وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنێت، هەوڵێكی دیبلۆماتكارانە بۆ چارەسەری كێشەكانی ئێران و ئەمریكا هەیە و مەرجەكانی ئێرانیش بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی ترەمپ و رۆحانی دەخاتەڕوو.
نازم دەبباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بە وێستگە نیوزی راگەیاند، لە سیاسەتدا زمانی توند و زمانی ئارام هەیە، یەكێك لە زمانە ئارامەكانی ئەمریكا لێدوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتەیە دووپاتیان كردەوە كە لەگەڵ رووخاندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانی نین و لەگەڵ شەڕ نین، ئەوەش نیشانەیەكە كە هەوڵێكی دیبلۆماتكارانە هەبێت بتوانن بەزوویی كێشەكان چارەسەر بكەن.
دەبباغ روونیكردەوە هەرچەندە ئەمریكا و ئێران دەڵێن بێمەرج كۆبوونەوە دەكەن، بەڵام لەژێرەوە مەرجیان بۆ یەكدی هەیە ئەگەر بیانەوێت دانیشتنەكانیان سەركەوتوو بێت، چونكە شەڕ لەبەرژەوەندی هیچ لایەكیاندا نییە و هەموو لایەكیش رێككەوتنیان دەوێت.
سەبارەت بە مەرجی ئێران بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریكا، نوێنەری حكومەتی هەرێم وتی: "مەرجی ئێران بۆ كۆبوونەوە روونە كە پابەندبوونە بە رێككەوتننامەی (5+1) بەرنامەی ناوكی و لادانی ئابڵوقەی ئابووری و هاوكاریكردنی یەكدی، ترەمپیش تێبینی هەیە لەسەر ئەو رێككەوتنە كە پێویستی بە گرەنتی زیاترە".
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی رایگەیاند ئامادەیە بێ پێش مەرج لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبوونەوە بكات.