امروز: شەممە 23 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

نازم دەباغ: ئێران بە پارتی و یەکێتی گوتووە ئاساییە دوو بەربژێرتان بۆ سەرۆککۆمار هەبێ

رووداو دیجیتاڵ // نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئێران بە پارتی و یەکێتی راگەیاندووە کە ئاساییە ئەگەر بە دوو بەربژێر بچنە نێو ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 24.1.2022 نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێران لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە پەیامی خۆی بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوە و پێیگوتوون، ئاساییە ئەگەر بە دوو بەربژێر بچنە نێو ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق با ئازادبن لەوەی کە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی 2021دا ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەوکات نازم دەباغ بە رووداوی گوت:' قائانی هۆشداریی بە پارتی و یەکێتیی داوە کە نەچنە نێو ململانێی شیعە-شیعەوە و پاڵپشتی لایەنی زۆرینە بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق.
 
لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021، پارتی و یەکێتی لە چەندین لێدوان و چەند کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لە یەکدەنگیی کورد لە بەغدا کردەوە، بەڵام یەکلانەبوونەوەیان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، شاندی هەردوو لایەنەکەی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا لێکجیاکردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستاش لایەنە شیعەکان دابەشی دوو بەرە بوون کە یەکێکیان بەرەی سەدرییەکانە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و ئەوی دیکەشیان چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بە سەرۆکایەتی نووری مالکی و هادی عامری.
 
لە ساڵی 2005ـەوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەکان بووە. لە ساڵی 2005ـەوە پۆستەکەی کورد لەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە؛ ئەم خولە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بەربژێری خۆی بۆ کۆشکی سەلام سەربخات.
 
پارتی، هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر کردووە و یەکێتیش بەرهەم ساڵح.
 
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2401202229
Read کد خبر: 903

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی