لەو دیدارەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی میوانە ئیتالیایەکەی کرد سوپاسیکرد بۆ سەردانەکەی کە لە چوارچێوەی بایەخدانە بە بارودۆخی عێراق .
سەرۆک مەعسوم رونیکردەوە هاوکێشەکان ئێستا گۆڕاون ،ئەویش لە میانەی هەوڵی لایەنەکانی ترە کە دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتوەکان خستویانەتە گەڕ بە بەرژەوەندیی عێراق لە بەگژاچونەوەی پەلاماری تێرۆریستان ،هاوکات ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی ئیتالیای کرد لە یارمەتی دانی دەربەدەربوەکان و بە شێوازی جیا جیا کۆمەکی مرۆیی پێشکەشکردون سەرباری ئەوەش لە روی سەربازییەوە یارمەتیی هێزەکانی عێراق دەدات لە جەنگەکەی تاقمەکانی داعشی تێرۆریست و پیلانە خوێرێژیەکانیان .
سەرۆک کۆمار ئەوەیشی رونکردەوە کە تێرۆر هەڕەشە و مەترسییە لەسەر هەموان لە ناو عێراقدا ،ئێستا بۆ سەر مەسیحیی و ئێزدییەکان چڕ بوەتەوە و هەر کاتێک هەلیشی بۆ هەڵ بکەوێت پەلاماری پێکهاتەکانی تر دەدات، ئاماژەیشیکرد بۆ ئەوەی تاقمی داعش لە چاو تاقمە تێرۆریستەکانی تردا جیاوازە بەو پێەی ئەم تاقمە مەرامی لە دروستکردنی دەوڵەتەکەی تایبەت بە خۆیەتی .
فەخامەتی سەرۆک کۆمار داوای لە ئیتالیا و کۆمەڵی نێو دەوڵەتیی کرد هاریکاریی عێراق بکەن لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ بەگژاچونەوەی تێرۆر و شانە نوستوەکانی لە هەمو جێگا و شوێنێک.
سەرۆک وەزیری ئیتالیاش لای خۆیەوە سوپاسی پێشوازیی گەرمی سەرۆک کۆماری کرد و رایگەیاند کە ئیتالیا زۆر پەرۆشیەتی هاریکاریی عێراق بکات لە جەنگە چارەنوس سازەکەی دژی تێرۆر ، ئاماژەیشیکرد بۆ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەمو پشتیوانیەک لە هەردو ئاستیی مرۆیی و سەربازیی.
ماتیو رینزی ئەویشی رونکردەوە ئەم شەڕ و ململانێ یە هەر بەتەنیا لەگەڵ عێراقدا نییە بەڵکو لەگەڵ ئەوروپاشدایە ، دیمەن و وێنەی ئەو ئاوارە بوانە و خێزانە دەربەدەربوە عێراقییەکانیش کە بەهۆی کوشت و کوشتاری داعشەکانەوە سەرگەردان بون کاریگەریی زۆری جێهێشتوە لای گەلی ئیتالیا ، ئەو دیمەنانە لە هەست و هۆشی هەمو ئەوروپاییەکدا دەمێنێتەوە وتیشی :”ئێوە بە تەنیا نین و پشتتان تێناکەین چونکە ئێمە لەگەڵتانداین “.
رینزی بایەخی ئیتالیا و تەواوی دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپای دوپاتکردەوە بۆ عێراق و جەنگی بەگژاچونەوەی دژی تێرۆر کە هەڕەشە و مەترسیی دروستکردوە بۆ ناوچەکە و ئەوروپا و هەمو جیهان لەوبارەیەوە رایگەیاند یەکێتیی ئەوروپا پلانی بەدەستەوەیە بۆ کۆبونەوەیەکی تر لە 30-8-2014دا بۆ پشتیوانیی عێراق ئەوە سەرباری کۆبونەوەی ئەندامانی پەیمانی ناتۆ لە رۆژانی 4-5-سێپتامبری 2014 بۆ هەمان مەبەست، وتیشی :”ئەوە بەڵگەیەکی رون و ئاشکرایە کە بایەخ بە عێراق دەدەین .”
لە کۆتاییدا ماتیۆ رینزی سەرۆک وەزیری ئیتالیا بە رەسمیی فەخامەتی سەرۆک کۆماری بانگهێشت کرد بۆ سەردانی ئیتالیا ،فەخامەتیشیان بانگهێشتەکەی پەسەند کرد کە لە کاتێکی گونجاودا سەردانکەی بکات .