امروز: هەینی 11 ت یەکەم 2024 برابر با 11 تشرینی یەکەم 2024

"نازم دەباغ" بۆ رووداو: ئێران پشتگیری یەكڕیزی و یەك ئیدارەیی هەرێمی كوردستان دەكات

رووداو - هەولێر: "نازم دەباغ" نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایدەگەیێنێت: "ئێران پشتگیری یەكڕیزی و یەك ئیدارەیی هەرێمی كوردستان دەكات".

 "نازم دەباغ" نوێنەری حكوومەتی هەرێمی لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵوێستی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی هەرێمی كوردستان روون و ئاشكرایە، كە ئەوان پشتگیری یەكڕیزی و یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەن، لەگەڵ پاراستنی یەكڕیزی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكاندان و پێیانوایە هەرێمی كوردستان وەكو دراوسێییەكی نزیك لە شەڕێكی سەختدایە لەگەڵ داعش، بۆیە دەبێت بە هەردوولا ئەو دووژمنە هاوبەشە لەنێوببەین یاخود دووری بخەینەوە".

"نازم دەباغ" هەروەها گوتی: "لە سەردانەكەی یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ هەولێر و سلێمانی كە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەردوو جێگرانی سكرتێری گشتیی یەكێتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و حسك كۆبووەتەوە، جەختیان لەسەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، من تەنیا لە كۆبوونەوەكەی كاك كۆسرەت و كاك بەرهەم بەشداریم كرد، لەوێش شاندە ئێرانییەکە جەختیان لەسەر یەكڕیزی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردەوە".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی لە تاران سەبارەت بە هاتنی قاسم سولەیمانی بۆ كوردستان گوتی: "من هیچ شتێكی فەرمیم پێ نییە، بەڵام هاتنی حاجی قاسم شتێكی غەریب نییە پێشتریش هاتووە و سەردان و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان هەبووە".

پێشتر "حەسەن باوەفا" جێگری سەرکۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، بە هەفتەنامەی (رووداو)ی راگەیاندبوو: "ئاغای سولەیمانی کە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، باسی مەسەلەی ئاسایشی ناوچەکە دەکات، چونکە دوژمنانی ئێمە ئاسایشی ناوچەکەیان ناوێت".

"قاسم سولەیمانی" فەرماندەی سوپای قودس و بەرپرسی كەیسی عێراق و سووریا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لەگەڵ هەر یەكە لە "مەسعوود بارزانی" سەرۆكی هەرێمی كوردستان و "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، "نەوشیروان مستەفا" رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هاوژینی تاڵەبانی، لە سەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئاسایش ناوچەكە كۆبووەتەوە.

Read کد خبر: 342

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی