امروز: 2شەممە 11 ت دووەم 2024 برابر با 11 تشرینی دووەم 2024

كورد چەند سوودی لەڕابردوو وەرگرتووە؟

دەرفەتەكان:ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەبینین كە كورد تەنها لەسەدەی بیستدا لەرووداوو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندین هەلی بۆ رەخساوە، بەڵام لەئەنجامی هەڵەشەیی‌و دووبەرەكی‌و هەڵەی خۆی‌و بەررژەوەندی زلهێزو گوشاری دوژمنەكانی نەیتوانیوە وەكو خۆیان سوودیان لێوەربگرێت. 

لێرەدا دەمەوێت بەنموونەو بەكورتی هەندێكیان وەبیر هەموو لایەك بهێنمەوەو باسیان بكەم، بەڵكو سوودێكی هەبێت بۆ بارودۆخی ئەمڕۆمان‌و ئاییندەمان. 
شۆڕشەكانی شێخ مەحمود دوای هەڵگیرساندنی جەنگی یەكەمی جیهان ئاكامەكەی لەناوچوونی شێخ و شۆڕشەكەی بوو. بزووتنەوەكەی بارزان كە بەپشتیوانی‌و پشتگیری رۆشنبیران‌و چالاكوانانی سیاسی ئەوكات بوو، بوو بەشۆڕشێك‌و ئەویش بەداخەوە دامركایەوە (پارێزەر مەعروف جیاوك لەپەرتوكی (نهێنیەكانی بارزان) كە لەپەنجاكانی سەدەی بیست نووسیویەتی‌و هەرخۆشی لەو سەردەمەدا ژیاوە وردتر باسی دەكات). دوای دروستبوونی كۆماری كوردستان لەمەهاباد لەجەنگی دووەمی جیهان ئەنجامەكەی لەسێدارەدانی قازی محەمەد بوو. شۆڕشی ئاگری داخ لەكوردستانی توركیا. 
دوای ئەوەی شۆڕشی 14 تەمموز لەعیراق بەپشتیوانی حزبی شیوعی عیراق سەركەوت‌و دوای گەڕانەوەی جەنابی مەلا مستەفاو پەشیمابوونەوەی عەبدولكەریم قاسم لەبەڵێنەكانی‌و دەركردنی یاسای چاكسازی كشتوكاڵ (قانون اصلاحی زراعی) جارێكیتر راپەرینی ئاغاو خاوەن زەوییە زۆرەكان راپەڕین‌و هەر زوو لەلایەن سیاسەتمەداران‌و رۆشنبیران‌و پارتی دیموكراتی كوردستان قۆسترایەوەو گۆڕدرا بۆ شۆڕشێكی نەتەوەیی بۆ داواكاری مافەكانی كورد كە بەشۆڕشی ئەیلول ناوی دەركردو لەئەنجامدا رێككەوتننامەی 11 ئازار هاتەكایەوە، بەڵام لەبنەڕەتدا كورد بەبێئاگایی خۆی كەوتە ناو بۆسەی پیلانگێڕی‌و ئەنجامەكەی رێككەوتننامەی ئەلجەزائیر بوو لەساڵی 1975. بەڵام دیسانەوە بەهۆی كۆششی تێكۆشەران‌و سیاسەتمەدارانی كوردو لووتبەرزی‌و غروری سەركەوتنی حكومەتی عیراق بەسەر بزووتنەوەی كوردو شۆڕشەكەی‌و راگواستنی دێهاتەكانی سەرسنوور، جارێكیتر بوو بەهۆی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ لەشاخەكانی كوردستان ساڵی 1975. 
لەدوای ماوەیەك بەشێوەی پارتیزانی‌و دڵسۆزی هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان هەندەی پێنەچوو بەهەڵەیەكیتری حكومەتی عیراق‌و رووداوێكیتر هەلێكیتری دروستكرد بۆ گەشەكردن‌و فراوانبوونی هێزی پێشمەرگەو ناوچەی ئازاد، ئەویش بەهەڵگیرسانی شەڕی هەشت ساڵەی عیراق لەگەڵ ئێران، بەڵام بەراوەستانی شەڕەكە هەموومان شاهیدی ئەوەین جارێكیتر شكست‌و ئەنفال‌و راونان دەستی پێكردەوەو زۆربەی هێزەكانمان كەوتنە سەر سنوری ئێران‌و توركیاو بەناوچەیەكی وەكو شێنێ‌و زەڵێ رازی بووین ئەگەر لێمان بگەڕێن.
خۆشبەختانە ساڵی 1990 سەدام هەڵەیەكی ستراتیژی گەورەتری كردو وەك جەنابی مام جەلال پێشبینی كردبوو لەهاوینی هەمان ساڵ لەپاریس رایگەیاندبوو كە: سەدام پەلاماری كوێت دەدات، لە 2/8/1990 روویداو ئەمەش ئۆمێدێكی تازەی دایەوە بەكوردو كەوتە خۆرێكخستن بۆ ئەگەرەكان یەكێك لەوانە پەلاماردانی كوێت كە سەرەنجام بۆی هەیە ببێتە هۆی شكستی گەورەی سوپای عیراق‌و لەئەنجامدا راپەڕین دروست ببێت. دوای ئەوەی راپەڕین كرا هەمدیس بەهۆی بەرژەوەندی وڵاتە گەورەكان دەرفەتەكە لەدەست كورد دەرهێنراو ئەگەر روانگە مرۆییەكە بۆ هاوكاری كورد نەبووایە كە ناوچەی دژەفڕین دانرا، پێدەچوو ئێستا ئەم دیفاكتۆیەش نەبووایە.
توركیا ئەگەرچی ناچاربوو بنكەی ئینجەرلیك بخاتە خزمەتی ئەم بڕیارە نێودەوڵەتییەوە، بەڵام سوودی خۆشی تێدابوو كە بەدوای پێگەدا دەگەڕا لەناوچەكە بەتایبەت دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت‌و لاوازبوونی سەدامەوە. توركیا خزمەتێكی گەورەی بەگەلی كورد كرد بەبێ ئەوەی خواستی خۆی بێت ئەویش لەوكاتەی رێگەی نەدا سوپای ئەمریكا لەرێگای توركیاوە بێتە عیراقەوە. لەبەرامبەردا سەركردایەتی كورد ئەم هەڵەیەی گۆڕی بۆ سوودی خۆی‌و رێگای بەهێزی هاوپەیمانان‌و ئەمریكا دا سوود لەفڕۆكەخانە كۆنە سەربازییەكانی حەریرو سلێمانی وەربگرن‌و ئەوەش كراو زیاتر لەجاران لەگەڵ هاوپەیمانەكان نزیكبوونەوە روویدا. سەدام رووخاو عیراقێكی تازە دروست بوو، بەڵام لەهەنگاوی یەكەم ئەمریكاو هێزە هاوپەیمانەكان كوردیان ئاگادار كردەوە لە:
1-
كورد بۆی نییە لەناوچە سوورەكانی عیراق بێت. واتە ناوچە تازە ئازادكراوەكانی كوردستان لەدوای پرۆسەی ئازادی، چونكە ئەمریكا بۆ كورد ناوچەی سەوزو سووری دانا. سەوز ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بوو تا 2003و سوور ناوچەكانی دیكەی كوردستان دوای پڕۆسە.
2-
داوای گەڕاندنەوەی هەموو ئەو چەكە قورسانەیان كرد كە كەوتبوونە دەست هێزی پێشمەرگە. واتە تەنها بۆیان هەیە چەكی سووكیان لابێت.
3-
لەكاتی جوڵان بۆ هەریەك لەكاك مەسعودو بەرێز مام جەلال تەنها 60 پێشمەرگەیان رێگە دەدا لەگەڵیان بن‌و بۆ هەر ئەندام مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیش ژمارەیەكی كەمتر.
لەگەڵ ئەوەی كە نابێت خۆشحاڵ بین بەشەڕ، بەڵام گروپی موقتەدا سەدر سووپای مەهدیان دروستكردو لەنەجەف شەڕ هەڵگیرسا، ئەمریكاو هاوپەیمانەكان هەڵوەستەیان كردو ئەم سێ خاڵەی باسمان كرد راگیراو داوای هاوكاری پێشمەرگەیان كرد. بەدوای خۆشیدا كاری تیرۆریستی‌و تەقینەوە دەستی پێكردو شەڕی یەكەمی فەلوجە روویدا. هێزەكانی هاوپەیمانی ئەمریكا پەشیمان بوونەوە لەتێڕوانینیان بۆ كوردو ناوچەكانی كوردستانیان بەئارامترین شوێن لەعیراق ئەژمار كردو داوایان لەهێزەكانیان كرد بۆ پشوودان‌و ئارامی سوود لەهەرێمی كوردستان وەربگرن. بۆیە پشتیوانیان لەو ئارامییە كردو تەنها خاڵێك كە لەسەری مانەوە ناوچەی سەوزو سوور بوو واتە سوور ئەو ناوچانەی كە كەوتنە چوارچێوەی ماددەی 140 و دەرەوەی.
هەڵوێستە دوژمنكارانەكان:
 
دوا بەدوای دامەزراندنی حكومەتی نوێی عیراق‌و بەشداری كوردو سوننەو شیعە بەسازان (تەوافوق)و دوا بەدوای نووسینەوەی دەستووری عیراق، جارێكیتر شوڤێنیستە عەرەبەكان چ لەسوننە چ لەشیعە كەوتنە دژایەتیكردنی دەستورو مافە رەواكانی كوردو پاشگەزبوونەوە لەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكان لەوانە ماددەی 140، یاسای نەوت‌و پێشمەرگە. ئەیاد عەلاوی بوو بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی گواستراوەو هیچی بۆ كورد نەكرد. دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق‌و دامەزراندنی یەكەم حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی د.ئیبراهیم جەعفەری هەم دیسان هیچی بۆ كورد نەكرد. بەگوشاری كورد گۆڕدرا بەمالكی ئەویش بەهەوڵەكانی سوودوەرگرتن لەئەفسەرە پلە بەرزەكانی بەعسی پێشوو بۆ بنیادنانەوەی سوپای عیراق لەسەر دەستی ئەوان فەرامۆش كردن‌و بەشداری پێنەكردنی سوننەكان لەحكومەت‌و پێشێلكردنی دەستورو هەلێكیتری رەخسان بەرەی كورد بكەوێتە دژی مالكی. 
باردۆخه‌که‌ درێژه‌ی کێشا
ئەم بارودۆخە درێژەی كێشا هەتا هەڵبژاردنی دووەم لەعیراق كراو لیستەكەی مالكی زۆرینەی هێنایەوەو دەبوو جارێكیتر سەرۆك وەزیران بێت. دوای هەشت مانگ ئەویش بەپشتیوانی كورد رێككەوتننامەی هەولێر كە یەكێكیان بریتی بوو لە 19 خاڵ‌و یەكێكی تریش لەنێوان كاك مەسعودو مالكی كەبریتیبوو لە 12 خاڵ بەبەشداری سوننەكان حكومەتی دەوڵەتی یاسا دروستبوو، كە لەراستیدا هەموو شتێك بوو، بەڵام دەوڵەتی یاسا نەبوو هەمووی سەرپێچی‌و دژەیاسایی بوو. ئەوە وایكرد كوردو سوننە دوور بكەونەوە لەبەغداو تەنها وەزیرو پلەدارەكان لەبەغدا بن‌و لەهەولێر حكومەتی هەرێمیش هەڵوێستێكیتری هەبێت.
دووركەوتنەوەی سوننە لەحكومەتەكەی بەغداو غروری جەنابی مالكی بەدروستكردنی سوپایەكی فشۆل لەسەر كۆنە بەعسییەكان وای لەكورد كرد كە هەندێ دروشم بەرزبكاتەوەو هەنگاوی دیكە بنێت. لەم نێوەندەدا هێزێكی تاریك‌و نامۆ پەیدابوو بەناوی داعش كە لەسەرەتادا كورد خەونەكانی خۆی لەسەر بنیادنا بەوەی تازە عیراق بوو بەسێ پارچەو عیراق دوای داگیركردنی موسڵ عیراقی جاران نییەو نێوانی كوردو بەغدا داعشە بەدرێژایی 1050 كیلۆمەتر. 
باسكرا كورد ناكەوێتە شەڕێكی تایفی لەژێر ناوی دژەتیرۆرو سەرینی ئاسوودەیمان خستە ژێر سەرمان‌و تازە ماددەی 140 جێبەجێ‌ بوو. كورد بەهەموو ئاوات‌و خەون‌و ئۆمێدەكانی دەگات. زۆری نەخایاند دوژمنانی كورد بۆ لەباربردنی ئەم خەونە، پیلانەكەیان سەریگرت‌و داعش پەلاماری ناوچە ئازادكراوەكانیداو لەماوەیەكی كورت چۆن سوپای عیراق ناوچەكانی دایە دەست داعش ئەوهاش بەشێوەیەكیتر لەدەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی دەرهێنا. ئەم هێزەی لەماوەی بیست‌و دوو ساڵ زیاتر كە ئامادەمان كردبوو بۆئەوەی بەرگری لەپاراستنی كوردستان بكات‌و پارێزگاری هەموو مەرزەكان بكات دەركەوت ئەو تواناییەی نییە. ئەو وڵاتەشی كە رێككەوتنی 50 ساڵەی ئابووریمان لەگەڵیدا ئیمزا كردبوو بەتەنها جێیهێشتین سەرەڕای ئەوەی چەندینجاریش شاندی فەرمی سەرۆكی حكومەت چووە بۆ توركیاو وەزیرانی نەوت‌و پێشمەرگەو ناوخۆی لەگەڵدا بووە كە مانای خۆیان هەیە شاندێكی وەزیری پێشمەرگەو ناوخۆی لەگەڵدابێت. لەگەڵ ئەوەی كە هەتا ئێستاش بنكە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم هەن، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت بێئومێدبوون لەهەڵویستی دۆستی باكور ناچاربوون داوای هاوكاری‌و یارمەتی لەدراوسێكەی دیكەو هاوپەیمانەكان‌و ئەمریكا بكەن. لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆر لەلێپرسراوانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بەئاشكرا رایاندەگەیاند كە: نەك وڵاتانی ناوچەكە، بەڵكو ئەمریكاش دەبێت بەسیاسەتەكانی خۆیدا بچێتەوە لەگەڵ كوردو بەپێی ئەو بارودۆخە نوێیە ئەمریكا پێویستی بەكورد هەیە، نەك بە پێچەوانەوە. بەڵام دواتر بەپێی وتەكانی د. فوئاد حسێن‌و كاك فەلاح مستەفا: توركیا بێئومێدی كردین‌و بەپێی سوپاسنامەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم كاك مەسعود بارزانی-یش كە بۆ سەرۆك كۆماری ئێرانی ناردو لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیشیدا لەبەردەم وەزیری دەرەوەی ئێران فەرمووی: یەكەم وڵات بەدەنگمانەوە هات‌و هاوكاری سەربازیی كردین كۆماری ئیسلامی ئێران بوو. لەكاتێكدا نەك بەقسەی ئێمەومانان بەڵكو هەموو دونیاش دەزانێت هیچ جۆرە هاوپەیمانییەكی ستراتیژیمان لەگەڵیدا نەبوو. بۆیە گرنگە بزانین كام لەو وڵاتانە پابەندی پەیمان‌و پرەنسیپەكانی هاوپەیمانی دەبێت‌و كامیشیان سوود لەخۆشباوەڕیی سەركردەكانمان وەردەگرن.
چۆنێتی سوود وەرگرتنەوە لەدەرفەتەكان:
درفه‌ت و خواسته‌کان به‌یه‌که‌وه‌ کۆبوونه‌ته‌وه‌
لێرەدا هاوكاری یارمەتی هەموو ئەوانەی ناردیان‌و بەشداربوون جێگای سوپاس‌و پێزانینەو وای دەبینم كە جارێكیتر بێ‌ئەوەی خواستی توركیا بێت خزمەتێكیتری بەكورد كرد لەوەی نەیهێشت هێزەكانی ناتۆو ئەمریكا بنكەی ئینجەرلیك بەكاربهێنن. بۆیە جارێكیتر بیركردنەوە لەوەی سوود لەخاكی هەرێم وەربگیرێت لەلایەن ئەمریكاوە بۆوە بەخواستێكی زەرووری‌و هەمیشەیی. لێرەدا دەرفەتەكان‌و خواستەكان بەیەكەوە كۆبوونەتەوە، بەڵام گرنگە بزانرێت چۆن سوودی لێوەربگرێت؟ خوێندنەوەیەكی سەرپێی واقیعی ئێستا دەڵێت: ئەمجارەیان كورد هەموو بەرژەوەندییەكان نەخاتە سەبەتەی یەك لاوەو لەوەش گرنگتر دیاریكردنی ستراتیژێكی هاوبەشی هەموو بیرو بۆچوونە جیاوازەكانی كوردستانە كە بەپێی قۆناغەكەو بابەت و خودیەتی (الموچوع و الژاتیە) بەرنامەی بۆ دابڕێژێت. مامەڵەیەكی واقیعی لەگەڵ دۆستایەتی‌و هاوپەیمانی بكات‌و بیر لەئاوات‌و خەونەكان نەكاتەوە بەبێ‌ئەوەی زەمینەی بۆ سازنەكات‌و وەكو دەستكەوتی حزبی‌و تاك لێیان نەڕوانین. 
لەهەمووی گرنگتر یەك هەڵوێستی‌و یەك گوتاریی سیاسی‌و یەك هێزی پێشمەرگەو یەك حكومەتی شەراكەتی راستەقینەیە كە لەچوارچێوەیدا پرەنسیپەكانی دیموكراسی‌و ئازادییەكان بتوانێت هەنگاو هەڵێنێت.
ئەمرۆ لەهەموو كات‌و قۆناغە جیاجیاكانی تر زیاتر كورد كەوتۆتە دووڕیانێك كە دەبێت سیاسەتی راست‌و دروست پیادەبكات‌و نەكەوێتە چاڵێكەوە كە دوژمنەكانمان بۆیان دیاری كردبین. ئەمجارە لەلێواری مەترسیی گەورەداین‌و ترسەكەش لەوەیە وەكو چۆن لەدەرفەت‌و هەڵەكانی رابردووی شۆڕشەكانمان دەرسمان وەرنەگرتووە، ئەمجارە بەپێچەوانەی ئەوەی ئێمە سوود لەهەڵەی دوژمنەكانمان وەرگرین، دوژمنەكانمان لەهەڵەكان‌و دروشمەكانی ئێمە سوود وەربگرن.
سەیری ئەم دوو نموونە سادەیە كە پێگەی كوردیان بەكوێ گەیاندووە:
-
برادەرانی سوننە تا سێ مانگ پێش ئێستا هاتووچۆی گەرمیان بۆ لای سەركرادیەتی سیاسی كورد بوو بۆ یەكهەڵوێستی‌و یەكگوتاری و بەشداربوون بەمەرج لەگەڵ لایەنی  زۆرینەی شیعە لەحكومەتدا، بەڵام ئەمڕۆكە هەر ئەوان بەبێ كورد گەڕانەوە بەغداو بەبێ كورد بەشدارییان لەحكومەتی زۆرینە كردو زۆرینەی دەستكەوتیشان وەرگرت. لەكاتێكدا ئەوانەی ئێستا بوونەتە جێگری سەرۆك كۆمار لەسەردەمی بەڕێز مام جەلال كە سەرۆك كۆمار بوو داوای سەرۆك كۆمارییان دەكردو بەجێگر رازی نەبوون. لەكاتێكدا ئێمە (كورد) ئەگەر بەگوشاری دەرەكی نەبووایە لەسەر بەغداد پێموایە دەقیقەی نەوەدیش پێڕا نەدەگەیشتین بەشداری ئەم حكومەتە بین كە بەبێ كورد بەرنامەی خوێندرایەوەو پۆستەكانیش دابەشكران‌و دیاریكران كە ئەگەر بەراورد بكەین لەگەڵ حكومەتەكانی پێشوو لەرووی ژمارەی وەزیرو پۆستەكانەوە ئەو كاتە ژمارەكە زیاتر بوو.
-
كورد سێ مانگ مۆڵەتی بۆ حكومەتی عەبادی داناوە، لەگەڵ ئەوەی پێم وایە كەسایەتی گۆڕین گرنگ نییە بەئەندازەی گۆڕینی بیـركردنەوەكان. زۆر كەس لایانوایە مالكی و عەبادی دوو رووی یەك دراون، بەڵام دیسان تازە كورد بەڵێنی داوەو ناتوانێت پەشیمان بێتەوە. ئەگەر بەمێژووی هاوپەیمانییەكاندا بچینەوە ناتوانین ئومێدیان لەسەر بنیاد بنێین‌و تەنها بەیەكڕیزی‌و یەكخستنی تواناكانمان دەتوانین وابكەین دۆستەكان متمانەیان لەلا دروست ببێتەوە كە ناتوانن ئەم شەڕەی دژە تیرۆر بێ كورد بكەن‌و ناتوانن عیراقی یەكگرتوو و سەركەوتوو بێ كورد پێكبهێنن، یان ئەوەتا هاوسەنگی رابگرن یان ئەوەتا رێگا نەگرن لەمافی چارەی خۆنووسینی كورد.
ئەمڕۆ هەموومان پێویستمان بەبیركردنەوەی تازەو هۆشیارانەو لێپرسراوانە هەیە. شكستی هێزی پێشمەرگەو كورد لەهەر شوێنێك بێت كاردانەوەی بۆ سەر هەموومان وەكو یەكوایە، چ لەكۆبانی بێت‌و چ لەشەنگال‌و جەلەولا. هەر بیر لەسەركەوتن‌و هێز نەكەینەوە، با لەرێگەی هێزەوە بیر لەدروستكردنی بەرنامەیەكی سیاسی پتەوبكرێتەوە لەجیاتی دژایەتی‌و شكاندنی یەكترو هێنانەوەی بڕوبیانووی حزبایەتی كردن. باهەموو مەترسییەكان لەبەرچاو بگرین هەتا دوێنێ وەزیری دەرەوەی عیراق كورد بوو كەمێك مەترسی كەمتر بوو، بەڵام ئەمڕۆكە كەسێكە كە پێشتر سەرۆك وەزیران بوو كورد لایبرد لە پۆستەكەی. ئایا دەكرێت بیركردنەوەی گۆڕابێت؟ با جارێكیتر رێككەوتنێكی جەزائیر لەسەر دەستی وڵاتێكیتر نەكرێت‌و ئایندەی كورد لەسەر حزبایەتی بەرتەسك‌و دژایەتیكردنی یەكتر نەكرێتە قوربانییەكیتر. بیر لەئاشتەوایی ناوچەكە بكرێتەوە، كێ‌‌و چۆن‌و لەسەر چ بنەمایەك دروست دەبێت.
دوابڕیار هەڵدەگرین بۆ شیكردنەوەو رای خوێنەرو سیاسەتمەداران. هەموو ئەم رووداوانە لەمێژووی دوورو نزیكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد روویانداوە. باشترە لەبری قسەو قسەڵۆك یەك تۆز خۆمان بەو رابردووەوە ماندوو بكەین‌و هەڵەكانمان دیاریبكەین‌و ئەنجامەكانی لەگەڵ ئەمڕۆكە بەروارد بكەین. بزانین ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەوەندەی هەڵەی ستراتیژی دوژمنانی كورد هەلیان بۆ رەخساندوین، ئەوەندە بەرنامەی ستراتیژی خۆمان نەهاتۆتە دی.

*
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران

رۆژنامەی کوردستانی نوێ

 

 

Read کد خبر: 300

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی