امروز: 5شەممە 25 نیسان 2024 برابر با 25 نیسان 2024

نازم دەباغ: ئێران پشتیوانی سەرەکی کوردەکانی عێراق لە شەڕ دژی داعشە

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران، سەرەڕای ئاماژە بە خۆڕاگری هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرانبەر پێشڕەوییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش،وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی سەرەکی و گرینگی هەرێمی کوردستان لە شەری داعشە. 

 بەشی نێونەتەوەیی ـ ئارمان نەسروڵڵاهی: "نازم دەباغ" چەندین ساڵە وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان  لە ئێراندایە و ئەم دیپلۆماتە کوردە کە لە تەمەنی 70 ساڵی نێزیک بووەتەوە لەم ساڵانەدا وەک ئاسانکار بووە بۆ پەیوەندییەکانی کوردەکانی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

 نوێنەری هەرێمی کوردستان دەڵێت پەیوەندی تۆکمەی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی ئێران هەیە و تەنانەت هاوپەیوەند بە هەندێ پرسی ناوچەیی ڕاوێژی لەگەڵ دەکرێت.

  ئەو جگە لە زمانی کوردی وەک زمانی دایکی خۆی، زمانەکانی ئینگلیزی،عەرەبی و فارسیش دەزانێ و بە سینگ فراوانی و ڕووی گەش وڵامی پرسیاری هەواڵنێرانی ئاژانسی مێهری دایەوە سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و ڕایگەیاند کە لە بارودۆخی ئێستادا میدیا و ڕاگەیاندن ڕۆڵی گرینگیان لەگۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا هەیە.

 

 ئەو لە میانەی سەردان کردنی ئاژانسی هەواڵی مێهر وێڕای پیرۆزبایی کردن لە بەرپرسان بە بۆنەی کرانەوەی بەشی کوردی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێرانی مێهر وڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە کە دەقی ئەو دیمانە وەک خۆی لە خوارەوە هاتووە:

 

دۆخی پەیوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان چۆنە؟ و لە چ ئاستێک دایە؟

بێ گومان کۆماری ئیسلامی ئێران نێزیکترین وڵات بە عێراق بە تایبەت بە کوردەکانی ئەم وڵاتەیە و بە پێی ئەو هاوبەشیە فەرهەنگی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە لە نێوانیانداییە پەیوەندی ئێران و کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستا گونجاوە.

بەڵام هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە بە ڕچاوکردنی دەفرایەتییەکانی بەردەست ئاستی ئەم پەیوەندیانە لە هەموو بەشەکان بە تایبەت ئابووری و بازرگانی بەرزبکەینەوە کە هەڵبەت لەم نێوانەدا دەبێ هەردوولایەن ئاسانکاری بکەن بۆ ڕەخساندنی بەستێن  و کاری سەرەتاییش لەم پێناوەدا کراوە. لە ڕاستیدابوونی سنووری هاوبەشی نێوان ئێران و هەریمی کوردستان ئەم دەفرایەتییەی زیاتر دەکاتەوە و بەستێن بۆ هاوکارییە جۆراوجۆرەکان دەکاتەوە و هەڵبەت نابێ لەبیر بکەین کە هەرێم دەیەوێت ئەم پەیوەندی و هاوکاریانە بەرزبکاتەوە بەڵام لەم ڕێگایەدا کێشەی جۆراوجۆریش بونی هەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێن.

 

سەرەکیترین کێشەکان کە کاریگەرییان لەسەر تۆکمەکردنەوەی ئەم پەیوەندییانە هەیە کامن؟

لە ڕاستیدا یەکێک لە کێشەکان لە بواری ژێرخانەکاندایە.ئەگەرچی لە ئێستادا سنوورە فەرمییەکانمان  لە پارێزگاکانی کوردستان،کرماشان و ئازەربایجانی رۆژئاوایی دایە بەڵام دەبێ ئەم سنوورانە پەرەپێبدرێن و هەڵبەت هاوشانی ئەو سنوورانە دەبێ بازارچە سنوورییەکانیس گرینگیان پێبدرێت و ئیمکاناتی مرۆڤی و دارایی و ژێرخانییان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندیانە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا بە باشترین شێواز بەردەوام بێت.

 

پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیکەی بوارەکان لەوانە سیاسی و ئەمنی لەگەڵ هەرێم لە چ ئاستێکدایە؟

لە راستیدا دەتوانین بڵێین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئیران بووە ولاتێکی دۆست بۆ کوردەکانی عێراق و ئێمە هەرکات پێویستمان بە کۆماری ئیسلامی بووە ئەوان بێ هیچ چاوەڕوانییەک پشتیوانییان لێمان کردووە و ئەوپەڕی جاوەڕوانی ئێران لە هەرێم لەم چەندساڵەی دواییشدا و دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعش هەوڵ دانە بۆ یەکگرتوویی لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵ.هەروەها جێی خۆیەتی ئاماژە بکەمە پەیوەندی مێژوویی ئێران و هەرێمی کوردستان و بۆ نموونە لە کاتی کیمیاباراانی هەڵەبجە ئەگەر ئێران نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک سووچەکانی ئەم کارەساتە مرۆڤییە بەم رادە لە جیهاندا ئاشکرا نەدەبوو و لەم دواییانەشدا پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ شەڕ دژی داعش نمانەیەکی بەرچاوی دیکەیە.

 

ئاماژەتان دایە پرسی داعش،یارمەتی و پشتیوانی ئێران لە هەریم بۆ سەڕ دژی داعش بە چ شێوەیەک بووە؟

کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیانی سەرەکی و گرینگی ئێمە بووە لە شەڕ دژی داعس و لە ڕۆژانی ئەوەڵ کە ئەم گرووپە هێرشی کردە سەر عێراق و هەرێم،ئێران لە هەموو بوارە ڕاوێژکارییەکان و تەنانەتی یارمەتی سەربازی داوین و هەڵبەت لەم دۆخەدا هێشتا یارمەتییەکانی ئێران بەردەوامە. بە راستی ڕۆڵی ئێران و یارمەتییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان هەرگیز لەبیر ناکرێت و هەر بۆیە ئەمڕۆ کوردستانی عێراق توانیویەتی لە بەرانبەر داعش خۆڕاگر بێت و بێ گومان ئەم بەرخۆدان و خۆراگرییە و هەروەها دۆڕاندنی داعش درێژەی دەبێت.

تەنانەت لە سەفەری ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئێران جارێکی دیکە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان کردە سەر بەردەوام بوون لە پشتیوانییەکاهی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە داعش کە ئەمە بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵیە.

 

پرسێکی گرینگی ئەم چەند حەوتە دواییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق ناکۆکی نێوان گرووپە سیاسییەکان بە تایبەت سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بوو،لەمبارەوە قسەمان بۆ بکەن.

لەم سەردەمەدا بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە وڵاتانی جیهان کارێکی ئاساییە و ئەگەر لە وڵاتێکدا کەسانێک دەست بدەنە خۆپیشاندان نابێ نیگەران بین بەڵام خاڵی جێی نیگەرانی لە خۆپیشاندانەکانی هەرێم خەسارگەیاندن بە سامانی گستی بوو کە بە ڕێنوێنی ڕێبەرانی گرووپە سیاسییەکان کۆتایی پێهات.دوای باسکردنی سەرۆکایەتی کردنەوەی مەسعوودبارزانی لەسەر هەرێم،گرووپی ناڕازی دەستی دایە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و بەداخەوە لە هەندێ شاردا ئەو خۆپیشاندانانە تێکەڵ بە توندوتیژی بوو. بەڵام لە کۆتاییدا قسەی سەرەکی ئەمەیە کە تەنیا بە گفتوگۆ دەکرێ ئەم پرسە چارەسەر بکرێت و تەنانەت خودی بارزانی ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دیکەی گرووپە سیاسیەکان کەسێک بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ناودەهێنن دەکرێ دیراسەی لەسەر بکرێت و لەم بارودۆخەدا کە هەندێ لایەن دەڵێن دەبێ بارزانی دەستلەکاربکێشێتەوە،ئەمە وتەیەکی دروست نییە چونکوو تا کاتێ کەسیکی نوێ دەستنیشان نەکرێت،ئەم داخوازییە جێبەجێ نابێت.من لێرەدا ئاماژە بە پرسێکی گرینگتر دەکەم و ئەوەش ڕۆڵی کەسانی گەورەی وەک مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لە هەرێم و  تەنانەت وڵاتی عێراقە،کەسانێک کە چەندین ساڵ بەشداربوون لە خەباتی گەلی کوردی عێراق و نابێ ئێستا وا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت و بێ گومان ئەم پرسەش بە ڕێچارە دۆزینەوەی ڕێبەرانی گرووپە سیاسییەکان چارەسەر دەبێت.

 

دوای ئەم رووداوە چەند دەزگای ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان باسیان لە دەستێوەردانی ئێران لە پرسی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و تەنانەت مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەی کرد،ئەم بابەتە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

پاش ئەم رووداوانە چەندین وەفدی ئێرانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دیداریان کرد بەڵام بەهیچ لەونێک باس لە مانەوە یا لابردنی هیچ کەسێک نەکرا و بەردەوام لایەنی ئێرانی جەختی کردۆتە سەر پاراستنی یەکڕیزی لە هەرێم و ئەوان بە ئاشکرایی وتوویانە کە لەم بارودۆخەدا هەرێم گیروودەی شەڕە و دەبێ گرووپە سیاسیەکان بە گفتوگۆ پرسەکانی خۆیان چارەسەر بکەن و من ئەم بابەتە بە توندی رەتدەکەمەوە کە ئێران خۆی لە کاروباری ناوخۆیی هەرێم وەردابێت.لە ماوەی چەندحەوتەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوەمان بووە و لە ڕۆژانی داهاتوویشدا بەردەوام دەبێت.

 

سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی داهاتوو و تەوەرەکانی ئەو دانیشتنانە بابەتێک هەیە کە بە ئێمەی بڵێن؟

بە گویرەی ئەو هەماهەنگییەی کە کراوە بڕیارە وەفدێک بە سەرۆکایەتی رۆستەم قاسمی سەفەر بۆ هەرێمی کوردستان بکات کە ئامانجی سەرەکی ئەو سەفەرە گفتوگۆ لەسەر شێوازی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری دارایی و قەیرانی ئابووری ئیستای هەرێمە کە چاوەڕوان دەکرێت بە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە ڕێکاری گونجاو بۆ چارەسەریی کێشەی دارایی و ئابووری هەرێم بدۆزرێتەوە.

 

یەکێک لە پرسە هەستیارەکانی ئەم رۆژانەی عێراق پەیوەندی بە کێسەکانی هەرێم و دەوڵەتی ناوەندی عێراقەوە هەیە،لەمبارەوە قسە بکەن،دۆخەکە چۆنە؟پلانێک بۆ چارەسەری ئەم کێشەکەڵەکە بووە دارێژراوە یان نا؟

بەپێی یاسای بنەرەتی عێراق،بەغدا بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر هەرێم هەیە کە بەداخەوە بەشێک لەم بەڵێنانەوە جێبەجێ نەکراوە و هەربۆیە هەندێ کێشەی قورس بە تایبەت لە بەشی ئابووریدا دروست بووە کە بڕیارە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.لە ئێستادا بە هۆی کێشەی ئابووری ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە کەبەشێکن لە هێزە سەربازییەکانی عێراق،چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئێمەش لەمبارەوە نارەزایەتی خۆمان بە دەوڵەتی ناوەندی راگەیاندووە و پرسێکی دیکە نەوتە و بە داخەوە دەوڵەتی ناوەندی عێراق بۆ ئەم بابەتەش بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە.بریارە حەوتەی داهاتوو وەفدێکی کورد بچێتە بەغدا و هاوپەیوەند بەم کێشانە لەگەڵ سەرۆک وەزیر و سەرۆک کۆماری عێراق گفتوگۆ بکات.

Read کد خبر: 374

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی