امروز: 1شەممە 08 ئەیلول 2024 برابر با 08 ئەیلول 2024

بەرپرسانی ئێرانی بە فەرمی پێشوازییان لە نێچیرڤان بارزانی کرد

تاران ٥ی ئاب / ئۆگۆست (PNA) ـ نازم دەباغ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: بەرپرسانی ئێرانی بە شێوەیەکی فەرمی و وەکوو سەرۆک وەزیرانێکی تایبەت، ڕێزیان لە کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گرت و پێشوازییان لێکرد. 

نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بۆ ئاژانسی ھەواڵ و ڕادیۆ پەیامنێر سەبارەت بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی پایەبەرزی ھاوڕێی بۆ وڵاتی ئێران گوتی: بانگھێشتی فەرمی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕووحانی، لە حەقیقەتدا ڕەنگدانەوەیەکی ئیجابی بۆ ئەو پەیوەندییە دوو قۆڵییە ھەیە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجامی دۆستایەتیی و ھاوکاری دێرین لە نێوان دوو لایەندا. بە تایبەت لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بە شێوەیەکی فەرمی و وەکوو سەرۆک وەزیرانێکی تایبەت، ڕێز لە کاک نێچیرڤان بارزانی گیرا و پێشوازی لێکرا. 

 

گوتی: ئومێد دەکەین لە سەردەمی ڕووحانیشدا، پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەتی لە بواری ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتیی زیاتر بەرەوپێشەوە بڕوات.

 

دەباغ سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: بە دەلیل و گەڕانەوە بۆ پەیوەندییەکانی ڕابردوو، ئەگەر سەیربکەین لە سەردەمی سەرۆک کۆمارەکانی پێشوووی ئێرانیش و ھەموو ھەڵبژاردنێک و ھاتنی سەرۆک کۆمارێکی  وڵاتی ئێران، بە دڵنیاییەوە ئەگەر پەیوەندییەکان زیاتر بەرەو پێشەوە نەچووبن نەگەڕاونەتەوە دواوە. بۆیە لەسەر ئەو ئەساسە پێشبینی ئێمە ئەوەیە و دڵنیاییش لەوە کە لە سەردەمی دکتۆر دکتۆر حەسەن ڕووحانیش پەیوەندییەکانمان باشتر دەبێت و ئاستی پەیوەندییەکانمان سەرکەوتووتر و بەرزتر دەبێت، بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستاکەدا کە ھەموو لایەک ھەستی پێدەکات ئەوەیە کە ڕۆڵی سەرکردایەتی کورد، ڕۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا ڕۆڵی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان، ھەمووی لە ھەوڵ و کۆششن بۆ ئەوەی کە ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەدا زیاتر بەرقەراربێت و بە شێوەیەکی گشتیی ڕۆڵی خۆیان دەبینن، تەنانەت دەتوانم بڵێیم لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ بەرقەراربوونی ئەمنییەت و ئاسایش لە ناوچەکەدا.

 

ئەویشی خستەڕوو: بە دڵنیاییەوە ئەم ڕۆڵە گرینگی پێدراوە و گرینگیشی پێدەدرێت و بۆیە بۆتە بەشێک لە پێداویستییەکانی ئەساسی بۆ ئەوەی کە کورد ھۆیەکە لە ھۆیەکانی بەرقەرارکردنی ئەمنییەت و یەکپارچەیی، نەک وەکوو پێشتر دوژمنان ھەوڵیان دەدا ڕۆڵی کورد والێبکەن کە مایەی ناخۆشی و نائارامییە لە ناوچەکەدا.    

 

 

مەنسوور جیھانی

Read کد خبر: 202

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی