لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخێرهاتنی سەرۆك كۆماری عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكانی بۆ خواست و پشتیوانیی خۆیشی بۆ سەرۆك كۆماری عێراقی كە نوێنەری هەڵبژێردراوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە ڕاگەیاند.
لەبەرانبەردا سەرۆك كۆماری عێراق سوپاسی پێشوازیی گەرمی سەرۆك بارزانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە كار لەسەر نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكات و پەرۆشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.
لەم دانیشتنەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی هەرێمی كوردستان و مەترسی و هەڕەشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق خرایە بەرباس و هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە لەپێناو پاراستنی ئەزموونی دیموكراسیی هەرێمی كوردستان و عێراق پێویستە گشتە لایەك هەموو تواناییە مرۆڤی و سیاسییەكانیان بخەنەگەڕ چونكە داعش مەترسییەكی گشتگیرە بۆ سەر كوردستان و عێراق و هەموو ناوچەكە و جیهان. پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئێمە ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی نین بەڵكو شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكەین كەدژی هەموو جۆرە پڕەنسیپێكی مرۆڤییە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەڵوێستی ئەمەریكا و ئەورووپا و وڵاتانی ئیقلیمی لە دژایەتیكردنی داعش و پاراستنی هەرێمی كوردستان بەرز نرخێندرا.
پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ئاییندەی عێراق تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری عێراق بوو.