امروز: 1شەممە 24 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

نازم دەباغ: ئێران تاوەکو ئێستا لەگەڵ ئەمری واقیعی هەرێمی کوردستان رۆیشتووە

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت، پارتی بە ئەندازەی یەکێتی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نزیکە، ئەو دوو حیزبەش لە کەناڵە تایبەتەکانی خۆیانەوە لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئێران. دەشڵێت تائێستا ئێران لەگەڵ ئەمری واقیعی هەرێمی کوردستان رۆیشتووە، بە مەرجی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی سنوورەکانی.

رووداو - هەولێر

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی بۆچوونی ئێران لەسەر گشتپرسی دایەوە.

نازم دەباغ دەڵێت "تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان یان پارتی و یەکێتییەوە ئاگادار نەکراوین سەبارەت بەوەی شاندێکی لەو جۆرە سەردانی کۆماری ئیسلامی بکات بە مەبەستی ریفراندۆم یان هەر پرسێکی دیکە، کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە".

نازم دەباغ هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە "لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەر یەکە و لە کەناڵە تایبەتەکانی خۆیان لە پەیوەندیدان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر لە جەنابی کاک مەسعود بارزانییەوە بگرە تاوەکو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان".

سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران لەسەر پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی، نازم دەباغ گوتی "لە بۆنەکان و لە هەر چاوپێکەوتنێکدا باس لەو پرسە کراوە، ئێران هەڵوێستی خۆی لەڕێگەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی راگەیاندووە، کە هەمیشە لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقە. بەپێی رووداوەکان و ئەزموونی خۆم لەو بوارانەدا تاوەکو ئێستا ئێران لەگەڵ ئەمری واقیعی هەرێمی کوردستان رۆیشتووە، بە مەرجێک ئەمن و ئاسایشی وڵاتەکەی پارێزراو بێت".

نازم دەباغ گوتیشی "بۆ پرسی ئاڵا کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕاشکاوی و بەپێچەوانەی ئەو هەڕەشەیەی تورکیا کردی، داوایکردووە لەڕێگەی گفتوگۆ و پابەندبوون بە دەستووری هەمیشەیی عێراق کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. داواکاری ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ دەستوور و رێگای گوتوبێژ، داواکارییەکە دەکرێت پشتیوانی لێبکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان لەو چوارچێوەیەی کە دەستوور رێگەی پێداون، کە یەکێک لەوانە هەم ریفراندۆمە و هەم جێبەجێکردنی ماددەی 140ـە".

سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەنجامدانی گشتپرسی و کاریگەری ئەو هەنگاوانە لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت کە دەگوترێت یەکێتی لە ئێرانەوە نزیکە، نازم دەباغ دەڵێت "پارتی بە ئەندازەی یەکێتی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نزیکە. بەپێی ئەو دەنگوباسانەی لەو چەند رۆژە باسی لێوەکراوە ئەو شاندەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هاتووەتە هەرێمی کوردستان لە هەولێرەوە چووە بۆ سلێمانی. بە بڕوای منیش پرسی هەڵکردنی ئاڵا و ئەنجامدانی گشتپرسی لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران رەنگدانەوەی نەبووە".
 
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەشڵێت "بەپێی زانیارییەکانی من وەکو لە راگەیاندنەکانیش بیستوومە، جەنابی قاسم سولێمانی رۆژی یەکشەممە چووەتە هەولێر تاوەکو ئێوارە لە هەولێر بووە، دوای ئێوارەکەش چووەتە سلێمانی و لەوێشەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران".

سەبارەت بە سەردانی بارزانی بۆ ئێران، نازم دەباغ ئاماژە بەوە دەکات "بەپێی زانیارییەکانی من کۆماری ئیسلامی هەمیشە ئامادەیی هەبووە پێشوازی لە جەنابی کاک مەسعود بکات، وەکو کەسایەتییەک و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کەسێکی بەرجەستە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکە، لە هەمان کاتیشدا جەنابی کاک مەسعودیش ئەوەی ئێمە پێی ئاگاداربین هەمیشە قبووڵیکردووە، بەڵام گوتوویەتی لەکاتێکی گونجاودا بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم".

Read کد خبر: 447

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی