امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

نوێنەری یەکێتی لە تاران : رەچاونەکردنی ئێران زیانی بۆ کورد دەبێت

 رژێمی ئەسەد بەهاوكاری ئێران‌و روسیا‌و حزبوڵای لوبنان، شەڕی حەڵەبی بردەوە، كە بەچارەنوسسازترین‌و گرنگترین شەڕی سوریا دادەنرێت، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران دەڵێت “ئه‌گه‌ر هه‌رێم یه‌كچارچه‌یی خاكی عێراق نه‌پارێزێت، ئێران كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت”.


 ئا: وریا حسێن

له‌دوای بردنه‌وه‌ی شه‌ڕی حه‌ڵه‌ب، هەمو ئاماژەكان روەو ئەو ئاڕاستەیەن كە چه‌پۆكی ئێران بەسەر روبەرێكی فراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەحكەم‌و فراوانتر دەبێت، به‌بڕوای نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌تاران هه‌رێمی كوردستان یەكێك دەبێت لەو ناوچانەی هەژمون‌و كاریگەری كۆماری ئیسلامییان لەسەر گەورەتر دەبێت‌، ئەو وتی “ره‌چاونه‌كردنی ئێران لەم بارودۆخەدا زیانی بۆ كورد ده‌بێت”.
نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران له‌باره‌ی نفوزی ئێرانه‌وه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ ئێران توانی رۆڵی گەورە له‌گۆڕانكارییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستدا ‌بگێڕێت‌و كاریگه‌ریی یەكلاكەرەوەی هە‌بێت، ئه‌و وتی “له‌دوای شه‌ڕی حه‌ڵه‌ب به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ روسیا چه‌پۆكی ئێران هه‌مو ناوچه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌”.
له‌دوای كۆنترۆڵكردنی ته‌واوه‌تی حه‌ڵه‌ب براوه‌ی یه‌كه‌م له‌م شه‌ڕه‌دا ئێران ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌و‌پێشچونه‌كانی شه‌ڕی موسڵ‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ره‌قه‌ بۆیه‌ دوای ئه‌م قۆناغه‌ش سه‌رده‌می گۆڕانكارییه‌كان دێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ كورد دانه‌یه‌كی سه‌ره‌كیه‌ له‌م گۆڕانكارییانه‌دا.
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران ئه‌وه‌ بۆ ئاوێنه‌ رونده‌كاته‌وه‌ كاریگه‌ری ئێران له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌پێی به‌رژوه‌ندییه‌كانی خۆیه‌تی، ئێران سیاسه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم یه‌كچارچه‌یی نه‌پارێزێت كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت، ئەو وتی “كاردانه‌وه‌كان بۆ زۆنی سه‌وزو زه‌رد نابێت، چونكه‌ نفوزی ئێران له‌زاخۆوه‌ هه‌یه‌ ‌تاده‌گاته‌ كه‌لارو كفری”.

نازم ده‌باغ جه‌ختیش له‌وه ‌ده‌كاته‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر زۆنی سه‌وز ده‌بێت به‌و پێیه‌ی چۆن پارتی ئێستا رێكکه‌وتنی ستراتیژی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، هاوكات نفوزی ناوچه‌ی سلێمانی سنورێكی زۆری له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌بێت ره‌چاوی باردۆخی یه‌كتری بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئێران، ئەو وتی “من دوری له‌نێوان پارتی‌و ئێران نابینم، به‌ڵام پارتی نزیكتر ده‌بینم له‌توركیا، چ پارتی‌و چ یه‌كێتی ئه‌گه‌ر ره‌چاوی پێگه‌ی جوگرافی خۆیان نه‌كه‌ن زیانی لێده‌كه‌ن”.

قسه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سلێمانی زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ره‌ له‌باره‌ی هه‌ژمونه‌كانی ئێران چونكه‌ زۆرترین سنوری له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌‌دا هه‌یه‌، بۆیه‌ دوای شه‌ڕی موسڵ‌و حه‌ڵه‌ب چاوه‌ڕوانده‌كرێت هه‌ژمونی ئێران له‌م ناوچه‌یه‌ چڕبێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت یارییه‌كی پله‌یسته‌یشنی ئه‌مریكی پێشبینی ئه‌وه‌ده‌كات “له‌چه‌ند ساڵی داهاتودا شه‌ڕ بكه‌وێته‌ ناوچه‌ی سلێمانی” به‌پێی وێنه‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ش بێت تابلۆی ئۆتۆمبێل‌و دوكان‌و كۆمپانیاكان فارسیه‌و ئاڵای كۆنی عێراق له‌سه‌ربانه‌كانی سلێمانی هه‌یه‌، شه‌ڕه‌كه‌ش له‌وەوە ه‌ده‌ستپێده‌كات كە له‌سلێمانیه‌وه‌ پلانی ته‌قینه‌وه‌ی نیویۆرك دانراوه‌ بۆیه‌ تیمێكی مارێنزی ئه‌مریكی هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر سلێمانی‌و هێرشه‌كه‌ش له‌شه‌قامی مه‌وله‌وی ئوتێل سلێمانی پاڵاس ده‌بێت” به‌پێی وێنه‌كان.

محەمه‌د ئه‌مین پێنجوێنی چاودێری سیاسی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ‌ده‌كات ئێران‌و توركیا هه‌وڵدەده‌ن هه‌ژمونی خۆیان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكه‌ن، ئەو وتی “ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌رێمه،‌ پارته‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت به‌ئسلوبێكی سیاسی‌و دیبلۆماسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ تازه‌یه‌ بكه‌ن‌و هه‌رێم نه‌خه‌نه‌ چنگی ئێران‌و توركیا”.
باوه‌ڕیشی وایه‌ ئه‌وه‌ی كورد له‌م قۆناغه‌ ده‌رباز ده‌كات تێكوشانیه‌تی بۆ ئاواته‌كانی، ئەو وتی “پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان وه‌رەقه‌یه‌كی نیشتمانی واژۆ بكه‌ن هه‌ریه‌كه‌و بۆخۆی هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ به‌دیهێنانی ئاواته‌كانی كورد، جگه‌ له‌مه‌ هیچ رێگایه‌كی تر له‌به‌رده‌م كوردا نیه‌”.
هاوكاتی ئه‌وه‌ش له‌شرۆڤه‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌و هه‌رێمی كوردستان، فاروق عه‌لی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بڕوای وایه‌ “سه‌ركه‌وتنی ئێران‌و روسیاو سوریا له‌حه‌ڵه‌ب هه‌ژمونی ئێران له‌ناوچه‌که‌ فراوانتر ده‌كات‌و سعودیه‌و هاوپه‌یمانه‌کانی ناتوانن کاریگه‌ری له‌سه‌ر روداوه‌کان دروستبکه‌ن، ئەو وتی “ئێران له‌سه‌ر داوای به‌رپرسانی هه‌رێم هاوکاری باشی هه‌رێمی كردوه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وکاتانه‌ی که ‌داعش شارۆچکه‌ی مه‌خموریان گرت‌و له‌هه‌ولێر نزیکبونه‌وه”‌.
وتیشی “کۆتایی شه‌ڕ له‌حه‌ڵه‌ب به‌سه‌رکه‌وتنی ئێران‌و هاوپه‌یمانه‌کانی باوه‌ڕناکه‌م کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان دروستبکات، کاریگه‌ری ئێران له‌سه‌رهه‌رێم‌و ناوچه‌که ‌دوای شه‌ڕی موسڵ ده‌بێت”.
وه‌كو نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران باسیكرد “دوای شه‌ڕی داعش‌و حه‌ڵه‌ب مامه‌ڵه‌ی زلهێزه‌ ناوچه‌یی‌و جیهانیه‌كان له‌سه‌ربازیه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ سیاسی”ئه‌مه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێده‌هێڵێت به‌تایبه‌ت له‌سنوری سلێمانی چونكه‌ زۆرترین سنوری له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، هاوكات مه‌ترسی شكستی كورد هه‌یه‌ له‌م دۆخه‌ به‌و پێیه‌ی ئه‌وكات شه‌ڕ ده‌چێته‌ سه‌ر مێزه‌كان‌و كوردیش تائێستا یه‌كگرتویی تێدانیه بۆ بردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌.

 

Read کد خبر: 438

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی