امروز: شەممە 23 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

   وتووێژەکان

   وتووێژەکان (197)

سێ شەممە, 08 ت یەکەم 2019

دیمانه‌ی ماڵپه‌ڕی نامه‌نیوز له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران؛ 
"نازم ده‌باغ": کورده‌کانی سووریا سزای پشتبه‌ستن به‌ زلهێزه‌کانیاندا/ کورده‌کان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زیاتربوونی قه‌یران بچنه‌ ناو هاوکاریی دیپلۆماتیکه‌وه‌ 

ماڵپه‌ڕی هه‌واڵ و شرۆڤه‌ی "نامه‌ نیوز" (namehnews.com) به‌شی سیاسه‌ت؛ ئه‌م کارناسه‌ی پرس و بابه‌ته‌ سیاسییه‌کانی کورده‌کان به‌ ئاماژه‌دان به‌م خاڵه‌ که‌ "ئه‌م پرسه‌ی ده‌ستوه‌ردان و پشتیوانیی کردنی ده‌ره‌کی و به‌ تایبه‌ت له‌ نێو ئه‌و حیزبانه‌ی که‌ له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی سوووریادا هه‌ن، زیاتر ده‌بیندرێت" رایگه‌یاند: بۆ هه‌مووان روون و ئاشکرا بوو که‌ کاتێک ئه‌م وڵاتانه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ هه‌ندێک گۆڕانکاری دابین بکرێت، ده‌ڕۆن و کورده‌کان به‌ ته‌نیا ده‌هێڵنه‌وه‌. له‌ ناوچه‌که‌شدا ئه‌مه‌ریکا چاوه‌ڕوانی گه‌ره‌نتی کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی بوو، کاتێک بارودۆخه‌که‌ی بینی، له‌ ناوچه‌که‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌. 
له‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ به‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوڕێ له‌گه‌ڵ رێککه‌وتننامه‌ی نه‌نووسراو، هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ باکووری سووریا و ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ کوردییه‌کانی سووریا، ترامپ له‌ حیسانی ئه‌کاونتی توییتری خۆت رایگه‌یاند که‌ ئیدی پێی خۆش نییه‌، بچێته‌ ناو کێشه‌ و ئاڵۆزییه‌کانی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌موو پێشبینییان ده‌کرد که‌ ئه‌و که‌شوهه‌وایه‌ بۆ ناردنی هێزه‌کانی سوپای تورکیا به‌ فه‌رمانی ئه‌ردۆغان بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ (به‌ بیانووی خه‌بات له‌گه‌ڵ تیرۆریسم و گروپه‌ سیاسییه‌ چه‌کداره‌کانی کورد) بکرێته‌وه‌. به‌ فه‌رمانی سه‌رۆک کۆماری تورکیا بۆ هێرش بۆ سه‌ر شوێنی مانه‌وه‌ی کورده‌کان بوو که‌ وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ خێرایی به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندراوێک، هه‌ر چه‌شنه‌ هێرش کردن بۆ سه‌ر خاکی سووریای مه‌حکووم کرد. له‌ وه‌ها بارودۆخێکدا هه‌مووان په‌رۆش و نیگه‌رانن که‌ چ به‌ڵایه‌ک به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردی سووریا دێت و هێزه‌ سیاسییه‌کانی کورد و حیزبه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ چ هه‌ڵوێست و دژکرده‌وه‌یه‌کیان ده‌بێت. ئه‌وه‌ی که‌ تا دوێنێ باکووری سووریا و هێزه‌ سیاسییه‌کانی کورد له‌ ژێر پاڵپشتی و پشتیوانیی سوپای ئه‌مه‌ریکا بوون، بۆ خۆی یه‌کێک له‌ پرس و بابه‌ته‌کانه‌ که‌ له‌ دیمانه‌ و وتووێژ له‌گه‌ڵ "نازم ده‌باغ" کارناسی پرس و بابه‌ته‌کانی‌ نێوده‌ڵه‌تی و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ 
ئێران ئه‌وه‌مان لێکداوه‌ته‌وه‌. 
ئه‌م کارناسه‌ی پرس و بابه‌ته‌ سیاسییه‌کانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ په‌یامنێری ماڵپه‌ڕی هه‌واڵ و شرۆڤه‌ی "نامه‌ نیوز" گوتی: ئه‌م رووداوانه‌ به‌ درێژایی مێژووی هاوچه‌رخ بۆ کورده‌کان دووپاته‌کراو بۆته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ له‌ درێژایی مێژووی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی دواییدا بینه‌ر و چاوه‌ری هاوکاری و پشتیوانیی هێزه‌ ده‌رکییه‌کان و زلهێزه‌کانی ئه‌وپه‌ڕی ناوچه‌که‌ له‌گه‌ڵ ره‌وت و هێزه‌ سیاسییه‌کانی کورد بووینه‌ که‌ به‌ نییه‌ت و مه‌به‌ستی جۆراوجۆر هاتنه‌ بواری هاوکارییه‌وه‌. 
ده‌باغ به‌ جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پێداویستی دووباره‌ خوێندنه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی مێژوویی هێزه‌کانی کوردی له‌م یه‌ک سه‌ده‌یه‌ی دواییدا، گوتی: له‌ هه‌ر جێگایه‌ک ئێمه‌ بینه‌ر و چاوه‌ری پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی کوردی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بووینه‌، چاوه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌ هێزه‌ سیاسییه‌کانی کورددا هه‌یه‌ن که‌ هه‌ندێکیان به‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان و بێگانه‌کان و زلهێزه‌کانی ئه‌په‌ڕی سنوور پشت ده‌به‌ستن و ئه‌نجامی ئه‌و کاره‌ش‌ ده‌بینن. بۆ وێنه‌ له‌ ره‌وتی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی له‌ ئێران یان پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی تورکیا و سووریا له‌ دوای رووخانی عوسمانی بینیمان که‌ باوه‌ڕ و متمانه‌ کردن به‌ زلهێزه‌کانی بیانی و پشتبه‌ستن به‌وانه‌ چ ئه‌نجامێکی لێ که‌وته‌وه‌. 
ئه‌م کارناسه‌ی پرس و بابه‌ته‌ سیاسییه‌کانی کورده‌کان به‌ ئاماژه‌دان به‌و خاڵه‌‌ی که‌ "ئه‌م پرسه‌ی ده‌ستوه‌ردان و پشتیوانی کردنی ده‌ره‌کی به‌ تایبه‌ت له‌ نێو ئه‌و حیزبانه‌ی که‌ له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی سوووریادا هه‌ن، زیاتر ده‌بیندرێت" رایگه‌یاند: بۆ هه‌مووان روون و ئاشکرا بوو که‌ کاتێک ئه‌م وڵاتانه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ هه‌ندێک گۆڕانکاریدا دابین بکرێت، ده‌ڕۆن و کورده‌کان به‌ ته‌نیا ده‌هێڵنه‌وه‌. له‌ ناوچه‌که‌شدا ئه‌مه‌ریکا چاوه‌ڕوانی گه‌ره‌نتی کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی بوو، بۆیه‌ کاتێک بارودۆخه‌که‌ی بینی، له‌ ناوچه‌که‌‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌. 
نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران، به‌ جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ "ئێستاکه‌ ده‌بێ خودی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ ئه‌نجومه‌نه‌کانی خۆیاندا و به‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق هه‌وڵ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ جیاتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌کداری، رێگا چاره‌ی دیپلۆماتیک په‌یدا بکه‌ن" راشیگه‌یاند: چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هێزه‌ کوردییه‌کان و حیزبه‌کانی ئه‌وان زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌کتر هاوده‌نگ بن و هاوکارییه‌کی زیاتریان له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌کان و هێزه‌کانی دیکه‌ی کوردی له‌ وڵاتانی دیکه‌دا‌ هه‌بێت، تاکوو ئه‌وه‌ی که‌ بۆ خۆیان تاکڕه‌وی بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کاره‌سات پیشگیری بکه‌ن و کێشه‌ و گرفته‌کانیان باشتر چاره‌سه‌ر بکرێت. 
"نازم ده‌باغ" به‌ جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه ده‌بێت بۆ کورده‌کان ببێته‌ ئه‌زموون، گوتی: ئه‌مه‌ وانه‌ و ده‌رسێکی گرینگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ گروپه‌کانی سیاسیی کورد فێر بن که‌ باوه‌ر و متمانه‌ کردن به‌ وڵاتانی زلهێزی بیانی و ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان چه‌ندین کیلۆمه‌تر دوورتر له‌ نیشتمانی خۆیان و له‌ ناوچه‌که‌دا ئاماده‌ن، هه‌ر ساتێک له‌وانه‌یه‌ به‌ ته‌نیا بیانهێڵنه‌وه‌. ئێستاکه‌ش کورده‌کانی سووریا ‌سزای پشتبه‌ستن به‌ زلهێزه‌کان ئه‌وپه‌ڕی ناوچه‌که‌ ده‌ده‌ن و ته‌نیا رێگا چاره‌سه‌ری به‌رده‌م ئه‌م هێزانه‌ دیپلۆماسییه‌کی چالاکتره‌ بۆ به‌رگری کردن له‌ قه‌یران. 
"نازم ده‌باغ" کارناسی پرس و بابه‌ته‌کانی‌ نێوده‌ڵه‌تی و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ کۆتاییدا به‌ ئاماژه‌دان به‌ پرسی "دوو لایه‌نه‌ بوونی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌کان له‌ دانوستاندنه‌کانی هێزه‌کانی کوردی سووریا" روونیکرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر کورده‌کان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د بیانه‌وێت دانوستان بکه‌ن، ده‌بێ بزانن که‌ ده‌وڵه‌تی سووریا و دراوسێیه‌کانی دیکه‌ش هه‌ندێک چاوه‌ڕوانییان له‌وان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بڕیار وانیه‌ که‌ ته‌نیا یه‌ک لایه‌ن له‌ دانوستاندن و دیپلۆماسیدا ئیمتیاز بدات. بێجگه‌ له‌وه‌، یه‌کجار گرینگه‌ که‌ کورده‌کان بزانن ده‌بێ قسه‌کانی خۆیان و حیزبه‌کانیان بکه‌نه‌ یه‌ک و له‌ پاڵ یه‌کتردا هه‌ر یه‌ک گوتار به‌ره‌و لای ئه‌وبه‌ری مێزی دانوستان ده‌بێت بوونی هه‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وانه‌ له‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا له‌ هه‌ڵوێست گرتن و له‌ کرده‌وه‌دا ده‌بێ یه‌کێتی و یه‌کریزییان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ تێپه‌ڕ بکرێت. ‌  

https://namehnews.com/fa/news/557881/ناظم-دباغ-کردهای-سوریه-چوب-تکیه-به-ابرقدرت‌ها-را-خوردند-کردها-برای-مقابله-با-تشدید-بحران-وارد-تعامل-دیپلماتیک-شوند

دوو شەممە, 07 ت یەکەم 2019

 رۆژنامه‌ی هاودڵی ـ همدلی | نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران ده‌ڵێت: له‌ ته‌نیشت ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی عێراق، ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی بیانیش هاتوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ و هه‌وڵیان داوه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کانی جه‌ماوه‌ری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان که‌ڵکی خراپ وه‌ربگرن.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هه‌مدڵی چاپی تاران سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی له‌ رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق ده‌ڵێت: ئه‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆی عێراق ئه‌نجامی کرده‌وه‌کان و کاره‌کانی رابردوو له‌م وڵاته‌دایه‌. له‌ راستیدا ئه‌نجامی کاره‌کانی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌تمه‌دارانی عێراقییه‌. ئه‌و کارانه‌ و کرده‌وانه‌ی که‌ بۆته‌ هۆی زیادبوونی رێژه‌ی بێکاری و هه‌روه‌ها گه‌شه‌کردنی گه‌نده‌ڵی. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م کرده‌وه‌ و ره‌فتارانه‌دا گه‌نج و لاوانی عێراقی ناڕازی و تووڕه‌ن.

ده‌باغ له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: له‌ ته‌نیشت ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی عێراق، ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی بیانیش هاتوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ و هه‌وڵیان داوه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کانی جه‌ماوه‌ری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان که‌ڵکی خراپ وه‌ربگرن. ئه‌م ده‌ست و پێوه‌نده‌ ده‌ره‌کی و بیانیانه‌ به‌ چوونه‌ ناو خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵکی عێراق هه‌وڵیان داوه‌ که‌ هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر بینا و شوێنه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان و ئه‌وانه‌ ئاگر تێبه‌ر بده‌ن، یان خه‌ڵکی بکووژن. له‌ راستیدا ئه‌وان ویستوویانه‌ وێنه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ دیمه‌نی ناڕه‌زایتییه‌کانی خه‌ڵکی عێراق وێنا بکه‌ن.

نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران جه‌خت ده‌کاته‌وه‌: به‌م پێیه‌ ئێستا هه‌مووی سیاسه‌تمه‌داران و رێبه‌رانی سیاسیی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که‌ ده‌بێ ده‌نگی خه‌ڵکی عێراق ببیسترێت و ده‌ست بکه‌ن به‌ چاکسازی. به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌کی لێره‌دایه‌ که‌ له‌ جێبه‌جێ بوونی ئه‌م چاکسازیانه‌دا، سیاسییه‌کان ده‌بێت سه‌رنج بده‌نه‌ داخوازی و ویستی گشتیی خه‌ڵکی و له‌ هه‌وڵدان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تاکه‌که‌سی و حیزبی خۆیان به‌دوور بگرن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ مه‌بادا دیسان گه‌نده‌ڵییه‌کی نوێ بێته‌ ئاراوه‌.

ده‌باغ سه‌باره‌ت به‌ لێکدانه‌وه‌ی خۆی له‌ داهاتووی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ ده‌ڵێت: من له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌م که‌ بارودۆخی ئه‌مڕۆی عێراق ئه‌نجامی رابردووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ خه‌ڵک و لاوانی عێراقی هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ هۆی ره‌فتار و کرده‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ساڵه‌کانی رابردوو دایه‌. ئێستا ماوه‌یه‌ک تێده‌په‌ڕێت و له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵکیش ئارامتر ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام خاڵه‌که‌ لێره‌دایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که‌ بگۆڕدرێت و ده‌نگی خه‌ڵکی عێراق بیسترێت و پێڕاگه‌یشتن به‌ خواست و ویستی ئه‌وان بکرێت که‌ ئه‌م باشتربوون و ئارامییه‌ درێژه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ بارودۆخی عێراقدا ئاڵوگۆڕێک به‌دی نه‌کرێت، ئه‌گه‌ری دووپات بوونه‌وه‌ی ئه‌م رووداوانه‌ هه‌یه‌.

‌"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران سه‌باره‌ت به‌ کاریگه‌ریی رووداوه‌کانی ئه‌م رۆژانه‌ی عێراق له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ و دراوسێیه‌کانی دیکه‌ی‌ گوتی: ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی بیانی که‌ به‌ کرده‌وه‌ هاتنه‌ ناو جه‌رگه‌ی ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانه‌وه‌، له‌ دوو خاڵ خۆشحاڵ نین و به‌ چڕی هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ ئه‌مه‌ تێک بده‌ن. ئه‌وان به نیسبه‌ت بێ لایه‌نیی عێراق له‌ کێشه‌ و ته‌نگژه‌کانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌و گرژی و ئاڵۆزی و تێکهه‌ڵچوونانه‌ی که‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بوونی هه‌یه‌، خۆشحاڵ نین و له‌ راستیدا ده‌یانه‌وێت که‌ لانی که‌م ئه‌گه‌ر عێراق به‌ کرده‌وه‌ نایه‌ته نێو گۆڕه‌پانه‌که‌، هه‌ڵوێست بگرێت و بێ لایه‌ن نه‌بێت. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌وان له‌ په‌یوه‌ندیی باشی ئێران و عێراق ناڕه‌حه‌تن. له‌ ئه‌نجامدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ عێراق له‌م دوو هه‌ڵوێستییه‌ی بێ لایه‌ن بوونی و په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ ئێران بخه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌. ‌‌

 

دوو شەممە, 30 ئەیلول 2019

 ماڵپه‌ڕی هه‌واڵ و شرۆڤه‌ی نامه‌ نیوز (namehnews.com): "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران گوتی: له‌ حکومه‌ته‌کانی رابردووی عێراق، ئێمه‌ په‌وه‌ندییه‌کی پته‌و و یه‌کجار باشمان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سه‌عوودیدا هه‌بوو و ئه‌م پێشینه‌یه‌، بۆ خۆی بۆته‌ هۆکاری ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بۆ عێراق. هه‌ر به‌م هۆیه‌، من گه‌شبینم و هیوا ده‌خوازم که‌ ئه‌م ئیمکانه‌ بوونی هه‌یه‌ که‌ عێراق بتوانێت ئه‌م پردی په‌یوه‌ندی دوو لایه‌نه‌یه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی کێشه‌ و ئاڵۆزییه‌کان دابین بکات.

نامه‌ نیوز ـ به‌شی سیاسه‌ت: یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی که‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، روانینه‌کانی زیاتر له‌ رابردوو سه‌باره‌ت به‌ پرسی وڵاتی عێراق و پێگه‌ی ئه‌و له‌ پێکهاته‌ دیپلۆماتیکه‌کاندا بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه‌، ده‌وری گرینگی ئه‌م وڵاته‌ وه‌کوو ئه‌کته‌رێکی گرینگی ناوچه‌یی و خاوه‌نی جۆربه‌جۆریی مه‌زهه‌بی شیعه‌ و سوننی له‌ ناوبژیوانی کردن له‌ نێوان کێشه‌ و ناکۆکییه‌ جۆراوجۆره‌کان دایه‌. له‌م رۆژانه‌ی دواییدا که‌ پرسی نێوه‌ندگیریی عێراق له‌ نێوان ئێران و عه‌ره‌بستانی سعوودی گه‌رمه‌، چووین بۆ لای "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران و کارناسی بابه‌ته‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ورده‌کارییه‌کانی ئه‌م نێوبژیوانییه‌ و توانایی ئه‌م وڵاته‌ له‌ دابین کردنی هه‌مدیسانی په‌یوه‌ندیی، زانیارییه‌کی زیاتر به‌ ده‌ست بهێنین.

 

به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و پرسه‌ی که‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ناوبژیوانی کردنی عێراق له‌ نێوان ئێران و عه‌ره‌بستان و گه‌شتی ئه‌م دواییه‌ی وه‌رۆک وه‌زیرانی وڵاتی عێراق بۆ ریاز بۆ دانوستاندن، به‌ بۆچوونی ئێوه‌ ئایا عێراق له‌ بارودۆخی ئێستاکه‌دا توانایی وه‌ها کارێکی دیپلۆماتیکی لێ ده‌دات‌.    

هه‌ڵبه‌ت به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی چرا سه‌وزه‌کانی ئه‌م دواییه‌ بۆ دانوستاندن له‌ نێوان دوو وڵاتدا، ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌ ئێوه‌ی [ئێرانییه‌کان بپرسین] بپرسین (به‌ پێکه‌نینه‌وه‌). به‌ڵام یه‌که‌م ده‌بێت یه‌ک مه‌نزومه‌ی ئه‌منییه‌تی له‌ ناوچه‌که‌دا دابین بکرێت که‌ له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، زۆربه‌ی وڵاتان له‌وانه‌ ئێران، هاتوون بۆ لای عێراق. خاڵی دووهه‌م ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌ بیرتان مابێت. سه‌رۆک وه‌زیرانی عێڕاق سه‌ره‌تا چوو بۆ چین و له‌ دوای ئه‌نجامدانی هه‌ندێک له‌ دانوستاندنه‌کان هات بۆ عه‌ره‌بستانی سه‌عوودی و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌م وڵاته‌ دیدار ووتووێژی کرد.

لێره‌ به‌ دواوه‌، ئیدی پرس و بابه‌تی ناوبژیوانی نایه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵکوو ئێران و عه‌ره‌بستانی سه‌عوودی ده‌بێ ببینن که‌ ده‌توانن له‌ چوارچێوه‌ی بارودوخێکدا پێکه‌وه‌ هاوکاری بکه‌ن یان نه‌خێر. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌رپرسانی سه‌عوودی قه‌بووڵیان کرد که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ئه‌م پرسه‌ له‌ نێو خاکی عه‌ره‌بستانی سه‌عووی به‌ شێوه‌ی جیدی ئاراسته‌ بکات، ئه‌مه‌ خۆی ره‌وت و هه‌نگاوێکی ئه‌رێنیه‌.

 

به‌م دوواییانه‌ رۆژنامه‌ی سه‌عوودی ئه‌لعه‌ره‌ب نزیکی له‌ حکومه‌تی ئه‌م وڵاته‌، داخوازه‌ی ئه‌مه‌ی کردووه‌ که‌ عێراق بێ لایه‌ن نیه‌ و هه‌ندێک تاوانیشی ئاراسته‌ کردووه‌. ئایا په‌یوه‌ندیی باشی نێوان عێراق له‌ گه‌ڵ ئێڕان به‌ربه‌ستێک له‌ پێناو وه‌دی نه‌هاتنی ئامانج و مه‌به‌سته‌کانی دیپلۆماتیکی ئه‌م وڵاته‌ له‌ ناوچه‌که‌دا نیه‌؟

ئێمه‌ نایشارینه‌وه‌ که‌ له‌ نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران په‌یوه‌ندییه‌کانی زۆر باش و ئه‌رێنی بوونی هه‌یه‌ و به‌ بڕوای من له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا، درێژه‌ی ده‌بێت. عێراق ته‌نیا له‌به‌ر هۆکاری هه‌بوونی هه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌، وه‌ها بیرۆکه‌یه‌کی بۆ ناوبژیوانی کردن له‌ نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌‌ گرینگه‌ی ناوچه‌ی "دیپلۆماتیک" ئه‌نجامی داوه‌. سه‌رۆک وه‌زیر، سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق له‌ پێشکه‌وتنی ئه‌م ئامانجه‌ دیپلۆماتیکه‌، یه‌کجار جیدین و ته‌نانه‌ت مه‌رجی بێ لایه‌نیش ده‌پارێزن. هاوکاریی و دۆستایه‌تی ئێران و عێراق کارێکی روون و ئاشکرایه‌. به‌ڵام نابێت له‌ بیرمان بچێت که‌ له‌ لایه‌نی ره‌گه‌ز، گه‌ل و زمان، عێراق وڵاتێکه‌ که‌ له‌ جۆری پێکهاته‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیی دیکه‌ی ناوچه‌ بووه‌ و له‌م لایه‌نه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌بستانیش نزیکته‌ و ئه‌مه‌ ده‌بێت هۆی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستان ئێمه لایه‌ن و وێكچووی نزیکمان هه‌بووه‌ که‌ بتوانین ده‌وری ناوبژیوان بگێڕێن.

له‌ حکومه‌ته‌کانی رابردووی عێراق، ئێمه‌ په‌وه‌ندییه‌کی پته‌و و یه‌کجار باشمان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سه‌عوودیدا هه‌بوو و ئه‌م پێشینه‌یه‌، بۆ خۆی بۆته‌ هۆکاری ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بۆ عێراق. هه‌ر به‌م هۆیه‌، من گه‌شبینم و هیوا ده‌خوازم که‌ ئه‌م ئیمکانه‌ بوونی هه‌یه‌ که‌ عێراق بتوانێت ئه‌م پردی په‌یوه‌ندی دوو لایه‌نه‌یه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی کێشه‌ و ئاڵۆزییه‌کان دابین بکات.

 

لینکی وتووێژ:

https://namehnews.com/fa/news/556573/نماینده-اقلیم-کردستان-عراق-با-میانجیگری-عراق-میان-ایران-و-عربستان-گام-مثبتی-برداشته-شد

شەممە, 21 ئەیلول 2019

 

سازدانی: زەمەن

نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران دەڵێت: هەرچەندە لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێ ئێران دیسان سنوورەکانی بۆردومانکردەوە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ساردبوونەوەو تێکدانی پەیوەندی هەردوولا، چونکە تێگەیشتنی تەواویان هەیە بۆ ئەو رووداوانە روودەدەن.

لە دیدارێکدا لەگەڵ “زەمەن”، نازم دەباغ ئاماژە بەوە دەکات، بۆ دانوستان و کۆبوونەوەی حزبەکانی رۆژهەڵات و کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتێکی ئەوروپا، ئەوانیش لەڕێی میدیاکانەوە بیستوویانەو دڵنیا نین لە راستی هەواڵەکە.

* کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم چۆن دەڕوانێتە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێراندا، ئایا هیچ گۆڕانێکی نەوعی بەسەر ئەو پەیوەندییانەدا دێت؟
- پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، بە دڵنیاییەوە ئەگەر روو لە باشتربوون نەبێ ئەوا کەمتر نابێ لە کابینەکانی پێشوو. حکومەتی هەرێم پێیوایە پێش هەموو شتێ هەبوونی پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران و تورکیا. ئێران لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا، رۆڵێکی گرنگی هەبووەو دەبێ لە سەقامگیری ئەمنیەت و ئاسایش لە هەرێمی کوردستاندا.

* لەسەروبەندی دەستبەکاربوونی سەرۆکی حکومەت و کابینەی نوێ، ئێران تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کردووەو بەوهۆیەوە کچێک شەهیدو چەند کەسی تر برینداربوون، ئەم ئاڵۆزییانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تاران دەبێ؟
- راستە لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ ئاڵۆزی لەسەر مەرزەکان درست بوو. چونکە لەو کاتەدا لەناوخۆی ئێراندا چەند رووداوێک روویاندا و سوپای ئێران وەک کاردانەوە بەو چالاکی و رووداوانە، بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی کردەوە، بەڵام هەردوولا تێگەیشتنیان هەبوو بۆ بارودۆخەکەو کاریگەری نەبوو بۆ سەر تێکچوونی پەیوەندییەکان. هەردوولا هەوڵیاندا پێش بەو جۆرە چالاکی و رووداوانە بگرن کە روویاندا و جارێکی تر روو نەدەنەوە. خۆشبەختانە ئێستا ئارامیی هەیە و پەیوەندییەکان لە شوێنی خۆیاندان بە باشی.

* ئێستا کەمتر لە ساڵانی رابردوو سەردان و هاتن و چوون هەیە لەنێوان بەرپرسانی هەرێم و ئێران بۆ لای یەکتر، هۆی ئەم کەمبوونەوانە چین؟
- یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئەم سەردان و دیدارانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، پێکهێنانی کابینەی نوێ زۆر درێژەی کێشا. هۆکاری دووەمیان ئەوەیە ئێران لەڕێی کەناڵ و شێوازی پەیوەندی خۆیەوە، بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێم. ماوەی رابردوو کە هەردوو سەرکونسوڵگەری نوێی ئێران لە هەولێر و سلێمانی دەستبەکاربوون، ئاگامان لێیان بوو لە پەیوەندییەکی چڕوپڕدابوون لەگەڵ هەموو بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لایەنە سیاسییەکانیش. واتا دەکرێ بڵێین پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدایە تا رادەی دڵنیایی و رازی بوون.

* ئێران بانگێشتی هیچکام لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و پەرلەمانی نەکردووە بۆ تاران؟  
- بۆ بانگهێشت و داوەتی هەرکام لە سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی پەرلەمان و حکومەت، هەمیشە ئەو بانگێشتانە لە ئارادایە. هەرکات زەمینە لەباربێ و بڕیار بدرێ، بەدڵنیاییەوە لەلایەن ئێرانەوە لە ئاستی پێویستدا پێشوازی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکرێ.

* گەمارۆکانی سەر ئێران، چ کاریگەرییەکی هەنووکەیی  ودوور مەودای بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەیە؟
- هەر گەمارۆیەک بۆ سەر ئێران، یان هەر ئاڵۆزی و پشێویەک لە ناوچەکەدا، کاریگەری دەبێ لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش. چ کاتیی بێ یان درێژخایەن. بەڵام خۆشبەختانە سیاسەتی حکومەتی هەرێم و عێراق، هەروەها سیاسەتی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە کۆماری عێراق، دەکرێ بە سیاسەتێکی دروست حسابی بۆ بکرێ کە لەم مەسەلەیەدا بێلایەنە لەو ململانێ و گەمارۆیانەی هەیە. ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەبێ چاوەڕێی بکەین بۆ داهاتوو.

* هەرێمی کوردستان لەژێر گوشارێکی دوو لایەنەدابوو لە سەرەتای سەپاندن‌و توندکردنەوەی سزاکان هەم لەلایەن ئەمریکاوە، هەم لەلایەن خودی ئێرانەوە، ئێستاش ئەو گوشارانە هەر ماون؟
- بەڵێ راستە هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا دەکەوێتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە لەو هەلومەرجەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە بەتایبەت لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. بەڵام خۆڕاگری و لێزانی، سیاسەتی راست و دروست بۆی هەیە کاریگەری ئەم فشارانەی سەر هەرێم کەمتر بکاتەوە. 

* پەیوەندی حزبەکانی کوردستان لەگەڵ ئێران وەکو جاران ماوە؟ ئایا دیدار و یەکتربینینەکان لەڕێی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمە یان خۆیان راستەوخۆ پەیوەندی بە بەرپرسانی ئێرانەوە دەکەن؟
- بەڵێ.. پەیوەندی حزبەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران، هەر لە ئاستی خۆیدایە وەکو پێشوو. خۆیان لە پەیوەندیدان و شاندەکانیان سەردانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەکەن و شاندەکانی ئێرانیش بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ هەڵاواردن  وئیستسنا سەردانی هەموو لایەنانەکان دەکەن. پێشتریش باسمان کردووە کە ئەو حزبانە لەڕێی کەناڵی تایبەتی خۆیانەوە، راستەوخۆ لەگەڵ ئێران پەیوەندی دەکەن. حکومەتی هەرێم و نوێنەرایەتییەکەی لە تاران دەکرێ ئاگاداری ئەو سەردانانەبێ، بەڵام ئاگای لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و بەرنامەی ئەو سەردانانە نییە.

* وابڵاوکرایەوە مانگی رابردوو، نوێنەرانی حزبەکانی رۆژهەڵات لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە وڵاتێکی ئەوروپا چاوپێکەوتنیان هەبووە، رۆڵی حکومەتی هەرێم چیە لەو دیدار و گفتوگۆیانەدا؟ 
- بۆ ئەو دیدار و دانیشتنانەی حزبەکانی کوردستانی ئێران، ئێمەش وەکو هەموو لایەنەکانی تر، هەر لەڕێی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بیستوومانە. زانیاری و بەڵگەیەکی ئەوتۆمان لا نییە کە بیسەلمێنن ئایا ئەو دانیشتنانە کراون یان نا.

* ساڵانە بڕێکی زۆر خۆراک و کاڵای بەسەرچوو لە ئێرانەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، هەروەها ناوبەناو پارەی تەزویر لە ئێرانەوە رەوانەی هەرێم دەکرێ، تۆ وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێم بەرپرسانی ئێرانت لەم خراپەکارییانە ئاگادار نەکردووەتەوە تا سنوورێکیان بۆ دابنرێ؟
- سەرپێچی لە کاری بازرگانی و ئەو شتانە، هەمووی لە دەرەوەی سیستمی بانکیی و هەردوو حکومەتی ئێران و هەرێمی کوردستانە. هەر کاتێ سکاڵا و کێشە هاتبێتە لامان گەیاندوومانە بە حکومەتی ئێران یان هەرێمی کوردستان. کێشەی گەورەی بازرگانی لەنێوان ئێران و هەرێمدا ئەوەیە تائێستا هەر بە شێوازی پیلەوەریی و دابینکردنی پێداویستی رۆژانەیە لە مەرزەکاندا، بۆیە زۆرجار ئەم کێشە و گرفت و زۆرجار سەرپێچیانەش روو دەدەن.
مەسەلەی هێنانی کاڵای خراپ و بەسەرچوو، شتێک نییە تەنیا لە ئێرانەوە بنێردرێتە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکو لە وڵاتەکانی تریشەوە ئەو شتانە دەهێنرێن. بەڵام دیارە هەندێ کەناڵی راگەیاندن ئەوەندەی فۆکەسی لەسەر ئێرانە، ئەوەندە لەسەر وڵاتەکانی تر نییە.

 

شەممە, 14 ئەیلول 2019

زۆرجار وا پێش دێت رووداوه‌كانی رابردوو له‌گه‌ڵ هه‌ندێ قۆناغ و رووداوی سه‌رده‌م یه‌كده‌گرنه‌وه‌ و ده‌بێته‌ په‌ندێكی پێشینان.

ده‌گێرنه‌وه‌ ( كه‌ راستیشی تێدایه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری شوێنه‌كه‌ ناوی ناهێنم) له‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان كوێخای دێیه‌ك هه‌بووه‌، هه‌ستی كرد ده‌توانێت یاریه‌ك له‌گه‌ل دانیشتوانی دێكه‌دا بكات، له‌ وه‌رزی زستاندا دانیشتوانی دێكه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ و پێیان ده‌ڵێت: بیرۆكه‌یه‌كم هه‌یه‌، هه‌ندێ پاره‌م كۆكردۆته‌وه‌ و ده‌مه‌وێت خێره‌كه‌شی به‌ ئێوه‌ بگات، ده‌مه‌وێت ئه‌مساڵ بای دێكه‌ له‌ ئێوه‌ بكرم. دیاره‌ دانیشتوانی دێكه‌ ده‌بێته‌ مشتومڕیان و گاڵته‌ پێ كردن.... ده‌ڵێن كوێخا كاری وا چۆن ده‌بێت....؟ با چۆن ده‌فرۆشرێت؟.
كوێخا سوور ده‌بێت له‌سه‌ر داواكه‌ی خۆی و ده‌ڵێت ئێوه‌ چیتان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ با و ئه‌مه‌ش پاره‌، بۆ هه‌ر ماڵێك بڕێك دیاری ده‌كه‌ین و ده‌چینه‌ مزگه‌وت لای مه‌لای دێ به‌شه‌رع و شاهید. له‌  مزگه‌وتی ماڵی خوا رێككه‌وتن نامه‌كه‌ ده‌نووسین و هه‌ركه‌سێكیش په‌شیمان بێته‌وه‌ ده‌بێت چه‌ند به‌رابه‌ر برێك پاره‌ بدات، دانیشتوانی دێكه‌ ده‌ڵێن كه‌واته‌ بابڕۆین و كاره‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ین و ناوی خوای لێ بهێنین.
زستان رۆیی و به‌هار هات كه‌وتنه‌ مانگی دروێنه‌ و شه‌ن كردنی خه‌رمانه‌كانیان....
رۆژێ كوێخا هات و چووه‌ سه‌ر خه‌رمانه‌كان و ئاگاداری كردنه‌وه‌ نابێت خه‌رمان شه‌ن بكه‌ن! چونكه‌ باكه‌ هی ئه‌وان نه‌ماوه‌ هی كوێخایه‌...! ده‌بێت پاره‌ی شنه‌باكه‌ بده‌ن.
هه‌مووانی ئاگادار كرده‌وه‌ به‌ پێی رێكه‌وتنكه‌ش كه‌س بۆی نیه‌ بای دێكه‌ به‌كار بهێنێت ده‌نا گوناهبار ده‌بن به‌ شاهیدی مه‌لای دێ( له‌گه‌ڵ مه‌لای دێكه‌ كاكه‌براله‌یه‌كیان هه‌بوو.. جۆرێك له‌ رێككه‌وتن ) .... ناچار دانیشتوانی دێكه‌ له‌گه‌ڵ كوێخا رێكده‌كه‌ون و چه‌ند به‌رابه‌ر پاره‌ی فرۆشتنی باكه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ كوێخا و مافی با به‌كارهێنان بۆخۆیان ده‌گێرنه‌وه‌.....
ئه‌گه‌ر سه‌یری بارودۆخی ئه‌مرۆكه‌ی ئابووری كوردستان بكرێت له‌و گێژاوی قه‌یرانی دارایی كه‌ تێی كه‌وتووه‌ و كه‌وتۆته‌ ژێر فشاری حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌روه‌ها قه‌رزێكی زۆر و بارگران به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویستی به‌ هه‌نگاوێكی زیره‌كانه‌ و بوێرانه‌ هه‌یه‌، دیاره‌ بریاری ئابووری سه‌ربه‌خۆ  و نه‌وت فرۆشتن بۆ ئاینده‌ی ده‌مه‌زراندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، پرسێكی گرنگ و بوێرانه‌یه‌، ئه‌و بریاره‌ش ته‌نها بریاری تاك لایه‌ن نه‌بووه‌، به‌ڵكو بڕیاری هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و به‌ناو راوێژكاران و شاره‌زایانی بواری ئابووری بووه‌، بێ ئه‌وه‌ی وه‌كو خۆی سنووری جوغرافیای كوردستان و دوژمنه‌ ستراتیژی ومێژووییه‌كانی گه‌لی كورد ڕه‌چاو بكه‌ن، بزانن كێ ده‌یه‌وێت كورد له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێت. ئه‌مڕۆكه‌ وا ده‌بینرێت پرۆسه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆ و نه‌وت فرۆشتن وه‌كو ئه‌و په‌ندی لێ هات كه‌ با مان لێ كڕا و پێشمان ده‌فرۆشرێته‌وه‌.........!!

نازم عومه‌ر ده‌باغ
نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌ تاران

 

https://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=144094

چوار شەممە, 11 ئەیلول 2019

ماڵپەڕی هەواڵنێری "ئینتخاب" Entekhab.ir: نێودەوڵەتی / ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژ لەگەڵ "ئینتخاب": ئاستێک لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان "موقتەدا سەدر"ی ڕەوانەی تاران کردووە / بوونی سەدر لە تەنیشت ڕێبەری مەزنی ئێران بە کارێکی ئاسایی ناتوانین هەڵسەنگێنین / سەردانی سەدر بێگومان هەنگاوێگی گرینگە لە پێناو نزیککردنەوەی زیاتریی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانی سائێرون لە پەڕڵەمانی عێراق / هاوبەشی مەزهەبی، ئەویی لەگەڵ ئێران پێکەوە گرێداوە / ناکۆکییەکانی سەدر لەگەڵ ئێران، هیچ کاتێک ناتوانین لە پێگەی "دوژمنایەتی و شەڕ" هەڵسەنگێنین.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ سەردانی "موقتەدا سەدر" بۆ ئێران و بەشداریی ئەو لە تەنیشت ڕێبەری مەزنی ئێران لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی شامی غەریبان لە حوسەینییەی ئیمام خومەینی (رە) لەو باوەڕەدایە کەإ "سەردانی موقتەدا سەدر، مەسەلەیەکی نامۆ و سەرسوورهێنەر نییە. ئەو وەکوو کەسایەتییەکی مەزهەبی و سیاسی شیعە کە پێگەی کۆمەڵایەتی بەرچاویی لە وڵاتی عێراق هەیە، ناتوانرێت وەکوو دیاردەیەکی دەگمەن لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ شیعەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەردەوام سەماحەتە مەزهەبییەکانی شیعە لە ئاستێکی بەربڵاو و پۆزێتیڤدا پەیوەندییان لەگەڵ سەماحەتە مەزهەبی و حکوومەتییەکانی ئێران لە ساڵانی دوای شۆڕش تا ئێستا هەبووە."

دەباغ لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "ئینتخاب" ڕایگەیاند: "هەر چەندە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ناکۆکییەکانی نێوان سەدر لەگەڵ ئێرانمان بینیوە بەڵام لە کۆتاییدا هاوبەشە مەزهەبیەکان ئەوان لەگەڵ ئێران پێکەوە گرێدەدات. لەو ناوەندەدا، تەنیا مەسەلەی کات و قۆناغە گونجاوەکانە کە گرینگی هەیە." 

ئەو دیپڵۆماتە کوردە عێراقییە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "لە بواریی سیاسەت هیچ کاتێک ناتوانین بە تەواویی دەست لەسەر کێشە یا دۆستایەتی دابنێین. هەر وەکوو چۆن لە هەندێک باروودۆخدا موقتەدا سەدر ئاستێک لە ناکۆکی لەگەڵ ئێراندا هەبووە، لە قۆناغی نوێشدا ئاستێک لە بەرژەوەندیی هاوبەش، ئەویی ڕەوانەی تاران کردووە. بێگومان دەتوانرێت سەردانی موقتەدا سەدر بۆ ئێران، بە هەنگاوێگی گرینگ لە پێناو نزیککردنەوەی زیاتریی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانی سائێرون لە پەڕڵەمانی عێراق هەڵسەنگێندرێت. 

"نازم دەباغ" گوتیشی: "سەردانی موقتەدا سەدر بۆ تاران و بوونی ئەو لە تەنیشت ڕێبەری ئێران، کاریگەری ئیجابی و پۆزێتیڤ لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا دادەنێت. هاوپەیمانی سائێرون وەکوو گەورەترین ڕەوتی ئامادە لە پەڕڵەمان، نوێنەرانێکی لە حکوومەت و داموودەزگا جۆراوجۆرەکاندا هەیە. ئامادەبوونی ڕێبەری ئەو ڕەوتە لە تاران، بێگومان کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ تاران دادەنێت و دەتوانێت لە نزیککردنەوەی دوو وڵاتی ئێران و عێراق کاریگەری دابنێت."

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ناتوانین بوونی سەدر لە تەنیشت ڕێبەری مەزنی ئێران بە کارێکی ئاسایی و ساکار هەڵسەنگێنین. کەسێک ناتوانێت لە ڕێوڕەسمێکی بەم شێوەیەدا ئامادەبێت و دوای گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆی قسە بە پێچەوانەی کردەوەی خۆی بکات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ناکۆکییەکانی سەدر لەگەڵ ئێران، هیچ کاتێک ناتوانرێت لە پێگەی "دوژمنایەتی و شەڕ" هەڵسەنگێندرێت، بەڵکوو زیاتر لە چوارچێوەی ناکۆکییەکان دەبێت شیبکرێتەوە.

لینکی چاوپێکه‌وتن:
https://www.entekhab.ir/fa/news/500590/سطحی-از-منافع-مشترک-مقتدی-صدر-را-راهی-تهران-کرده-حضور-صدر-در-کنار-مقام-معظم-رهبری-را-امری-ساده-نمی-توان-ارزیابی-کرد-سفر-مقتدی-مطمئنا-گامی-مهم-در-راستای-نزدیکی-بیشتر-میان-ایران-با-ائتلاف-سائرون-در-پارلمان-عراق-است-اشتراک-مذهبی-او-را-با-تهران-گره-زده-اختلافات-صدر-با-ایران-را-هیچگاه-نمی‌توان-در-مقام-دشمنی-و-ستیز-مورد-خوانش-قرار-داد

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی