امروز: 1شەممە 24 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

   وتووێژەکان

   وتووێژەکان (197)

شەممە, 25 ئایار 2019

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند، هەرچەندە فشارەکانی ئەمریکا ئێران بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتربون بۆ ئەوەی لایەنگری لایەنێکیان بکەن، بەڵام هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە لایەنگری هیچ یەکێک لەو دو دەوڵەتە.

"حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی کە هەیەتی خۆی بێلایەن راگرتوە"

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە خەندان-ی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی کە هەیەتی خۆی بێلایەن راگرتوە، لایەنگری ئەوەش نییە کە هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەو دوژمنایەتییەی کە لەناوچەکەدا هەیە، بەهیچ شێوەیەک رێگا نادرێت خاکی هەرێم  بەکاربێت بۆ دژایەتی هیچ لایەنێک".

" ئەو بازرگانییەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بەڕێوەدەچێت پەیوەندی بە نەوتەوە نییە"

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بازرگانییەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بەڕێوەدەچێت پەیوەندی بە نەوتەوە نییە، کە ئەمریکا لەو بوارەدا سزای بەسەر تاراندا سەپاندوە، لەهەمانکاتدا وڵاتی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، بەتایبەت لە روی ئابورییەوە، بۆیە کارێکی ئاسان نییە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنێت.

 

كێشەكانی نێوان  ئەمریكا و ئێران گەیشتوەتە لوتکە، دوای ئەوەی دو هەفتە لەمەوبەر واشنتن بە مەبەستی "هۆشداریدان بە ئێران"، كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن و چەند فڕۆكەیەكی جۆری B-52ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كرد.

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رونیکردەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هەولێر و سلێمانی جەختدەکەنەوە، پەیوەندییەکانیان بەردەوام دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەغدا و داواش دەکەن نەکەونە ژێر فشارەوە بۆ راگرتنی پەیوەندییەکانیان.

"حکومەتی هەرێم دەبێت بێلایەن بێت و لە چوارچێوەی عێراقدا هەربڕیارێک بدرێت پابەند بێت پێوەی"

 

دەباغ باسی لەوەشکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بێلایەن بێت و لە چوارچێوەی عێراقدا هەربڕیارێک بدرێت پابەند بێت پێوەی".

"پێشبینی دەکەم و ئومێد دەکەم، کە جەنگ رونەدات"

 لەبارەی ئەگەری رودانی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران، نازم دەباغ دەڵێت، "پێشبینی دەکەم و ئومێد دەکەم، کە جەنگ رونەدات، پشتبەستوش بە لێدوانی بەرپرسانی هەردو وڵات شەڕ رونادات، بەڵام ئەگەر جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران روبدات، هەرێمی کوردستان و عێراقیش پریشکی بەردەکەوێت".

دوو شەممە, 20 ئایار 2019

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، پێیوایە لە ئێستادا بە بۆنەی گرژی نێوان ئەمریکا و ئێران و سزاکانی سەر ئێرانەوە، هەولێر و بەغدا کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی دوو لایەنەی زێدەوە .

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی: بە هۆی ئەو پەیوەندییە تایبەت و نزیکەی لە نێوان ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و ئەوەی کە ئێران پەیوەندی سنووری و بازرگانی و ئابووری لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە،  ئەمریکا دوای پێشێل کردنی یەک لایەنەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، زیاتر هەوڵ دەدات پەیوەندی تاران و هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی عێراق بخاتە ژێر کاریگەری گەمارۆکان و ئەو رێگایەش لە ئێران دابخات.

 واشنتۆن لە سەرەتای مانگی گوڵانەوە مۆڵەتی بەری بوونی هەندێ وڵات لە سزای پەیوەندی لەگەڵ ئێرانی دڕێژ نەکردووە و رایگەیاند ئەگەر ئەو وڵاتانەی کە تا ئیستا مەعاف و بەری بوون لە گەمارۆکان؛ ئیدی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران بگرن، ئەمریکا ئەوانیش سزا دەدات. عێراق لەو وڵاتانە بوو کە ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ ئێران ببێت سزا دەیگرێتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق پێبەندە بە دەستووری هەمیشەیی ئەم وڵاتە و گوشاری زۆری لەسەرە بۆ ئەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا ڕچاو بکات و واز لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران بێنێت.

ئەگەرچی بەرپرسانی دەوڵەتی بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام بە بەرپرسانی ئەمریکایان راگەیاندووە کە ناتوانن گەمارۆکان پەیڕەو بکەن و بە بۆنەی سنووری بەرفراوانی هاوبەش و نزیکی فەرهەنگی و پێویستی ئابووری پەیوەندییان لەگەڵ ئێران لێک ناپچڕێت و تێکدانی ئەو پەیوەندیانە خەساری زۆر لە هەر دوو لا بە تایبەتی هەرێم دەدات.هێشتا واشنتۆن پێداگری لەسەر گوشارەکانی دەکات.

بۆ باس کردن لە سەر ئەم بابەتە لەگەڵ مامۆستا نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران گفتوگۆیەکی کورتمان کردووە کە دەقەکەی لە خوارەوە هاتووە:

پێشتر ئاماژەتان بە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق دابوو بۆ ئەوەی پابەند بن بە سزاکانی سەر ئێرانەوە، ئێستا دۆخەکە چۆنە؟

بە ڕاستی گوشارەکان زیاتر بوونەتەوە. ئێستا گوشارەکان دوو لایەنەیە. لە لایەک ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر هەرێم و عێراق بۆ ئەوەی پابەندی سزاکانی سەر ئێران بن و پەیوەندییەکانیان کەم بکەنەوە و لە لایەکەوە هەرێم پەیوەندی ستراتێژیکی لەگەڵ ئێران هەیە و پێویستمان بە یەکترە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ناکرێت پابەندی سزاکان بین و هەرێمی کوردستانیش نایەوێت هیچ کات هاوکار بێت بۆ دژایەتی کردنی هیچ لایەنێک بەتایبەتی ئێران.

ڕای گشتی خەڵکی هەرێم چییە؟

ئێمە لەگەڵ ئێران پێشینەی مێژوویی هاوبەشمان هەیە، پێکەوە خەباتمان کردووە و دژی ڕژێم بەعس لە سەنگەردا بووین . ئێران لە ڕۆژانی نەهامەتیدا پشتی لە کوردی عێراق نەکردووە و  ئێستا خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش خۆیان بە قەرزداری ئێران دەزانێن و ناتوانن پشت لە ڕابردوو بکەن.

بەغدا و هەولێر چ پلانیان بۆ کەم کردنەوەی ئەم گوشارانە داڕشتووە؟

بێ گومان عێراق و هەرێمی کوردستان نایانەوێت خۆیان لەو ململانێی وەربدەن. عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە کە بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە و هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت بێ لایەن بێت لەم تەنگژەیەدا و خۆی بە دوور بگرێت لە هەموو گرژییەک و دەوڵەتی ناوەندی عێراق هەر بڕیارێک بدات هەرێمی کوردستانیش پابەند دەبێت بەو بڕیارە.  تا ئێستاش سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش بە لایەنی ئەمریکیان وتووە کە بەشێک نابن لەو تەنگژە و ڕێگە نادەن خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دژی هیچ دراوسێیەک بەکار بێت .

ئەمریکاییەکان بەم سەفەرانەیان بۆ هەولێر و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان کە ڕای گشتی هەرێم و بە تایبەتی چالاکانی بواری ئابووری و بازرگانی کە پەیوەندیان لەگەڵ ئێران هەیە، بتۆقێنن و کاریگەری بکەنە سەر پەیوەندییە دوو لایەنەکان، ڕاتان لەمبارەوە چییە؟

لە کاتی گرژی و ئاڵۆزیدا هەر دوو لایەن هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و دەستبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان، بەڵام پەیوەندی ئێران و عێراق و تاران و هەولێریش ستراتێژیکە و لە ئاستێکی باڵادایە و جەختی ئێمە لە سەر کەم کردنەوەی کێشەکە و نەهێشتنی مەترسیە. پەیوەندی بازرگانی و ئابووری ئێران و هەرێمی کوردستان وەک خۆیەتی . هەرێمی کوردستان بێ لایەن دەبێت لەم ئاڵۆزییەدا و هەموو هەوڵێک دەدین کە پرسەکە بەرەو مەترسی جیدی و هەڵدێر نەڕوات چونکوو بەرژەوەندی هەموو لایەکمان لە ئارامی ناوچەکەیەدا.

هەرێمی کوردستان دۆستی ئێرانە و هاوکات هاوپەیمانی و دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا هەیە، تا ئێستا هیچ هەوڵێکی داوە بۆ کەم کردنەوەی گرژی نێوان تاران و واشنتۆن؟

دیارە هەموو حکوومەتێک بە پێی بەرژەوەندییەکانی هەندێ دۆستی هەیە و دوژمنیشی هەیە، ئێران لە مێژە دۆستی ئێمەیە لە شەڕی بەعس، لە سەردەمانی ئاوارەیی و شەڕی داعش و زۆر چەڵەمەی دیکەدا بە هانای هەرێمی کوردستانەوە هاتووە، هاوکات ئەمریکاش لە ڕووخاندنی سەدام و شەڕی داعش و ناردنی یارمەتی سەربازی بۆ پێشمەرگە و...... هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە و ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵی هەیە، هەر بۆیە کێشە و ئاڵۆزی ئەم دۆ دۆستە، خەسار لە هەرێمی کوردستان دەدات و گوشاری قورسی خستووەتە سەرمان. هەرێمی کوردستان هەرچی پێبکرێت لە کەم کردنەوەی ئەم گرژیانەدا درێخی نابێت و وەک بەرژەوەندی خۆی چاوی لێدەکات. هەولێر بە گرینگیەوە دەڕوانێتە بابەتی  سەقامگیری و پاوەجێی ناوچەکە.

با بینەوە سەر هەرێمی کوردستان و کابینەی نوێ حکوومەت، دەوڵەتی نوێ هەرێمی کوردستان پاش ۸ مانگ خەریکە پێکدێت، هەندێ لایەن دەڵێن : کێشەی ناوخۆیی پارتەکان و لەوانە پارتی دیمۆکرات ڕێگر بووە لە پێکهاتنی کابینەی  حکوومەت، وایە؟

کێشەی ناوخۆیش ئەگەر بووبێت قەد بەو ڕادە نەبووە کە لە میدیاکاندا گەورە دەکرێنەوە و زۆر کەم و کەمتر لەوە بووە، ئێستا لایەنەکان ڕێککەوتوون و کۆبوونەوە و گفتوگۆی پێویستیان تەواو کردووە و هەموو پارتەکان گەیشتوونەتە کۆ دەنگی بە تایبەتی لە سەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، لە سەر بابەتی جێگرەکانی سەرۆکی هەرێم کە کێشەی دروست کردبوو لەبەردەم پێکهاتنی کابینەکە. پشت بە خوا دوای جەژنی ڕەمەزان کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت و دەست بەکار دەبێت و ئەمەش زۆر گرینگە چونکوو دەبێ بە زووترین کات دامودەزگا و ڕێکخراوە حکوومییەکان لەباری ئیدارەییەوە کاروباریان ڕێکبخرێت. جەژنی دووەم دوای ڕەمەزان، جەژنی پێکهاتنی کابینەی حکوومەتی نۆهەمی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 هەڵوێستی ئێران وەک وڵاتێکی نزیک لە هەرێم کە پەیوەندی گەرمو گۆڕیان پێکەوە هەیە، لەسەر پێکهاتەی کابینەی نوێ هەرێمی کوردستان چییە؟

ئێران هەمیشە ڕۆڵی ڕاوێژ کردن و ئامۆژگاری گێراوە لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای ئێران پێیان ڕاگەیاندووین کە حەز بە سەقامگیری و پاوەجێی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتن و بەرەوپێش چوونی دەکەن و خواستیان پێکهاتنی خێرای کابینەی حکوومەت و دووری گرتن لە ناکۆکی ناوخۆیی و حزبی بووە.

بەو پێیەش کە پەیوەندی باش و تۆکمەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی داهاتووی هەرێم چ لە پارتی و چ لە یەکێتی و گۆڕان هەیە، چاوەڕاون دەکەین پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر و هاوکاری و تەعامولی دوو لایەن لەحکوومەتی نۆهەم باشتر لە ڕابردووش بێت .

 

 

https://ku.mehrnews.com/news/26578/%D9%87%DB%95%D9%88%D9%84%DB%8E%D8%B1-%D9%84%DB%95-%DA%98%DB%8E%D8%B1-%DA%AF%D9%88%D8%B4%D8%A7%D8%B1%DB%8E%DA%A9%DB%8C-%D8%B2%DB%86%D8%B1-%D8%AF%D8%A7%DB%8C%DB%95-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B1%DB%8E%DA%AF%DB%95-%D9%86%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%AE%D8%A7%DA%A9%DB%8C

چوار شەممە, 01 ئایار 2019

 به‌رپرسی نوسینگه‌ی هه‌رێمی کوردستان له تاران ده‌ڵێت: به‌پرسانی ئه‌مریکایی چه‌ندین جار داوایان له ئێمه کردووه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ببڕین، به‌ڵام ئێمه درێژه به په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ده‌ین.

 موجته‌با ئیسماعیلی- به‌شی نێوده‌وڵه‌تی ئاژانسی آنا:  دوای ئه‌وه‌ی که مایک پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌ستپێکردنی گه‌مارۆی نه‌وتی ئێرانی به پێی فه‌رمانی سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته راگه‌یاند؛ گوشاره‌کانی ئه‌مریکا و هه‌روه‌ها دانوستانه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه بۆ به‌خشینییان له گه‌مارۆکان ده‌ستی پێکرد. چین، تورکیا و کۆریای باشوور له‌و وڵاتانه بوون که هیواخواز بوون بخرێنه ناو لیستی وڵاتانی به‌خشراو له گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا دژی ئێران و حکومه‌تی عێراقیش جگه له‌م هه‌نگاوانه، پێداگری له‌سه‌ر درێژه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران کرده‌وه.

ئه‌م گوشارانه تا ئاستێک به‌رزبووه‌وه که به پێی راپۆرتی راگه‌یاندنه‌کانی ئه‌مریکا؛ واشینگتۆن گوشار بۆ وڵاتانی ناوچه‌که له‌وانه عێراق ده‌هێنێت تاوه‌کوو په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئێران ببڕن. جگه له‌مه، به‌رپرسانی ئه‌مریکایی ده‌یانه‌وێت ئه‌م گوشارانه زیاد که‌ن تاوه‌کوو قه‌ناعه‌ت به به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان بێنن جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئێران بدۆزنه‌وه.

نازم ده‌باغ، به‌پرسی نوسینگه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ په‌یامنێری به‌شی رۆژئاوای ئاسیای ئاژانسی هه‌واڵی "ئانا" هه‌واڵی گوشاره‌کانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی فیدراڵی هه‌رێمی کوردستانی پشتڕاست کرده‌وه‌و ده‌ڵێت: "به‌رپرسانی ئه‌مریکایی چه‌ندین جار خوازیاری بڕینی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانمان بوون له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ڵام ئێمه وتوومانه به پێی ده‌ستووری عێراق درێژه به په‌یوه‌ندییه بازرگانی و ئابوورییه‌کانمان له‌‌گه‌ڵ ئێران ده‌ده‌ین".

ئه‌و له درێژه‌دا ده‌ڵێت: "بڕینی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران بۆ هه‌رێمی کوردستان زۆر دژواره و ئه‌مه مافی عێراقییه‌کانه که په‌یوه‌ندییه‌کی ئاسایی و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانی خۆیاندا له‌گه‌ڵ ئێران ببێت".

به‌رپرسی نوسینگه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران وێڕای ئاماژه به‌وه‌ی که ئه‌م هۆشدارییانه‌ی ئه‌مریکا ته‌نها هه‌رێمی کوردستان ناگرێته‌وه‌و حکومه‌تی عێراقیش ده‌گرێته‌وه، ده‌ڵێت: "چه‌ندین جار به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان وه‌ڵامی ئه‌مریکایان به‌م شێوه‌ داوه‌ته‌وه که پابه‌ندی رێککه‌وتنه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌بن و له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن".

نازم ده‌باغ له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا که "ئایا سه‌ردانه‌که‌ی مه‌ولود چاووش ئۆغلو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا بۆ هه‌ولێر په‌یوه‌ندی به گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی نێوان تورکیا و هه‌رێمی کوردستانه‌وه هه‌یه"، ده‌ڵێت: "ئێمه هێشتا نه‌چووینه‌ته ناو ئاڵوگۆڕێکی نه‌وتی فه‌رمییه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران و زیاتر له رێگای هێڵی بۆرییه‌وه نه‌وتی هه‌رێم بۆ هه‌نارده‌کردن به تورکیادا نه‌وت هه‌نارده‌ی ئه‌وروپا ده‌کرێت و ئاڵوگۆڕێکی نه‌وتی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئێراندا بوونی نییه، سرووشتییه که ئێمه بۆ فرۆشی نه‌وتی خۆمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه جیاواز و فه‌رمییه‌کان دانوستان بکه‌ین، نه‌وت سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی کوردستانه و بۆ هه‌نارده‌کردنیشی که‌رتی تایبه‌ت هه‌وڵ ده‌دات و ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ لایه‌نی فه‌رمی دانوستان بکه‌ن؛ به دڵنیاییه‌وه هه‌ر لایه‌نێک سوودێکی زیاترمان پێ بگه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه رێکده‌که‌وین".

ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: تورکیا و هه‌رێمی کوردستان رێکه‌وتنێکی نه‌وتی ٥٠ ساڵه‌ له نێوانیاندا هه‌یه که نزیکه‌ی ٤٥ساڵی ماوه هێشتا. له سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا بۆ هه‌ولێر له‌وانه‌یه یه‌کێک له بابه‌ باسکراوه‌کان، زیاترکردنی رێژه‌ی نه‌وتی هاورده‌کراوی تورکیا له هه‌رێمه‌وه بووبێت".

نازم ده‌باغ وێرای ره‌خنه‌گرتن له گه‌مارۆ ئابورییه‌کانی ئێران که له لایه‌ن ئه‌مریکاوه سه‌پاوه، ده‌ڵێت: " گەمارۆی ئابووری كاریگەریی دەبێت لەسەر ئەو وڵاتەی رووبەرووی گەمارۆكە دەبێتەوە بەڵام ئێران ئه‌و وڵاته نییه که له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا خۆبەدەستەوە بدات یان شكست بهێنێ. چونكە ئێران ساڵانێکی زۆره رووبه‌رووی گه‌مارۆ و ئابڵۆقه‌ ده‌بێته‌وه و خاوه‌ن ئه‌زموونه".

 

دوو شەممە, 29 نیسان 2019

 رووداو - سلێمانی// نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریكا نایانەوێ پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، ئەو داوایەشیان گەیاندووەتە بەرپرسانی هەردوولا. بەڵام بنبڕكردنی ئەو پەیوەندییە بە "سەخت" دەزانێ و دەڵێ "عێراق لەڕٍووی نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیشەوە مافی ئەوەی هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی خۆی پەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بێت".


بەرەبەیانی رۆژی 11/5/2018 مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئێران دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سزاكانی وڵاتەكەی بۆ سەر ئێران راگەیاند و گوتی: "ئەمە سەختترین سزا دەبێت بۆ سەر ئێران لە مێژووی خۆیدا"، هەرچەندە لەسەر داوا و پێداگیریی بەرپرسانی حكومەتی عێراق، بەغدا خرایە ریزی پایتەختە بەخشراوەكان بۆ درێژەدان بە بازرگانی لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەو مۆڵەتە لەگەڵ كۆتایی مانگی نیساندا كۆتایی دێت. ئێستا بەرپرسانی باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە هەولێر و بەغدا، هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە تاوەكو بەرپرسانی عێراق پابەندی چوارچێوە گشتییەكانی ئەو سزایانە بن كە وڵاتەكەیان بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی.

 نازم عومەر، دەڵێ گفتوگۆ و هۆشدارییەكانی بەرپرسانی ئەمریكی لەوبارەیەوە "زۆرتر پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە نەك هەرێمی كوردستان"، چونكە وەك ئەو باسی دەكات، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە باشترین حاڵەتدا وەڵامیان بۆ بەرپرسانی ئەمریكا ئەوەیە كە "پابەند دەبن بە بڕیارەكانی بەغداوە".

هەرچەندە دەڵێ، تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتێكی هاوسەنگ و ژیرانەی پێڕەو كردووە لە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا و كۆماری ئیسلامی ئێراندا  "حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوتەریب مامەڵەی لەگەڵ ئەو دوو لایەنە كردووە، چونكە دەزانێ سەختە تاكلایەنە بڕیاری بڕینی پەیوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئێران بدات".

لە سەرەتای قۆناغی دووەمی سزاكانەوە، هەریەك لە عێراق، چین، هیندستان، ئیتاڵیا، یۆنان، ژاپۆن، كۆریای باشوور، توركیا و تایوان لە لیستی وڵاتە بەخشراوەكاندا بوون. بەڵام ئەمریكا بڕیاری داوە لەدوای دووی ئایارەوە ماوەی بەخشینەكە بۆ كەس درێژ نەكاتەوە. بەپێی زانیارییەكان بەرپرسانی ئەمریكا لە ماوەی رابردوودا نیگەران بوون لەوەی هێشتا عێراق بەشێوەیەكی چڕوپڕ پشت بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئێران دەبەستێ، بە تایبەتی ناردنی نەوت بۆ  ئێران لە رێگای تانكەرەوە، كە ئەو گلەییە رووبەڕووی بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش كراوەتەوە.

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران، دەڵێ: "حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا نەكەوتووەتە نێو بازرگانی تەواوەتی نەوت لەگەڵ ئێران و پابەندە بە ناردنی نەوت لە رێگا فەرمی و رێگاپێدراوەكانەوە. ئەوەی هەیە، بڕێكی كەمە و رۆژانە لەرێگای كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە رەوانە دەكرێت و ئەو سووتەمەنییەشی هاوردەی دەكات، پێویستی رۆژانەیە كە پاڵاوگە نێوخۆییەكان ناتوانن دابینی بكەن". 

گوتیشی: "گوشارەكانی ئەمریكا بۆ دەستبەرداربوون لە بازرگانی ئێران زۆرتر لەسەر عێراقە نەك هەرێمی كوردستان".

ئامانجی ئەمریكا لە سەپاندنی خولی دووەمی گەمارۆكان، دابەزاندنی قەبارەی هەناردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتەیە بۆ سفر بەرمیل لە رۆژێكدا. پێشتر لە مانگی هەشتی 2018دا، خولی یەكەمی گەمارۆكانی سەر ئێران جێبەجێكران كە كەرتی بانكی و پیشەسازی و كانزاكان و كەرتی ئۆتۆمبیلی ئەو وڵاتەیان گرتەوە، بەڵام لە قۆناغی دووەمی سزاكاندا، پەیوەندییە ئابوورییەكانی ئێران زیاتر دەكرێنە ئامانج و ئەمریكا دەیەوێت پەیوەندی ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوە بپچڕێنێ، بەو پێیەش هەموو گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئێران كە لە ساڵی 2012 وە لەسەر ئێران سەپێندرابوون، دووبارە گەڕێندراونەتەوە.

نازم عومەر، دەڵێ بەدڵنیاییەوە هەموو گەمارۆیەكی ئابووری كاریگەریی نەرێنی دەبێت و رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەو وڵاتەی رووبەرووی گەمارۆكە دەبێتەوە "بەڵام هێشتا ئێران نەگەیشتووەتە ئەو راددەیەی بیر لە خۆبەدەستەوەدان بكاتەوە یان شكست بهێنێ. چونكە ئێران ئەزموونی زۆری لەگەڵ گەمارۆدا هەیە".

 

یەک شەممە, 28 نیسان 2019

لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت" پەیامەکانی ئێران بۆ لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەرچی زووە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بووە له‌م ڕوه‌وه‌ لەبابەتی پێکهێنانی حکومەت بەپێی ئەوەی پارتی حیزبی براوەی هەڵبژاردنە، ئێران بەپلەی یەکەم لەپارتیەوە دەستی پێکردووە بۆ پەیوەندی کردن بەڵام نە هی پارتی کەمترە لە یەکێتی نە پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ ئێران لە هی پارتی زۆرترە، " بەداخەوە هەمیشە " فۆکس-ەکە" لەسەر یەکێتیە ئەگەرنا ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەدوای ڕیفراندۆم لەنێوان ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە ئەگەر لە پەیوەندی یەکێتی و ئێران زیاتر نەبێت کەمتر نیە، هەروەها لەگەڵ گۆڕاندا وەهەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان هەرچی "تۆ ناوی دەهێنی" هەرچی ناوی هەیە هەمووی لەپەیوەندیدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، وتیشی" هەردوولایان (كۆماری ئیسلامی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق) هەوڵدەدەن په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌بێت، ئەگەر یەکێتی، یا پارتی، زەحمەتکێشان،گۆڕان، یا هەرکام لەو لایەنانەی کەهەیە خۆیان قبوڵیان نەبێت ئێران دەتوانێت بچێتە لایان؟"هه‌روه‌ها لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ڕۆژنامەنوسەکەی دەنگی ئەمریکا، کە ئایا لەدەرەوەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق بەجیا پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە؟ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتی" نەک لەدەرەوە "ئەسڵەن " حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدەرەوەی ئەو پەیوەندییەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، واتە لایەنە سیاسیەکان پەیوەندی "ئەساس-ین" لەناو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، من نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەکان نیم، من نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم لە پشکی یەکێتی."

 

"ئێران به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی هه‌رێم كردوه‌ بۆ بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌ت"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا نازم دەباغ وتی" من پێم وانیە ئێران ڕاستەوخۆ دەستی وەردابێتە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەڵام وەک وڵاتێکی دراوسێ پێی خۆشە سەقامگیری لەهەرێم و عیراق هەبێت وە تەبایی لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا هەبێت، بۆیە ناڕاستەوخۆ پەیامەکانی ئەوەی تێدایە هەرچی زوترە ئارامی و ڕێککەوتن دروست بێت لەقازانجی هەموو لایەکدایە ڕاستەوخۆ نەبووە بەڵام پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان خوێندنەوەی من ئەوەبووە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بووە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی پەیامە ناڕاستەوخۆکانی ئێران چی بووە بۆ لایەنە سیاسیەکان؟

دەباغ وتی" پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێزگرتن لەسەروەرییەکانی خۆیان و کاریزماکانی خۆیان، وەهەرچی زوترە بتوانن لەچوارچێوەی ئەو بەرنامە و پڕۆژانەی کەهەیە بەشداربن لەبەڕێوەبردنی کوردستان و حکومەت، خۆشبەختانە ئێستا ئەوەی گوێمان لێی دەبێت هەرسێ لایەنە (پارتی-یەکێتی،هەروەها گۆڕان) خەریکە دەگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوە بەزوترین کات حکومەتی نوێی هەرێم پێکبێت، ئێستا ئەوەی دەبینرێت ئەم سێ لایەنە پێکهاتون لەسەر پێداچونەوە بەیاساکان و دابەشکردنی پۆستەکان ئێران نەهاتۆتە ناو بابەتە بەو لایەنانە بڵی تۆ بیکە یا تۆ مەیکە بەڵکو پەیامی خۆی لە بۆنەکاندا دەگەیەنێتە لایەنەکان کە یەک ڕیزبن چونکە لەم قۆناغەدا ئارامی هەرێمی کوردستان لەبەرژەوەندی ناوچەکە و ئێران دایە."

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت" بەدرێژایی مێژووی پەیوەندییەکان تا ئێستا ئێران شاندی ڕاستەوخۆی نەبووە بەڵام لەڕێگای قونسڵگەری و سەردانی هەندێک لەبەرپرسان بۆ عیراق و هەرێم یا کە پەیوەندی دەکەن ئەو پەیامانە دەگەیەنرێت کە ئەوان لەگەڵ ئاشتی و ئارامی و تەبایی و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکانن لەهەرێمی کوردستان."

" ئێران له‌ناوه‌رۆكدا دوو ئیداره‌یی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌،ئەگەرنا بۆی هەبوو لەقازانجی بوایە پشتیوانی ئەو لایەنانەی دەکرد کە باسی دوو ئیدارەییان دەکرد"

دەربارەی ڕای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەگەری دروستبونی دوو ئیدارەیی لەهەرێمی کوردستان ؟ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران وتی" ئێمە بۆ بگەڕێینەوە بۆ ئەگەرێک کە ڕوینەداوە و لەقازانج نیە، هەروەها یەک پارچەیی کوردستان و یەک حکومەتی لەکوردستان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە کەلەکاتێکدا باسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین کەدەڵێین لەگەڵ یەک پارچەیی و یەک حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەوا لەناوەڕۆکدا دوو ئیدارەیی و سێ ئیدارەیی ڕەتدەکاتەوە ئەگەرنا بۆی هەبوو لەقازانجی بوایە پشتیوانی ئەو لایەنانەی دەکرد کە باسی دوو ئیدارەییان دەکرد، ئەمە بە دوو ئیدارەیی نەدەوەستا بەڵکو دەبووە چوار ئێدارە بەپێی یاسای پارێزگاکان، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات لەچوارچێوەی دەستوری عیراقی فیدراڵ."

دەربارەی دەنگۆی ئەوەی دەوترێت ڕۆژی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە ڕایگەیاند لە گەڵ پارتی گەیشتنە ڕێککەوتن پێشتر وەفدێکی ئێرانی لەسلێمانی بووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتی؟

نازم دەباغ وتی" ئێستا جوڵە دیبلۆماسیەکان لەعیراق و هەرێمی کوردستان زۆرە، وەفدی ئەمریکی سەردان دەکەن، وەفدی ئێرانی بە دڵنیایی یەکێک لەتەوەرە گەرمەکانی قسەی لەسەردەکرێت بابەتی پێکهێنانی حکومەتە وەهەرکەس قسەیەکی خێری پێ بکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن بەدڵنیایی دەیکەن."

" ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەدوای ڕیفراندۆم لەنێوان ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە ئەگەر لە پەیوەندی یەکێتی و ئێران زیاتر نەبێت کەمتر نیە"

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت" بەداخەوە هەمیشە " فۆکس-ەکە" لەسەر یەکێتیە ئەگەرنا ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەدوای ڕیفراندۆم لەنێوان ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە ئەگەر لە پەیوەندی یەکێتی و ئێران زیاتر نەبێت کەمتر نیە، هەروەها لەگەڵ گۆڕاندا، پەیوەندییەکان لەدوای ڕیفراندۆم لەگەڵ ئێران ئاسایی بۆتەوە، ئێران پەیوەندی تاک بەتاکی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێم هەیە، هەربۆنمونە سەیری پێکهاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکە لە تاران پێکهاتووە لە نوێنەری لایەنە سیاسیەکان لەکۆماری ئیسلامی کەبریتیە لە (پارتی،یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ ،بزوتنەوەی ئیسلامی، سۆسیالیست) جگە لەپەیوەندی "لابەلایی" لەگەڵ گۆڕان و زەحمەتکێشان هەتا ئێستا لە هەوڵدان بۆ پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانی، ئیتر بۆ بەتەنها لەگەڵ یەکێتی."

هەروەها وتی" لەبابەتی پێکهێنانی حکومەت بەپێی ئەوەی پارتی حیزبی براوەی هەڵبژاردنە، ئێران بەپلەی یەکەم لەپارتیەوە دەستی پێکردووە بۆ پەیوەندی کردن بەڵام نە هی پارتی کەمترە لە یەکێتی نە پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ ئێران لە هی پارتی زۆرترە، وەهەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان هەرچی "تۆ ناوی دەهێنی" هەرچی ناوی هەیە هەمووی لەپەیوەندیدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران."

ئەو لایەنە سیاسیانەی هەرێم خۆیان هەوڵی پەیوەندی دەدەن لەگەڵ ئێران یا ئێران خۆی هەوڵدەدات پەیوەمدی بەو لایەنانەوە بکات؟

نازم دەباغ وتی" هەردوولایان هەوڵدەدەن، ئەگەر یەکێتی، یا پارتی،زەحمەتکێشان،گۆڕان، یا هەرکام لەو لایەنانەی کەهەیە خۆیان قبوڵیان نەبێت ئێران دەتوانێت بچێتە لایان."

 

"ئەسڵەن " حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدەرەوەی ئەو پەیوەندییەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ڕۆژنامەنوسەکەی دەنگی ئەمریکا، کە ئایا لەدەرەوەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق بەجیا پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە؟ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتی" نەک لەدەرەوە "ئەسڵەن " حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدەرەوەی ئەو پەیوەندییەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، واتە لایەنە سیاسیەکان پەیوەندی "ئەساس-ین" لەناو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان."

" من نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەکان نیم "

نازم ده‌باغ له‌باره‌ی هۆكاری ئه‌وه‌ی بۆچی په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌جیا له‌ده‌ره‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران به‌ جیا جیا "وه‌ك خۆت وتت، تاك تاك" هه‌یه‌، وتی" هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پەیوەندییەکان، وە بەداخەوە تا ئێستا لایەنە سیاسیەکان هەوڵیان نەداوە یەک نوێنەر هەبێت بەناوی هەموو لایەنە سیاسیەکان، من نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەکان نیم، من نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم لە پشکی یەکێتی."

 

 

سێ شەممە, 02 نیسان 2019

ناس كورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا// نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران ڕایگه‌یاند، ئێران دووپاتى دروستبوونى حكومه‌تێكى به‌هێز له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌شدارى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێت، ناردنى زیاده‌ى نه‌وت له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ تاران به‌رده‌وامه‌ و له‌ هه‌نارده‌كردنى نه‌وته‌كه‌دا هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كى جیاواز له‌نێوان هه‌ریم و به‌غدا ناکرێت.

 

نازم ده‌باغ، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران تایبەت به‌ ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند: “ئێران ده‌ستوه‌ردان ناكات لە كاروبارى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام ئه‌وكاتانه‌ى پرسى پێده‌كرێت سه‌قامگیرى و ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانى به‌لاوه‌ گرنگه‌، ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ش به‌ ته‌بایى هێزه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دروست ده‌بێت”.

 

ده‌رباره‌ى گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌تى هەرێم و ڕای تاران لەو بارەیەوە، نوێنەرەکەی هەرێم وتی: “كۆمارى ئیسلامى ئێران دووپاتى پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز له‌ هه‌رێمى كوردستان به ‌به‌شدارى هه‌موو لایه‌نه‌كانى ده‌كاته‌وه‌”.

 

“تائێستا گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قۆناغه‌ى كه‌ لایه‌نێكى سیاسى داوا له‌ كۆمارى ئیسلامى بكات نێوه‌ندگیری و پشتگیرى بكات له‌گفتوگۆكاندا، ئێران هه‌میشه‌ حكومه‌تێكى به‌هێزى له‌ هه‌رێمى كوردستان و یه‌كپارچه‌ى خاكى عێراقى به‌لاوه‌ مه‌به‌سته بووە” نازم دەباغ وای وت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئه‌گه‌ر هێزێكى سیاسى خۆى تواناى نه‌بێت و هێزى نه‌بێت، داوا له‌ وڵاتانى ده‌روبه‌ر یاخود كۆمارى ئیسلامى ئێران بكات تا پشتیوانى بكات، گه‌ر بۆخۆى تواناى نه‌بێت ئێران ده‌توانێ چى بۆبكات، وه‌كو نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ تاران ده‌ستێوه‌ردان له‌ کاروباری هه‌رێمی كوردستان مه‌حكوم ده‌كه‌م”.

 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، ده‌رباره‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و كه‌ركوك بۆ ئێران به‌ تانكه‌ر، ئه‌و نوێنه‌ره‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ تاران ئه‌وه‌یخسته‌روو، تا ئێستا هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بۆ ئێران له‌ ناوچه‌كانى دیكه‌ى عێراق و كه‌ركوكەوە بەردەوامە، ئەو نەوتەش ئه‌و زیاده‌یه‌یه‌ى له‌ هه‌رناده‌ى نه‌وت بۆ به‌نده‌رى جه‌یهانى  توركیا ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ تانكه‌ر له‌ ڕێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى ئێران ده‌كرێت”.

 

نازم دەباغ ئاشکراشی کرد، ڕۆژانه‌ 15 بۆ 25  هه‌زار به‌رمیل نەوت به‌ تانكه‌ر له‌ ڕێگه‌ى خاڵه‌ سنورییه‌كانى ئێرانه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت بۆ بازاڕه‌كانى جیهان، ڕه‌تیشیكرده‌وه كۆمارى ئیسلامى ئێران و هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق، هیچ جیاوازییه‌كیان هه‌بێت له‌و مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌ى له‌نێوانیاندا هەیە.

 

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی