امروز: شەممە 23 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

   وتووێژەکان

   وتووێژەکان (197)

یەک شەممە, 01 ئەیلول 2019

کاتێک سەیری بارودۆخی دونیا و خۆرهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە و کوردستان دەکەین لە ئاستی روداوەکانی ئێستاکە و بیرکردنەوە لە داهاتوو، پێویست دەکات دڵنیایی بدەین کە دەکرێت بارودۆخی ئێستاکە لەسەر رۆشنایی رابردوو هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئەوکات لەسەر رۆشنایی و بارودۆخی ئەمرۆکە دەکرێت ئایندەیەکی دیار دەست نیشان بکرێت و پێش بینی بکەین.

 

بەبڕوای من  بەداوای لێبوردن  لە هەموو ئەوانەی رۆژانە لە پەخشی راستەوخۆ و تەلەفزیۆنەکان و نووسین و بابەتەکان بەدیدەکەیت بەناوی چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار و راوێژکار، زۆری بابەتەکان لەشێوەی گۆرانی و گۆرانی بێژەکاندایە، کەلەسەر خواست و سۆزی خۆی و جۆرە هۆنراوەکە ئاوازێک هەڵدەبژێرێت و دەیڵێت. زۆرهەیە گۆرانییەکەی تەمەنێکی کورتی هەیە و هەشە هەمیشە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە.هەڵسەنگاندن و باسکردن لەڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان تا دەگاتە گۆڕانکارییەکان، لەهەموو روویەکەوە ئەنجامێکن بۆ کۆمەڵێ هۆکار و کارلێکردە دەگەرێتەوە، واتە پێویست دەکات رابردوو هۆکارەکان و هەڵسەنگاندنی ئەمرۆکەی بۆ بکرێت لەسەر رۆشنایی رابردوو، ئەوکات دەتوانین تێبینی راست و دروست بۆ داهاتوو بکەین.

 

ئێستاکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە ناوچەکە کێشەی هەرە گەورە و گەرمەکان (ئیسرائیل و فەلەستین) و (ئەمەریکا و ئێران) و (شەری دژە تیرۆر و داعشە). لە دەرەوەی ئەو بازنەیەش کێشەی درێژ خایەن و رەوا هەیە کە کێشەی کوردە و بەشێوەیەکی گەرم هەموو بەشەکانی گرتۆتەوە کەم تا زیاد.

 

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کورد لە ناو هاوکێشەکانی ناوچەکە دەچێتە ریزبەندی و دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە پێناو بەدەستهێنانی مەفەکانی؟ یان دەبێتە کەرەستەیەک و کارەکتەرێک  بۆ هاوکاری لایەنە دژ بەیەکەکاندا و  دژی لایەنێکی تر، ئەوکات وڵاتە زلهێز و دەسەڵاتدارەکان بە ئامانج گەیشتن پشت لە کورد بکەن؟ لە باشترین بارودۆخدا بڵێین فەرموون لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەتان رێک بکەون. هەروەکو لە رابردوو لە کاتی ئەنجامدانی راپرسی بەدیمان کرد.

 

ئایا تەنها لەبەرژەوەندی و بەدەستهێنانی دەسکەوتی تایبەتیدایە؟ هەموو ئەو هاوکێشانە ئەنجامی چەند بابەتێکن کە هەندێکیان بۆ هەندێ بەرژەوەندی دەکرێت بگوترێت ئابووری و بازرگانی بێت یاخود گەیشتن بە رێگا چارەسەرێکی گشتگیر و دابینکردنی مافەرەواکان؟.

 

بۆ هەر ئەنجامیک و پێشبینی هەر ئایندەیەک پێویست دەکات هۆکارەکانی پەیدابوونی گرفتەکان لێکدانەوەی بۆ بکرێت، ئەوکات دەکرێت ئەنجامەکانی لەبەرژەوەندی تایبەتمەندیەتی و کارلێکردنی سوودی لێوەربگیرێت و ئایندەش پێشبینی بکرێت. بەداخەوە کورد هەتا ئێستا لەگەڵ هەموو رەوایەتییەکی ماف و داخوازییەکانی، نەکراوە خۆی بکاتە هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ بەشداری و لابەلاکردنی هاوکێشەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی و گەیشتن بەمافەکانی خۆی. 

 

لێرەدا دەکرێت هەڵسەنگاندن بکرێت کە بەدرێژایی مێژوو بوونی کورد بە هەموو شەڕە ناوخۆییەکان و بەتایبەتیش لە دوای راپەرین و دەست کەوتەکانی تاوەکو ئەمرۆکە بە لێکدانەوە بۆ هەموو قۆناغەکانی حکومەتداری و بەرێوەبردن و سیاسەت کردن و ئابووری تا دەگاتە بەشداری سەربازی لە شەرێکی سەپێندراوی دژە تیرۆر و داعش لە عێراقدا بکەین، نمونەیەک تەنها بەشداربوون و پشتیوانی بوو، ئەوەی دەستکەوتی گەلی کورد و هێزە قارەمانەکەی پێشمەرگە بوو تەنها دەست خۆشی لێکرا، دوایی رێگاپیشاندان بۆ ئەوەی لەرێگای حکومەتی ناوەندی کێشەکان چارەسەربکەن و مافەکانانتان بەدەستبهێنن. کورد لەبەر بارودۆخی تایبەتی جوغرافیای و ناوچەیی و بەرژەوەندییەکانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەکە نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی یەک گوتاری سیاسی و ئیستراتیجییەتێکی دیار و هەمیشەیی.

 

ئەگەر هەموو ئەو رووداوانەی رابردوو و بارودۆخی ئەمرۆکە رەچاونەکەین و لەبەرچاو نەگرین، بەدڵنیایی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە دەبینە قوربانی بەدیهێنانی ئاشتەوایی ناوچەیی (الوفاق الاقلیمی).

 

دەکرێت تا بارودۆخی ناوچەکە لە ململانێدایە، بتوانین ئابرومەندانە کێشەکانی ناوخۆ چارەسەربکەین و یەکڕیزی بەهێز بکەین و پاوانکاری نەهێڵین و یەک گوتاری سیاسی بۆ یەک ئەمانج و لە هەوڵدابین سوود لەم بارودۆخەی ئەمرۆکە لە بەغدا هەیە و سوود لە توانایی و برایەتی سەرۆک کۆمار و سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان وەربگرین و بە وتاری ئارامی و ئاسایش گەلەکەمان بپارێزین لە کێشە و شەر و ململانێی بەرژەوەندی وڵاتانی دەرەوە و زلهێزەکان، تەنها وەکو لە کۆنەوە گوتراوە پشت و پەنای کورد شاخ و یەکریزی و یەک گوتارییە. جارێکی تر نەگوترێت دەبوایە وامان نەکردبا و وامان کردبا... .

 

نووسینی: نازم دەباغ

 

لینکی وتار: 

 

https://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=143601

هەینی, 16 ئاب 2019

 جام کوردی: ///  نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران ده‌ڵێت حکومه‌تی ئێستای هه‌رێم خاوه‌نی پلانێکی تۆکمه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کۆی گشتی کێشه‌ و گرفته‌کان له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند. ده‌شڵێت بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق ڕۆڵی گرنگی له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ده‌بێت.

به‌ پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، شاندێکی باڵا به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیران و به‌ به‌شداری قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غدای کرد و له‌ گه‌ڵ سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق پرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی نێوان هه‌ر دوو لای تاوتوێ کرد. ئێستاش به‌ پێی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کاندا باس ده‌کرێت، بڕیاره‌ شاندێکی دیکه‌ی هه‌رێم له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا بگاته‌ به‌غدا و هه‌مان ته‌وه‌ر جارێکی دیکه‌ بخرێته‌ سه‌ر مێزی دانوستانه‌کانی نێوان هه‌ر دوو لا.
نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران له‌ وتووێژی له‌ گه‌ڵ په‌یامنێری جام کوردی له‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ڕایگه‌یاند: حکومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌سرور بارزانی خاوه‌ن پلانێکی تۆکمه‌یه‌ به‌ ئامانجی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. هاتووچۆی شانده‌کانیش پیشان ده‌دات که‌ هیوامان به‌ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشانه‌ هه‌بێت تا گه‌لی کورد جارێکی دیکه‌ تووشی ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو نه‌بێته‌وه‌.
ناوبراو وتی: بڕوابوون به‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ ئێستادا له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌بینرێت و بوونی ئه‌م سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌ی عێراق و ته‌بایی و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان وایکردووه‌ که‌ به‌ گه‌شبینییه‌وه له‌ ئاسۆی به‌رده‌م چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کانی عێراق و هه‌رێم بڕوانین.
نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ درێژه‌دا له‌ وه‌ڵامی پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ئایا له‌ ئه‌گه‌ری ڕێکنه‌که‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت، مه‌ترسی له‌ سه‌ر بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌یه‌ یان نه‌؟ وتی: نه‌وت به‌ کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی نێوان هه‌ر دوو حکومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند داده‌نرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت ئه‌وانی دیکه‌ش ناگه‌نه‌ ئه‌نجام. بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌سراوه‌ی نه‌وته‌ و لێره‌دا کێشه‌ی قه‌رزه‌کانی هه‌رێم بوونی هه‌یه‌ که‌ خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ر دوو لا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ ئه‌مه‌ش بدۆزنه‌وه‌. به‌ بۆچوونی من کێشه‌کان ده‌توانێت چاره‌سه‌ر ببێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌کرا، ده‌توانێت کێشه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی هه‌رێم بخوڵقێنێت.
نازم ده‌باغ وتی: ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک گوشاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانیش له‌ سه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ پرسی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌بێت، به‌ڵام بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق له‌ گه‌ڵ ئه‌م حکومه‌ته‌ی هه‌رێمی کوردستان وایکردووه‌ که‌ گه‌شبین بین به‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و ئه‌م لێک تێگه‌یشتنه‌ی نێوان هه‌ر دوو لاش ڕێخۆشکه‌ر ده‌بێت که‌ دانوستانه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌نجامێکی باشی هه‌بێت.

 

 

http://jamekurdi.com/report-and-discussion/%D9%BE%D9%84%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D8%AA%DB%8C-%D9%87%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DB%8E%D9%85-%D8%AA%DB%8E%DA%95%D9%88%D8%A7%D9%86%DB%8C%D9%86%DB%8C-%D9%87%D8%A7%D9%88%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D8%B4%DB%8C-%D8%B3%DB%8E-%D8%B3%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DB%86%DA%A9%D8%A7%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D8%AA%DB%8C%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%DA%A9%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%D8%B9%DB%8E%D8%B1%D8%A7%D9%82-%DA%AF%D9%87%E2%80%8C%D8%B4%D8%A8%DB%8C%D9%86%DB%8C-%D8%A8%DB%86-%DA%86%D8%A7%D8%B1%D9%87%E2%80%8C%D8%B3%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C-%DA%A9%DB%8E%D8%B4%D9%87%E2%80%8C%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%86%DB%8E%D9%88%D8%A7%D9%86-%D9%87%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D9%84%DB%8E%D8%B1-%D9%88-%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D8%BA%D8%AF%D8%A7.html

 

سێ شەممە, 13 ئاب 2019

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران له چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ که‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی "ئێن.ئاڕ.تی" گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان له په‌یوه‌ندییه‌کی باشدایه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران لە میانه‌ی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "تاوتۆی" که‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی "ئێن.ئاڕ.تی" NRT ڕایگەیاند: ئێمه له تاران نوێنه‌ری حکومەتی هەرێمی کوردستانین، واته نوێنه‌رایه‌تی پێکهاته‌یه‌کی هێزه سیاسییه‌کان و لایه‌نه‌کانی به‌شداربوو له حکومەتی هەرێمی کوردستان دهه‌که‌ین که جێگر و ئه‌نداممان هه‌یه و جێگری نوێنەرایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان  له براده‌رانی پارتی دیموکراتی هەرێمی کوردستانه و هه‌روه‌ها ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو له‌یه‌نه سیاسییه‌کانی تێدایه، له‌وانه؛ سۆشیالیست، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی.

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران گوتیشی: به شێوه‌یه‌کی گشتیی ئه‌مڕۆکه هەرێمی کوردستان له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که حکومەتی هەرێمی کوردستان هه‌یه‌تی ده‌توانین بڵێین له په‌یوه‌ندییه‌کی باشدایه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیه بۆ دیراسه کردن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن یا هاوکارییکردن له هه‌ر بوارێکدا بێت وه‌کوو گوتمان له چوارچێوه‌ی عێراقدا له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا په‌یوه‌ندییه‌کی باشمان هه‌بووه و له ئێستاشدا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان هه‌یه و له داهاتووشدا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.

 

"نازم دەباغ" له درێژه‌ی قسه‌کانیدا سه‌باره‌ت به کاریگه‌ریی ‌گه‌مارۆکانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر وڵاتی ئێران گوتی: به بڕوای من له‌و زوڵم و زۆره‌ی که له هه‌ندێک بواردا به تایبه‌ت داوده‌رمان و هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی دیکه که له ئێران ده‌کرێت، و نه‌ده‌بوایه ئه‌م کاره بکرایه، کاریگه‌ری له‌سه‌ر بژێویی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک کردووه، چونکه هه‌مووی به یه‌که‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و گرانی و که‌مبوونی شتوومه‌ک وایکردووه که ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌لکی ئێرانی زیاتر له یه‌کتریی نزیک کردۆته‌وه و تا ئێستاش هه‌ست به‌و لاوازییه ناکرێت که هه‌ندێک که‌س له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بیری لێده‌که‌نه‌وه.

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: خاڵێکی دیکه که ئێمه ئێستا هه‌ستی پێده‌که‌ین، ته‌قریبه‌ن له وڵاتانی ناوچه، له‌وانه؛ ئیماڕات، سعوودییه و ئێران جۆرێک گۆڕانکاریی هاتۆته پێشێی که بۆ نموونه پێشوازییکردن، ڕێزگرتن و هه‌روه‌ها هاوکاریکردن له حه‌جاجه‌کانی ئێرانی له حه‌جی ئه‌مساڵدایه که له چوونی حه‌جاج بۆ ئێران بێوێنه بووه، ‌ئه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر سیاسه‌تیش هه‌بووه که له‌م دوایانه‌دا بینیمان که چه‌ندین وه‌فدیی ئیماڕاتی سه‌ردانی ئێرانیان کرد و ڕێکه‌وتنی باشیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریی کردووه.

 

"نازم دەباغ" سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: به دڵنیاییه‌وه ڕه‌زامه‌ندیی ئێمه و باروودۆخی ئێستاکه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران له ئاستێکدایه که ده‌بێت بڵێین دڵخۆشکه‌ره و هه‌موو لا‌یه‌ک هه‌ست به‌و باروودۆخه ده‌که‌ن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان که ئه‌رک و ده‌سه‌ڵات و تواناکان له چوارچێوه‌یه‌کدا به‌کاربێت که زه‌ره‌ریی نه‌بێت بۆ گه‌لی کورد و بۆ ناوچه‌که.  

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران له وڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به کاردانه‌وه‌ی ‌گه‌مارۆکانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر ئێران و کاریگه‌ریی له سه‌ر دیپڵۆماسی نێوان هه‌ولێر و تاران گوتی: پێموانییه له‌و ئاسته‌دا بووبێت که هه‌ست به زه‌ره‌ر و زیان بکه‌ین، جگه له چوارچێوه گشتییه‌که‌ی که ئه‌و ئابڵۆقه ئابوورییه‌ی که له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه به دڵنیاییه‌وه کاریگه‌ریی و کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بژێویی ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی هه‌م هه‌رێمی کوردستان و هه‌میش ئێران داناوه. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ده‌کرێت ئه‌وه بڵێین ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که حکومه‌تی عێراق په‌یڕه‌ویی کردووه و هه‌روه‌ها له‌و چوارچێوه‌یه‌دا که حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابه‌ندیی بووه له‌وه‌ی که نابێته لایه‌نگریی هیچ لا‌یه‌نێک به دژیی ئه‌ویدیکه و ڕێگاش نادات که زه‌ویی هه‌رێمی کوردستان و عێراق بۆ دژایه‌تی هیچ وڵاتێک به‌کاربێت. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین که‌مێک له‌و مه‌ترسیانه‌ی ڕه‌واندۆته‌وه و جۆرێک له سه‌قامگیریی پێوه دیاره.

 

"نازم دەباغ" سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی نوێنەرایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان له تاران لەگه‌ڵ ناوه‌نده دیپڵۆماسییه‌کانی ئێران و هه‌روه‌ها باڵێۆزخانه‌ی وڵاتانی بیانی گوتی: ئێمه وه‌کوو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان نه ته‌نیا په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ ناوه‌نده دیپڵۆماسییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئیڕان هه‌یه، به‌ڵکوو په‌یوه‌ندییه‌کی فراوانمان له‌گه‌ڵ دیپڵۆماته‌کانی باڵێۆزخانه‌کان هه‌یه. کاتێک قسه‌کانی ئێمه یا نووسینه‌کانی ئێمه له رۆژنامه‌کان و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئێران بڵاوده‌کرێته‌وه، زۆر جار بۆته سه‌رچاوه‌ی کۆمه‌ڵیک بابه‌ت که له دواییدا په‌یوه‌ندییان پێوه کردووین و هاتوون سه‌ردانیان کردووین و ڕوونکردنه‌وه‌یان ویستووه.

 

لە درێژه‌ی بەرنامەی "تاوتۆی" که‌ناڵی "ئێن.ئاڕ.تی"دا بەشێک لە هاوڵاتیان به ناردنی نامه پرسیاره‌کانی خۆیان ئاراسته‌ی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کرد که "نازم دەباغ" به وردیی وڵامی ته‌واویی پرسیاره‌کانی دایه‌وه.

 

لینکی چاوپێکه‌وتن:

http://www.nrttv.com/media-Barname-detail.aspx?pid=1760&CatID=1

دوو شەممە, 03 حوزەیران 2019

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا، نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باس له‌هه‌ڵوێستی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی (مه‌ككه‌) ده‌كات و ده‌ڵێت" ئه‌مه‌ جورئه‌ت و ئازایه‌تیه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ عیراق په‌یدا ببێت هه‌ڵوێسته‌كان له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و میلله‌ته‌كه‌ی خۆیدا بڕیاری لێ بدات، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی د.به‌رهه‌م به‌ته‌نها هی خۆی نیه‌ به‌ڵكو هه‌ڵوێست هه‌موو به‌رپرسانی عیراقی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراقیشه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات وه‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی ئێرانیش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌و جۆره‌ بوو كه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئیجابی وه‌ زۆر مه‌ردانه‌ هه‌ڵیانسه‌نگاندووه‌ هه‌روه‌ك له‌ مانشێتی ئه‌و گۆڤاره‌ش نوسراوه‌."هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" ده‌بێت هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی حکومەتی عیراق هەیە لەوێ یارییەکانی خۆی بکات وە هەڵوێستی خۆی بنوێنێ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا، چونکە بۆ ئێمە ئەمریکا چەند گرنگه‌ ئێران گرنگترە چونکە ئەزمونەکانی ڕابردوو دەریخستووە ئەگەر ئێران دژایەتی کردبێتین بەڵام مەرزەکەی لەگەڵمان هەر ماوە ، بەڵام ئەمریکا یا هەر وڵاتێکی ئەوروپی هاتبێتنە ناوچەکەمان دوای دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی ڕۆیشتووە، ئه‌وه‌تا سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه‌ده‌ڵێ من ئه‌وه‌نده‌م كڕی وه‌ ئه‌وه‌نده‌م فرۆشت واته‌ نابێت ئێمه‌ ببینه‌ هۆكارێك بۆ كارێكی بازرگانی."

" ئه‌مه‌ جورئه‌ت و ئازایه‌تیه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ عیراق په‌یدا ببێت هه‌ڵوێسته‌كان له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و میلله‌ته‌كه‌ی خۆیدا بڕیاری لێ بدات"

له‌دواین ژماره‌یدا گۆڤاری (سازه‌نده‌گی) فه‌رمی حكومه‌تی ئێران له‌مانشێتی سه‌ره‌كیدا نوسیبووی به‌رگریكردن له‌ مه‌ككه‌، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق دژی هه‌ڵوێستی شا-ی سعودیه‌ وه‌ستایه‌وه‌ كه‌ ویستی ڕایه‌كی گشتی وڵاتانی عه‌ره‌ب دژ به‌ ئێران دروست بكات، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی مه‌ككه‌ ڕایگه‌یاند" ئەمن و ئاسایشی ئێران دەبێت بەهۆی ئاسایش و ئیستیقراری ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی. کۆماری ئیسلامی ئێران، ولاتێکی موسڵمانە و درواسێی عێراق و وڵاتانی عەرەبییە و بەدڵنیاییەوە حەزمان لێ نییە، هیچ لایەنێک ئاسایشەکەی بکاتە ئامانج."

لەسەرەتای وتووێژەکەدا نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئێران ده‌ڵێت" عیراق لەجوگرافیایەکی تایبەتدایە، وە ئەو هەڵوێستە تەنها د.بەرهەم سەرۆک کۆمار ڕاینەگەیاندووە، بەڵکو سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانیش هەمان هەڵوێستیان هەبووە، پێچەوانەوەی حکومەتەکانی پێشووی عیراق هه‌موویان هەڵوێستیان یەکە وە بۆ پارێزگاری لەحکومەتی عیراق و خەڵکی عیراق خۆی نەکردە لایەن(تەرەف) لەخواستی ئەوانەی دەیانەوێت سیناریۆ بکەن کە شەڕێک ڕووبدات کە هەموومان دەزانین کە ئەو سیناریۆیەیە خەریکە شکست دەهێنێ وە د.بەرهەم وەک سەرۆک کۆمار سوێندی خواردووە کە پارێزگاری لەبەرژووەەندییەکان و عیراق بکات."

هه‌روه‌ها وتی" ئه‌مه‌ جورئه‌ت و ئازایه‌تیه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ عیراق په‌یدا ببێت هه‌ڵوێسته‌كان له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و میلله‌ته‌كه‌ی خۆیدا بڕیاری لێ بدات، بینیمان سه‌رده‌مانێك ئه‌مریكا له‌ عیراق بوو دواتر جێی هێشت، ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هه‌موو وڵاتان هاوسه‌نگی هه‌بێت نه‌ك لایه‌ندار بێت، د.به‌رهه‌م سیاسه‌تی یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك ده‌نگی عیراقی ده‌ربڕیووه‌."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كه‌ن عیراق باجی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی بدات؟

نازم ده‌باغ ده‌ڵێت" ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی سیاسی عیراق كه‌خاوه‌نی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌" ته‌حه‌مولی"ئه‌و جۆره‌ بڕیار و قسانه‌ بكات، وه‌ زۆرینه‌ی عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستیه‌ن كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ كه‌سێكی كورد وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق بتوانێت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌ی خۆیدا ده‌رببڕێت، وه‌ من دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ڵوێستی د.به‌رهه‌م به‌ته‌نها هی خۆی نیه‌ به‌ڵكو هه‌ڵوێست هه‌موو به‌رپرسانی عیراقی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراقیشه‌."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ناوخۆی ئێران هه‌ڵوێسته‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌دژی پادشای سعودیه‌ بۆ دروست كردنی ڕای گشتی وڵاتانی عه‌ره‌ب دژ به‌ ئێران چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

نازم ده‌باغ وتی" تاك تاكی خه‌ڵكی ئێران ئه‌م دوو سێ ڕۆژه‌ جگه‌ له‌ پێزانین و سوپاس كردن شتێكی تر نه‌بووه‌، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه‌ده‌ڵێ من ئه‌وه‌نده‌م كڕی وه‌ ئه‌وه‌نده‌م فرۆشت واته‌ نابێت ئێمه‌ ببینه‌ هۆكارێك بۆ كارێكی بازرگانی."

ئه‌ی وه‌ك حكومه‌تی ئێرانی چ پێزانینێكیان بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ هه‌یه‌؟

ده‌باغ وتی" هه‌ڵوێسته‌كه‌ی د.به‌رهه‌م هه‌ڵوێستێك بووه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ جا عیراق باجه‌كه‌ی ده‌دا یا ئێران چی له‌چاودایه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی د.به‌رهه‌م له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ بووه‌ كه‌ ئێران هاوكاری عیراق بووه‌ له‌ شه‌ڕی داعش و ڕوخان ڕژێمی به‌عس وه‌ شۆڕش و جوڵانه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌كانی هه‌م گه‌لی كورد و هه‌م عیراق كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یابینی له‌حكومدان له‌كاتی خۆیدا له‌ ئێران كاری سیاسی و بازرگانیان كردووه‌، وه‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی ئێرانیش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئیجابی وه‌ زۆر مه‌ردانه‌ هه‌ڵیانسه‌نگاندووه‌ هه‌روه‌ك له‌ مانشێتی ئه‌و گۆڤاره‌ش نوسراوه‌."

 

"هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی حکومەتی عیراق-دایه‌ ده‌بێت لەوێ یارییەکانی خۆی بکات وە هەڵوێستی خۆی بنوێنێ ."

نازم دەباغ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌كوێی ململانێ و ئه‌گه‌ری ڕودانی شه‌ڕه‌ له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێران؟ ده‌باغ ده‌ڵێت" بەداخەوە زۆر خەڵکی ناسیاسی و نەخوێندەوار هەیە کە لێکدانەوەی هەڵە دەکات، وەک هەرێمی کوردستان ئێمە لایەنی شەڕ نین کە سیناریۆکان بە دڵێ خۆی دابڕژێت کەچی ڕوودەدات، هەرێمی کوردستان لەنێوان چوار وڵاتە کە هەموو کات ئەوەیان بۆ کورد ویستووە کە لەبەرژەوەندی خۆیان بووە، گەلی کورد هیچ بەرگەی شکستی ئەو شەڕە ناکات لە ئەگەری ڕوودانی، بۆیە باشترە هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی حکومەتی عیراق هەیە لەوێ یارییەکانی خۆی بکات وە هەڵوێستی خۆی بنوێنێ ."

وتیشی" ئەو هەڵوێستەی ئێستای حکومەتی عیراق پێم وایە لەبەرژەوەندی هەموولایەکدایە، وە هەرێمی کوردستان دەبێت لە بێ لایەنی ئەم کێشەیەدا بوەستێت."

 

"بۆ ئێمە ئەمریکا چەند گرنگه‌ ئێران گرنگترە "

ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت بێ لاایەن بێت لەم کێشەیەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا؟

دەباغ له‌وه‌ڵامدا وتی" بەڵێ دەتوانێ، چونکە بۆ ئێمە ئەمریکا چەند گرنگه‌ ئێران گرنگترە چونکە ئەزمونەکانی ڕابردوو دەریخستووە ئەگەر ئێران دژایەتی کردبێتین بەڵام مەرزەکەی لەگەڵمان هەر ماوە ، بەڵام ئەمریکا یا هەر وڵاتێکی ئەوروپی هاتبێتنە ناوچەکەمان دوای دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی ڕۆیشتووە، چونکە مێژوو سەلماندویەتی ئێمە ئەو جوگرافیایەی هەمانە وڵاتانی دراوسێ لە جێی خۆیان دەمێننەوە بەڵام وڵاتانی تر بەرژەوەندی خۆیان هەیە و دوای دابین کردنی بەرژەوەندییەکانیان بەجێمان دە‌هێڵنەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، هەروەک لە بابەتی ڕیفراندۆم بینیمان."

" ئەم قسانەی من بۆ بەرگریکردن نیە لە ئێران بەڵکو گریانە بۆ میللەتی کورد کە لەنێوان "دوو بەردە ئاش"

باشە ئەگەر کورد خرایە نێوان دوو بژاردە یەکەمیان هەڵبژارنی ئێران یا ئەمریکا بەڕای تۆ کامیان بکات؟

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی-عیراق له‌تاران لەوەڵامدا وتی" ئەمە پرسیارێک نیە لەنێوان ڕەش یا سپی هەڵبژێرین، چونکە سەرۆکی ئەمریکا لە ژاپۆن هەفتەی ڕابردوو وتی" ئامانجی ئێمە ڕووخانی ڕژێمی ئێران نیە، ئەمەش واتای ئەو ڕژێمە هەر دەمێنێ ، دووەم ، ئەوانەی دوای ئەوانە دێنە سەر حکوم کێن؟ خەڵکێکی تازەن کە ئێمە نایانناسین یان خەڵکێکن کە ئێمە ڕابردوومان هەیە لەگەڵیان؟ دوبارە وەک سوریای لێدێتەوە کە وتیان لەماوەی 30 ڕۆژدا ڕژێمەکە دەڕوخێنین بەڵام پێیان نەکرا ئەوەتا ئێستا داوای دانوستانی لێدەکەن، بۆیە هەتا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە کورد بەرژەوەندی خۆی هەڵبژێرێت و دەبێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بگونجێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەمیشەیی خۆی؟"

نازم ده‌باغ ئەوەشی وت" ئەم قسانەی من بۆ بەرگریکردن نیە لە ئێران بەڵکو گریانە بۆ میللەتی کورد کە لەنێوان "دوو بەردە ئاش"دا چۆن دەتوانێت خۆی بگونجێنێت؟ هەڵوێستێکی سەخت و قورسە من ئەزمونم کردووە لەکام قۆناغدا ئێران پشتگیری کوردی کردوە وە لەکام هەڵوێستدا ئەمریکا پشتگیری کوردی کردووە باشترین و دواترین نمونە ڕیفراندۆم."

سێ شەممە, 28 ئایار 2019

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق رایگه‌یاند که رێکه‌وتنه‌کانی نێوان پارتی دیموکرات و یه‌کێتی نیشتمانیی کردستان به‌رده‌وامه‌و ده‌بێت بپارێزرێت.
سمیه خمارباقی- به‌شی نێوده‌وڵه‌تی. ئاژانسی هه‌واڵی مێهر: په‌رله‌مانی کوردستانی عێراق سه‌ره‌ڕای بایکۆت‌کردنی کۆبوونه‌وه‌ی پێدانی متمانه به سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، رۆژی رابردوو به ٦٨ ده‌نگ سه‌رۆکایه‌تی ناوچه‌ی کوردستانی عێراقی بۆ ماوه‌ی ٤ ساڵ دایه ده‌ست نێچیرڤان بارزانی برازای مه‌سعود بارزانی.
نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌‌رێمی کوردستانی عیراق له ئێران له وتووێژ له‌گه‌ڵ په‌یامنێری ئاژانسی مێهر ئه‌م بابه‌ته‌ی باس کردووه که له درێژ‌ه‌دا هاتووه:

سه‌ره‌ڕای رێکه‌وتنه‌کانی پێشووی نێوان یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆچی کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی بۆ پێدانی ده‌نگ به سه‌رۆکی هه‌رێم له لایه‌ن فراکسیۆنی یه‌کێتییه‌وه بایکۆت کرا؟

به پێی ئه‌و به‌یانه‌ی که پارتی و یه‌کێتی بڵاویان کردووه‌ته‌وه پابه‌ندبوون به‌و رێکه‌وتنه‌ نه‌ماوه که پێشتر له نێوان هه‌ردوولا ئیمزاکراوه‌، بۆیه یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان ئه‌م کۆبوونه‌وه‌ی بایکۆت کرد.
یه‌کێتی نیشتمنایی کوردستان کێشه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ کاندیدای پارتی دیموکراتی کوردستان و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی نه‌بوو به‌ڵکوو بابه‌ته‌که له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌نجامه نه‌دانی په‌یمانی نێوان هه‌‌ردوولادایه.
داهاتووی رێککه‌وتنه‌کانی نێوان ئه‌م دوو حزبه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ئه‌گه‌ری هه‌‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێکه‌وتنه‌کان هه‌یه؟
به گشتیی، لێکگه‌یشتنه‌کان و رێکه‌وتنه‌کانی نێوان یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان له پێناو پاراستی ده‌سکه‌وته‌کانی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌زموونه گرنگه‌که، پێویسته. چونکه من پێموایه که رێکه‌وتنه‌کانی نێوان هه‌ردوولا ده‌بێت سه‌ربگرن و به‌رده‌وام بن. هه‌ر رێکه‌وتنێکیش سوودی له پێناو به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنیدا هه‌‌یه و ده‌زانم که ئاستی به‌رپرسایه‌تی هه‌ردوولا له پێناو بیرکردنه‌وه‌ له داهاتووی خه‌ڵکی هه‌رێم به‌ره‌و لێکگه‌یشتنه و ئاکامێکی باشی ده‌بێت.

فراکسیۆنه‌کانی کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتووی ئیسلامی و نه‌وه‌ی نوێ، به هۆی نیگرانی له چاکسازی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌م ده‌نگدانه‌دا به‌شدارنه‌بوون، که‌واته ئه‌م ده‌نگانه‌ جێگای متمانه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کان نییه؟ رای ئێوه چییه و چی لێده‌که‌وێته‌وه؟
له پرۆسه‌ی په‌رله‌مانی و دیموکراسی‌دا ئه‌مه سروشتییه، هه‌ر که‌س و لایه‌نێک ئازاد و سه‌ربه‌خۆیه، سه‌رده‌مێک کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتوو له هه‌موو پرۆسه‌که‌دا به‌شداربوون، ئێستا ده‌یانه‌وێت به شێوه‌یه‌کی دیکه هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن. گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌زموونی کوردستان بپارێزرێت و هه‌ر هه‌نگاو و کرده‌وه‌یه‌ک له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی و حزبیدا نه‌مێنێت، به‌ڵکوو له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و ئاواته‌کانی نیشتماندا بێت.  

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی