امروز: شەممە 23 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

"نازم دەباغ" لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی میدیایی "رووداو": كوردستان گلەیی لە ئێران نییە

رووداو ـ سلێمانی / لە لایەن نەوزاد مەحموودـ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، پێیوایە هێشتا پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و باشووری كوردستان ئاساییە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی "پێیانباشە كورد هاوسەنگی سیاسی دروست بكات لە عێراقدا. هەروەها بەشدار بێت لە حكومەتی داهاتوودا".


بەگوتەی "نازم عومەر"، لەو ماوەیەدا كە باسوخواسی ئەنجامدانی گشتپرسی لە ئارادایە، گۆڕانكاری رووینەداوە لە هەڵوێستی حكومەتی ئێران بەرامبەر بە حكومەتی كوردستان، "لە لایەن فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە هیچ گلەییەك نییە، كە بە من گوترابێت، بەرامبەر هەڵوێستی كۆماری ئیسلامیی ئێران".

 ئەو بەرپرسەی حكومەتی كوردستان پێیوایە ئاساییە ئەگەر بیروڕای جیاواز هەبێت لە نێو كاربەدەستانی ئێرانیدا، چونكە وەك ئەو باسیكرد، بیروڕای جیاواز لەنێو سەركردە عێراقییەكانیشدا هەیە لەسەر مەسەلەی ڕاپرسی گشتی : "نە سەركردە ئێرانییەكان و نە سەركردەكانی خۆشمان لەو بارەیەوە هیچ گلەییەكیان بە ئێمە، وەك نوێنەرایەتیی تاران، نەگەیاندووە. هەردوو لاش هەمیشە لەگەڵ ئەوەدان كە هاوسەنگی لە پەیوەندییەكاندا هەبێت. جگە لەوەش پشتیوانی لە هاوپەیمانیی نێوان كورد و شیعە و ئەو سووننانە دەكەن كە لایەنگری حكومەتی عێراقن".

 لە رۆژانی رابردوودا رەوشێكی نوێی سیاسی و ئیداری لە عێراق دروستبووە. ئەویش دوای ئەوەی كە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە نێو شاری موسڵەوە شەڕیان لە دژی سوپای عێراق دەستپێكرد. دواتریش گەیشتنە پارێزگای سەلاحەدین و چەند قەزا و ناحیەیەكی ئەو ناوچەیەشیان كۆنتڕۆڵكرد.

 دوای كشانەوەی سوپای عێراق لە ناوچە (پێشتر) دابڕاوەكان، پێشمەرگە نزیكەی 9٥%ی ئەو ناوچانەی خستە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەكشە ناكات".

 سەرچاوەیەكی تۆڕی میدیایی "رووداو" لە نێو مەكتەبی سیاسیی یەكێك لە پارتەكانی باشووری كوردستان، ئەوەی ئاشكراكرد كە "تا وەكو ئێستاش ئێرانییەكان سوورن لەسەرئەوەی كە پێویستە پێشمەرگە لە دژی چەكدارانی داعش شەڕ بكات و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق بكات". بە پێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە: "چەند جارێك شاندی ئێرانی بۆ ئەو داواكارییە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان". بەڵام نازم عومەر زانیارییەكی ناتەبا لەگەڵ ئەوەی سەرەوەدا دەدات و دەڵێت: "كاربەدەستانی ئێرانی بڕوایان وایە كە نابێ دەستتێوەردان لە كاروباری نێوخۆی عێراقدا بكرێت". نوێنەری حكومەتی كوردستان لە تاران دەڵێت هێندەی ئەو ئاگاداربێت و تێگەیشتبێت لە ئێرانییەكان: "بەشێك لە كاربەدەستانی ئێرانی ئەو رەوشەی عێراق بە ئەنجام و كاردانەوە دەزانن. ئەوەش وایلێكردوون پشتگیریی لایەنێك نەكەن و دەڵێن ئەوەی كە هەیە پەیوەندیی بە دۆخی نێوخۆیی عێراقییەكانەوە هەیە".

 ئێستا بۆچوونی ئەمریكییەكان بەرامبەر مانەوەی مالیكی، وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق، گۆڕاوە. بەتایبەتی دوای ئەوەی كۆنووسی كۆبونەوەی نێوان جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەگەڵ مالیكی ئاشكرابوو، بەڵام ئایا ئێرانییەكانیش نەهاتوونەتە سەر ئەو بڕوایەی كە پێویستە مالیكی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك وەزیران بێت؟ نازم عومەر لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێ: "ئەوان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەمە مەسەلەیەكی نێوخۆییە و لەگەڵ رەچاوكردنی بیروبۆچونی هەموو لایەنەكاندان. وایتێدەگەم كە ئێرانییەكان رایان وایە كە دەبێ هاوپەیمانیی شیعەكان خۆیان مەسەلەی سەرۆك وەزیران یەكلایی بكەنەوە. واتە پەیوەندیی بە شیعەی عێراقەوە هەیە و خۆیان بڕیاردەدەن. تاوەكو ئێستاش ئێران بڕیاری خۆی نەداوە".

 باشووری كوردستان 470 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئێران هەیە. چەند مانگێك پێش پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، كاتێك ئەمریكییەكان بە مووشەك هێرشیانكردە سەر گرووپی ئەنسارولئیسلام لە ناوچەی هەورامان، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە و چەكدارانی ئەو گرووپە روویان لە ئێران كرد. پێشتر سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (رووداو)ی گوتبوو كە هێشتا ئەندامانی ئەو گرووپە لە ئێران ماون، بەڵام نازم عومەر دەڵێت: "ئێستا لە ئێران نەماون و رۆیشتوون". هەروەها "رێككەوتنی ئەمنی لەنێوان ئێران و هەرێمی كوردستاندا هەیە و ئەو جەماعەتەی مەلا كرێكار ئێرانیان جێهێشتووە".

 میدیای جیهانی لە مڕۆژانەدا سەرقاڵی لێكدانەوە و ئەگەرەكانی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە. نوێنەری حكومەتی كوردستان لە تارانیش رای خۆی لەسەر ئەو مەسەلەیە دەڵێت و پێیوایە "رەنگە كاتەكە گونجاو نەبێ بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی" چونكە "ئەو مەسەلەیە پێویستی بە زەمینەسازیی تەواو هەیە و دەبێ پەلە نەكەین. دەبێ پەلە لە شێوازی راگەیاندنی نەكرێت و دیراسەت بكرێت". لەبارەی رای كۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە، نازم عومەر دەڵێت: "هێشتا كورد بەفەرمی هیچی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە. ئەوەی هەیە تەنیا بیروبۆچوونە و لە سەردانی سەرۆكی حكومەتیش بۆ ئێران، تەنیا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا دووپاتكراوەتەوە".

 ئێستا جیاوازی هەیە لە بۆچوونی ئێران و توركیا سەبارەت بەو مامەڵەیەی كورد لە باشووری كوردستان گرتویەتییە بەر بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی. پرسیارە ئەوەیە كە بۆچی سەركردەكانی كوردستان نەیانتوانیوە دڵنیایی زیاتر بدەنە ئێرانییەكان؟ نازم عومەر لەوبارەیەوە دەڵێت "هێشتا توركیاش پێداگیری لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكاتەوە". هەروەها دەڵێت كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا "ئێران، دوای ئەمریكا، دووەم وڵات بوو كونسوڵخانەی كردەوە".

 ئێستا قەیرانی سووتەمەنی و بەنزین لە باشووری كوردستان تا كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەش هەر بەردەوامە. هەرچەندە دەگوترێ حكومەتی توركیا بەڵێنی سوككردنی ئەو قەیرانەی بە كوردستان داوە، بەڵام دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ ئێرانیش رۆڵی گرنگ دەبینن بۆ هاوردەكردنی سووتەمەنی. بەڵام نوێنەری حكومەتی كوردستان لە تاران دەڵێت لەوبارەیەوە هیچیان نەكردووە: "چونكە داوا لە ئێمە نەكراوە لەوبارەیەوە قسە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكەین". هەروەها "بەڵام ئێستا هێنانی سووتەمەنی لە ئێرانەوە دراوەتە دەست كەرتی تایبەت".

بەگوتەی ئەو كاربەدەستەی حكومەتی كوردستان، "بەهۆی نەبوونی بودجە و كەمبوونەوەی كار و شەڕوشۆڕی ناوچەكەوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان باشووری كوردستان و ئێران دابەزیوە بۆ 3 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا ".

 

Read کد خبر: 266

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی