امروز: شەممە 23 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

   وتووێژەکان

   وتووێژەکان (197)

سێ شەممە, 26 ک دووەم 2021

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایدەگەیەنێت “داوای روونکردنەوەمان لە بەرپرسانی تاران کردووە لەبارەی ئەو فیلمەی لەسەر رووداوەکانی نیازی داعش بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری هەولێر لە ساڵی 2014 بەرهەمهاتووە”.

بەپێی هەندێک میدیا، کۆمپانیای (مەصیر)ی ئێرانی بە هاوکاری تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران و سوپای پاسداران لەبارەی ڕۆڵی قاسم سلێمانی لە شەڕی داعش فیلمێکی دروستکردووە کە تیایدا مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان داوای هاوکاری لە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران دەکات.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە SNNی راگەیاند “لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە پەیوەندیدان و چاوەڕێی روونکردنەوەیان دەکەین لەسەر چۆنێتیی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە”.

وتیشی: “سبەینێ کۆبوونەوەیان دەبێت و وەڵامی رسەمیی حکومەتی ئێران وەردەگیرێت لەسەر فیلمەکە کە ئایا کۆمپانیایەک بەرهەمی هێناوە یاخود لایەنێکی رەسمی حکومەت بەو کارە هەستاوە”.

زکری موسا، ڕاوێژکاری میدیایی مەسعود بارزانی لەمبارەیەوە دەڵێت: “ئێرانییەکان حەقی خۆیانە هەتا دەتوانن مەدحی قاسم سلێمانی بکەن، بەڵام بۆچی ئەوە دەبێ لەسەر حیسابی گەلی کوردستان و سووکایەتیکردن بێت بە کورد؟”.

وتیشی: “ئامانج لەو جۆرە فیلمانە تەحریفی تاریخ و نەهێشتنی قارەمانێتیی پێشمەرگەیە لە زەینی خەڵکی ناوچەکە”.

بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دەنگدانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و لە هەرێمی کوردستان لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.

https://snnc.co/61790/

 

یەک شەممە, 24 ک دووەم 2021

 میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کورتە فیلمێکییان بڵاوکردەوە بەناوی (تەوەکول)کەتێیدا باس لەهاوکاری ئێران دەکات بەسەرۆکایەتی (قاسم سلێمانی) لەپاراستنی هەولێری پایتەختی هەڕێمی کوردستانی عیراق لەهێرشی داعش، بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمە کاردانەوە و نیگەرانی لای بەشێک لەهەرێمی کوردستان و تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە دروستکردووە. نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەتاران لەم وتووێژەدا باس لەوەدەکات ئێران دڵنیایی کردونەتەوە ڕێوشوێن دەگرنەبەر دژی ئەو لایەنەی فیلمەکەی بەرهەمهێناوە وەدەیانەوێت دڵنیاببنەوە کێ لەپشتیەوەیەتی.

 

"ئێران دڵنیاییان دا کەئه‌مه‌ سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانی نیه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتی"دیاره‌ بۆ به‌دواداچوون له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌وباره‌وه‌ له‌گه‌ڵ سێ چوار له‌و كه‌ناڵانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیمان هه‌یە وە په‌یوه‌ندیمان كردووه‌ دڵنیاییان دا کەئه‌مه‌ سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانی نیه‌ و وه‌كو سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕێزگرتنه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی كورد و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌كاریزمایان هه‌یه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سه‌ته‌ش داوایان له‌سه‌ركونسوڵی خۆیان كردووه‌ له‌هه‌ولێر كه‌به‌زووترین كات كۆنفڕانسێكی هه‌واڵی ببه‌ستێت، له‌و كۆنفڕانسه‌دا ره‌تی بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كاری كۆماری ئیسلامی ئێرانی بێت به‌ڵكو كه‌سانێك یان كۆمپانیایه‌ك ئه‌م كاره‌ی كردووه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی وه‌ به‌دوای ئه‌وه‌شدا ده‌گه‌ڕێن كه‌كێ له‌پشتی ئه‌م كاره‌دا بووبێت."

نازم دەباغ ئەوەشی وت" له‌ڕاستیدا من ده‌مه‌وێت بۆچوونی خۆم بڵێم له‌و بابه‌ته‌دا چونكه‌ هه‌ندێك كێشه‌ و هه‌ندێك شت هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌دووادانه‌چوونی زیاتر بێت له‌قازانج به‌ڵام له‌كاتی خۆشیدا پێویسته‌ ئێمه‌ وه‌كو كوردێك و وه‌كو نوێنه‌ری حكومه‌ت وه‌ڵاممان هه‌بێت، ئه‌م بابه‌تانه‌ كه‌ده‌وروژێن بابه‌تێكن من وایده‌خوێنمه‌وه‌ و پێم وانییه‌ كه‌ئه‌مه‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانی بێت به‌ڵام ده‌كرێت بڵێن كه‌كه‌سانێك یان ئۆرگانێك بێت به‌مه‌ستێكی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌تانه‌ باس بكات."

دەباغ دەشڵێت" ئێمه‌ وه‌كو كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان، "به‌نده‌ وه‌كو نوێنه‌ری حكومه‌ت چه‌ندین جار جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ كورد به‌وه‌فایه‌، وه‌ چاكه‌ و پیاوه‌تی و كۆمه‌كەكانی هیچ كه‌سێكی له‌بیرناچێت له‌وانه‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانی كه‌ له‌قۆناغه‌ سه‌خته‌كاندا هاوكاری خه‌ڵكی عێراق بووه‌ به‌كورد و عەره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه‌، دیاره‌ وه‌كو كوردیش زیاتر به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێته‌ سه‌رئه‌وه‌ی هاوكارییه‌كان به‌چاوی یه‌كدابده‌ینه‌وه‌، پێم وایه‌ كوردیش كه‌می نه‌كردووه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ خانه‌واده‌ی "ماڵی مه‌لا مسته‌فا" هه‌شت هه‌زار كه‌سیان ئه‌نفال كرا له‌سه‌ر ئه‌و كار و هاوكاریانه‌ی كه‌ له‌كاتی خۆی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ناوچه‌ی حاجی هۆمه‌ران هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد له‌شه‌ڕه‌كانی ئێران دژ به‌عێراق واته‌ ئێمه‌ ناكرێت هه‌موو جارێك بڵێین ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بووایه‌ له‌فڵانه‌ خاڵی مه‌رزی یان له‌فڵانه‌ شه‌ڕدا سوپای ئێران یان پاسدارانی ئێران ئه‌م شكسته‌یان ده‌كرد یان ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌یان مسۆگه‌ر نه‌ده‌كرد، بۆیه‌ به‌درێژایی خه‌بات و تێكۆشان هه‌موو لایه‌ك منه‌تمان به‌سه‌ر یه‌كدا هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌و منه‌ته‌ له‌چوارچێوه‌ی واجب و ئه‌ركدا بووه‌."

 

"شه‌ڕی داعش شه‌ڕێك بووه‌ هه‌م بۆ كورد هه‌م بۆ ئێران "

نازم دەباغ زیاتر وتی"ئێمه‌ وه‌كو كورد پێویستیمان به‌هاوكاری ئێران بووه‌، وه‌ كاتی خۆیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ من خۆم یه‌كێك بووم له‌وانه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكه‌وه‌ به‌دوایاندا ناردووم له‌و بابه‌ته‌وه‌ قسه‌مان كردووه‌، وه‌ من خۆم بۆچوونم وابووه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو كۆماری ئیسلامی ئێرانی ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌داعش په‌لاماری هه‌ولێری-دا "جه‌نابی كاك مه‌سعود" و كورد داوای كۆمه‌كیان له‌كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد من پێم وایه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ئێمه‌ بپارێزن به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌خۆشیان بپارێزن، له‌به‌رئه‌وه‌ من ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌رپرس له‌و باره‌وه‌ ڕاوێژمان كردووه‌ وتوومه‌ ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌ هه‌ولێر و له‌ناوه‌وه‌ شه‌ڕی داعش نه‌كات و ڕێگه‌ بده‌ین داعش سه‌ربكه‌وێت پێم وایه‌ ده‌بێت ئێران له‌ناو وڵاتی خۆی له‌سه‌ر مه‌رزه‌كانی شه‌ڕی داعش بكات جگه‌ له‌وه‌ی جارێكی تر بۆی هه‌یه‌ گه‌لی كورد ئاواره‌ بێت، واته‌ شه‌ڕی داعش شه‌ڕێك بووه‌ هه‌م بۆ كورد هه‌م بۆ ئێران هه‌م بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌دژی تیرۆریست بوون ئه‌مه‌ منه‌تی ناوێت به‌ڵكو ئه‌وه‌ هاوكاری ده‌وێت."

"ناكرێت مه‌رزێكی هه‌زار و په‌نجا كیلۆمه‌تری بپارێزیت له‌داعش ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی قاره‌مانی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌بێت "


سەبارەت بەوەی مەبەست چیە لەبڵاوکردنەوەی ئەو فیلم و باسکردنی ئەو بابەتە لەمکاتەدا؟ لەوەڵامدا نازم دەباغ دەڵێت" له‌مكاته‌دا بۆی هه‌یه‌ لایه‌نێك له‌وانه‌ی كه‌ مه‌به‌ستیان بێت بۆ لاوازی كورد و بۆ شكاندنی كورد به‌شێوه‌یه‌ك كه‌هه‌میشه‌ كوردیش بەرگری كردووه‌ خۆ چه‌ندین ساڵه‌ ته‌نها به‌هه‌ندێك كۆمه‌ك نه‌بووه‌، وه‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه‌كراوه‌ ڕاسته‌ له‌قۆناغی یه‌كه‌م له‌وانه‌یه‌ هێزێك بشكێت به‌ڵام كه‌ڕاده‌وستێت و خۆی ده‌گرێته‌وه‌ ،به‌دڵنیایی هێزی پێشمه‌رگه‌ش ڕۆڵی هه‌بووه‌ له‌سه‌ركه‌وتنی له‌ شه‌ڕه‌كاندا وه‌كو خۆشیان ده‌ڵێن به‌حه‌فتا كه‌س ناكرێت مه‌رزێكی هه‌زار و په‌نجا كیلۆمه‌تری بپارێزیت له‌داعش ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی قاره‌مانی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌بێت به‌ڵام من جارێكی تر جه‌ختده‌كه‌مه‌وه‌ كورد سوپاسی هه‌موو ئه‌و هاوكارییانه‌ ده‌كات كه‌هه‌ركه‌سێك كردبێتی له‌وانه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران، وه‌ نه‌ده‌بووایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی كوردی پێ بشكێنن و به‌وشێوه‌یه‌ به‌چاوی ئه‌و كه‌سانه‌یدا بده‌نه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان هێزی باڵا كه‌په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران باش بێت له‌م قۆناغه‌ی ئێستا له‌هه‌موویان په‌یوه‌ندییه‌كان پته‌وتر پارتی دیموكراتی كوردستانه‌."

"ئێران لێپێچینەوە دەکات و به‌دوای ئه‌وه‌شدا ده‌گه‌ڕێن كه‌كێ له‌پشتی ئه‌م كاره‌وه‌ بووبێت"


لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێتان وایە کۆماری ئیسلامی ئێران لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدۆیە بکات لەوەڵامدا نازم دەباغ وتی "به‌پێی ئه‌زموونی خۆمان له‌وبارانه‌وه‌ زۆرجار ئیجرائاتی خۆی كردووه‌ به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی یاسایی خۆیاندا، له‌كۆماری ئیسلامی ئێرانیش زۆرجار ڕۆژنامه‌كان له‌نێوان خۆشیاندا یاخود باڵه‌كانی ناو كۆماری ئیسلامی ئێرانی، ئه‌وه‌ی ڕیفۆرم خوازه‌ و ئه‌وه‌ی "موحافزكاران له‌ڕۆژنامه‌كان په‌لاماری یه‌كده‌ده‌ن بۆیه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كدا ده‌توانن لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن، وه‌ لێپێچینه‌وه‌یان لێ بكه‌ن كه‌به‌چ مه‌به‌ستێك ئه‌م كاره‌یان كردووه‌ چونكه‌ به‌دوای ئه‌وه‌شدا ده‌گه‌ڕێن كه‌كێ له‌پشتی ئه‌م كاره‌وه‌ بووبێت. "


دەباغ باس لەوەشدەکات" من پێم وایه‌ زۆرجار له‌م بابه‌تانه‌ی كه‌پێی ده‌وترێت دژایه‌تی و یان پێی ده‌وترێت شكاندن كراوه‌ و باسكراوه‌ چ له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی دژ به‌هه‌ندێك كه‌سی كورد وه‌كو له‌مڕۆژانه‌دا خه‌ڵك له‌سه‌ر جل و به‌رگی كوردی خه‌ڵك قسه‌ی كرد وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی باشی هه‌بوو له‌سۆشیال میدیاكاندا، وه‌هه‌روه‌ها له‌هه‌رێمی كوردستانیش له‌وانه‌یه‌ ڕاگه‌یاندن و ڕاگه‌یاندكار ئه‌م بابه‌تانه‌ی هه‌بێت، كاری ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌دواداچوونه‌ گه‌یاندنی گله‌ییه‌كانه‌، وه‌دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌سه‌ریشه‌ چونكه‌ ئێمه‌ له‌هه‌موو قۆناغه‌كان پێویستمان به‌یه‌كتری هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی شه‌ڕی تیرۆر، چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش له‌بیرمه‌ كه‌وترا مه‌سه‌له‌ی ڕاگه‌یاندن له‌كۆماری ئیسلامی ئێرانیدا قۆناغێكی به‌خۆوه‌ گرتووه‌ زۆرجار ڕه‌خنه‌ له‌ئیمام خومه‌ینیش گیراوه‌ له‌ڕۆژنامه‌كان، زۆرجار قسه‌ به‌یه‌كتریش ده‌ڵێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕاگه‌یاندن قورسایی خۆی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی كه‌ ته‌مسیلی سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانی ده‌كه‌ن ڕێگایان پێنادرێت."

" له‌وانه‌یه‌ كه‌سانێك هه‌بن بۆخۆی به‌سروشتی بزانن كه‌فیلمێكی دیكیومێنتاری بڵاو بكه‌نه‌وه‌ "

نازم دەباغ دەڵێت" من پێم وایه‌ له‌ئێران ئه‌وه‌نده‌ بیروڕاو بۆچون وخه‌ت و ئه‌ملاو ئه‌ولا هه‌یه‌ پێم وانیه‌ كه‌ناڵی ڕه‌سمی به‌رپرس ئه‌م كاره‌ی كردبێت، له‌وانه‌یه‌ كه‌سانێك هه‌بن بۆخۆی به‌سروشتی بزانن كه‌فیلمێكی دیكیومێنتاری بڵاو بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ی خۆی زانیاری هه‌یه‌ ئه‌گه‌رنا كوردیش ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌زۆر قۆناغدا هاوكاری باشی سوپای ئێرانی وپاسدارانی كردووه‌ له‌شه‌ڕه‌كانی دژ به‌عێراق به‌ڵام ده‌كرێت ئێمه‌ ئه‌وانه‌ بكه‌ینه‌ منه‌ت ئێمه‌ به‌منه‌تمان نه‌زانیووه‌ ئێمه‌ بەڕێكه‌وتنمان زانیووه‌."

"من پێم وانییه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بێت "


"من پێم وانییه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بێت به‌ڵام ده‌كرێت ئۆرگانێك به‌باشی زانیبێت بۆخۆی و ئه‌م بڕیاره‌ی دابێت و ئه‌م كاره‌ی كردبێت،
ئه‌وان چه‌ندین جار شتی وای هاتۆته‌ پێش، له‌سۆشیال میدیاكانی ئێران له‌ڕۆژنامه‌كانی ئێران جاری واهه‌یه‌ په‌لاماری كه‌سایه‌تی سه‌ركرده‌ كورده‌كانیان داوه‌ به‌تایبه‌تی "جه‌نابی كاك مه‌سعود" پێمان ڕاگه‌یاندوون وه‌ڵامیان داوینه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی ڕه‌سمی بێت له‌ڕۆژنامه‌ و له‌سایته‌كان و له‌ده‌زگا هه‌واڵیه‌كانی ڕه‌سمیه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌سه‌ر ئێران حسابه‌، ئه‌وانه‌ی ترده‌كرێت له‌چوارچێوه‌ی ئازادی ڕاگه‌یاندن حسابی بۆ بكرێت."نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران وای وت"

واتە لە ئێراندا ئازادی ڕادەربڕین بەوشێوەیە ڕێگەی پێدەدرێت لەکاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەنێودەوڵەتیەکان ئێران لەریزبەندی یەکەمەکانی پێشێلکاری ئازادی ڕادەربڕینە؟


لەوەڵامدا نازم دەباغ وتی" من پێم وانیه‌ ئازادی به‌و شێوه‌یه‌ بێت کەبەدڵی من و تۆ بێت، یا هه‌موو كه‌سێك ڕازی بكات به‌ڵام ڕۆژانه‌ شت ده‌خوێنینه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌یه‌كتر و ڕه‌خنه‌ی باڵی چاكسازی ڕه‌خنه‌ی كه‌سانی ئیسڵاحی و ڕه‌خنه‌ی كه‌سانی پارێزگار زۆر به‌ڕاشكاوی هه‌یه‌ و له‌ زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌كان ده‌بینرێت تەنانەت ڕەخنە لەحکومەت و لەسەرۆک کۆماریش لەئێراندا دەگرن. "

" ئێمه‌ له‌چاوماندایه‌ كه‌ هاوكارمان بوون، وه‌هاوكاریان بووین دژی حكومه‌تی عێراقی به‌عسی فاشیست "


هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد " له‌هه‌موو قۆناغه‌كان له‌و ڕۆژه‌وه‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانی هه‌یه‌ و سه‌ره‌تا پێش یه‌كێتی پارتی له‌په‌یوه‌ندیدا هه‌بووه‌، وه‌ له‌شه‌ڕه‌كانی كۆدۆ و حاجی هۆمه‌ران و زۆر شوێنی تر هاوكار بوون و به‌شداربوون دوای ئه‌وه‌ش له‌عه‌مه‌لیه‌تی فه‌تحی یه‌كه‌وه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌شدار بووه‌، به‌نده‌ش كه‌سێك بووم به‌رپرس بووم له‌كۆمه‌ڵێك هه‌ماهه‌نگی بۆ فه‌تحی یه‌ك و دوو وسێ، ئێمه‌ له‌چاوماندایه‌ كه‌ هاوكارمان بوون، وه‌هاوكاریان بووین دژی حكومه‌تی عێراقی به‌عسی فاشیست، وه‌ ئه‌م شته‌مان نه‌ به‌منه‌ت زانیووه‌ بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌وانیش تاڕاده‌یه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ میلله‌تێكی مه‌زڵوم و هێزێكی به‌رامبه‌ر عێراق تاڕاده‌یه‌ك لاواز بووین چاویشمان له‌وه‌بێت كۆماری ئیسلامی ئێرانی هاوكاری كردووین بۆیه‌ ئه‌م هاوكارییانە له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بووه‌ کەهاوكاربین له‌گه‌ڵ یه‌كدا."

"كه‌سێكی وه‌كو كاك مه‌سعود ، وه‌كو سه‌رۆك بارزانی بۆته‌ كاریزمایه‌ك كه‌ ڕووی تێكراوه‌"

باشە هۆکاری چیە ئەوە چەندین جارە ئێران بەمشێوازە بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی (کاک مەسعود) بارزانی دەکاتە ئامانج لەو فیلمانەدا لەکاتێکدا وەک خۆت ئاماژەتپێکرد ئێران هاوکاری یەکێتیش بووە وە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە کە یەکێتی و حیزبەکانی تریشی لێیە؟


نازم دەباغ بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە و دەڵێت" له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك له‌هۆكاره‌كان ئه‌وه‌بێت ئه‌مڕۆ له‌گۆڕه‌پانی هه‌رێمی كوردستان نازم پێی خۆش بێت یان پێی ناخۆش نه‌بێت كه‌سێكی وه‌كو كاك مه‌سعود، وه‌كو سه‌رۆك بارزانی بۆته‌ كاریزمایه‌ك كه‌ڕووی تێكراوه‌، وه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌و حكومه‌ته‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ئێستا له‌ هه‌ولێره‌، ئه‌سڵی كاره‌كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌ هه‌ولێر بووه‌ له‌هه‌ولێریش په‌یوه‌ندیه‌كه‌ "جه‌نابی كاك مه‌سعود" بووه‌، "جه‌نابی كاك نێچیرڤان" بووه‌ ئه‌مانه‌ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی ئه‌و شه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان كردووه‌ كه‌بارودۆخی هه‌ولێر وایه‌، وه‌ داعش په‌لاماری داوه‌ و پێویستمان به‌هاوكاری ئێوه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌كو خۆشیان باسیان كردووه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ئه‌مه‌ریكاشه‌وه‌ كردووه‌، به‌توركیاشه‌وه‌ كردووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی زوو هاتۆته‌ ده‌ست بۆ هاوكارییه‌كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانی بووه‌."

دەباغ زیاتر وتی" به‌ڵام ئه‌وان دێن فیلمێك ده‌رده‌كه‌ن و هه‌ندێك ته‌عبیر و شتی تر به‌ناوی "جه‌نابی كاك مه‌سعود" ده‌وترێت جێگای "نەقدە"، وه‌ جێگای گله‌ییه‌ ده‌بێت چاك بكرێت ئه‌مه‌ كه‌س له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌، واته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناكرێت كاك قوبادی تێدانه‌بێت و كاك قوبادیش بخرێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌ یان كاك بافڵ و كاك لاهوری تێدا نه‌بێت.ئه‌وه‌ی كه‌ كاره‌كته‌ری وتوێژو هاوكارییه‌كان بوون ئه‌م دووكه‌سه‌ بوون "جه‌نابی كاك مه‌سعود جه‌نابی كاك نێچیر."

 

"من نوێنه‌ری حكومه‌تی هەرێمی کوردستانم، كه‌نوێنه‌ری حكومه‌تم له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ڕێگه‌م پێده‌درێت قسه‌ له‌سه‌ر ئێران ده‌كه‌م "

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی ئەوەشی گرت کەهەندێکجار بیروبۆچونەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران حساب دەکرێت لەکاتێکدا ئەو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەو ڕووەوە دەڵێت" من نازمم هه‌ندێك كه‌س شیكردنه‌وه‌ی دژی من كردووه‌ كه‌ئه‌مه‌ نوێنه‌ری كۆماری ئیسلامیه‌، من نوێنه‌ری حكومه‌تی هەرێمی کوردستانم، كه‌نوێنه‌ری حكومه‌تم له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ڕێگه‌م پێده‌درێت قسه‌ له‌سه‌ر ئێران ده‌كه‌م به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كان ناوی من دێت له‌به‌رئه‌وه‌ی نوێنه‌ری حكومه‌تم به‌ڵام یه‌كێتیم . حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌می هه‌بووه‌ و هاواری كردووه‌ و داوای كۆمه‌كی كردووه‌ دوو كاراكته‌ر بوون كاراكته‌ری یه‌كه‌م "جه‌نابی كاك مه‌سعود" بووه‌، كاراكته‌ری دووه‌م "جه‌نابی كاك نێچیرڤان" بووه‌ ، وای لێهاتووه‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر پارتی ده‌یان خوێنێته‌وه‌ به‌رله‌وه‌ی له‌سه‌ر كورد بخوێنرێته‌وه‌ ئه‌مانه‌ كاراكته‌ری ئەساسی بوون له‌داواكاری كۆمه‌ك و یارمه‌تی بۆیه‌ خه‌ڵكانێك به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌تی ده‌توانێت وه‌كو خۆی باسی بكات، وه‌كو ئێستا باره‌گای بارزانی كه‌ وه‌زیرێك دێت بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌چێت له‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ویش ده‌بینێت، ئه‌مه‌ به‌ناوی پارتی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت جا له‌شوێنێكدا له‌به‌رژه‌وه‌ندیدابێت پارتییه‌ و له‌شوێنێكدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیدا نه‌بێت زیاتر چوارچێوه‌یه‌كی گشتی به‌خۆ وه‌ بگرێت ده‌گوترێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان."

 

https://www.dengiamerika.com/a/iran/5750487.html

 

 

یەک شەممە, 24 ک دووەم 2021

 نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لە بارەی بڵاوبوونەوەی كورتە فیلمێكەوە لەئێران لەسەر هەرێمی كوردستان رونكردنەوەی دا.

بڵاوبوونەوەی فیلیمێك لە ئێران كە باس لە هاوكاری ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دەكات لە شەڕی داعشدا نیگەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە و یاداشتی ناڕەزایەتی گەیەنرایە كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر لەلایەن سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی كوردستان لە تاران بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: ئێمە وەكو كورد پێویستیمان بەهاوكاری ئێران بووە، كاتی خۆیشی خۆم یەكێك بووم لەوانە لەلایەن چەند بەرپرسێكەوە بەدوایاندا ناردووم لەو بابەتەوە قسەمان كردووە.

دەشڵێت: ئەو ڕۆژەی داعش پەلاماری هەولێریدا‌و مەسعود بارزانی و كورد داوای كۆمەكیان لەكۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد، تەنها بۆ ئەوە نەبوو ئێمە بپارێزن، بەڵكو بۆ ئەوەبوو خۆشیان بپارێزن.

نازم دەباغ دەڵێت: من ئەو ڕۆژە لەگەڵ چەندین بەرپرس لەو بارەوە ڕاوێژمان كردووە وتوومە كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە هەولێر و لەناوەوە شەڕی داعش نەكات و ڕێگە بدەین داعش سەربكەوێت دەبێت ئێران لەناو وڵاتی خۆی لەسەر مەرزەكانی شەڕی داعش بكات جگە لەوەی جارێكی تر بۆی هەیە گەلی كورد ئاوارە بێت.

راشیگەیاند، شەڕی داعش شەڕێك بووە هەم بۆ كورد هەم بۆ ئێران هەم بۆ هەموو ئەوانەی دژی تیرۆریست بوون.

ئاماژەی بەوەشكرد فیلمەكە لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەڕمی ئێرانەوە بەرهەمنەهێنراوە و بەدواداچوونیش دەكەن لەوبارەیەوە.

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرچاوە/ VOA

 

https://xelk.org/slider/268572/

 

یەک شەممە, 10 ک دووەم 2021

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران گوتی: زۆر یەک لە کەسایەتییەکانی کورد و عەڕەبی عێراقی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر ئەمڕۆکە ژێنێڕال سلێمانی ببوایە، ئەم هەمووە گرفتەمان لە عێراق نەدەبینی و مەسەلەکانی عێراق لەوانە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد زووتر چارەسەر دەکرا. 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ "مەداری شەرقی" بە جەتکردنەوە لەسەر ڕۆڵی شەهید ژێنێڕال سلێمانی لە پاراستن و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گوتی: چالاکییەکانی شەهید سلێمانی لە سەردەمی شەڕیی نێوان ئێران و ڕژێمی سەدام لە عێراق دەستی پێکرد؛ بەڕێزیان هەر لەو کاتەوە لەگەڵ خەباتکارانی کورد و عەڕەبی عێراق پەیوەندیی هەبوو و ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە بەهێزکردن و پشتیوانی لە خەبات دژیی حکومەتی فاشیستی سەدام.

 

گوتیشی: سەڵانێکی زۆر، چالاکی و هەوڵی بەڕێزیان لە خەباتکارانی کورد و عەڕەبی عێراق بووە هۆی ئەوە کە دوای ڕووخانی حکومەتی سەدام، کۆماری فیدڕاڵی عێراق پێکهات و هەروەها هاوپەیمانی و پەیوەندیی کاریگەری نێوان کوردەکان و عەڕەبەکان لە لایەن بەڕێزیانەوە، بووە هۆی لە ناوچوونی گرفتەکانی نێوانیان.

 

ئەم سیاستوانە بەئەزموونەی کوردستانی عێراق بە ئاماژە بەوەی کە ژێنێڕال سلێمانی خەڵکی عێراقی لە ڕۆژگارە سەختەکاندا بەجێنەهێشت و هەمیشە لە درێژایی ساڵدا هاتووچۆی بۆ عێراق دەکرد، لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە چالاکییەکانی ژێنێڕال شەهید سلێمانی تەنیا بە چالاکییە سەربازییەکان نەبسترابۆوە و لە بواریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیشدا زۆر چالاکی هەبوو؛ بە شێوەیەک کە کڕینی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق و کڕینی غاز لە ئێران بە پشتیوانی و هەوڵی بەڕێزیان مسۆگر بوو و ئەو ڕەوتە تا ئێستاش هەر درێژەی هەیە.

 

دەباغ شەهید سلێمانی بە فەرماندەیەکی بوێر وەسف دەکات کە لە گۆڕەپانی شەڕدا بۆخۆی ئامادەدەبوو و تەنیا لە دوورەوە چالاکی نەدەکرد.

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، ئاماژە بە هێرشی داعش بۆ عێراق کرد و گوتی: من زۆر جار گوتوومە و دیسان دەیڵێمەوە کە ئەگەر هەوڵەکانی ئێران بە فەرماندەیی ژێنێڕال سلێمانی نەبوایە، بێگومان بەغداد دەکەوتە دەست داعشەوە.

 

گوتیشی: کاتێک ئەلقاعیدە هێرشی کردە سەر عێراق، هاوکارییەکانی ژێنێڕال سلێمانی لە فەلووجە و نەجەف بوو کە بووە هۆی تێکشکاندنی ئەلقاعیدە و هەروەها کاتێک کە داعش هێرشی بۆ مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق کرد، پشتیوانی و بەهێزکردنی هێزەکانی عێراق لە لایەن ژێنێڕال سلێمانی و خەباتەکانی بەڕێزیان بوو کە داعش تێکشکا؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە داعش دوای هێرش بۆ مووسڵ، مەبەستی بوو کە هێرش بکاتە سەر هەولێر، کە هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ژێنێڕال سلێمانی بۆ هەرێمی کودستان، پێشی داگیرکردنی داعش بۆ ئەم ناوچەیەی هەرێمی کوردستانی گرت.

 

"نازم دەباغ" کە پێش لەوەی کە نوێنەری هەرێمی کوردستان بێت، نوێنەری تایبەتی ڕەانشاد "جەلال تاڵەبانی" لە ئێران بوو، گوتی: لە نزیکەوە شەهید سلێمانیم دەناسی و لەو بڕوایەدام کە شەهید سلێمانی باوەڕیی هەبوو کە سەقامگیری و هێمنی عێراق، دەبێتە هۆی ئاسایش و هێمنی ئێران و لە ڕاستیدا هەوڵیدەدا تاکوو ئاسایش و هێمنی وڵاتەکەی لە دەرەوەی سنوورەکان و لە عێراق و سووریا بەدیبێت. 

 

ئەم کەسایەتییە کوردە شەهید سلێمانی بە فەرماندەیەکی بوێر و سیاسەتوانێکی وریا دەناسێت و لەوبڕوایەدایە نابێت بیربکەینەوە کە ژێنێڕال سلێمانی تەنیا فەرماندەیەکی سەربازیی بوو، بەڕێزیان سیاسەتوانێکی لێهاتوو بوو کە لێکدانەوەیەکی ورد و ڕێکووپێکی لە ناوچەکە هەبوو.

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا گوتی: دوای کۆچی دوایی بەڕێزیان، بۆشایی لە سیاسەتی ناوچەکەدا بوونی هەیە کە خۆشبەختانە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵیداوە تاکوو ئەو کەشووهەوایە کاریگەری نگەتیڤی لەسەر ناوچەکە نەبێت و من لەوباوەڕەدام کە بە هەوڵەکانی ئێران، باروودۆخی عێراق و ناوچەکە بەرەو ڕەوتێکی گونجاوتر دەڕوات.

 

لینکی وتووێژ: 

https://madaresharghi.ir/اگر-امروز-سردار-سلیمانی-بود،-مشکلات-بی/

سێ شەممە, 05 ک دووەم 2021

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەو بڕوایەدایە؛ هێرشی مووشەکی بۆ سەر عەین ئەلئەسد دەریخست، وڵاتێک بوونی هەیە کە لە هەر باروودۆخێکدا ئامادەیە وڵامی ئەمەریکا بداتەوە و ئەم وڵامدانەوەیە تەنیا بۆ ئەمەریکا سنووردار نییە.

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵنێری "تەسنیم" بە ئاماژە بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر پایەگای عەین ئەلئەسدی ئەمەریکا لە وڵامدانەوەی تیڕۆڕی ژێنڕال حاجی "قاسم سلێمانی" لە لایەن ئەمەریکاوە گوتی: کۆماری ئیسلامی ئێران پەیمان و بەڵێنی خۆی لە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهید حاجی "قاسم سلێمانی" لە ئەمەریکا هێنایەدی و مانای ئەم هێرشە مووشەکییە ئەوەیە کە هەر کارێک و هەنگاوێک لە دژیی ئێران ئەنجام بدرێت، لە لایەن ئێرانەوە بە توندی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، سەبارەت بە ڕووخانی شکۆی ئەمەریکا دوای هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر عەین ئەلئەسد ڕایگەیاند: دەتوانین بڵێین وڵاتێک بوونی هەیە کە لە هەر باروودۆخێکدا ئەو ئامادەیەی هەیە کە وڵامی ئەمەریکییەکان بداتەوە.

 گوتیشی: ئەم پەیامە تەنیا بۆ ئەمەریکا سنووردار نییە و دوژمنانی دیکەی ئێرانیش لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە.

 دەباغ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: کاتێک کە تاران، بە وڵاتێکی زلهێزیی وەکوو ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دژکردەوە نیشان دەدات، مانای ئەوەیە ئەگەر هاتوو لە هەر شوێنێک، هەڕەشە دژیی ئێران بوونی هەبێت لە لایەن ئەم وڵاتەوە بە توندی و بەوپەڕیی هێزەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. یانی ئەو هێرشە مووشەکییەی کە بۆ سەر پایەگای ئەمەریکییەکان لە عەین ئەلئەسد کرا، دەتوانێت لە دژیی شوێنی دیکەش ئەنجام بدرێت.

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وڵامی پرسیارێکدا کە "دوای هێرشی مووشەکی ئێران بۆ عەین ئەلئەسد، چ گۆڕانکارییەک لە ئاستی هاوکێشە ناوچەییەکەدا یا هەڵوێستی ئەمەریکییەکان بەدیکراوە؟" گوتی: گۆڕانکاری لە ئاستی بیری گشتی خەڵکیدا بەدیهاتووە کە دەبێت گرفتەکان لە لایەن دانووستانەوە چارەسەر بکرێت، چونکە زیادبوونی کێشە ناوچەییەکان ئیمکانی هەیە، بڵێسەی ئاوریی جەنگ هەڵبگیرسێنێت.

 

لینکی هەواڵ:

https://www.tasnimnews.com/fa/news/1399/10/17/2427242/ناظم-دباغ-حمله-موشکی-به-عین-الاسد-ثابت-کرد-اقدام-علیه-ایران-با-واکنش-قاطع-روبرو-خواهد-شد

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی