نوێنه‌ری فه‌رمی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران پێیوایه که کردنه ئامانجی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم له هه‌ولێری پایته‌خت که به شوێنێکی ئه‌منی ناوچه ده‌ناسرێت پێلانێکی دزێو و له پێش داڕێژراو بووه له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی که ناحه‌زی گه‌لی کورد و هه‌روه‌ها عێراقن.
نازم عومه‌ر ده‌باغ، نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران له‌لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس وتی: "دوای ئه‌و سه‌رکه‌وتنه گه‌وره‌یه‌ی که کورد له هه‌رێمی کوردستان به‌ده‌ستیهێنا له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئازادی و فه‌زا دیموکراتیه‌که‌ی که دروست بوو و هه‌موو لایه‌کیش تا ڕاده‌یه‌ک به ئه‌نجامه‌کانی ڕازی بوون، جارێکی تر دوژمنان و ناحه‌زانی گه‌لی کورد و عێراق له کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی‌دا هه‌ستان به ڕژاندنی ژه‌هری خۆیان و ئاژاوه و نائارامیان دروست کرد."
نازم ده‌باغ سه‌باره‌ت به ئامانجی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام له ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی له هه‌رێمی کوردستان له‌م قۆناغه‌دا و ئه‌وه‌ی که بۆچی هه‌ولێر وه‌ک ئه‌مانجی ئه‌م هێرشه هه‌ڵبژێردراوه، ڕایگه‌یاند: هه‌میشه ئه‌و لایه‌نه‌ی که کاری تیرۆریستی ده‌کات به‌و شێوه به‌رنامه‌ی بۆ داده‌ڕێژێت که شوێنی کرده‌وه‌که له هه‌موو شوێنه‌کان کاریگه‌ریی و هه‌ستیاری زیاتری ببێت.
وتیشی: "بێ گومان ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له سووریا هه‌یه و ئه‌وه‌ی که ئه‌لقاعیده و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق باڵی کێشاوه به سه‌ر ئه‌وڵاته‌دا و له عێراق و ناوچه‌که چالاکییه‌کانی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن به هاوکاری به‌ره‌ی نوسره‌ت و گرووپه تیرۆریستییه‌کانی تری سووریا، وه‌ک هه‌ده‌فی یه‌که‌م هه‌رێمی کوردستان و به تایبه‌ت هه‌ولێریان کردۆته ئامانج و ده‌زگای ئاسایش وه‌ک سه‌رپه‌رشتیاری چه‌سپاندن و به‌رقرارکردنی ئه‌م ئاسایشه‌ی هه‌رێم هه‌ڵبژێردراوه."
ڕاشیگه‌یاند :"یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش ئه‌وه بووه که هه‌رێمی کوردستان ئه‌مڕۆ له ناوچه‌که‌دا ڕۆڵێکی گرینگی هه‌بووه به تایبه‌تی له حه‌وانه‌وه‌ی برا کورده‌کانی سووریا که ئاواره‌ن و ئه‌وه‌ی که کورد به‌شێک نه‌بووه له کاری تیرۆریستی و دژایه‌تی حکوومه‌تی سووریای نه‌کردووه."
نازم ده‌باغ ئاماژه‌ی دا که ئه‌و گرووپانه ده‌یانه‌وێت بشێوی له هه‌رێمی کوردستاندا بێته ئاراوه و به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق به‌شێکه له ئه‌لقاعیده و ژماره‌یه‌کیشی کۆنه به‌عسییه‌کانن و ته‌نیا مه‌به‌ستیان دروست کردنی نائارامی و به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجه تیرۆریستییه‌کانی خۆیانه.
نازم ده‌باغ له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره که له 2003 به دواوه هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه ناوچه‌یه‌کی ئه‌من بووه و ئێستا چۆنه که بۆشایی هه‌یه بۆ ئه‌نجام بوونی وا کرده‌وه‌یه‌ک و ئایا په‌یوه‌ندی به نه‌گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ئه‌منی پێویسته‌وه بووه، وتی: "من ڕووداوی وا له قودره‌تی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌بینم نه‌ک له ناقودرهت و هه‌مووان ده‌زانن کاری تیرۆریستی له‌م سه‌رده‌مه‌دا له ڕێگای ته‌کنۆلۆژیاوه به ئاسان تر ئه‌نجام ده‌بێت و ده‌بینین له وڵاتانی زۆر پێشکه‌وتوو و ئه‌منیش له‌وانه ئه‌مه‌ریکا، به‌ریتانیا و ته‌نانه‌ت له‌ناو ئێسرائیلیشدا کرده‌وه‌ی وا هه‌یه و نابێت به یه‌ک حاڵه‌ت و دوو حاڵه‌ت بگه‌ین به‌وه‌ی که ئه‌منییه‌ت و ئاسایش یا هێزی پاراستنی ئه‌منییه‌ت له هه‌رێمی کوردستان خه‌له‌لی تێدا دروست بووه."
ڕاشیگه‌یاند : "ئه‌م کاره له کاتێک ساز کراوه که هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه ده‌چوو، که‌من وتوومه ئه‌گه‌ر بۆیان بکرابایه له کاتی هه‌ڵبژاردنیشدا ئه‌م کردهوهیانهیان ده‌کرد.
ده‌باغ زیادی کرد:"ده‌کرێت هێزه‌کانی ئاسایش وایان بیرکردبێته‌وه که پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان ته‌واو بووه و که‌مێک له جاران که‌متر ڕێی و شوێنی ئه‌منی گیردراوێتهبهر و ناحه‌زه‌کان ئیستفاده‌یان له‌و خهلهئه کردبێت له‌سه‌ر باسی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن و جه‌ژن گرتنی خه‌ڵک و ئه‌وه‌ی که له کووچه و کۆڵانه‌کاندان و ئه‌مه فه‌زایه‌کی دروست کردبێت و فرسه‌تێک بووبێت بۆ ئه‌وه ئه‌وانه ئه‌م کاره بکه‌ن، به‌ڵام من پێیموایه ئاسایشی هه‌رێم، هێزه‌کانی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان تا ئێستا ئه‌و توانایه‌یان تێیدا هه‌بووه که بتوانن کاردانه‌وه‌ی به‌هێزیان هه‌بێت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که کاری تیرۆریستی به‌رنامه‌ڕێژی ده‌که‌ن و ئه‌نجامی ده‌ده‌ن."
نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵانه‌ی که پێشتر بڵاوده‌بووه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له گه‌نجان له هه‌رێمی کوردستاندا ده‌چنه سووریا بۆ کاری جیهادی و ته‌ڤلی هێزه‌کانی به‌ره‌ی نوسره‌ت و ئه‌لقاعیده ده‌بن و به‌رپرسانی هه‌رێمیش له لێداونهکانیاندا به‌تایبه‌ت به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی ئه‌وه‌ی وتبوو که ئه‌مه وه‌کوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک ده‌بێت له‌سه‌ر ئاسایش و ئه‌منییه‌تی هه‌رێم له داهاتوودا،وتی:"به ته‌ئکید ئه‌و ڕای سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌و باره‌یه و ڕای زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له هه‌رێمی کوردستاندان و ئه‌و گه‌نجانه‌ی که په‌نا ده‌به‌ن و ده‌چن پێوه‌ندی به تیرۆریسته‌کانه‌وه ده‌که‌ن دواتر مه‌ترسی ده‌بن له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌رێم."
وتیشی:" هه‌رێمی کوردستان به ڕاستی ئه‌و بیروبۆچوونانه‌ی خۆی نه‌شاردووه‌ته‌وه که ئه‌م دۆخه‌ی له سووریا و عێراقدا هه‌یه له ڕووی تیرۆریستییه‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌که‌ش ده‌بێت و ئه‌وه نه‌ک بگه‌ڕێندرێته‌وه که ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستانه و به‌ڵکوو بۆ هه‌موو ناوچه‌که‌یه و بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینه و ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕووداوانه که ڕوو ئه‌ده‌ن ڕێگری لێنه‌کرێت مه‌ترسی هه‌یه بۆ سووریا، تورکیا، ئێران، عێراق و بۆ هه‌رێمی کوردستانیش بۆیه ئێمه پێویسته شه‌ڕی ئه‌وانه له ده‌ره‌وه‌ی مه‌رزی خۆمان بکه‌ین بۆ که‌مکردنه‌وه و له‌ناوبردنی کاری تیرۆریستی."
کۆدی بابه‌ت: 27796 | بهروار: ۱۳۹۲/۷/۸ | کاتژمێر: 14 : 55