امروز: 1شەممە 24 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

تاران‌ و واشنتۆن سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی لە خاڵێكدا یەكدەگرنەوە

"نازم عومەر" بە ئاوێنەی راگەیاند: ئامانجی ئێران ئەوەیە لە ڕووی ئاسایشەوە هەرێمی كوردستان سەقامگیر بێت، چونكە هەر نائارامییەك لە كوردستان دروستببێت، كاریگەری لەسەر ئێران دەبێت.

 نوێنەری حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران دەڵێت: "ئێران ‌و ئەمەریكا لە عێراق ‌و كوردستانیشدا نەك هەر ململانێ‌، بەڵكوو شەڕیشیانە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی لە خاڵێكی هاوبەشدا یەكدەگرنەوە و كۆكن".

ئا: ئاوێنە ـ پرۆسەی سیاسی‌ و سیستەمی دیموكراسی لە كوردستاندا، پرۆسەیەكی هێندە لاوازە كە هێزە سیاسییەكانی ناتوانن بەبێ‌ دەستێوەردانی دەرەكی كێشەكانی خۆیان چارەسەر ‌و یەكلایی بكەنەوە. هەر كە ناكۆكی دەكەوێتە نێوانیانەوە، زۆربەیان بۆ پشت لەعەرد دانی ركەبەرەكەیان، پەنادەبەنە بەر فاكتەری دەرەكی، بە درێژایی دەیان ساڵ ئەمە كردار‌ و نەریتی باوی ئەوان بووە، ئەگەر لە 31ی ئابی 1996دا فاكتەری دەرەكی هێزی "سەربازیی" بەكارهێنابێت بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕ‌و ململانێكان لەبەرژەوەندی لایەكیان، ئەوا لەململانێكانی ئابی 2015دا،  فاكتەری دەرەكی هێزی "دیبلۆماسیی" خستوەتەگەڕ.

كوردستان بووە بە گۆڕەپان، لەم گۆڕەپانەدا زیاد لە یاریزانێك گەمەی تیادەكەن، دوو گەمەكاری سەرەكی "ئێران‌ و ئەمەریكان"، ئەوەی ئێستا نوێنەرایەتی ئەم دو دەوڵەتە دەكات: قاسم سلێمانی ‌و بریت ماكگۆركن.

ئەگەر شەڕ و ركەبەری قاسم سلێمانی لە بەشی شیعەی عێراقدا بە هۆی پێگەی لاوازیی ئەمەریكاوە، بۆ قاسم سلێمانی یەكلایی بوبێتەوە، ئەوا لە كوردستاندا ململانێی ئەم دووانە بەردەوامە. هەر دووكیان دەسەڵاتدار و پسپۆڕن لە كاروباری عێراق ‌و كوردستانیشدا، هەر دووكیشیان بە نهێنی كاردەكەن ‌و سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمیش، بە نهێنی ‌و بە ئاشكرا هەوڵی چارەسەركردنیان داوە. لە مانگی رابردودا ماكگۆرگ‌ و قاسم سلێمانی سەردانی هەولێر ‌و سلێمانییان كردووە ‌و چەند رۆژێكیش لە كوردستان ماونەتەوەو چاویان بە لایەن ‌و كەسە سەرەكییەكانی ئەم پرسە كەوتووە، هەر لە بارزانییەوە بگرە تا دەگات بە نەوشیروان مستەفا ‌و سەركردەكانی یەكێتی "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بەرهەم ساڵح‌ و كۆسرەت رەسوڵ".

سەبارەت بە جموجۆڵە دیبلۆماسییەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان‌ و هەڵوێستی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی، نوێنەری حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران "نازم عومەر" بە ئاوێنەی راگەیاند كە كۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەپرسی سەرۆكایەتی رانەگەیاندوە.

ئەو ئاماژەی بەوە كرد كە لە سەردانی ئەمدواییەی وەفدی ئێرانیدا بۆ لای لایەنە كوردییەكان، بەتایبەتی قاسم سلێمانی ‌و ئه‌میری موقه‌ده‌م جەختیان لەوە كردوەتەوە: "ئێران خوازیارە لایەنە كوردییەكان خۆیان كێشەكانی خۆیان بە سازان چارەسەر بكەن ‌و بگەنە رێككەوتن".

"نازم عومەر" وتی: "ئامانجی ئێران ئەوەیە لە ڕووی ئاسایشەوە هەرێمی كوردستان سەقامگیر بێت، چونكە هەر نائارامییەك لە كوردستان دروستببێت، كاریگەریی لە سەر ئێران دەبێت".

سەبارەت بەوەی كە بەشێك لە میدیاكانی هەواداری كۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتی خۆیان بۆ بارزانی ناشارنەوە، ئەو وتی: "ئەو میدیایانە گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران ناكەن، وەك ئەو رۆژنامە و كەناڵ ‌و سایتانە وان كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەن ‌و لە دژی كۆماری ئیسلامی دەنوسن".

لە وەڵامی پرسیارێكی ئاوێنەدا سەبارەت بە ململانێی ئێران ‌و ئەمەریكا لە كوردستان ‌و كاریەگەری لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، نوێنەری حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران وتی: "ئێران ‌و ئەمەریكا نەك هەر ململانێ‌ بەڵكوو شەڕیشیانە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە هەندێك مەسەلەدا لە عێراق ‌و كوردستان لە خاڵێكی هاوبەشدا یەكدەگرنەوە و كۆكن".

وتیشی: "ئێران ‌و ئەمەریكا سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هاوهەڵوێستن ‌و لەگەڵ ئەوەدان پرسەكە بە سازان چارەسەر بكرێت، چونكە پەرتبونی كورد لەم كاتەدا كاریگەریی خراپی لەسەر شەڕی دژ بە داعش دەبێت".

وێڕای ئەوەی قاسم سلێمانی ‌و ماكگۆرك كۆكن لەسەر مانەوەی بارزانی، بەڵام بۆچوونی جیاوازیشیان سەبارەت بەو پرسە هەیە‌ و هەریەكە و دەیەوێت كاریگەریی‌ و دەسەڵاتی ئەویتریان بەسەر رەوتی روداوەكاندا سنوردار بكاتەوە، دەربارەی ئەوەی كە پێدەچێت ماكگۆرك لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا لە قاسم سلێمانی دەسەڵاتدارترو بەهێزتر بێت، "نازم عومەر" وتی: "قاسم سلێمانی ‌و بریت ماكگۆرك هەر دووكیان دەسەڵاتیان لە عێراق ‌و سەرجەم كوردستانیشدا هەیە و بەهێزیشە، من نامەوێ‌ بچمە وردەكارییەكانیەوە، هەروەك چۆن ئەمەریكا كاریگەریی لە هەرێمی كوردستان ‌و لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەیە، ئێرانیش بەهەمانشێوە كاریگەریی ‌و دەسەڵاتی هەیە".

وتیشی: "پێدەچێت لەڕوی هێزەوە هاوسەنگییەك هەبێت، بەڵام لە دۆخی ركەبەریدان ‌و هەر دووكیان دەسەڵات ‌و هێزیان هەیە، نازانم دەستشكانەوەی ماكگۆرك‌ و قاسمی سلێمانی بەكوێ‌ دەگات؟"

 

 

 

Read کد خبر: 360

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی