امروز: شەممە 23 ت دووەم 2024 برابر با 24 تشرینی دووەم 2024

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌تاران:

پێویستە پەیوەندیی ‌حزبە کوردستانییەکان و وڵاتانی دراوسێ بەیاسا رێکبخرێت

له‌دوای ئازادبوونی عیراقه‌وه‌، له‌به‌شێكی زۆر له‌و وڵاتانه‌ی په‌یوه‌ندی سیاسییان له‌گه‌ڵ پارته‌ كوردستانییه‌كان باش بوو، نوێنه‌رایه‌تی بۆ كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كرایه‌وه‌، هه‌رچه‌ند تائێستا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌به‌غدا به‌یاسا رێكنه‌خراوه‌، له‌هه‌رێمیش تێڕوانین‌و شێوازی كاری ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییانه‌ رێكنه‌خراوه‌. له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌ت به‌نوێنه‌رایه‌تییه‌كان‌و نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له‌كۆماری ئیسلامی ئێران، مامۆستا نازم عومه‌ر ده‌باغ وه‌ڵامی ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌ی كوردستانی نوێ-ی دایه‌وه‌.
 
نووسینگه‌ی تاران ئاماده‌یكردووه‌
 
*ساڵی رابردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم كۆنفرانسێكی‌ بۆ نوێنه‌ره‌كانی‌ حكومه‌ت به‌ست.ئه‌مه‌ بۆ یه‌كجار بوو؟ راسپارده‌وبڕیاره‌كانی‌ جێبه‌جێكرا؟به‌بڕوای‌ ئێوه‌ ئه‌مجۆره‌ كۆنفرانسانه‌ چه‌نده‌ گرنگن؟
-هه‌میشه‌ كۆنفرانس‌و كۆبوونه‌وه‌ی‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ گرنگه‌و گوڕوتینێكی‌ تر ده‌دات به‌نوێنه‌رایه‌تی‌‌و بۆ تازه‌كردنه‌وه‌و داڕشتنی‌ به‌رنامه‌ی‌ تازه‌.بۆیه‌ به‌ستنی‌ ئه‌مجۆره‌ كۆنفرانسانه‌ ساڵانه‌و جارجار گرنگی‌ خۆی هه‌یه‌.به‌بڕوای‌ من نه‌ك كۆنفرانس، به‌ڵكو (خولی دیپلۆماسی)ش گرنگه‌.دیاره‌ له‌ماوه‌ی‌دروستبوونی‌ حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كه‌مجار بوو له‌كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م به‌سه‌رپه‌رشتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌م كۆنفرانسه‌ به‌ستراو تائێستاش دیار نییه‌ كۆنفرانسی دووه‌م كه‌ی‌ ده‌به‌سترێت، كه‌چی‌ یه‌كێك له‌ڕاسپارده‌كانی‌ كۆنفرانس ساڵانه‌یه‌. دیاره‌ جگه‌ له‌مه‌ راسپارده‌و بڕیاری‌ گرنگی‌ تریش درا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ واخه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز. بۆ نمونه‌: بڕیاردرا كه‌ هه‌ر ساڵه‌‌و بۆ نوێنه‌رایه‌تیه‌ك بینایه‌ك بكڕدرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ساڵێك تێپه‌ڕی‌‌و هیچ وه‌ڵامێك نه‌بوو.وه‌عد وابوو كارمه‌نده‌كانی‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كان دابمه‌زرێنن كه‌چی ئه‌وه‌ سێ ساڵه‌ هیچ یه‌كێك له‌و كارمه‌ندانه‌ دانه‌مه‌زراون‌و ته‌نها لێره‌ ده‌رماڵه‌ وه‌رده‌گرن.
*كه‌واته‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان تاچه‌ند ئاگای له‌كاروباره‌كانتان هه‌یه‌؟ 
-ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ئاراسته‌كردن‌و ئاگاداربوونه‌وه‌یه‌ له‌بڕیارو راسپارده‌و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی‌ كه‌له‌ڕووی‌ سیاسییه‌وه‌ رووده‌ده‌ن، بۆئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌كات‌و ساتی‌ پێویست بتوانین بیروڕاوبۆچوونی‌ حكومه‌ت بگه‌یه‌نین، به‌ڵام هیچ شتێك له‌م بابه‌تانه‌ بوونی نییه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شی‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ڕێگای‌ راگه‌یاندن یان لێكدانه‌وه‌ی‌ شه‌خسی‌ ده‌ریده‌بڕین‌و نموونه‌ی بۆ فه‌رمانگه‌ ده‌نێرین هیچ جۆره‌ تێبینی‌‌و ئاگاداركردنه‌وه‌شمان پێناگات.
*ئه‌مه‌ بۆ گوێنه‌دان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یان لاوازی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌؟
-پێم وایه‌ هه‌مووی‌ مه‌سه‌له‌ی گوێنه‌دان‌و لاوازی‌ نه‌بێت، به‌ڵكو شێوه‌ی‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌رامبه‌ر شوێنی‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كان‌و هه‌ندێ پێیان وابێت نوێنه‌رایه‌تی‌ ئێران به‌ئه‌ندازه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ئه‌مریكاو به‌ریتانیاو هه‌ندێ شوێنی‌ تر گرنگ نییه‌، كه‌به‌بڕوای‌ من گرنگترین نوێنه‌رایه‌تییه‌ له‌بواری‌ سیاسی‌و جوگرافیاو ئابووری‌‌و ئه‌منییه‌وه‌.
*كۆماری ئیسلامی‌ ئێران چۆن سه‌یری‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات؟
-نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم گرنگی‌ خۆی هه‌یه‌ بۆ ئێران، له‌ڕووی ئابووری‌، فه‌رهه‌نگی، سیاسی‌و ئه‌منییه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بینین یه‌كه‌م وڵات بووه‌ كه‌ كۆنسوڵگه‌ریان له‌هه‌ولێرو سلێمانی‌ كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌موو به‌رپرسه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ سه‌ردانی‌ ئێران ده‌كه‌ن به‌ناونیشانی‌ ته‌واوی‌ خۆیان ناویان بڵاوده‌كرێته‌وه‌، كه‌چی له‌هه‌ندێ وڵاتدا ته‌نها به‌ناوی‌ هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
*په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و ئێران له‌ چ ئاستێكدایه‌و چۆن هه‌ڵیده‌سه‌نگێنیت؟
-ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم‌و كۆماری ئیسلامی باشه‌، به‌ڵام هه‌ڵكشان‌و داكشانی تێده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش زیاتر له‌ئه‌نجامی بیروڕا جیاوازه‌كانه‌، نه‌ك ناكۆكی. ئێمه‌ مادام په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ كه‌واته‌ دانیشتن‌و یه‌كتر بینین‌و گفتوگۆشمان ده‌بێت، پێداویستی‌وگرنگی‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا به‌كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری نه‌گۆڕو گۆڕاو وایكردووه‌ كه‌ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ زوو چاره‌سه‌ر بكرێن‌و چاره‌سه‌ر كراون.حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رنامه‌ی‌ سازدانی‌ كۆنفرانسێكی‌ هاوبه‌شی‌ هه‌یه‌ له‌هه‌ولێرو له‌ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ شاندێكی‌ به‌رز سه‌ردانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ده‌كات.
*ئه‌و هۆكارانه‌ چین كه‌ساردی دروست ده‌كه‌ن؟ فاكته‌ری ناوخۆی كوردستانن یان فاكته‌ری ئێرانین؟ یان نا فاكته‌ره‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم‌و ئێرانن؟
-پێموایه‌ هه‌ردووكیان‌و عیراقیشی تێدایه‌، خۆتان ده‌زانن حكومه‌تی ئێستای عیراق له‌ئه‌نجامی رێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق دروست بووه‌، دیاره‌ پێكهاته‌كان كوردو سوننه‌و شیعه‌ن، به‌حوكمی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌م پێكهاتانه‌ش به‌لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ وایكردووه‌ خوێندنه‌وه‌كان بۆ بابه‌ته‌ عیراقییه‌كه‌ بیروڕای جیاجیای لێبكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ سه‌ر واقیع، پێكهاتنه‌وه‌ دروست ده‌بێته‌وه‌.
*تائێستا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و كۆماری ئیسلامی، فراوانترین په‌یوه‌ندییه‌ كه‌هه‌رێم هه‌یبێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌، به‌ڵام هێشتا گرفتی ته‌كنیكی له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان هه‌یه‌، ڤیزا بۆ خه‌ڵكی هه‌رێم ماوه‌، كه‌ بۆ خه‌ڵكی ئێران ئه‌مه‌ نییه‌، هه‌روه‌ها بوونی سه‌رمایه‌گوزاری ئێرانی كه‌م ده‌بینین له‌هه‌رێم.
-له‌ڕاستیدا به‌شێكی فراوانی كێشه‌ی نێوان هه‌رێم‌و كۆماری ئیسلامی بۆ حكومه‌تی به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی ده‌ستووری عیراق، په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كی به‌یاسایه‌ك رێكده‌خرێت كه‌ تائێستا له‌عیراقدا نییه‌، به‌شی دووه‌می گرفته‌كان بۆ خودی باری ناوخۆی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا هه‌یه‌تی، ئه‌م دوو هۆكاره‌ وایكردووه‌ سه‌رمایه‌داری ئێرانی ترسی له‌سه‌رمایه‌ی خۆی هه‌بێت له‌ئاینده‌دا له‌هه‌رێم، هه‌روه‌ها نه‌بوونی سیستمی بانكی كه‌ بتوانێت زه‌مانه‌تی ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ بكات له‌وێ كه‌ئه‌مه‌شیان جارێكیتر بۆ گه‌مارۆكه‌ی سه‌ر ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ هۆكارن، نه‌ك جۆری په‌یوه‌ندییه‌كه‌.
*به‌ڵام ئێمه‌ رۆژانه‌ گرفتی هاتوچۆ له‌سنووره‌كان ده‌بینین كه‌هێشتا رێكنه‌خراوه‌، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی ئێرانییه‌وه‌؟
-راسته‌ ئه‌مه‌ هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ شوێنی مۆركردنی پاسپۆرت وه‌ك پێویست نییه‌، ئێمه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون، ئه‌وان ده‌ڵێن به‌ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كانی بیناسازی ناو خاڵه‌ سنوورییه‌كان ئه‌و گرفته‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، (نه‌تهێشت وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی پێشوو ته‌واو بكه‌م). له‌ڕاستیدا گرفتی‌ دووه‌م بۆ ئه‌و تێڕوانینه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی هه‌یه‌تی بۆ ئابووری خۆی كه‌پشت به‌نه‌وت ده‌به‌ستێت، بۆیه‌ ئاسانكارییه‌كانی بۆ كه‌رتی بازرگانی‌و كه‌رتی تایبه‌تی بازرگانی وه‌ك پێویست نین‌و تائێستا یاساكانیشی له‌ئاستێكی باشدا نین، من له‌چاوپێكه‌وتنێكم له‌گه‌ڵ سایتی فارس نیوز هه‌مان شتم وت: كه‌ئێران پێچه‌وانه‌ی توركیایه‌ له‌مبواره‌دا، چونكه‌ هه‌ر وڵاتێك كه‌ ده‌یه‌وێت بوارێك پێشبخات ده‌بێت یاساكانیش له‌م بواره‌دا ده‌ستكاری بكات‌و پێشیبخات. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌سه‌فه‌ری دواییدا كه‌ هاته‌ تاران، له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێران باسی لابردنی ڤیزای كردووه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
*سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌، ئێمه‌ ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ گرفتێك رووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه‌ كه‌ هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، ئه‌ویش گرفتی به‌رگرتنه‌ له‌به‌شه‌ ئاو یان وشككردنی رووباره‌ هاوبه‌شه‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی گه‌یشتوون به‌چی ئه‌نجامێك؟
-بێگومان ئه‌م گرفته‌ هه‌یه‌و به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش له‌ساڵانی داهاتوو زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م گرفتانه‌ هه‌یه‌، كه‌ ناكرێت رێڕه‌وی سروشتی ئاوه‌كان ده‌ستكاری بكرێن‌و هه‌ركه‌س ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و رێڕه‌وانه‌ مافی هه‌یه‌ سوودی لێوه‌ربگرێت، بۆیه‌ نابێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌مئاوی یان وشكه‌ساڵی وڵاتێك له‌سه‌ر حسابی وڵاتێكی دیكه‌ بێت، له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێران بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ده‌ریاچه‌ی ورمێ 70% وشكی كردووه‌، نزیكترین ئاویش له‌م ده‌ریاچه‌یه‌وه‌ زێی بچووكه‌ كه‌ده‌ڕژێته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی به‌نداوی دوكانه‌، خۆ ناكرێت له‌پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ریاچه‌یه‌ له‌وشكبوون رزگار بكرێت خه‌ڵكێكی زۆر له‌هه‌رێم بێئاو بكرێت یان به‌نداوی دوكان وشك بكرێت، بۆیه‌ لێره‌دا یاسای نێوده‌وڵه‌تی حوكم ده‌كات. به‌ڕای من ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بابه‌تێكی بچوك نییه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌تاران به‌جێ بهێڵرێت، به‌ڵكو پێویستی به‌گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم‌و به‌غدایه‌ هه‌تا ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران‌و توركیاش چاره‌سه‌ر بكرێت.
*به‌ڵام له‌مڕۆژانه‌دا پڕۆژه‌یاسایه‌ك بۆ په‌رله‌مانی عیراق ئاماده‌كراوه‌ كه‌ سه‌روه‌ری به‌كارهێنانی ئاو بدرێت به‌حكومه‌تی به‌غدا، له‌كاتێكدا ئێمه‌ كێشه‌ی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا ده‌زانین چه‌ند فراوانه‌، ئایا حكومه‌تی هه‌رێم خۆی چی كردووه‌و چی ده‌كات؟ ئه‌سڵه‌ن له‌گه‌ڵ ئێران باسكراوه‌؟
-راستییه‌ك هه‌یه‌ ده‌بێت بیزانین، ئایا حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ كارده‌كات یان له‌چوارچێوه‌ی عیراقی فیدراڵدایه‌؟ ئێمه‌ له‌ده‌ستووری عیراقدا به‌وه‌ ره‌زامه‌ندبووین كه‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌مان له‌ده‌ستی به‌غدادا بێت، كه‌واته‌ ئێمه‌ راسته‌وخۆ بۆمان نییه‌ بچینه‌ گفتوگۆی ره‌سمییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، به‌ڵكو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ یان حكومه‌تی به‌غداد ده‌بێت ئه‌م كاره‌ بكات. له‌ڕاستیشدا ئێران چاوپۆشی له‌زۆر بابه‌ت ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم په‌ره‌پێداوه‌، ئه‌گینا ده‌توانێت بڵێت بڕۆن له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌وه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌ن.
*ئه‌مه‌ی جه‌نابت راسته‌. به‌ڵام ئایا وه‌ك هه‌رێمی كوردستان چیتان كردووه‌ له‌م بواره‌دا؟
-له‌یه‌كێك له‌سه‌ردانه‌كانی به‌رپرسانی هه‌رێم بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌باره‌ی هه‌مان كێشه‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتی: پێم خۆشه‌ ئه‌م گرفته‌تان باسكرد، ئێوه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی خۆتان كێشه‌ی ئاوتان هه‌یه‌، ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ین له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێمانخۆشه‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ وه‌ڵامێكی دیپلۆماسی بوو، ئه‌گینا ئه‌م كێشه‌یه‌ نابێت ببه‌سترێت به‌كێشه‌ی تره‌وه‌.
*ساڵانه‌ كێشه‌ی نائارامی سنووره‌كان یه‌كێكی تر بووه‌ له‌و گرفتانه‌ی له‌نێوان هه‌رێم‌و ئێران ده‌هاته‌ ئاراوه‌، ساڵی پار به‌هۆی رێككه‌وتنێك یان ئاگربڕێكه‌وه‌ له‌نێوان پژاك‌و كۆماری ئیسلامی، ئه‌مساڵ ئه‌و نائارامییه‌ هه‌ستی پێنه‌كرا، ئایا ئه‌مه‌ تاكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت؟
-ئه‌م كێشانه‌ یه‌كێكن له‌و كێشانه‌ی كه‌كاری رۆژانه‌ی ئێمه‌ن، مه‌به‌ستم كێشه‌ی سنووره‌كانه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئاگامان لێبێت. خۆشبه‌ختانه‌ ئێمه‌ رۆڵێكی باشمان بینی له‌كپكردنه‌وه‌ی تفه‌نگ‌و تۆپه‌كان‌و ئه‌مساڵ وه‌ك خۆت وتت ئارامتر بووه‌، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی خۆشحاڵی هه‌موومانه‌، ئومێدیش ده‌كه‌ین به‌رده‌وامی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت‌و پێویستمان به‌وه‌ نه‌بێت چاو به‌ڕێككه‌وتنه‌كاندا بخشێنینه‌وه‌و ده‌ست به‌گفتوگۆی نوێ بكه‌ینه‌وه‌.
*دوو ساڵ پێش ئێستا كه‌ د.به‌رهه‌م سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو سه‌ردانی ئێرانی كردو باسی پڕۆژه‌ی شاری پیشه‌سازی له‌سلێمانی كراو بڕیاروابوو رێگه‌ی پێنجوێن- سه‌ید سادقیش دووساید بكرێت كه‌ لایه‌نی ئێرانی بیكات.
-بۆ رێگاوبان له‌چوارچێوه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بۆ دوو سایدكردنی‌ رێگای‌ سه‌یدسادق‌و پێنجوین وه‌كو بزانم له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بودجه‌ی‌ بۆ دابین كراوه‌ كه‌له‌گه‌ڵ رێگای‌ ده‌ربه‌ندیخاندایه‌و كه‌وتۆته‌ جێبه‌جێكردن، هه‌روه‌ها بۆ ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان به‌رنامه‌كه‌ گۆڕدرا كه‌ بڕیار دراوه‌ دوو ناوچه‌ له‌نزیك مه‌رز دیاری‌ بكرێت، یه‌كێكیان له‌ناوچه‌ی‌ پێنجوین‌و ئه‌ویتریان په‌روێزخان دیاریكراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگای‌ سنه‌و كرماشانه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت.
*له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا كۆماری ئیسلامی میوانداری وه‌فدی حزبه‌ كوردستانییه‌كانی كرد، ئه‌مجۆره‌ سه‌ردانانه‌ چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر كاری ئێوه‌ وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت؟
-پێكهاته‌ی حكومه‌تی عیراق‌و هه‌رێم پێكهاته‌یه‌كی ئیئتیلافییه‌، هه‌ریه‌ك له‌و حزبانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌حكومه‌ته‌كاندا به‌شدارن، رۆڵیان هه‌بووه‌و ده‌بێت له‌دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا،زۆربه‌ی‌ ئه‌م حزب‌و هێزانه‌ به‌رله‌دروستبوونی‌ حكومه‌تی‌ عیراق‌و هه‌رێم په‌یوه‌ندی جۆراوجۆریان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ دراوسێ به‌گشتی‌‌و ئێرانیش به‌تایبه‌تی‌.تاله‌ڕێگه‌ی‌ یاساوه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ رێكنه‌خرێن ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌ربه‌رده‌وام ده‌بێت. نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكومه‌تیش به‌پێی ئه‌و ئیستیحقاقه‌ ئینتیخابییه‌ پێكهاتوون، بۆیه‌ كار له‌ئیشوكاری ئێمه‌ ناكات‌و ئه‌وانیش كار بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌ن.
*ئێستا ئێران له‌ژێر گه‌مارۆی ئابووریدایه‌و پێده‌چێت ئه‌م گه‌مارۆیه‌ كار له‌ژێرخانی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ بكات، له‌بارودۆخێكی وادا هه‌رێم ده‌توانێت هاوكاری ئه‌م دراوسێیه‌ی بكات له‌كاتێكدا ئێران چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا پشتیوانی ته‌واوی هه‌رێمی ده‌كرد كه‌ له‌ژێر دوو ئابڵوقه‌دا بوو؟
-ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای ئێران دوو به‌شه‌، یه‌كێكیان ئابڵوقه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ كه‌ئاسان نییه‌ ره‌چاوی‌ نه‌كرێت‌و دووه‌میان ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو هه‌ندێ لایه‌نی‌ تر به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پێنراوه‌، به‌ڵام ده‌كرێت به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ كه‌ (سه‌دام حسێن)ی‌ گۆڕبه‌گۆڕ ئابڵوقه‌ی‌ له‌سه‌ربوو توركیا له‌رێگای‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ سوودی‌ لێوه‌رگرت‌و توانی‌ ئابوورییه‌ خراپه‌كه‌ی‌ خۆی له‌و رێگایه‌وه‌ باش بكات.هه‌رێمی‌ كوردستانیش بوو به‌رێگای‌ گواستنه‌وه‌و سوودو داهاتێكی‌ باشی هه‌بوو، بۆیه‌ ده‌كرێ هه‌ربه‌مشێوه‌یه‌ی‌ كه‌ بۆمان ده‌كرێت به‌ره‌چاوكردنی‌ رێساو رێنماییه‌كان سوود له‌م بارودۆخه‌ وه‌رگرین بۆ باشتركردنی دۆخی خۆمان.
*ئایا ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییانه‌ له‌دیدی ده‌ستووری عیراق‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌وه‌ یاسایین؟ كه‌ له‌ده‌ستووردا ته‌نها ئه‌و مافه‌ به‌هه‌رێمه‌كان دراوه‌ كه‌ بۆیان هه‌یه‌ له‌ناو باڵیۆزخانه‌كاندا نوێنه‌ری بازرگانی‌و رۆشنبیریان هه‌بێت؟
-من پێموایه‌ تائێستا سوود له‌و به‌نده‌ی ده‌ستووریش وه‌رنه‌گیراوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌باڵیۆزخانه‌كاندا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ خواستی هه‌رێمی كوردستان‌و ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ وایكردووه‌ نوێنه‌رایه‌تی بۆ حكومه‌ت بكه‌نه‌وه‌، واته‌ رازین حكومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تی بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌مانه‌ به‌پێی ده‌ستور یاسایی نین.
*كه‌واته‌ چۆن رێگه‌ ده‌درێت نوێنه‌رایه‌تی بكرێته‌وه‌؟
-ئه‌مانه‌ ناونیشانی جیاجیایان هه‌یه‌، ئێمه‌ لێره‌ وه‌كو تاكه‌كه‌س ئه‌م بینایه‌مان به‌كرێگرتووه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تی، چونكه‌ لێره‌ حكومه‌ت ده‌پرسێت كه‌ ئه‌م شوێنه‌ی به‌كرێی ده‌گریت بۆ چیت ده‌وێت؟ بۆیه‌ ئه‌مه‌ هاوكارییه‌كی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌، له‌فه‌ره‌نساو به‌ریتانیاو ئه‌مریكا به‌ناوی كۆمپانیاوه‌ خانووه‌كان به‌كرێگیراون، به‌جیاوازی ئه‌وه‌ی له‌وێ چاوپۆشی له‌هه‌ڵواسینی ئاڵاو تابلۆ كراوه‌، به‌ڵام هه‌مووشیان له‌چوارچێوه‌ی بڕیارو په‌یوه‌ندی سیاسیدا كراون كه‌ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌یانه‌وێت نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌وڵاته‌كه‌یان هه‌بێت.

 

Read کد خبر: 218

دوایین هەواڵ

راپۆڕتەکانی پڕ بینەر

حالت های رنگی