دیموكراسیانەی بەردەوامەو هەر چوار ساڵ جارێك ئەنجامدەدرێت، كەسی كاندید دەتوانێت لە دوو خولدا خۆی هەڵبژێرێت، دیارە بەبڕوای من تەنها لێهاتوویی و سیاسەتمەداری كەسەكە رۆڵ دەبینێت لە بەدیهێنانی گۆڕانكاری لەسایەی ئەو سیاسەتەی كە راپرسی و بەرپرسیاریەتی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران دایدەرێژێت، بۆیە دەكرێت سیاسەتی ئێران ببەسترێتەوە بەربەرنامەو  ئەو  سیاسەتەی كە پەسەندكراوەو لەلایەن رابەرەوەو دیاریدەكرێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئاینی و نەتەوەیی ئێرانەوە.

خەندان: كێبڕكێكانی هەڵبژاردن لە ئێران لەنێوان كاندیدەكان چۆن بەڕێوەدەچێت، چی جیاوازیەكی هەیە لەگەڵ كێبڕكێكانی پێشوتر؟

نازم دەباغ: كێبركێكە جیاوازی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئەوانی پێشوتر جگە لەبانگهێشتن و پڕوپاگەندەكان و چاوپێكەوتنی راستەوخۆی كاندیدەكان لەبەرنامەی تەلەفزیۆنی و رادیۆییدا، من وایدەبینم كە كۆمەڵانی خەڵك لە شێوەی كۆبوونەوەو خۆدەرخستنی سەر شەقامەكان بەشێك بن لە پڕوپاگەندە.
خەندان: پرسی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن كامانەن، ئایا هیچیان پەیوەندیان بەكوردەوە هەیە؟

نازم دەباغ: پرسی گەرمی ئەم خولە جارێكی تر زیاتر باسی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیە بە پێی خواستی رۆژانەی كۆمەڵگایە، هەروەها رابەری كۆماری ئیسلامیش  ئایەتوڵڵا خامەنەئی كە ناوی ئەمساڵی ئێرانی نا ساڵی ئابووری بەرگریكردن .

خەندان: كام لەكاندیدەكان چانسی بردنەوەی هەیە لەهەڵبژاردنەكاندا؟

نازم دەباغ: ناتوانین وەكو خۆی چانسی هیچ كامیان دیاریبكەین چونكە هەمیشە هەڵبژاردن شتی  پێشبینینەكراوی تێدایە، بەڵام ئەگەر بگەرێینەوە بۆ رابردوو كە هەمیشە سەرۆك كۆمار دووجار چانسی هەبووە، بۆیە دەكرێت ئەمجارەش ئاغای رۆحانی ببێتەوە سەرۆك كۆمار، هەڵبەتە هۆكاریش هەیە.

خەندان: بۆچوونی ئێران لەسەر پرسی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان چۆنە؟

نازم دەباغ: ئێمە هەمیشە گوتومانە وەكو رایەكی نەگۆڕ لەهەموو بۆنەكاندا لە كۆن و ئێستاداو پێموایە لە داهاتوشدا هەروا دەبێت ئێران دووپاتی كردووەتەوە لەسەر پابەند بوون بە دەستووری هەمیشەیی عێراق و پاراستنی یەك پارچەیی خاكی عێراق، خۆشی بە پشتیوان زانیوە بۆ تەجروبەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دوا وتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا بەهرام قاسمی  لەسەر راپرسی و ئاڵای كوردستان دوپاتی كردەوە لەسەر پابەند بوون بە دەستوری هەمیشەیی و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغداد كە لە رێگای گفتوگۆوەبێت.

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 452

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی