امروز: 4شەممە 30 ت یەکەم 2024 برابر با 30 تشرینی یەکەم 2024

له ساڵیادی دامه‌زراندنیدا / مێژووی یه‌کێتی نیشتمانیی به زمانی فارسی بڵاوده‌بێته‌وه

کتێبی مێژووی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان له نوسینی دکتۆر "سه‌روه‌ر عه‌بدولره‌حمان" و وه‌رگێڕانی "سامان سلێمانی" له‌ژێر ناوی "تاریخ اتحادیه‌ی میهنی کوردستان" له شاری تاران له‌چاپ درا.

 به بۆنه‌ی ٤٠ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان به‌رگی یه‌که‌می "مێژووی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان" که باس له رووداوه‌کانی ساڵانی ١٩٧٥ و ١٩٧٦ ده‌کات له لایه‌ن ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی "دات" له تارانی پێته‌ختی ئێران له‌چاپ دراوه‌ و که‌وته به‌ردیدی خوێنه‌ران.

"سامان سلێمانی" وه‌رگێڕی ئه‌م کتێبه که پێشتریش کتێبی "سه‌رۆک کۆماری پێشمه‌رگه"‌ی وه‌کوو به‌شێک له بیروه‌رییه‌کانی جه‌نابی "مام جه‌لال" به زمانی فارسی بڵاوکردۆته‌وه له وتووێژێکی تایبه‌تدا پێی راگه‌یاندین: ئه‌م کتێبه له ٤ به‌شی سه‌ره‌کیی پێکهاتووه، به‌شی یه‌که‌می له‌ژێرناوی "بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی باشووری کوردستان له ساڵی ١٩٧٥"، باس له هۆکاره‌کانی شکستی شۆڕشی ئه‌یلول و کاریگه‌ری ئه‌م شکسته له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌کات، به‌شی دووه‌می کتێبه‌که "قۆناغی دوای شکستی ١٩٧٥ و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی نوێ له مێژووی کورد"دا باس ده‌کات که دامه‌زراندنی یه‌کێتی و پێکهاته‌کانی و به‌رنامه‌و پلانی یه‌کێتی و ئامانجه‌ سیاسی و ستراتیژه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی یه‌کێتی باس ده‌کات.

به‌شی سێهه‌می ئه‌م کتێبه باس له "ده‌ستپێکردنی شۆڕشی نوێ ده‌کات له ساڵی ١٩٧٦" و تیایدا قۆناغه‌کانی ئه‌م به‌شه گرنگه له مێژووی یه‌کێتی باس ده‌کات، له به‌شی چواره‌میشیدا باس له "په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان" له‌وانه: هێزه کوردستانییه‌کان، هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌کانی عیراق، بزووتنه‌وه‌ ئازادیخوازه‌کانی ناوچه، حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که و زلهێزه‌ جیهانییه‌کان باس ده‌کات.

"سامان سلێمانی" هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ئه‌م کتێبه ٤ پاشکۆی تایبه‌تیشی له‌خۆگرتووه، پاشکۆی یه‌که‌م "به‌یانی دامه‌زراندنی یه‌کێتییه"، پاشکۆی دووه‌م "نامه‌یه‌کی مێژوویی جه‌نابی مام جه‌لال‌ه که له ساڵی ١٩٧٦ بۆ  به‌ڕیزان ئیدریس بارزانی و مه‌سعوود بارزانی نوسیوه"‌، پاشکۆی سێهه‌م "نامه‌یه‌کی دیکه‌ی مام جه‌لال‌ه که بۆ عه‌لی عه‌بدوڵڵای نوسیوه" ‌و پاشکۆی چواره‌م "ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی مام جه‌لال‌ه که له ١/٦/٢٠١٢ به بۆنه‌ی ٣٧ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی له ته‌له‌ڤزیۆنی گه‌لی کوردستان بڵاوکرایه‌وه" ‌و بۆ یه‌که‌مجار دامبه‌زاندووه‌ و دوای وه‌رگێڕانی به زمانی فارسی له‌م کتێبه‌دا بڵاوم کردۆته‌وه.

"سامان سلێمانی" سه‌باره‌ت به گرنگیی وه‌رگێڕانی ئه‌م کتێبه رایگه‌یاند: ئێران وڵاتێکی خاوه‌ن هێزه له ناوچه‌که‌دا و کاریگه‌ری له‌سه‌ر رووداوه‌کان هه‌یه‌و ده‌توانێت هه‌یبێت، زۆر گرنگه که مێژووی که‌سایه‌تی و رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان به خوێنه‌رانی بناسێنرێت و ئه‌وه‌ی تا ئێستاکه هه‌بووه ته‌نها له چوارچێوه‌ی ده‌زگا حکومییه‌کاندا بووه، زۆر گرنگه ئه‌م بابه‌تانه بهێنرێته ناو بواری راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نییه‌وه و هه‌ر له‌م روانگه‌وه "مێژووی یه‌کێتی نیشتمنایی کوردستان" که خاوه‌ن گۆڕانکاری گه‌وره ‌و چاره‌نوسسازه‌ له عیراق و کوردستاندا گرنگ بوو خوێنه‌ری فارس لێی ئاگادار بێت، له‌م پێناوه‌شدا پرۆژه‌یه‌کمان به هاوکاری مه‌کته‌بی راگه‌یاندن و مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی ده‌ست پێکرد و تا ئێستا دوو کتێب له‌م پرۆژه‌یه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و درێژه‌شی ده‌بێت، کتێبی یه‌که‌م "ژیاننامه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال" بوو که پێشوازییه‌کی زۆر باشی لێوه‌کراوه‌ و ئه‌مه‌ش کتێبی دووه‌مه که به شێوه‌ی شیکاریی باس له "مێژووی ی.ن.ک و چۆنیه‌تی و هۆکاره‌کانی دامه‌زراندنی" ده‌کات.

 

جێگای ئاماژه‌یه که ئه‌م کتێبه له ٢٧٠ لاپه‌ڕه‌ و به نرخی ٢١ هه‌زار تمه‌نی ئیرانیی بڵاوکراوه‌ته‌وه.

 

 

 

 

Read کد خبر: 332

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی